که گوێم له وشه‌ی ڕۆشنبیری ده‌بێ
تفه‌نگه‌که‌م ده‌هێنمه سه‌ر پێ.
هانز گۆست
لۆکاچ پێی وابوو، ڕاستیشی بۆ چووبوو، پێوه‌ندییه سه‌رمایه‌دارییه‌کان کارێک ده‌که‌ن، به شتبوونی هه‌موو به‌هاکان سه‌روه‌ر ببێت و ته‌نانه‌ت کاره هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانیش وه‌ک کاڵا سه‌رنج بدرێن، جیاوازی له نێوان سه‌رمایه ڕه‌مزییه‌کان و دراودا له ئارادا نه‌مێنێت و کام سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی مه‌زنه، وه‌ک هه‌ر کاڵایه‌کی دیکه، نرخێکی دیاریکراوی هه‌بێت. له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا که هه‌موو شتێک وه‌ک کاڵا سه‌رنج ده‌درێت، ئاسایییه ببینین هه‌مووان خه‌ریکی گه‌ڕان بن به دوای سه‌رمایه‌دا و ژیان وه‌ک گۆمێک ببینن و به مه‌به‌ستی ڕاوکردنی ماسی، قولاپیان تێ فڕێ دابێت.
له کۆمه‌ڵگه نائینسانییهکاندا، نووسه‌ر دووچاری نامۆیییهکی کوشنده ده‌بێت و وه‌ک بتپهرستێکی لێ ده‌قه‌ومێت، بته‌که‌یان شکاندبێت. ئه‌و واقیعه ترسناکه که گرامشی گوته‌نی، (زاده‌ی کرده‌وه‌ی ئینسان خۆیه‌تی،) هه‌ر به کۆششی ئینسانیش، به‌ها ئینسانییه‌کان زیندوو ده‌بنه‌وه و سه‌رمایه سیمبۆڵیکهکان، بایه‌خ په‌یدا ده‌که‌نه‌وه. مارشاڵ ماکلۆهان (١٩١١ - ١٩٨٠) که فه‌یله‌سووفێکی که‌نه‌دایی بوو، بۆ یه‌که‌مین جار له کتێبی (میدیا بریتییه له په‌یام)دا که له ١٩٦٧دا بڵاو کرایه‌وه، گوتوویه‌تی: (دونیا گوندێکی گه‌ردوونییه.) هه‌وڵی نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه، لێ نه‌گه‌ڕێت به گوندبوونی جیهان، وا بکات ئه‌ندامانی ئه‌و گونده تایبه‌تمه‌ندیی و به‌ها ڕۆحییه‌کانیان له ده‌ست بده‌ن.
کۆششی نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه، ئینسانی لێقه‌وماو بۆ ئه‌وه هان بدات، به کاره‌سات قایل نه‌بێت، به‌ڵکوو خۆی لێ ده‌رباز بکات. فه‌لسه‌فه سه‌دان ساڵ بوو، بایه‌خی به‌م پرسیاره ده‌دا: بۆچی ده‌ژین؟ ئه‌وه کارڵ مارکس بوو، پرسیارێکی گرنگتری ورووژاند: چۆن ده‌ژین؟ ئینگلیز که به‌ره‌و جه‌نگ به‌ڕێ ده‌که‌وێت، ته‌نیا دوو ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌یه، به سه‌رکوتوویی ده‌گه‌ڕێته‌وه، یان ناگه‌ڕێته‌وه. ئه‌وه مارکس بوو، فێری کردین، ئه‌گه‌ر وه‌ک ئینسان نه‌ژین، ئیدی هیچ شک نابه‌ین، تا مه‌رگ وا بکات له کیسمان بچێت. نیوتن ده‌یگوت: ئه‌وه بۆیه هێنده دوور ده‌بینم چونکه له‌سه‌ر شانی که‌سانی مه‌زن ڕاوه‌ستاوم. نووسه‌ر که‌سێکه هه‌میشه له که‌سانی ئاسایی دوورتر ده‌بینێت و پێشبینی داهاتوو ده‌کات. ئه‌وه یه‌کێکه له ئه‌رکه‌کانی نووسه‌ر که فێرمان بکات: (گرنگ ئه‌وه نییه بژین، ئه‌وه گرنگه باش بژین.)
ده‌شێت نووسه‌ر شه‌یدایه‌ک بێت، له دووی ڕووناکی بگه‌ڕێت، ئه‌وه بۆیه که چیرۆکێکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، خۆیمان لێ ناکات، به چیرۆکبێژی هه‌مووشتزان، به‌ڵکوو خۆی وه‌ها نیشان ده‌دات که دووچاری ده‌ردی له بیرچوونه‌وه هاتووه و ئه‌ویش ته‌واو وه‌ک خوێنه‌ران، هیچی وا ده‌رباره‌ی که‌سایه‌تی و ڕووداوه‌کان نازانێت و که له نووسینه‌وه‌ی په‌ره‌گرافێک ده‌بێته‌وه، دڵنیا نییه له په‌ره‌گرافی داهاتوودا، چی ده‌گێڕێته‌وه و به‌م ڕێگه‌یه کارێک ده‌کات، خوێنه‌ریش له نووسینه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌دا به‌شدار ببێت و هه‌ست بکات که‌سێکی چالاکی خاوه‌ن ڕۆڵه، نه‌ک گوێڕایه‌ڵێکی گوێله‌مست. له ڕۆمانی (گه‌ردوون)ی (هیبیرت حه‌دداد)دا چیرۆکبێژ یاده‌وه‌ریی له کیس داوه و به کۆمه‌کی خوێنه‌ر به‌سه‌رهاته‌کانی وه‌بیر دێته‌وه و ده‌یانگێڕێته‌وه.
هه‌رچه‌نده شاعیر که‌سێکه یاخیبوو، که‌سێکه با به ساڵیش‌دا چووبێت، له ناخیدا هه‌ر منداڵێکی لاسار ده‌ژی، که‌سێکه ئه‌وه‌ی به لایه‌وه مه‌به‌سته، ئه‌فراندنی شیعره، شیعری جوان، نه‌ک به ده‌ستخستنی پایه و سامان، که‌چی ڕێک ده‌که‌وێت ستایشی ئه‌م میر، یان ئه‌و سه‌رۆک بکات. وه‌ک چۆن عه‌بدولڕه‌ززاق عه‌بدولواحید ستایشهشیعری بۆ سه‌ددام حوسەین ده‌نووسی، (جه‌واهیری)یش له ستایشی حافیز ئه‌سه‌ددا شیعری ده‌گوت. شیعر ده‌شێت له خزمه‌تی سته‌مدا بێت، وه‌لێ ڕۆمان هه‌ر له (دۆن کیخۆت)ه‌وه، بۆ ئه‌وه داهاتووه، به گژ سته‌مدا بچێته‌وه و به‌شداریی له ڕۆنانی ته‌لاری دیموکراسیدا بکات.
له ده‌یان ڕۆماندا، په‌رده له‌سه‌ر ڕووخساری دزێوی دیکتاتۆران لا دراوه و ڕووناکی خراوه‌ته سه‌ر ناخی پۆخڵی سته‌مکاران، ئه‌وه پارادۆکسێک بوو که جه‌للاده‌که‌ی عێراق، (ڕۆمان)ی ده‌نووسی! ڕه‌نگه شاعیرێک جه‌للادێکی جوان نیشان دابێت، وه‌لێ کاری ڕۆماننووس بۆ ئه‌وه‌یه، وێنه‌ی دونیایه‌کی جوانتر له‌وه‌ی هه‌یه، بکێشێت. سێرڤانتس که‌سانی سه‌ر به چین و توێژه باڵاکانی وه‌ک لووتبڵند و ناخپووت پێ ده‌ناساندین و ڕووناکیشی ده‌خسته سه‌ر ژیانی سه‌ختی به حیکمه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌ژاران. ئه‌رکی پرد ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه بێت، ئه‌مبه‌ری ڕووبارێک به ئه‌وبه‌رییه‌وه ببه‌ستێته‌وه، وه‌لێ ڕۆمان پردێکه گه‌لانی دنیا پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و مامۆستایه‌که ده‌رسی تۆلێرانس به خه‌ڵکی جیهان ده‌ڵێته‌وه.
ڕۆماننووس هه‌میشه ئه‌وه‌ی له یاده که بایه‌خ به فره‌ده‌نگی بدات و ڕێز له بیروڕای جیاواز بگرێت، ئاخر ڕۆمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعێکی هه‌مه‌ڕه‌نگ و فره‌لایه‌نه و وه‌ک فێستیڤاڵیک وایه که چه‌ندان که‌سایه‌تیی سه‌ر به فیکر، دونیابینی، چین و توێژی جیاواز، قسه‌ی تایبه‌ت به خۆیانی تێدا ده‌که‌ن. ڕاسته ڕۆماننووس پێویسته له هه‌مان دوورییه‌وه سه‌یری کاره‌کته‌ره‌کانی بکات، وه‌لێ ئه‌مه یه‌کێکه له ته‌کنیکه‌کانی نووسین و به مانای مه‌رگی نووسه‌ر نایه‌ت. ڕۆماننووس هه‌میشه خوێنه‌ری لێزان له‌به‌ر چاو ده‌گرێت، ئه‌و خوێنه‌ره‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆمانه‌که‌دا ده‌که‌وێته دیالۆگه‌وه، توانای لێکدانه‌وه‌ی مانا جیاوازه‌کانی ده‌قه‌که‌ی هه‌یه، پێی ده‌کرێت بۆشایییه‌کانی تێکسته‌که پڕ بکاته‌وه، نهنووسراوهکان بنووسێته‌وه و نه‌گوتراوه‌کان بڵێت.
*
(*) هانز گۆست: نووسه‌رێکی نازیست بوو، (تۆماس مان)ی به‌و (تاوان)ه به گرت دا، که کوڕه‌که‌ی له هۆڵاند ڕۆژنامه له دژی هیتله‌ر ده‌ر ده‌کات.