ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(87)

بەبێ كورد مەدەنیەت لە عێراق و ئێران و توركیا لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیدایە! حزبە كوردستانییەكان لەهەموو پارچەكانی كوردستان پارسەنگی مەدەنیەتیان داوە لەو وڵاتانەدا. ئەوەش راستییەكی ئێستایی و رابردووە و كەس ناتوانێت هاشای لێ بكات. لاوازبوونی بزووتنەوەی كوردی لە هەر یەك لەو پارچانە بەمانای لاوازبوونی مەدەنیەت و بەهێزبوونی رەوتە ئاینییەكان هاتووە. بەلاوازكردنی بزووتنەوەی كوردی لە كوردستانی ئێران، رەوتی ئیسلامی شیعە پەرەدەستێنێت و گەشە دەكات و هەژموونی دەسەڵات دەكات. لە توركیاش بزووتنەوەی ئیخوانی ئەردۆگان هەمان كار دەكات. لە عێراقیشدا بە لاوازبوونی كورد رەوتی ئاینی بە شیعە و سونەوە گەشەیان كردووە و رەوتی مەدەنی پاشەكشەی كردووە.

(88)

ئەو هاوكێشەی لای سەرەوە بەداخەوە هەندێك جار لە لایەن هەندێك رەوتی مەدەنیی عەرەب و فارس و توركەوە جێی پەسندنەكردن نەبووە. ئەوان لە بری هاوكاری و پاڵپشتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، سەنگەریان لێگرتووە و كاریان بۆ لاوازكردنی كردووە. دواجار لاوازكردنی كورد بۆتە هۆی لاوازبوونی خودی خۆیان و بزووتنەوەی مەدەنی لە وڵاتەكانیان. تەماشای مێژوو بكە؛ لە عێراق دەسەڵاتی پاشایی و قاسم و بەعسییەكان هەمان كاریان كرد بەرانبەر بە كورد، نەیانهێشت كورد بگاتە ئامانجەكانی، بەڵام خۆشیان لە ناوچوون و رەوتی مەدەنیان پاشەكشە پێ كرد و لەبەرانبەریشدا رەوتە ئاینییەكانیان بەهێز كرد تا ئاستی گەیشتن بە كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات و كۆمەڵگا. لە ئێرانیش هەمان كار دووبارە بۆتەوە و ئەزموونی توركیاش هەمان دیمەنە، كە هەموو عەلمانی و مەدەنییەكانی توركیا بە زەبری هێز كوردیان لاواز كرد و خۆشیان لەناوچوون!

(89)

رێگەی مەدەنیەتی عێراق و توركیا و ئێران بە هەولێر و ئامەد و سنەدا تێپەڕ دەبێت. رەوتە ئاینییەكان دركی تەواویان بەو راستییە كردووە، زۆر باشتر لە مەدەنییەكانی ئەو وڵاتانە. هەر بۆیە هەر رۆژەی بیانوویەك بە بزووتنەوەی كوردی دەگرن، هەر جاری لەژێر پاساوێكدا كە لە عێراقدا ئێستا لەژێر پەردەی دەستوور و دادگای فیدراڵی ئەوە دەكەن، كە دواجار ئامانجیان لاوازكردنی بزووتنەوەی كوردستانی و مەدەنیەتە لە عێراق و بەهێزكردنی دەسەڵاتی ئاینی و بزووتنەوەی ئاینییە لە كۆمەڵگادا. هەر بۆیە لە تەك هێزە كوردستانییەكاندا، دەبێ رەوتی مەدەنی عێراق لە ناوچە عەرەبییەكاندا هەڵوێستی كرداری بەرانبەر بەو فشارانەی دەسەڵات و حزبە ئاینییەكانی عێراق هەبێت.

  • 1