ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دەیەم/

چۆن جوێن بە ئیمامی عوسمان دەدەیت..!؟

لە بەشەکانی پێشوو باسم لە ڕوانگە و هیڵە سەرەکیەکانی بیرکردنەوەی قورئانیەکان کرد.

لەو بەشەیش هەر باسی قورئانیەکان دەکەم. من کاتێک لە حوجرە و لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان(شەریعە)بووم، چەندین فەقێم گۆڕین و کردمن بە قورئانی و کەم و زۆر کاریگەری منیان بەسەرهەوەبوو. تەنانەت نەک هەر فەقێ، بەڵکوو خوندەکاری کۆلێژی شەریعە و گەنجی دەرەوەی کۆلێژیشم گۆڕی و بە هۆی منەوە بوون بە قورئانی.

بەسەرهاتێکی زۆر خۆش هەیە قەت بیرم ناچێتەوە، ئەوە لە قۆناغی یەکی کۆلێژ شەریعە بووم و دەستم کردبوو بە ڕەخنەگرتن لە هەندێک کەسایەتی بە ئایکۆن کرا و بە ئەفسانەکرا و پیرۆزکرا و سەرو ڕەخنەکراوی ناو مێژووی ئیسلامی و خەلیفەکانی ئیسلامی و مەزهەب و فیقهی ئیسلامی و کەلەپووری ئاین و دەیان و سەتان ڕیوایەت.

جا لای خوێندەکارەکانی کۆلێژ و فەقێکانی حوجرە و قوتابیەکانی قوتابخانەی ئیسلامی خێرا ناوم بڵاو بووەوە و خەڵکێک لەوانە، وەکوو بۆمبێکی مەترسیناک و کەسێکی هەڵگەڕاوە و فەقێیەکی گوومڕاو بابایەکی موڕتەد و دەرچوێک لە ئایین و بازنەی ئیسلام سەیریان دەکردم.

یەکەم خوندەکاربووم لە ناو کۆلێژی شەریعە بەو پەڕی بوێرییەوە دەمگووت:باوەڕم بە ڕیوایەت و کەلەپووری دینی نییە و ڕەخنەم لە هەردووک ئەوەی کە سونەکان پێی دەڵێن(سەحیحی بوخاری و سەحیحی موسلیم) و حەدیسەکانی نێو ئەو دوو سەرچاوەیە دەگرت و باسم له خەلیفەکاندەکرد و دەمگووت:ئەمەیان ستەم کاربوو و خەڵکی دەچەوساندەوە. ئەوەیان بکوژ و دیکتاتۆر و جەلاد و دژی ئازادی خوازان و بۆچوونی جیاواز بوو، حەلاج و گەیلانی دیمەشقی و ئیبنولموقەفەع و جەعدی کوڕی دەرهەم و کێ و کێی تری سەردەبڕی و لەسێدارە دەدان و دەیسوتاندن و ئەویتریان گەندەڵ بوو و کەس و کاری خۆی و کەسەنزیکەکانی لە دام و دەزگاکانی میری(حکومەت) دادەمەزراندن و ئەوەیتریان لە خەلیفایەتی و ئیدارەدان لاواز بوو و خەڵکی داوایان لێدەکرد لە دەسەڵات بێتە خوار، کەچی هەرنەدەهاتە خوار و دەیگووت سوڵتە کراسێکی پیرۆزە و خوداوەند کردوویەتیە بەرم و هەرگیز دایناکەنم و ئەوەکەیتریان لە سەرزەکات نەدان بە بەیتولمال، تۆمەتی موڕتەدبوون و کافربوونی دەدایە پاڵ خەڵک و جەنگی لە دژ بەرپادەکردن و خوێنی ڕەوادەکردن و دەیکووشتن، ئەوەیتر سەدان و هەزاران کەنیزه و کۆیلەی هەبوو و غەرقی عەیش و نۆش و چێژ و ڕابواردنی شەوە سوورەکان و سوارچاکی باوەشی ژن بوو، ئەوەیتریان بە خەلیفە نەخۆشەکە ناسراوبوو..تاد.

جا بە هۆی ئەو زمان درێژی و نەعەندرایی و هۆشیاری و ئەنتی باوی و نەچوونە ژێر باری ئەقڵی مێگەڵ و ئەو یاخی بوونەم، ڕووبەڕووی دەیان و سەتان توانج و تۆمەت و قسەی ڕەق و ناخۆش دەبوومەوە.

وەلێ زۆر خۆڕاگربووم و قەت ورەم بەرنەدەدا و لە بۆچوون و قەناعەتەکانم، یەک گەردیلەش پاشەکشەم نەکرد.

چەندین جار، لە لایان بەرامبەر و خەڵکێکی زۆرەوە پێم گووتراوە: بەسە چیتر زمانت درێژ نەکەی، پێم دەگووترا مولحید و بێ دین، قەشە، کافر، مارکسی، زەندیک، زەردەشتی و ئێزدی، کافر و گوومڕا..تاد.

جا ئەوە ڕۆژێک لە کۆلێژی شەریعە پیاسەم دەکرد، کوڕێکی جاو شین و شیک پۆش و زەعیفکە(م.میرانی) بەرەو ڕووم هات، تۆزەک بە تووڕەییەوە گووتی:سەلام عەلێکم کاکە، ئەوە تۆی دەڵێن جوێنت بە ئیمامی عوسمان دایه!؟ ئەوە بێ ئەدەبیە بەڕاستی.

گووتم کاکە بەو شێوازە نییە، هەڵە حاڵی کراوی، تۆزەک هێورم کردەوە، ئەلحەق کوڕێکی ڕێک و پێک بوو، ئنتیماشی بۆ ئیسلامی سیاسی هەبوو، وەلێ حزبی نەبوو، عاتیفەی ئایینی زۆر بەهێزبوو، هەر لەو سۆنگەیەشەوە لە بەشی زانستی نمرەی بەرزیشی هێنابوو، کەچی هاتبوو کولێژی شەریعە، دواتر کە گۆڕا سەبارەت بەو عاتیفیە دینیە خۆی وای پێگووتم.

جا ئەو کوڕە کەسێکی زۆر بیرتیژ و ئاقڵ بوو، دەمارگیر نەبوو، مەزهەبگەرایی و ئیسلام گەرایی کوێری نەکردبوو. ئەو بە دوای ڕاستیدا دەگەڕا. ئێستاش پێم دەڵێت هەرکاتێک بۆم دەرکەوت ئەو قورئانی بوونە و قەناعەتەی ئێستام هەڵە و ناڕاستە و حەقیقەت شتێکی ترە، بێ دوو دڵی یەکسەر وازی لێ دەهێنم.

با بێینەوە سەر بەسەهاتەکە، جا کاتێک وا بەهەڵچوونەوە لە ڕووم دوا، گووتم دەتوانین زیاتر لێک تێبگەین، وەلێ ئەو هەویرە، وەکوو پەندە کوردیەکە دەڵێت: ئاوی زۆری دەیوێت.

گووتی باش، دواتر سەردانی حوجرەی کرد و هات بۆ لام یەک دووجار، هێدی هێدی دەستمان کرد بە گفتوگۆ لەبارەی هەندەک ڕیوایەت و مەسائیلی فیقهی و بابەتی حەڵاڵ و حەرام و مێژووی ئیسلام، ئەو هەر دەی پرسی و منیش بە گوێرەی ئەو زانیاری و مەعریفەیەی ئەوکات هەم بوو، وڵامم دەدایەوە، دیاربوو، وڵام و قسەکانی من بۆ ئەو زۆر دڵگیر و جێگای قەناعەت و بڕوا پێکەربوون، هەر دەیگووت ڕاستە، لۆژیکیە، جوان و ماقوڵە.

دواتر یەک دووجار داوەتی ماڵەوەی خۆیانی کردم و گووتی:حەزدەکەم بێیت و قسە لۆبراکانیشم بکەیت و کاریگەرییان لە سەر دروست کەیت، منیش دوو جار ڕۆیشتم و شەویش لەوێ مامەوە و هەرقسەم بۆ براکانی و گەنجێکی تریشیان دەهێنا، دەکرد و دیاربوو قسەکانی منیان زۆر پێ خۆشبوو و بەو چەشنە

ئیدی ئەو کوڕە هێدی هێدی گۆڕاو سەرەنجام بوو بە قورئانی و براکانی خۆیشی و یەکێک کەسەنزیکەکانی تریشی(لەکاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا.. پی گووتم) لە گەڵ سێ هاوڕێی تریشی کەلەگەڵ ئێمە لە کۆلێژدا بوون، لە شەریعە(هـ..)و (عو..) و (ب..)، ئەوانیشی گۆڕیون و تێگەیشتنیان بۆ ئاین لەگەڵ پێشووتر زۆر جیاوازە و، کاکە م.میرانی تاڕادەکی باش نزیکی کردوونەتەوە لەو تێگەیشتنەی قورئانیەکان.

خۆشم بە تێل قسەم لەگەڵ دانەیەکیان کرد لە کاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکان، کە پێشووتر ئەو کوڕە لەگەڵ من فەقێبوو لە قوتابخانەی ئایینی(مەلا عەبدولڵاپەلپیتانی)،

زۆر گۆڕابوو و دەیگووت: ڕیواتەتەکان(فەرمودەکان) وەکوو ئایین وەرناگرم هەرگیز،جاکاکە( م، میرانی)جاکاکە( م، میرانی) براکەیشی(ئــ..میرانی)، چەندین جار بینیومە لە سۆشیاڵ میدیا، زۆر بە حەماسەت و گەرمیەوە لە ڕووی ئەو چەوشاکاری و درۆیانەی بە دەم زەرەشتەوە کراوە، وەستاونەتەوەو و وڵامی ئیسلامگەراکانیان داوەتەوەو، م.میرانی و داوای لە من کردووە تا یارمەتیان بدەم و پێکەوە لێنگەڕێین‌ ئەو درۆ و چەواشەکاریانەی سەبارەت بە زەردەشت دەکرێت و کراوە و دەیکەن، وا بە ئاسانی بە سەریاندا تێنەپڕێت و چیتر گەنج و ڕۆڵە و هەرزەکاری کورد لەخشتە نەبەن و گوایە زەردەشتیەکان ئاگر پەرستن و دوو خوداوەندیان هەیە و هاوسەرگیری لەگەڵ کەسه نزیکەکانی خۆیان دەکەن و بە میزی گا خۆیان دەشۆن ..تاد. وەکوو ئەوەی پیاوە ئایینیەکان و نووسەرە عەرەبی و ئیسلامیەکان سەبارەت بە ئاڤێستا و زەردەشتیەت نووسیویانە وئیسلامیە سیاسیەکان و سەلەفیگەراکانیش، زۆر نەزانانە و قینە لە دڵانە، دێن و هەمان ئالیک کاوێژی دەکەنەوە و لە گرووپ و پەیج و ئەکاونتەکانیان دایدەنێنن و بڵاو دەکەنەوە.

جا ڕۆژێک لە کۆمێنت بینیم، ئیسلامیەک لە کاکە ئە.. میرانی پرسی بوو:خۆتۆ قورئانیت، چیت داوە لە زەردەشتیەت و بەرگری کردن لە زەردەشت!؟

ئەویش لە وڵامدا وتبووی: وەکوو مرۆڤێک پێم ناخۆشە چەواشەکاری و درۆ بەدەم زەرەدەشت و هیچ ئاینێک و کەسێکەوە بکرێت و بوختانیان بۆ بکرێت و قسەیان بۆ هەڵبەسترێت.

ئەوەش بڵێم بۆ نوسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..

چەندین جار پێوەندیم بە کاکە (م.میرانیەوە) کرد، بۆ دڵنیابوون و دوپاتکردنەوەی زانیارییەکانم، ئەو زانیاریانەم لێی وەرگرت و ئەوەشی پێگووتم، کە لەلایان خەڵکێکەوە بە هۆی قورئانی بوون و دەرچوونیان لە قاڵبی تێگەیشتنی مەزهەبی و سونەکان، ئەگەر هەموو بۆچوونەکانی خۆیان لە بارەی تێگەیشتنی خۆیانەوە بۆ ئایین بڵێن، ئەوە بێگوومان کافر دەکرێن.

بەڕاستی ئەوان مرۆڤی دینداری زۆر ڕێک و پێکن و دژی هیچ یەکێک لە ئاینەکانی تر نین و وەک چۆن باوەڕیان بە قورئان هەیە، هەمان شێوە باوەڕیان بە سیکولاریزم و بیردۆزی ئیڤۆلەیشن و پلورالیەتی ئایینی هەیە.

بەوشێوەیە من و م.میرانی بووین بە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی و تائێستاش هەرواین و ئێستاش پێم دەڵێت سوپاست دەکەم و ئستیفادەم لێت کرد، بە تایبەتی لە بیدایەتەکان کە زانیاریم نەبوو.

ئینجا من و م.میرانی دوای ئەوەی کۆلێژمان تەواوکرد، هەردووکمان ڕۆیشتین بۆ خوێندنی باڵا و ماجستێر، من لە باکوری کوردستان و شاری(وان)، ئەویش (مالیزیا)، پێی گووتم: حەزدەکەم لە گەڵ من بێیت و پێکەوە بڕۆین بۆ مالیزیا، لەوێ بخوێنین، جا خوێندن لە مالیزیا زۆر دەکەوێت. گووتی من کرێی فڕۆکە و مانەوەکەشت دەدەم، ئەگەر دێیت.

پێم جوان نەبوو ببم بە ئەرک و گووتم نایەم و زۆر سوپاستدەکەم و هەندەک پارەم هەبوو و هەندێکیتریشم قەرزکرد و ڕۆیشتم بۆ باکوری کوردستان و لەوێ و لەشاری وان و لەسەر ئەرکی خۆم خوێندم ئەوە م.میرانی، ئینجا سەبارەت بەوەی من کاریگەریم لەسەر هەندەک فەقێکانیش هەبوو. قسەیەکی خۆشمان هەبوو، لە حوجرە، هەموو جار لەگەڵ فەقێکان، تێر تێر بەو قسەیە پێدەکەنین(بای دوو پیاسە و دانیشتنێکە)،

من کە بووم بە قورئانی هێشتا قورئانیەکان لە کوردستان هیچ ناو دەنگێکیان نەبوو، کەس نەیدەناسێین، قورئانی بوون خێرا دەنگی دایەوە، هەڵبەت من بە گوێگرتن یان خوێندنەوە، یان بەریەک کەوتن لە گەڵ هیچ کەسێکی قورئانی، نەبووم بە قورئانی. وەکوو لە بەشی پێشوو ئاماژەم پێدا.

بەڵکوو خۆم لە دەرەنجامی خوێندنەوە و بیرکرنەوەی چەندین ساڵە و گوومان دروست بوون و هێدی هێدی و پلە بە پلە بووم بە قورئانی، کەبووم بە قورئانی ئینجا زۆر دوای ئەوە دکتۆر(محەمەد شەحرور)ی بیرمەندی قورئانی و قورئانیەکانم ناسی و زانیم قورئانی لە کوردستان هەن و وەکوو ئاماژەم دا، من زۆر لەمێژتر لەو بەروارە باوەڕم بە زۆرێک لە ڕیوایەتەکان نەمابوو، فەرموودەی (ئاحاد)م سەرلەبەری ڕەتدەکردەوە.

تەنها باوەڕم بە چەند فەرموودەیەکی موتەواتیر هەبوو.

فەقێ هەبوو دژم بوو، بەڵام دوایی ئەو فەقێیە گۆڕا و کردم بە قورئانی، جا فەقێکان بۆ شۆخۆی پێیان دەگووتم فلان فەقێیەش بێنین بۆت، تا بیکەیتە قورئانی؟

ئەوە بای دوو پیاسە و دانیشتێکە، واتا فەقێیەکی زۆر کەله ڕەق و وشکباوەڕ نییە، زوو ڕادەست دەبێت و دەیهێنیتە سەر قەناعەتی قورئانی بوون.

فەقێش هەبوو پێیان دەگووتم پیاسەیەک، یان چوار پیاسە و دوو دانیشتنی دەوێت تا بیگۆڕیت، ئینجا دەماندا قاقا.

گەنجێکم کرد بە قورئانی، فەقێش نەبوو، لە قوتابخانەی پەروەردەبوو، دواترو دوای ماوەیەک، ئەو گەنجەقورئانیش نەما و بوو بە لائیک، خۆی وای پێگووتم و زۆرجار قسەمان پێکەوە دەکرد. ئێستاش هاوڕێین.

لە بەشێکی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا.. باسم لەوە کردووە کە فەقێیەک شەوەک هاتبوو حوجرەکەی ئێمەو شەو لەوێ مابوویەوە، من بەسەردان لە ماڵەوەبووم، فەقێ(خ)، زۆر قسەی پێگوتبووم و جوێنی زۆری پێدابووم، گووتبووی گومڕایه، دواتر پێکەوە دانیشتین و قەناعەتیم گۆڕی و بوو بە قورئانی.

جائەو فەقێیە کاتێک دواتر و دوای ئەوەی من کۆلێژی شەریعەم تەواوکرد، ئەویش ڕۆیشت بۆ کۆلێژی شەریعە، ڕۆژێک سەردانی کردم و پێی گووتم: مامۆستا(ئو..)،کە مامۆستابوو لە کۆلێژی شەریعەی هەولێر، کەسێکی ئیسلامی سیاسی بوو و دەیانگووت کۆمەڵی ئیسلامی سیاسیە، کاتی خۆی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، کوڕی مەلا(ت.بەحرکەیی بوو)

جاگووتی پێی گووتم لە هەندێک کەس دوور کەرەوە، گووتی نەیزانی من دۆستی تۆم و قورئانیشم، ئینجا لیستێک ناوی داپێم و گووتی ئاگاداری ئەوانە بە، ئەوانە گوومڕا و خەتەرن و گوێیان بۆ مەگرە و موتابەعەیان مەکە و لێیان دوور کەرەوە، گووتی کەسەیری ناوەکانم کرد، دەبینم ناوی تۆ و یونس ڕاوی و عەبدولڕەحمان سدیق و چەند کەسەکیتریشی تێدابوو.

  • 1