ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەڕوانگەی چینایەتیەوە

بەسیەتی جەنگ و برسێتی بەسیەتی گرانی و بێکاری

هەموو ساڵێک لە یەکی ئایاردا سەرجەم کرێکاران و سەندیکا کرێکارییەکان و هێز و لایەنی سۆسیالیست و چەپ و کۆمنیست و شیوعییەکان لە تەواوی دنیادا یادی ١ی ئایار (ڕۆژی جیهانی هاوپشتی چینی کرێکار) بەرز و شکۆدار ڕادەگرن.

ئەم بۆنەیە دەکەنە فرسەت و هەلێک بۆ خستنەڕووی ئامانج و بەرزکردنەوەی داخوازییەکانیان لەبەرانبەر سەرمایەداراندا. چینی کرێکار و هاوسەنگەرەکانیان بەشێوازی جۆراوجۆر دێنە مەیدان دژی سیاسەت و بەرنامەکانی نیزامی سەرمایەداری و کۆمپانیاکانیان. دیارە لەهەموو پایتەختی وڵاتاندا بەشێوازی جیاواز و بەرزکردنەوەی دروشم و داخوازی جۆراوجۆر مەراسیم و یادەکە دەکەنەوە و بەپێی قۆناغ و هەلومەرجی واقعی مەوجودی ئەو وڵات و جێگایە درێژە بەخەبات دەدەن.

چینی کرێکاری هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی دانەبڕاو لەگەڵ دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا، کە گیرۆدەی کاری کرێگرتە و یاسا و سیاسەتی ئابووری بازاڕە هاوشێوەی هاوچینەکانیان لەدنیادا هەمان چارەنووسیان هەیە لە بێکاری لەڕادەبەدەر و نەبوونی بیمەی بێکاری، و ئەوانەش کاریان دەست دەکەوێت لە هەلومەرجێکی دژوار و سەختدا و بەکرێی کەم و کاری زۆر و نەبوونی سەلامەتی تەندروستی و پیشەیی و نەبوونی ئازادی کار و هەڵسوڕانی سەندیکایی ژیان و گوزەرانیان بەسەر دەبەن. 

لەلایەکی ترەوە قەیرانە زۆرەکانی دەسەڵاتی سەرمایە لەهەرێمدا زیاتر باری سەرشانی کرێکارانی قورستر کردووە، بەهۆی کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گرانی بازاڕ و زیاترکردنی باج و رسومات لە سەر هاووڵاتیان و نەبوونی خانوبەرەی پێویست و هەرزان بۆ نیشتەجێبوونی خانەوادەی کرێکاران. 

دیارە ئەم دۆخەی کوردستان بێ ململانێ و کێشمەکێش تێنەپەڕیوە هەر حزب و لایەنێکی چەپ و کرێکاری بەشێوەی جیاواز و بەڕێگەی خۆی خەباتی کردووە بۆ ڕاوەستانەوە بەڕووی ئەم بەرنامانەی حکوومەتدا .

بەڵام سەرباری خەباتی هەمووان کە جیاواز و لێک دوور و پچڕ پچرە نەتوانراوە بەر بەچەوسانەوە و ستەمی حکومڕانانی کوردستان بگیرێ، دیارە ئەمە جگە لە هۆکاری نادیموکراتی بوون و تاکڕەوی سیاسی و زەبروزەنگی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی دەسەڵات بەرانبەر جوڵانەوە و ناڕەزایەتی کرێکاران و حزب و لایەنە چەپەکانی هەرێمی کوردستان کە هۆکارێکی تری سەرەکی بەرەوپێشنەچوونی خەباتی چینایەتییە. 

بەڵام هۆکارێکی تری گرنگ هەیە کە بۆتە هۆی لاوازی هێزی چینایەتی کرێکاران و چەپەکان لە داکۆکیکردن لە بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی لەکۆمەڵگەدا.

بۆ ئێمەی چەپ زۆر گرنگە زیاتر ورد بینەوە لەهەڵەکانی خۆمان لە نەبوونی گیانی هاوکاری و هەماهەنگی سیاسی و هاوپشتی چینایەتی لەنێوان لایەنی سیاسی و کەسایەتی چەپ و پێشکەوتوخواز و ڕێکخراوە کرێکاری و سەندیکاییەکاندا.

لەهەمان کاتدا هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزم و شێوازی خەباتی نوێ و کاریگەر و هاوبەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران و هەژاران و پەراوێزخراوانی کومەڵگەدا بۆ بەگەیشتن بە ئامانجەکانی کرێکاران.

لەم بارەیەوە ماوەی چەند ساڵێکە لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا بەهاوبەشی و دوور لەدیدگایی بەرتەسکی حزبایەتی (کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار) لە کۆمەڵێک هەڵسوڕاو و گرووپی کرێکاری و رێکخراو و سەندیکا کرێکارییەکان پێکدێت و چەپەکانیش پشتیوانی و بەشداری کار و چالاکییەکانی یەکی ئایار دەکەن و حەقیقەتی تاڵی ژیانی کرێکاران بێ دوودڵی دەخەنە ڕوو و فشاری جەماوەری دەکەن دژی دەسەڵات و کۆمپانیاکان .

ئەمساڵ لەژێر دروشمی (بەسیەتی جەنگ و برسێتی، بەسیەتی گرانی و بێکاری) خۆپیشاندانی و ناڕەزایەتی بە بەرزکردەوەی چەندین ئامانج و دروشمی کرێکارییەوە بەڕێوەچوو سەرباری دروست کردنی ئەستەنگەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان لەم خەباتە، بەڵام ئاڵای سووری کرێکاران ئاسمانی شەقامی شاری رەنگڕێژی خەباتی چینایەتی هاوبەش کرد. ‌

پرسیار ئەمەیە ناکرێت کۆمیتەی یەکی ئایار بەردەوام بێت دوور لەبەرژەوەندی گرووپ و حزب و کەسێتی سیاسی و ئامانج و ئاواتەکانی کرێکاران گرێ بدات لەگەڵ ئەو هەموو ناعەدالەتیەی بەرانبەر مووچەخۆران و بێکاران و خەڵکی کاسبکار و ڕەشورووتی کوردستان دەکرێت و ئەم کۆمیتەیە ببێتە سەنگەری راستەقینە و ڕاستەوخۆی جەماروەر بەگشتی و چینی کرێکار بەتایبەتی.

ئەزموونی ژیانی سیاسی و مێژوویی پێمان دەڵێ هاوپشتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەپەکان گرەوی بردنەوەی سەرکەوتنی خەباتە و هەلی شکستی ستەمکاران زیاتر دەڕەخسێنێت.