ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە کەرکووکەوە

بەپێی مێژوو و جوگرافیا ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە و گەلی کوردیش لەڕابردوودا لەپێناوی سەلماندنی ڕاستی ئەم ناسنامەیە قوربانی گەورەی بەخشیوە، مێژوویەکی دوورو درێژیشە دەگوترێت تا کوردێک بمێنێت دەستبەرداری کەرکووک نابێت.

هەر کاتێکیش دەرفەتێک هاتبێتە پێشەوە کورد هەوڵیداوە بیقۆزێتەوە و ناسنامە ڕاستەقینەکە بۆ کەرکووک بگێڕێتەوە.

لە ساڵی 2003 دەرفەت ڕەخسا و دەسەڵات و ئیدارەدانی ئەم شارە کەوتە ژێر دەستی پێکهاتەی کورد، بەدرێژایی 14 ساڵ ئەم شارە لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەبراو ئیدارە دەدرا، پارێزگار لە پێکهاتەی کورد بوو، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەپێکهاتەی کوردبوون، زۆربەی پۆستە ئیداری و ئەمنییەکان لەلایەن پێکهاتەی کوردەوە بەڕێوەدەبران، لە 2014 و لەدوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و کۆنترۆڵکردنی باشوری کەرکووک و هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە سنوری پارێزگای کەرکووک، پاراستنی ئەم شارە بەتەوای کەوتە سەرشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێشمەرگە گەیشتە بەرزاییەکانی حەمرین.

بەڵام لەماوەی ئەو 14 ساڵەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد و نوێنەرانی کورد لەبەغدا، هەوڵێکی  جدی و ئەوتۆیان نەدا ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و فشار لەسەر بەغدا دروست بکەن  بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی کەرکووک، بەتایبەت مادەیەک لەدەستوری عێراقدا بۆ پرسی چارەنوسی کەرکووک جێگیرکراوە و بەمادەی 140 ناسراوە.

ئەوان لەگەڵ کەرکووکییەکان و خوێنی شەهیدەکانی کەرکووک ڕاستگۆ نەبوون، تەنانەت لە 2008 و لە دوای ڕووداوە خوێناوییەکەی 28ی تەمووزی ئەو ساڵە، زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەفەرمی داوایان لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم کرد کەرکووک بخرێتەوە سەر هەرێم، بەڵام نەک هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان نەدرا، بەڵکو وەڵامیشیان نەدرایەوە.

لەکاتێکدا حکوومەتی عێراق لەو سەردەمەدا لەلاوازترین دۆخی دابوو، جگە لەوەش لەماوەی ئەو 14ساڵەدا حکوومەتی هەرێم ئامادە نەبوو تەنانەت نووسینگەی خۆی لە شاری کەرکووک بکاتەوە و گوێ بۆ داخوازییەکانی خەڵک بگرێت و لەکێشە و گیروگرفتەکانی دانیشتوانەکەی بکۆڵێتەوە. زۆر بەدەگمەن سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی ڕوویان لەم شارە دەکرد، تەنیا لەهەولێر و سلێمانیەوە کەرکووکیان بە شارێکی کوردستانی ناودەبرد، ئەوەی هەبوو لەکەرکووک نووسینگەی پەرلەمان و نووسینگەی خوێندنی باڵای سەر بەحکوومەتی هەرێم بوو.

لەدوای ڕووداوەکانی 16ی نەفرەتی نووسینگەی پەرلەمانیش، کەرکووکی بەجێهێشت و بەرەو قەرەنجیر بارگەی پێچایەوە. ئەوەی لە ئێستادا لەو نووسینگەیە سوودمەند بێت تەنیا فەرمانبەرو کارمەند و پاسەوان و خاوەن خانوەکەیە کە بەکرێ دراوەتە نووسینگەکە.

لە ئێستادا ئەوەی لەکەرکووک ماوە و بۆنی حکوومەتی هەرێمی لێ دێت تەنیا نووسینگەی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمە، هۆکارەکەشی بۆ بێ باکی سەرکردایەتی سیاسی کورد و حکوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە بەرانبەر بەم شارە و بە ڕۆڵەکانی ئەم شارەو شەهیدانی ئەم شارەو قوربانیەکانی ئەم شارە.

  • 1