ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە زانستی سیاسەتدا نیفاق ودووڕووی پەتا و نەخۆشیەكی كوشندەیە و بەو كەس و گروپ و كارەكتەرە سیاسی و كۆمەڵایەتیانە دەوترێت كە لە یەك كاتدا خاوەنی دووجۆر كەسایەتی و دو تێڕوانینی پێچەوانەو دژ بە یەكن وتە و كردارەكانیان لە یەك كاتدا دوڕوی هەیەو ئەوەی دەیكەن و ئەوەی دەیڵێن زۆر جیاوازە و هەریەكە و لە ئاوازێك دەخوێنێ و خۆیان پێساغ ناكرێتەوە لە سەر هێڵێكی دیاری كراو، هۆكاری ساغنەبوونەوەشیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەوان خۆیان لە جێگەیەكن و چاویان لە جێگەیەكی ترە و دەیانەوێ‌ بە هەر نرخێكبێت مەبەستەكانیان بپێكن، بۆ ئەمەش پەنادەبەنە بەر پەتایەكی مەترسیداری وەك نیفاق و دووڕوویی كە ترسناكترین پەتایە لە ناو پرۆسەی سیاسی و فەلسەفەی حوكمڕنیدا ، مەترسیەكە لەوەدایە تا زیاتر گەشە بكات ئەوەندە گومان زیاتر دەكرێ لە سیستەمی سیاسی و دەسەڵات و ئەگەرەكانی داڕمانی زیاتر دەبن وەك ئەوەی كە دەبینرێ ، بەداڕمان و شكستهێنانی سیستەمی سیاسیش كۆی پرۆسەكە كۆتای دێ و دواجار لەسەر ئاستی گشتی كۆمەڵگاش كاریگەری نەرێنی بەجێدێلێ . 

لە ئێستای واقعی سیاسی و ئابوری كۆمەڵگای كوردیشدا زۆرینەیەكی دەسەڵاتدارای مشەخۆر هەڵگری ئەم پەتایەن و بەردەوام لە پێناو پاراستنی شوێن و مەكانەتی سیاسی و ئابوری خۆیاندا و بەپێی هەڵومەرج و قۆناغەكە خۆیان دەگونجێنن و دەیانەوێ‌ رۆڵوكاریگەری خۆیان لەناو حزب و دەسەلاتدا بەقورسی دانێن تا بتوانن لەو ڕێگایەوە بەرژەوەندیە تایبەتەكانی بپارێزن وەك ئەوەی كە ئێستا دەیكەن و خەریكە دەبنە بەشێكی قێزەوەن لەناو یاری ڕەوتی گۆڕانكاریە چۆنایەتیەكانی ناوچەكەدا بۆ ڕاگرتنی بڵانسی ئەو یاریە ناوچەیەش تەواوی سێكتەرەكانی پرۆسەی حوكمڕانی كوردستانیان ئیحتكار كردوە و هیچ پێوەرێكیان نەهێشتۆتەوە بۆ جیاكردنەوەی باش و خراپ، دزوو دەستپاك، هەرلەم پێناوەشدا و بۆ ئەوەی دەستیان كەشف نەبێ بە پارەی میلەت و بە تاڵانكردنی سەروەت و سامانی گەل هەزاران كەسی دووروو ساختەچیان بەرهەمهێناوە كە لە ڕێگەی سەدان كەناڵی جۆراوجۆرەوە بێشەرمانە ستایشی حكومەت و ئەدائی مەسئولی بێموراڵ و سیاسی نەزان دەكەن و هەموو شتێك بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن و پێچەوانەش بۆ خەڵك بەناڕەوا و ناهەق دەبینن و كەسیشیان بەلاوە گرنگ نیە. 

ئەمە لە كاتێكدایە كە خۆشیان باش دەزانن ناكرێت سیاسەت و پرۆسەی دەوڵەتداری بە ساختەچێتی و نیفاق بەڕێوەببرێ و دووڕووی بكرێتە بنەمای بەرێوەبردنی دەوڵەت و سیستەمی دەسەڵاتداری وەك ئەوەی كە لێرە دەكرێ، لێرە بەهۆی دووڕووی و ساختەچێتیەوە هەمووشێك ئاوەژوو بوەتەوە و ئیرادەی كۆمەڵگایان ڕامكردوە، بەردەوام كار لە سەر خافڵاندنی خەڵك و گەوجاندنی كۆمەڵگا و یاریكردن بە سایكۆلۆژیای هاوڵاتی دەكرێ ، لای ئەمانە پرۆسەی دەوڵەتداری تەنها دزی و فزی و گەندەڵیە و پێیان وایە دەتوانن تاسەر درێژە بەم ئاراستەیە بدەن و بەرژەوەندیەكانیان لەم دەڵاقەیەوە بپارێزن ، تەنانەت لە پێناو پاراستنی كورسی و دەسەڵات بەرژەوەندیە شاراوەكانیان دا وایان كردوە خەریكە خەڵكیش دەهێننە سەر ئەو بڕوایەی كە ئەمە لوبی سیاسەت و پرۆسەی حوكمڕانیە و جگە لەم ڕێچكەیە هیچ ڕێگایەكی تر نیە بۆ دەربازبوون لە قەیران و تەنگەژە سیاسی و ئابوریەكان ، بەڵام بیریان چوە كە پرۆسەی دەوڵەتداری و دەسەڵات بە نیفاق و ساختەچێتی و دووڕوویی بەڕێوە ناچێ و دواجار دەبێتە مایەی شەرمەزاری و هەڵتەكاندنەوەی حزب و دەسەڵاتەكەیان و وەك تەواوی دیكتاتۆرەكانی تری دنیا كۆتاییان پێدێنێ .