ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەرەبەیانی یەكەم ڕۆژی جەژن بكوژێت چووە سەرماڵی خسووی و چوار كەسی لێكوشتن، ئەوەش نە یەكەم دیاردەی كوشتن و بڕین و هەڵكوتانە سەر ماڵان بوو، نە دوا ڕووداویش دەبێت. هێندە جەرگبڕبوو هەر زوو هەموو دەزگا و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی تەنییەوە، باوكی كوژراوەكان ئاماژەیان بەوەدا كە بكوژ لای بەرپرسێك داڵدە دراوە و كارئاسانی بۆ كردووە لە تاوانەكانی پێشووی یاخی بێت.

ئەوەی بەلای منەوە سەیر بوو قسەی باوكی كوژراوەكان بوو، كە لە لایەن خەڵك و دەزگاكانەوە زۆر زیاتر لە قەبارەی خۆی و تەنانەت خوودی كوشتنەكە بایەخی پێدرا، وەك ئەوەی هەنگوینیان لە كەلێنی داردا دۆزیبێتەوە.

جێگری سەرۆكی حكومەت (بەخۆشحاڵییەوە) باسی لە دەستگیركردنی بكوژ و سزادانی بكوژ كرد بە گوێرەی یاسا، تەنانەت قسە لەسەر ئەوەش كرا هەر كەس و لە هەر پلەیەك بێت و داڵدەی تاوانباران بدات، وەك تاونبار مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، لە كاتێكدا لە ماوەی 31 ساڵەی دەسەڵاتی خۆماڵیدا زۆرترین كارئاسانی بۆ بكوژان كراوە، نەك دەسەڵاتدارانی حزبی داڵدەی بكوژان ئەدەن، بە پێچەوانەوە ئەوە زۆرێك لە پاسەوان و چەكدارەكانی حزب و بەرپرسە سەربازییەكانن كە خەڵك دەكوژن بۆ بەرپرسان و نەیارە حزبی و كۆمەڵایەتییەكانیان لەناو دەدەن. كەم مرۆڤ هەیە هێندە مەرگ دۆست بێت بزانێت دوای تاوانێك دەكوژرێتەوە ئەگەر بەرپرسان بەڵێنی ئازادكردن و شاردنەوەی تاوانەكانیان نەدەن.

ڕەنگە بوترێت تەماشاكردنی قۆناغەكان وەك یەك ماوەی حكومڕانی نا حەقییە بەرانبەر دەسەڵاتداران، هەر لە دەسەڵاتی ئەم نوخبەیە لە حكومڕانان بوو ڕۆژنامەنووسان تیرۆركران و چالاكوانان زیندانی و دادگایی كران و بە بەرچاوی هەمووانەوە شەق هەڵدرایە مامۆستایان و دەیان گەنجی ئەم نیشتیمانە بەر گوللەی پاسەوانی بارەگاكان دران، ئایا كام كەیس لەو كەیسانە ڕێچكەی یاسایی خۆی وەرگرت و كێ داڵدەدەری تاوانبارانە؟ كوڕی فەقیر و هەژار یاسا شكێنی ناكات و بیەوێتیش پێیناكرێت، بە پێچەوانەوە ئەوە هەندێك لە بەرپرسان و نەوەكانیانن بە ئاشكرا و بەبێ هیچ دوو دڵی و ترسێك هەڕەشە دەكەن و دەتوانن لە یاسا هەڵبێن.

بۆ دەبێت دەیان كەس بكوژرێن پاشان بەرپرسان بێنە سەرخەت؟ ئایا ناكرێت لە بچوكترین تاوان و سەرپێچییەوە قۆڵی مەردانە هەڵماڵرێت و ڕێگە بگرێت لە كوشتنی توانا مرۆییەكانمان؟

بەلای منەوە خوودی مرۆڤەكان گرنگترن لە چیرۆك و كێشەكانیان، دەبێت ڕێگری بكرێت لە كوشتنی مرۆڤەكان بە ناحەق و بە هۆكاری سەروەنەبوونی یاسا، نەك تەنها دەستمان شل بكەین و دڵمان بەوە خۆش بێت كە باشترین سزای بكوژ ئەدەین، دەبێت پێش ڕووداوەكان بكەوین و لە ئێستاوە ڕێگری بكەین لەو تاوانانەی دوو سبەی ڕوودەدەن، بكۆڵینەوە لە پاسەوانە زۆروبۆرەكانی بەرپرسان كە بارگاوین بە ڕق و كینە و لەسەرپێن بۆ ناردنە سەر هەر كەسێك بەرپرسەكانیان فەرمانیان پێبكەن، هێزەكان یەكبخرێنەوە و لەو مۆڵەتانە بكۆڵینەوە كە دراون بە چەكدارەكان، نەك تەنها بیرمان لای چەكە بێمۆڵەتەكان بێت، دەركەوت كێ تاوانبارە و كێ داڵدەی تاوانباران دەدات!

  • 1