ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
بە ڕوونی
سیستمی سەرمایەداری بە شێوەیەکی مێژوویی هاوکات لە گەڵ سەرهەڵدان و گەشەکردنیدا، قەیرانی لە گەڵ خۆیدا هێناوە. شوناسی سەرمایەداری هەر لەو کاتەوەی مارکس لە کتێبە بەناوبانگەکەی "سەرمایە... ڕەخنە لە ئابووری سیاسی" ئاماژەی پێکردوە، شوناسێکی جیهانگیری هەبووە، و سەرەڕای "یاسای پەرەسەندنی ناوهاوسەنگ"، قەیرانەکان کە سێبەری بەردەوامی سەرمایەداری بووە، بەهەمان شێوە مۆرکێکی جیهان هەبووە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی سەرمایەداری بریتییە لە بۆشایی نێوان بەرهەمهێنانی بێ سنوور و بێ کۆنتڕۆڵ، و فراوانبوونی بواری ئابووری بەرخۆر لە ئاستی جیهانیدا، کە دەبنە هۆی کەڵەکەبوونی سامان، لە گەڵ توانای بەکاربردنی بەرهەمەکان، و ئەم ڕەوشەش دیاردەی جەمسەریبوون درووست دەکات، کە ناوەڕۆکە ئابوورییەکەی کەڵەکەبوونی سامانە، و لە بواری پێشبڕکی و ململانییەکانی نێو خودی کەمپی سەرمایەداران بە ئاستێکی جیهانیدا، بەرجەستە دەبێت.
ململانییەکان لە سەرمایەداریدا دوو فاقییە. ململانی چەوساوەکان کە بریتین لە هێزی کار دژ بە چەوسێنەرەکان کە خاوەنی ئامرازی وەبەرهێنان. ئەو ئامرازەی کە خودی هێزی کار لە ڕێگای زێدەباییەوە خوڵقاندوویەتی. هۆکاری سەرەکی ئەم ململانییە بریتین لە خراپی و دژواری ڕەوشی هێزی کار بە هۆی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەوە، و ئاکامەکەشی بوونی قەیرانی هەمەجۆرە لە بواری بەردەوامبوونی هەژاری.
فاقی دووەمی ململانییەکان لە ئاکامی ناکۆکی بەرژەوەندییەکانی خودی خاوەنەکانی ئامرازی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان لە ئاستی یەک وڵات و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا درووست دەبێت. لە هەمان کاتدا و لە ئاکامی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری قەیرانی دیکە لە بواری ژینگە، و لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤایەتی هەر بۆ نموونە لە بواری تەندروستی، درووست دەبێت.
شێوازەکانی تێکۆشان هێزی کار و چەوساوەکان بە شوناسە جۆراجۆرەکانیانەوە دژ بە سەرمایەدارن و خاوەندارانی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان رێچکەی ناڕەزاریی و خۆپیشاندان و شۆڕشی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت. بەڵام شێوازی ململانییەکانی نێو خودی کەمپی سەرمایەداران و خاوەندارانی ئامرازی بەرهەمهێنان، ڕێچکەی شەڕی سەرمایەداری وەرگرتووە.
یەکەمین و دووەمین شەڕی جیهان، و کارکردن بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی بازاڕ و ناوچەی هەژموون لە ئاستی جیهانیدا، نموونەیەکی زەقی ئاراستەی سەرمایەداران و کارتیل و کۆماپانیا زەبەلاحەکانە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانیی سڕینەوەی یەکتر، کە لە ئاکامیشدا هاوسەنگییەکی نوێ لە تەرازوی دابەشکرنی بەرژەوەندییەکان درووست دەبێت. شەڕی ئەمڕۆ لە ئۆکرانیا بەشێکە لە شەڕی خودی سەرمایەداری لە ئاستێکی جیهانیدا.
لە گەڵ بەرپاکردنی شەڕی ناوەندە سەرمایەدارەکان لە گەڵ یەکتردا، تابلۆیەکی ئالۆز درووست دەبێت، کە بریتییە لە بوونی خەڵکی هەژار و زەحمتکێش بە سووتەمەنی شەڕ، و پرۆپاگندەی مەترسی لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەر لایەنەک لە شەڕەکە دەبنە بیانووی ڕاپێچکردنی چەوساوەکانی دەستی سەرمایەداری بۆ بەرەکانی شەڕ، و بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی چەوسێنەرەکان.
لایەنێکی دیکەی تابلۆکە بریتیە لە دەوڵەمەندبوونی بێ سنوور و کەڵەکەبوونی سامانی زیاتر لە لایەن کۆمپانیاکانی چەک درووستکردن کە پشکی سانەتۆر پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارە سەرمایەدارەکانە. ئەزموونەکانی مێژووش پێمان دەڵێت کە لەگەڵ هەر شەڕێکدا دەوڵەمەندی نوێی شەڕ و جەنگەکان درووست بووە، و جگە لە سەرهەڵدانی دیاردەی درووستبوونی هێزی جەکداری بەکرێگیراو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی کە بە زمانی کوردی ڕەسن و لە ئەزموونی خۆمان بە دیاردەی "جاش" ناودەبرێت.
شەڕی نێوان سەرمایەدارن بە هەر جۆرێک کۆتایی بێت، ئاکامەکەی دەربازبوونی قەیرانێکی بنیاتگەری سەرمایەدارییە، و لە کۆتایشدا سەرمایەداری وەکو سیستم زیان ناکات، چونکە ئاکامی شەڕ نەگەیشتۆتە ئاستی سەرهەڵدانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دژ بە سەرمایەداری، و کارکردن بۆ خستنەڕووی ئەلتەرناتیف و جێگرەوە بۆ سیستمی سەرمایەداری.
لە تێکرای شەڕ و جەنگەکان قورسایی قەیرانەکان کە لە ئاکامی شەڕدا درووست بووە، سەرمایەداری توانیوێتی بیخاتە سەر ئەستۆی زەحمەتکێشان و چینی کرێکار.
ئەم بابەتە زۆر بە ڕوونی لە لێکەوتەکانی کۆڤید 19 کە بەشێکە لە قەیرانی سەرمایەداری، و لە لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکرانیا کە دیسانەوە بەشێکە لە قەیرانی سەرمایەداری، دەرکەوتووە.
بڵندگۆکەکانی سەرمایەداری لە سندوقی دراو و بانکی نێودەوڵەتی و خاوەن بانکەکان و ڕاگەیاندنەکانیان لە هەفتەی ڕابووردوودا دیسانەوە داوایان لە ملیارەها خەڵکی ئەم جیهانە کرد کە بە هۆی کۆڤید 19 و شەڕی ئۆکرانیا خۆیان بۆ ڕەوشێکی ناجۆر بە هۆی زیادبوونی نرخی خۆراک و وزە و کاڵا و ئاستەنگەکانی دیکەی بەردەم ئابووری جیهان، ئامادە بکەن، کە ئەمانەش کۆسپن لە بەردەم گەشەکردنی ئابووری جیهانی، و بەم هۆیەوە دەبێ وەک بەڕێوەبەری سندوەقی دراوی نێودەوڵتی دەڵێت، 143 دەوڵەت ئاستی گەشەی ئابووریان بۆ ساڵی ئایندە کەم کەنەوە.
ئەم ڕاگەیاندنەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هاوکاتە لە گەڵ ئەو ڕاپۆتە مەترسیدارەی کە ڕێکخراوی ئۆکسافم بڵاوی کردۆتەوە، سەبارەت بەوانەی کەمتر لە 1.9 دۆلار وەردەگرن و لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین کە گەیشتۆتە 860 ملیۆن کەس، و بە هەمان شێوە 3 ملیار کەس کە داهاتی رۆژانەیان 5 دۆلارە لە هێڵی هەژاریدا دەژین، لە کاتیکدا کۆمپانیاکانی وزە و خۆراک و چەک درووستکردن بەردەوام لە ئاکامی شەڕدا قازانجیان زیاد دەکات.
دیوێکی دیکەی ناکۆکی لە تابلۆی ئابووریدا، بریتییە لە زیادبوون و کەڵەکەبوونی قازانجی بانکەکان و دامەزراوە قەرزپێدەرەکان، کە هاوکاتە لە گەڵ سەپاندنی رێوشێنی سکگوشین و کەمکردنەوەی خەرجی لە لایەن بەشێکی زۆری دەوڵەتان، کە دیسانەوە ئەمەش لە سەر ئەستۆی بژێوی و ژیانی خەڵکی زەحمەتکێش دەبێت.
بەم جۆرە ناوەندە سەرمایەدارەکان بۆ دەربازبوون لە قەیرانە ناوخۆییەکان و یەکلاکردنوەی ململانییەکانیان شەڕ بەرپادەکەن، و سەرلەنوێ بازار و هەژمون دابەش دەکەنەوە، و لە هەمان کاتدا سامانیان کەڵەکە دەکەن، و بەم جۆرەش سیستمی سەرمایەداری دەپارێزن، و لە کۆتاییدا زیان و لێکەوتەکانی شەڕیش دەکەوێتە ئەستۆی چینی کرێَکار و گەلانی ستەمدیدە و پەراوێزخراوان و هەژارانی جیهان.
بەرامبەر ئەم تابلۆ ناکۆکە، چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لە ئاستی جیهاندا بۆ وەڵامدانەوە گوتاری سکگوشین و هەژاری سەپاندن، تەنها یەک ڕێگایەکیان لە بەردەمدایە، ڕێگای دژایەتی شەڕی سەرمایەداری، و جەختکردن لە سەر ئاشتییەکی عادیلانە، و گواستنەوەی لێکەوتەکانی قەیرانەکانی سەرمایەداری بۆ سەر ئەستۆی خودی سەرمایەدارن، و تێکۆشان بۆ جیهانێکی دیکە، جیهانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و سۆشیالیستی.
  • 1