ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

لە کۆمەڵگا و هەر واقیعێکی دواکەوتوودا، دیاردە زۆر بە ئاسانی لە ڕێگای چاولێکەری کوێرانەی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووان دروست دەبێ، ماوەیەک ئەو لاساییکردنەوە پراکتیزە دەکرێ، ئیتر دەبێتە دیاردە و وەک بەشێک لە کەلتوور دەمێنێتەوە.

هەڵبەتە دیاردە لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا، تەنیا (دیاردەی سلبی و نامۆیەکان) بە ئاسانی دەچەسپێن، وەک قیڕی کەوای سپی بەرۆکی کۆمەڵگا بەرنادات. بۆیە پێویستە نووسەران، ڕۆشنبیران، دەسەڵاتی چوارەم زۆر وردەکار و دووربین بن. تەنانەت گەر چەند کەسێک هەڵسن بە لاساییکردنەوەی شتێکی (سادەی نامۆ) کە بۆنێکی (ناخۆشی لێوە بێت!) پێوستە بەهەند وەربگیرێت. زوو بەرپەرچ بدرێتەوە. قێز و بێزی لێ بکرێ. نەک بەناوی ئازادی بیروڕا هەڵسوکەوتی ناڕێک بەرپەرچ نەدرێتەوە و وردە وردە ڕەگ داکوتێ. هەوادارانی زۆری بۆ پەیدا ببێ. ئیتر ببێتە مۆدە و دیاردە هێندەی دیکە بارمان قورس و لاسەنگ بکات. بەتایبەتیش دیاردەی چاولێکەری کە زۆر بە ئاسانی دەچەسپێ.

هەر بۆ نموونە: (لویس)ی شازدەهەم، پاشای فەرەنسا، جارێکیان لە ئاهەنگێک داوەت کرا بوو، ئیتر بۆ بەیانی پاشا بەرەو شوێنی ئاهەنگ بەڕێ دەکەوێ. ڕێگاکەش بەناو باخێکی تەڕ و خوناودا دەڕۆیشت. دەست و پەیوەندەکانی پاشا هەستان دەلینگی پانترۆنت پاشاان بە قەد چەند (سم)ێک هەڵکرد و نووشتاندەوە بۆ ئەوەی بە خوناوی فریزەکە تەڕ نەبێ، ئیتر پاشا بەناو باخەکەدا تێدەپەڕێ دەچێ لە شوێنی دیاریکراو و تایبەتی خۆی دادەنیشێ. خەڵکیش کە دیتیان لچکی پانترۆنەکەی بە نەزاکەت نووشتراوەتەوە، وا حاڵی بوو کە ئەوە (مۆدەیەکی نوێیە!)، بۆیە بۆ بەیانی بووە چاولێکەری، خەڵک بەهەڵەداوان دەچوون پانترۆنیان بەڕادان دەدا، لچکەکەیان دەنووشتاندەوە! ئیتر لەم کاتەوە تا ئەو ساڵانەی دواییش لە سەرانسەری دنیادا لچکی پانترۆن دەنووشترایەوە!

خۆ تا ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاکانیش، سمێڵە خڕ و خنجیلانەکەی (هیتلەر) و سمێڵە فش و درێژەکەی (ستالین) ماشەڵڵا هەر ببوونە بەردە عازەبانە، خەڵک چاویان لێدەکرد و جوگرافیای سمێڵیان لەسەر شێوەی سمێڵی ئەو دوو زاتە دادەڕشت!