ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی نۆیەم/

قورئانیەکان سزای ناوگۆڕ و هەفتاو دوو حۆریەکەی بەهەشتیش ڕەتدەکەنەوە..!

بێگومان، لە کوردستان قورئانیەکان زۆر چاڵاکن و لە سۆشیال میدیاوک، ئەوەندەی من ئاگام لێیەتی، دوو گرووپیان هەیه بە ناوەکانی(پرسیارە فیکریەکان)و، (2ڕێگا).

کۆمەڵەک کەس سەرپەرشتیان دەکەن، هەندێکیان دەناسم کە پێشووتر ئیسلامی سیاسی و یەکگرتووبوون و دانەیەکیان مەلاشە، مەلا(عەزیز غەفور). هەڵە نەبم ئەدمینە لە گرووپی(پرسیارە فیکریەکان)، بەر لە ماوەیەک، بابەتێکیم بینی لەماڵپەڕی(دابڕان)، بە ناوی:(تۆقاندنی موسوڵمانان)و لەوێ زۆرلۆژیکی باسی هۆکاری باران نەبارین و، سزای ناو گۆڕ و دۆزەخ و ترسان و تۆقاندنی مرۆڤەکان، بە ئاگری دۆزەخ لە لایان بانگخوازەکان کردبوو و لەوتارەکە نووسیبوو(له‌م ماوه‌یه‌دا بیستم گه‌نجێكی تازه‌ پێگه‌یشتوو باری ده‌رونی تێك چووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی گوێی له‌ بانگخوازێك گرتووه‌ كه‌ باسی سزای گۆڕی كردووه‌، ئه‌میش له‌ ترسان ئیسراحه‌تی لێ بڕاوه‌! ئاخر سزایه‌ك كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی قورئانی نیه‌ و به‌ یه‌ك ئایه‌ت له‌ قورئاندا باس نه‌كراوه‌ ئه‌م هه‌موو ترس و تۆقاندنه‌ چیه‌؟ بۆچی خوداتان كردووه‌ته‌ جه‌لاد حاشا له‌ مه‌قامی ئه‌و كه‌ به‌و جۆره‌ وێنای ده‌كه‌ن كه‌ چاوه‌ڕێیه‌ تا موسوڵمانان بچنه‌وه‌ ژێر ده‌ستی و له‌ ناو ئه‌و قه‌بره‌دا ئه‌مر بكات داركاری بكه‌ن و بیسوتێنن و ماری بۆ بێنن؟ به‌ چ مه‌نتیقێكی دادپه‌روه‌ری پێتان وایه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌و قه‌بره‌دا پاڵی داوه‌ته‌وه‌ و راكشاوه‌ و جوڵه‌ی نیه‌ و داركاری ده‌كرێت و په‌راسوه‌كانی به‌سه‌ر یه‌كدا ده‌برێن به‌بێ دادگایی؟).

ئینجا مەلا عەزیر غەفور هەر لەو وتارە وەکوو هەموو قورئانیەکانی تر سزای ناوگوڕی ڕەتکردبوویەوە و نووسیبووی(ئه‌م چیرۆكی ئه‌ژدیها و ماروموره‌ هه‌موو درۆیه‌ و پێچه‌وانه‌ی كه‌لامی خودایه‌.

ئه‌و ئایه‌ته‌ی كه‌ باسی ئالی فیرعه‌ون ده‌كات ده‌فه‌رموێت ئه‌مان ده‌برێنه‌ سه‌ر ئاگر نه‌وه‌ك ئاگر ده‌هێنرێت بۆ ئه‌مان و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ گۆڕه‌وه‌).

سەبارەت بە دۆزەخیش نووسیبووی(ئه‌زیزان تكایه‌ ئه‌مه‌م لێ وه‌رگرن: دۆزه‌خ ته‌نها جێگای دوو كه‌سه‌: بێ باوه‌ڕێك كه‌ حه‌قیقه‌تی بۆ رون بووبێته‌وه‌ به‌ڵام ئینكاری بكات.

سته‌مكارێك كه‌ سته‌می گه‌وره‌ی له‌ مرۆڤه‌كان كردووه‌، چ باوه‌ڕدار بێت چ بێ باوه‌ڕ.)

وتارێکیتری مەلای ناو هاتیم خوێندەوە، کە لە ماڵپەڕی (ڕوانگە و ڕەحنە)یش بەناونانیشانی(دابەشكردنی باخاتی بەهەشت) دابەزی بوو، ڕەخنەی ئەوەی لە واعیزەکان و پیاوانی ئاینی گرتبوو بـەوەی بەپێی ڕیوایەت و ئەنجامدانی هەندەک زیکر و نزاو خوێندنی چەند ئایەتێکی قورئان و جێبەجێکردنی چەند ڕیتوڵ و سروتێکی تری ئایینی بە دڵی خویان دێن و بە ناوی خوداوەند و بە کەفالەتی پەیامبەرەوە، کۆمەڵەک بەڵێنی زل و ساختە بە خەڵکی دەدەن و پێیان دەڵێن بە خوێندنی فڵان سورەت، یان فیسار زیکر و فلان مەئسورات و نزا، رزق و رۆزیتان زیاد دەبێت و خوداوەند و پەیامبەر لەبەهەشت واو واتان بۆدەکەن و بەو چەشنە بە دڵی خۆیان و زەوی و کۆشک و حۆری و باخاتی بەهەشەت بەسەر خەڵکی دابەشدەکەن(هەندێ لە واعیزەكان وادەزانن خەڵك كرێكاری بۆ خودا دەكات، ئیتر تا خودا زیاتربدات باشترە، بۆیە بەناوی خوداوە بەردەوام خەریكن عەمەلی ساڵحی وردیلەی وەك زیكر و دوعا مەئسورەكان و خوێندنی هەندێ سورەتی قورئان دەخەنە موزایەدەوە و هەر ڕۆژە و ئەجرێكیان لەسەر دادەنێن.. ڕۆژێك لە بەرامبەر یەكێك لەوانەوە قەسر دابەش دەكەن و ڕۆژێك دار و درەخت و باخاتی بەهەشت و ڕۆژێك حۆری .. یەكێكیان دەڵێت ئەگەر ئەو دوعایە بخوێنیت ئەوە شەیتان ئەو رۆژە نایەت بە دەورتدا و ئەویتر ئەڵێت ئەگەر خوێندت رزق و رۆزیت زیاد دەكات و یەكێ تر دەڵێت ئەگەر هەموو رۆژێك یان دوای هەموو نوێژێك بیخوێنیت ئەوە دەچیتە بەهەشتەوە .... هتد.

ئایا پێت وایە خودا باخ و كانیاو و درەخت و حۆریەكانی داوەتە پێغەمبەری خودا تاوەكو ئەویش بەپێی فڵان زیكر و خوێندن فڵان سورەت دابەشیان بكات؟ ئەزیزم... بەهەشت ڕەحمەتی خودایە و خودا خۆی دابەشی دەكات).

باسم لەوەکرد کە قورئانیەکان گرووپێکیان بەناوی (پرسیارە فیکریەکان)گرووپێکیتریشیان هەیە بە ناوی (2ڕێگا)و زۆر چاڵاکن.

ئینجا هەزاران کەس لەو دوو گرووپە ئەندامن و ڕۆژانە گفتوگۆ و پۆستی ئەقڵانی و قورئانی دەکەن و بانگەشە بۆ قورئانی بوون دەکەن و کەناڵێکی لۆکاڵیش هەیه، پێیان گووتم کەناڵەکە ئاڕاستە قورئانییە، کەناڵی(چ)،

بەڕێوەبەرەکەی کەسێکی قورئانییە، هەرچەندە کاتێک لە فەقێیاتیو کۆلێژی شەریعە و حوجرەبووم، ماوەکی باش موتابەعەی کەناڵەکەم کرد، تا بزانم چی دەڵێت و چی پەخشدەکات، ئەوەی من تێبینیم کرد،

کەناڵەکە زۆر بە حەزەر و هێمنیەوە پەخشی ڕۆژانەی خۆی دەکات و خۆی لەو جەدەلەی قورئانی بوون و ڕەتکردنەوەی ڕیوایەت و ڕەخنەگرتن لە کەلەپووری دینی و فیقهی ئیسلامی و ئەوشتانە بە دوور دەگرێت و، زیاتر لە ڕێگای بەرنامەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و لەو جۆر و تەرزە بابەتانە هەوڵی ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵ دەدات.

ئەوەش بڵێم:قورئانیەکان ئەوەیان لا خۆشنییە پێیان بگووترێت قورئانی و ئەوان دەڵێن خوداوەند لە قورئان ناوی ناوین موسوڵمان و بەس❪هُوَ سَمَّاكُمُ الْمُسْلِمِينَ ❫.

  • 1