ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی یەكەم

هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی (حەیدەر فەیلی) لە ساڵی 1946 لە خێزانێكی كوردی هەژار و رەنجدەر لە (باب الشیخ –شەقامی غازی) لە بەغدای پایتەختی عێراق لە دایكبووە، خانەوادەكەی نیشتمانپەروەر و كوردپەروەر و دژی چەوسێنەرانی گەلەكەیان بوونە.. هاوڕێ حەیدەر تەمەنی منداڵی و هەرزەكاری لەگەڵ منداڵە هەژارەكانی كوردە فەیلییەكان بەسەر بردووە، هەر لە منداڵییەوە هەستی بە ئێش و ئازاری هاوتەمەنەكانی كردووە، و لە تەمەنی منداڵیدا جۆرێك هەستی چەوسانەوەی چینایەتی و جیاوازی كۆمەڵایەتی نێوان منداڵە هەژار و دەوڵەمەندەكانی لا پەیدا دەبێت، لەناوچەی (باب الشیخ) شیوعییەكان چالاكی حزبی و سیاسی كاریگەرییان لەسەر داشتوانی ناوچەكە زۆربوو، هاوڕێ حەیدەریش لەتەمەنی هەرزەكارییەوە كەوتۆتە ژێر كاریگەری بیروباوەڕی حزبی شیوعی و كوردایەتی، و پەیوەندی لەگەڵ قوتابیانی شیوعی پەیداكردووە و چووەتە ریزی یەكێتی گشتی قوتابیانی عێراق.

كودەتای 8ی شوبات و كاریگەری لەسەر هاوڕێ حەیدەر فەیلی

لە رۆژی 8ی شوباتی 1963 حزبی بەعس بە شەمەندەفەرێكی ئەمریكی و بەپشتیوانی تەواوی كۆنەپەرستان و پاشماوەی فیوداڵ و پیاوانی كۆمپانیای نەوت و قەومییە رەگەزپەرستەکانی عێراق و لەژێر دروشمی (ئەی دوژمنانی شیوعییەت یەكگرن) حكوومەتەكەی زەعیم (عەبدولكەریم قاسم)یان رووخاند و دەسەڵاتیان گرتەدەست، حزبی شیوعی عێراق داوای لە رێكخراوەكانی و ئەندام و دۆست و لایەنگرانی كرد بێنە مەیدان و راپەڕن لە دژی كودەتاچییەكان، حزب لەم داوایەدا پشتی بە رێكخراوەكانی و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی و تەواوی پێشكەوتنخوازان و رێكخراوەكانی سەربازی و ئەفسەرەكانی لە ریزی سوپای عێراق دەبەست، و هەروای بۆ دەچوو كە زەعیم عەبدولكەریم قاسم جەماوەری راپەڕیو چەكدار دەكات، رێكخراوەكانی حزب و ئەندامانی لە زۆربەری شارەكانی عێراق و كوردستان هاتنە مەیدان و راپەڕین و بەرگرییان لە حكوومەتەكەی زەعیم كرد، و لە بەغدای پایتەختیش بەسەدان و هەزاران لە رۆڵەكانی عێراق چوونە بەردەرگای وەزارەتی بەرگری عێراق كە كەریم قاسم لەوێ بوو، و داوای چەكییان لە زەعیم كرد بوو، بەڵام ئەو گوێی بە داوای بەرپرسەكانی حزب و جەماوەرەكەی نەدا و، چەكی دابەش نەكرد، رێكخراوەكانی حزب لە ناوچەی (باب الشێخ) بە هێز و پتەو و جەماوەری بوو، لە دژی كودەتای بەعسییەكان راپەڕین و بە هەموو جۆرە چەكێكی بەردوەستیان بەرگرییان كردبوو، راپەڕین و بەرگرییان ماوەی حەوت رۆژ بەردەوامی هەبوو، ژمارەیەكی زۆریان بریندار و شەهید بوون، و تەقەمەنی و پێداویستییەكانییان بەرەو تەواوبوون بوو، و حەرەس قەومی و سوپا بە چەك توانییان دەست بەسەر (باب الشێخ)دا بگرن و ئیتر حەرەس قەومی سەرشێتانە و وەكو گورگی برسی كەوتنە گیانی دانیشتوانی سڤیلی ناوچەكە و بە دەیانییان شەهید كرد، و بەسەدانیان دەستگیر كرد و شوێن بزر كرد، گەورە و منداڵ و ئافرەت و پیری ناوچەی (باب الشێخ) كەوتنە ژێر فشاری هەمەلایەنەی بەعسییە خوێنڕێژەكان و لەبارودۆخێكی دەروونی یەكجار ئازاربەخش و نالەبار دەژیان، كەس لە ژیانی خۆی دڵنیا نەبوو، لەم بارودۆخە تەژی لە ترس و ئازار و راوەدوونانەدا هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی تەواو رووداوەكانی بەچاوی خۆی دیت و لە ناویدا ژیا وەكو تەواوی دانیشتوانی ناوچەكە هەستی بە ئێش و ئازاری هەمووان دەكرد، و بەتەواوی كەوتە ژێر كاریگەری شیوعییەكان و رۆژبەرۆژ زیاتر تێكەڵی چالاكی نهێنی و خوێندنەوەی بڵاوكراوەكانی حزب ببوو. هاوڕێ حەیدەر لە ژێر باری چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوەكەیدا دەژیا و هەستكردنی هاوڕێ حەیدەر بەم دوو چەوسانەوەیە هاندەربوون بۆ ئەوەی رێگای تێكۆشان لەناو ریزەكانی حزبی شیوعی عێراقی هەڵبژێرێت.

لە گۆڕەپانی یاری تۆپی پێیەوە بۆ ئەندامیەتی حزبی شیوعی عێراق

هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی هەر لە سەرەتای لاوێتیەوە چالاك و بزێو و خۆشەویستی دۆست و برادەرانی دەبێت، پەیوەندی فراوانی لەگەڵ لاوانی گەڕەك دەبێت و لە قوتابخانە زیرەك و وشیار دەبێت، قسەخۆش و دەم بەخەندە و پێكەنین و ئارەزووی نوكتەی دەبێ، جگە لەوەی حەز و ئارەزووی بێسنوری وەرزشی دەبێت، و بەردەوام لە گۆڕەپانەكانی میللی لەگەڵ لاوانی گەڕەك ئامادە بووە، دۆستی حزبی شیوعی دەبێ و بەرلەوەی بپاڵورێت بۆ ئەندامیەتی حزب پیتاك بە حزب دەدات و یارمەتیش لە دۆستەكانی بۆ حزب كۆدەكاتەوە، رێكخراوی حزب و هاوڕێیان بەرلەوەی هاوڕێ حەیدەر تەمەنی حەڤدە ساڵی تەواو بكات بۆ ریزی حزبی دەپاڵێون و دەیخەنە شانەی پاڵێوراوانەوە، هاوڕێ حەیدەر فەیلی كە پاڵێوراو دەبێت تەواوی ئەركەكانی حزب جێبەجێ دەكات و لەكۆبوونەوە ئەركەكانی حزب بەهیچ جۆرێك دواناكەوێت، و بەلێهاتوویی ماوەی پاڵاوتن تەواو دەكات و شەرەفی ئەندامێتی حزب لە ساڵی 1964 پێدەبەخشرێت و دەبێتە ئەندامێكی چالاك و ئازا و نەترس و جەماوەری ژمارەیەكی زۆری دۆست و لایەنگری دەبێت و پیتاكیان بۆ حزب لێوەردەگرێت و بۆ ناو ریزی حزبییان دەپاڵێوێت، لەناوچەكەیان دەبێتە كەسایەتییەكی دیار و ناسراو و جێگای بڕوای دەوروبەرەكەی دەبێ و لەرێكخراوەی (یەكێتی لاوانی دیموكراتی عێراق)یش لەناوچەكەی خۆیان رۆڵی باڵا و دیاری دەبێت، كادیرێكی بوێر و چالاكی بواری لاوان دەبێت و یەكێك دەبێت لەبەرپرسەكانی لاوانی ناوچەكەیان، تیپی (تۆپی پێی میللی) لە گەڕەك پێكدەهێنێت و لاوان رێك دەخات، هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی دەبێتە جێگای بایەخی رێكخراوەی حزب لەگەڕەك و بەرنامەی پەروەدەیی لەگەڵ هاوڕێیانی بۆ دادەنێن و بەوردی بەدواداچوونی بۆ دەكەن، هاوڕێ حەیدەریش خۆیشی گرنگی بەخوێندنەوە و خۆڕۆشنبیری دەدات و لەبەر رێنمایی رێكخراوی حزبی نامیلكە و كتێب دەخوێنێتەوە و لە كۆبوونەكانی رۆشنبیری شانەكەیدا بەشداری دیار و رێكوپێكی لەتەك هاوڕێیان دەبێت، دەبێتە جێگای بایەخ و سەرنجی هاوڕێیانی و جێگای بڕوا و متمانەی رێكخراوی حزبی لە ناوچەكەدا، ئیتر هاوڕێ حەیدەر فەیلی تەواوی كاتی بۆ ئەنجامدانی ئەركی حزبی تەرخان دەكات، كاتێكیش كە حزب لە بەهاری 1965 دروشمی رووخاندنی رژێمی ئەوسای عێراق بەرزدەكاتەوە هاوڕێ حەیدەر بە گەرم و گوڕی و تین و تەوژمێكی زۆرەوە و بە بڕوایەكی چەسپاوەوە بڕیارەكانی حزب بەڕێوە دەبات و دەچێتە ناو جەماوەر و كۆكردنەوە و رێكخستن و هاندانی جەماوەر بۆ بەشداری لە چالاكییە جەماوەرییەكان لە پێناوی وەدەستهێنانی مافە ڕەواكانییان. هاوڕێ حەیدەر لە بواری كاری جەماوەری وەكو سەركردەیەكی بەتوانا و بەئەزموون و نەترس دەردەكەوێت و دەبێتە جێگای بڕوای دەوروبەرەكەی، جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم كە لە دوای ساڵی 1965وە رێكخراوەكانی حزب بوژانەوەیەكی تەواویان لەسەرتاسەری عێراق و كوردستان تێكەوت و جەماوەری حزب گەلێك زیادی كرد و بەردەوامیش لە هەڵكشان و گەشەكردن دابوون، رێكخراوەكانی حزب و كادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگرانی و جەماوەریش بڕوای چەسپاویان بەحزب هەبوو كە لە تێكۆشانیدا بۆ روخانی رژێم سەردەكەوێت و لەعێراق دەسەڵات وەردەگرێت و گەلی عێراق و كوردستان لە مەینەتییەكان و شەڕ و برسیەتی و دواكەوتن رزگار دەكات، و هاوڕێ حەیدەریش وەكو كادیرێكی حزب لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەكانی گەلی عێراق و كوردستان تەواوی بڕیارەكانی حزب و ئەركەكانی بەبێ دواكەوتن ئەنجام دەدا. هاوڕێ حەیدەر فەیلی ئەوەشی دەزانی كە گەیشتنی حزب بە لوتكەی دەسەڵات لە عێراقدا پێویستی بە تێكۆشانی فرەلایەنی جەماوەری فراوان و فیداكاری و قوربانی گەلێك زۆر هەیە، ئەوەشی دەزانی كە لەوانەیە خۆی و هاوڕێیانی لەم رێگا و پێناوەدا شەهید ببن.

  • 1