ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کۆتایی سەربەخۆیی کورد

ڕووخاندنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا

          سەبری ئەتەش*

پرۆفیسۆری بەشی مێژوو لە زانکۆی مێتۆدیستی باشوور لە تورکیا

               لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق 

 

بةشي شةشةم

 

لەناوبردنی حوکمی میراتگریی کورد وایکرد کە مۆرکی ناوچەیی بدرێتە دەسەڵات بەسەردا شکان کە پێویستی بە نەخشەکێشانی سنوور و دیاریکردنیتی. لەبەرئەوە، هیچ ڕێکەوت نەبوو کەوا بەدرخان و کۆتایی هاوپەیمانێتییەکەی هاوکات بوو لەگەڵ ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی ١٨٤٧دا، کە زەمینەی خۆشکرد بۆ چارەسەری کێشەی سنوور لەگەڵ ئێراندا. دیاریکردنی سنوورەکان ئاسانکاریی بۆ بەرفراوان کردنی تەنزیمات ڕەخساند لە کوردستاندا. هەڵبەت لە ڕێگەی دابینکردنی چوارچێوە دانان  بۆ دەسەڵاتدارانی کورد لە ناو قەڵەمڕەوی عوسمانیدا و تەواوکردنی مەسەلەی سنوورەکان ڕووبەرێکی گەورە و تەواوی مانۆڕی بۆ نەهێشتنەوە. بە دوای ئەمەشدا یەکەی کارگێڕیی نوێ و باج و سەرباز گرتنی زۆرەملێی جەماوەری کوردی لێکەوتەوە لە خزمەتی ئیمپراتۆرییەتدا٤٣. پێشتر بە سەربازگرتنی بەکۆمەڵی زۆرەملێ پەیڕەوی نەدەکرا. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم کارە پڕمەترسییە، ئەستەمبووڵ سیستەمی تیروپشکی داهێنا (قورە یان قورعە) کە با ئامادەبوونی "قورە مەجلیسی" (یا ئەنجومەنی تیروپشک) بەڕێوەدەچوو بۆ دیاریکردنی سەربازگیرییەکە (چادرچی، ١٩٨٥).  وەک ڕاپۆرتێکی عوسمانی باسی دەکات، کەوا کوردەکان، وەک ئەوانەی قەزاکانی پاڵوو و شێرۆ کە تا ئەو دەمەش بەهرەمەند بوون لە دۆخی یورتلوک - ئوجاکلیک، بەرهەڵستیی "سیستەمی بەسوودی سەربازگیریی زۆرەملێیان دەکرد"٤٤. بەهەمان شێوە، ناحیەکانی ماردین بەرگرییان کرد تا ئەو ئاستەی هێز نێردرایە سەریان بۆ سەپاندنی سیاسەتی سەربازگیریی زۆرەملێ٤٥. هەر بەو ڕەنگەش، گوندەکانی جەزیرە بەزۆر ناچار کران خۆ ڕادەستی سەربازگیریی زۆرەملێ بکەن و (باجیش بدەن)٤٦.  لەکاتێکدا کەوا ئەریستۆکراتییەتی کورد و هاوپەیمانە سروشتییەکانی، کە خێڵە کۆچەرەکان بوون، زۆر بەتوندی بەرگرییان لە سەربەخۆیی ناجێگیری خۆیان دەکرد و نەیاندەویست بکەونە ژێر حوکمی دەرەکی و نامۆوە و پێدەچێت ئەو خەڵکانەی کەوا بە هەرەوەزی و پشک زەویوزاریان دادەچاند، مەرابە  maraba، کە بەشێکی گەورەی بەرهەمهێنەرانی کشتوکاڵیان پێکدەهێنا، وادیارە سوودمەند بوون لە نەمانی میرەکان. بێگومان میر و بەگەکان خاوەنی ڕووبەری بەرفراوانی زەویوزار بوون کەوا جووتیارانیان ناچار دەکرد بە ڕێژەی دەیەکی بەروبووم یان کرێ  بیانکێڵن و بەروبوومی کشتوکاڵییان تێدا بەرهەم بێنن (گویندۆغان، ٢٠١٤: ١٦٥ - ١٦٦). کاروباری تەنزیمات (واتە چاکسازی کە لە ساڵی ١٨٣٩وە دەوڵەتی عوسمانی کەم و زۆر دەیویست جێبەجێی بکات - وەرگێڕ) وادیارە ئیمتیازی حوکمی ئەریستۆکراتییەتی کوردی نەدەهێشت و جووتیارانی ڕزگار کردبوو لە ستەمکاریی جۆراوجۆری بەگەکان وەک ناچار کردنی جووتیاران بە کاری بێگاری corvée و هەرەوەزی و خستنیانە ژێر باری قەرزەوە لە ڕێگەی فڕوفێلی جۆراوجۆرەوە، بە سەپاندنی باج و سەرانە (یان جزیە) وەرگرتن لە بەشێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەی وەک کریستیانەکان و یان هەر ستەمکارییەکی تر کە هەندێ جار پەنایان بۆ دەبرد دژ بە خەڵکە ناوخۆییەکەی ژێردەستیان. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵگە ناوخۆییەکە ڕاستەوخۆ دەیانتوانی بگەنە حوکمڕانەکانیان. بەڵام بە نەمانی میرەکان، بەرەوڕووی بەرپرسە عوسمانییەکان بوونایەتەوە کە نامۆ بوون پێیان و ئەو باج وەرگرانەی کە لە شوێنە جیاجیاکانی ئیمپراتۆرییەتەوە دەنێردران و باجی نوێی سەخت و قورسیان دەسەپاند. بێجگە لەوەش، ئەم کاربەدەستە نوێیانە نەریتی فەرمانبەرانی حکوومەتێکی بچووکیان پەیڕەوی دەکرد و بڕی باجی زۆر قەبەیان دەسەپاند "نەک بۆ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی دەوڵەت، بەڵکوو لەپێناوی پاشا چاوچنۆکەکان و دەستوپێوەندەکانیان" ئەو کارەیان دەکرد. موسەللیمێکی  تازە دامەزراوی "خانی" ئەم شێوازە عوسمانییە نوێیەی حوکمی کوردستانی بەم چەشنە باس کردووە بۆ برانتی کونسوڵ: بۆ دەوڵەمەند بوون، وەک نموونەی بەگەکانی کورد، پاڵ بە خەڵکەوە بنێ بۆ یاخیبوون و بەو پێیە "پێویستە خەڵک بە هەژاری بمێننەوە و بیانچەوسێنیتەوە بۆ ئەوەی بە ملکەچی بمێننەوە" (برانت و گڵاسكۆت، 1840: 361 - ٣٦٣). ڕاستییەکەی، لەناوبردنی حوکمڕانەکانی میراتگری، کە وەک لەنگەرگری خەڵکەکەیان و نێوەندگیری نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە ڕەفتاریان دەکرد، لە مەودایەکی دووردا ناوچەکەیان لەڕووی ئابوورییەوە بێبەش و هەژارتر کرد.  وەک وەلی یادرگی مشتومڕی لەسەر دەکات مشتومڕی لەسەر دەکات، کەوا دەستبەسەرداگرتنی زەوی و مڵکە گەورەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارە کوردەکان "دەرەنجامی بێسوودی هەبوو بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ لە کوردستاندا و ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە ئەم ناوچەیە کەمتر کاریگەر بوو بە جووڵە و هاندانی بازاڕی جیهانی بۆ بازرگانیی کردنی کشتوکاڵی لە چوار دەیەی دواتردا". ئەمەش بەهۆی خراپ ئیدارەدانی زۆربەی ئەو زەوییانە لە لایەن ئەو کەسانەوە کە دەوڵەت بۆ ئەو کارە دایدەمەزراندن و هەروا بە نەکێڵراوی بەجێدەمان، دووەمیش، بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە جووتیارەکان توانایان نەبوو بەروڕووی پێداویستیی بەڕێوەبردنی کێڵگە بچووکەکانیان دابین بکەن لە بەرانبەر بازاڕی جیهانیی بەرفراواندا. بە لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان دۆخی ئاودێری تووشی بارێکی داڕووخانی خراپ هات و هەژاری و نەبوونی باڵیان کێشا بەسەر گوندەکاندا (یادرگی، ٢٠١٧: ١١٢ - ١١٣). لە نێو ئەو دینامیکانەدا کە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە کەوتە بەر کاریگەریی هێرشە سەربازییە وێرانکەرەکانی تەنزیماتی پاشاکان و حوکمی میراتگریی کوردی کۆتایی پێهێنا نەمانی ئارامی و ئاسایش و لەئەنجامیشدا کزبوونی بازرگانی و جالاکییە پەیوەندیدارەکان بوو، کە لە داتەپینی داهاتی گومرگدا خۆی دەبینییەوە لە کوردستانی عوسمانیدا. یادرگی بە شێوەیەکی قەناعەتبەخش ئەوە دەخاتەڕوو کەوا هێرش و پەلاماری بەرفراوانی سەربازی و ئەو وێرانکارییەی بەرپای کرد و بەدوایدا بوو بە هۆی هەڵتەکاندنی باری دیمۆگرافی کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی ناوچەکەی بێبەش کرد و زەمینەی خۆشکرد بۆ پاشەکشەی گەشەکردن (یادرگی، ٢٠١٧: ١٣٣).   جێگرتنەوەی ئەریستۆکراتە کوردەکان و شوێنکەوتووە چەکدارەکانیان بە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت هەلی ڕەخساند بۆ حکوومەتەکان کە چاودێری و توانای کۆنترۆڵ کردنیان زیاد بکات و ئەمەش ئاسانکاریی کرد بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بکەونە ژێر دەسەڵاتی داراییو کارگێڕی و یاسایی حکوومەتەکانەوە. بۆ نموونە، لە هەکاری، هێزە ئەلبانییەکانی عوسمانی بۆ هات و ئەحمەد عیززەت پاشای والی (حاکم) لە شوێن و ڕێگەی نووروڵڵا بەگ نیشتەجێ بوو و حوکمەکەی پاڵی بە چاودێرێکەوە نا ڕایبگەیەنێت کەوا "تەواوی ئەم وڵاتە، بۆ یەکەمجارە کە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بابی عالی" (لایارد، ١٨٥٢: ٣٨٣). بە لەدەستدانی میر و بەگەکان، کۆمەڵگە لۆکاڵییەکە هەموو جۆرە پارێزگارییەکی لەدەستدا لەبەرانبەر تەنانەت نزمترین کاربەدەستاندا، کە بە دروشمی       "من خۆم دەوڵەتم l’état, c’est moi - ben devletim" (پەندەکە لەبنەڕەتدا لە زمانی فەرەنسییەوە وەرگیراوە - و) ڕەفتاریان دەکرد و قۆناخێکی نەمانی دەسەڵات و ستەمکاری دەستی پێکرد، کەوا خەڵکی کوردستان لەو دەمەوە هیچ ئاسوودەییەکیان نەبینی. لەشکرکێشییە توند و دڵڕەقانەکانی محەمەد ڕەشید و حافز پاشا بە شێوەیەکی کاتی نیزام و ئاسایشیان بۆ ناوچەکە گێڕایەوە و تاڕادەیەک و تاڕادەیەک ژێرخانی ئابوورییان باش کرد و ڕێگەی سامسۆن - دیاربەکر و چەند شارۆچکەیەکی نوێیان دروستکرد وەک مەلاتییە و مەزرە (دواتر ناوی گۆڕا بۆ ئێلازیغ) لە نزیک خەرپووتەوە بێجگە لە ژمارەیەک تەلاری حکوومییش (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٣٣).  لە کاتی دروستکردنی بینا حکوومییە نوێکاندا وەک هێمای دەسەڵاتدارێتیی بەهێزی حکوومەت، دەسەڵاتدارانی عوسمانی جەختیان دەکردەوە لەسەر ئەوەی کە زۆربەی قەڵا و کۆشک و تەلاری تایبەت بە کەسایەتی و دەسەڵاتدارە کوردەکان بڕووخێنرێن٤٧ (لایارد، ١٨٥٢: ٥٠ - ٥٤)، بە پێیە کوردستانیان بێبەش کرد لە مۆنۆمێنت و یادەوەری و کەلەپوورە مێژووییەکانی. ئەمانەی کە دروستیان دەکرد قەڵا و نیشتەجێی میر و بەگەکان نەبوون کە لەمەدوا پرۆژە و نمایندەی دەسەڵات بن، بەڵکوو خانووی حکوومی (حکوومەت قۆناغی - خانە یان ماڵی حکوومەت) بوون و قایمقامێکیان تێدا دادەنیشت کەوا بە زمانێکی نامۆ قسەی دەکرد و نوێنەرایەتیی دەسەڵاتیکی دووری دەکرد. لەکاتێکدا کە قەڵا و کۆشک و خانووەکانیان دەڕووخاند، پاشا عوسمانییەکان دەستیشیان بەسەر گەنجینەکانی میرە کوردەکانیشدا دەگرت٤٨. ئەمانە تێکدان و شێواندنێکی بێمەبەست یان زیانی لاوەکیی هێرش و لەشکرکێشییەکان نەبوون. ئەم کارە سیستماتیکانەی دابڕینی تەلاسازییە کار و جموجووڵێکی حیساب بۆکراو بوون مەبەستیان بچڕاندنی پەیوەندییەکی گرنگی نێوان یادەوەریی مێژوویی و گەل بوو. وەک ڕۆبەرت بێڤان تێبینیی دەکات کەوا لەناوبردنی بەجێماوە   شوینەواری و کەلەپووریی گەل یان نەتەوەیەکی دوژمن ڕێگەیەکە بۆ زاڵبوون و تۆقاندن و دابەشکردنی یان بەتەواوی سڕینەوە و لە ڕەگ و ڕیشە دەرهێنانی (بێڤان، ٢٠١٦: ١٨). ئەم پرۆسەیە دەست بە دەست ڕۆیشت لەگەڵ   دوورخستنەوە و قەدەغە خستنە سەر کەسایەتی و دەمڕاستانی کورد بۆ دامەزراندنی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ کوردستاندا.  بێگومان دەستبەسەرداگرتنی گەنجینە و ماڵ و مڵکی کەسایەتی و وەجاخزادەکان کاریگەرییەکی ڕووخینەری هەبوو لەسەر پاشەڕۆژی کۆمەڵگەی کورد. گواستنەوەی ئەم سەرمایەیە لە کوردستانەوە ڕیگەی لە کەڵەکەبوونی سەرمایە گرت و ئەو دەرەنجامانەشی کە بە سوود بۆ خەڵکەکەی دەگەڕێتەوە. وەک مایکڵ ئەپەڵ مشتومری لەسەر دەکات، کەوا لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان و ئەو داڕووخانەی کە بەدوایدا هات لە ئاسایش و ئارامیی گشتیی ناوچەکان بوو بە هۆکاری تێکچوون و داتەپینی شارەکان کە دەبوو گەشە و بووژانەوەی زیاتریان بەخۆوە ببینیایە وەک مەڵبەندی تایبەت بە    ئیمارەتەکان و بازرگانی و بووژانەوە. لەناوبردنی میرەکان و داڕووخان و پاشەکشەی شارەکان ڕێگەیان لە پەیدابوون و دەرکەوتنی بۆرجوازییەتێک گرت کە دەکرا چاودێری و سەرپەرشتیی پەرەسەندنی ئەدەب و زمانی "بەرزی" کوردی بکات (ئەپەڵ، ٢٠٠٨: ٢٥٩).  ئەم هەنگاوانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هێزی کوردی لاواز کرد لە وەرگرتنی ئەو بڕیارانەی پەیوەستە بە نیشتمانی مێژووییان و خۆیانەوە وەک گەلێک. ئەوان سەرباری دەسەڵاتی سنوورداریان و سنوورداریی ئەو خاک و ناوچانەی کۆنترۆڵیان کردبوو، بەڵام ئیمارەتەکان خاڵێکی کۆکردنەوەی سیمبۆڵیی کوردەکانی پێکهێنابوو و هەستێکی شوناسی بۆ ڕەخساندبوون. چەندین سەدە بوو ئەو میرنشینانە وەک هێما و سیمبۆڵی حوکمی کورد وەستابوون، ئەگەرچی تادەهات زیاتر بەرەو کزی و لاوازی دەچوون. بەڵام دواجار تێکشکاندن و لەناوچوونیان بۆشایی سیمبۆڵیی زۆر گرنگ و گەورەی دروستکرد. بیر و ئایدیای حوکمی خۆکردن و هەستکردنی کورد بە پشت بەخۆبەستن بە کۆتایی هاتنی ئیمارەتە کوردییەکان تێکشکا و زەمینەی خۆشکرد و بناغەی داڕشت بۆ خەبات و تێکۆشانی  کورد کە هێشتا هەر بەردەوامە لەپێناوی بەدەستهاتنی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیدا. وەک ستێفن لۆنگریگ بە هەست و چاوەڕوانییەکی پاشەڕۆژەوە بۆیدەچێت کەوا هەرچەندە دەرکەوتنی ڕژێمی عوسمانی ناجێگیر و هەر بە دەگمەن و بە ناو لە خاک و ناوچە بەرزاییەکاندا دەسەڵاتی خۆی پیادە دەکرد، بەڵام "زۆربەی خاڵەکانی کۆبوونەوەی نەتەوەی کورد تێکشکینرا و لەناوچوون" (لۆنگریگ، ١٩٢٥: ٢٨٦). هۆکاری ئەمەش،  بەپێچەوانەی کۆمەڵگە ناموسڵمانەکانەوە، کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، دەزگا و دامەزراوەکانی خۆیان پەرەپێدا و خۆیان لە چواردەوری کەنیسە و (پەرستگەکانی جوو یان سیناگۆگە) "نەتەوەییە/ نیشتمانییەکانیان" ڕێکخست، کەچی میرنشینەکان تەنها ڕێکخراوی سیاسی بوون کەوا کوردەکان لەدەوریان ئاڵابوون.  وەک ئەپەڵ مشتومڕی لەسەر دەکات و دەڵێ:   "لەناوبردنی ئیمارەتە کوردییەکان، بە خاسییەتی دەرەبەگایەتییانەوە (فیوداڵی)، ئەگەری هەر کاکڵە و کرۆکێکی لەناوبرد بۆ پەرەسەندن و گەشەکردنی هێزێک کە مەراقی دەسەڵات گرتنی کوردستانی لەسەردا بێت کەوا – لەجیاتیی ئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ هەلومەرج و گوتارە (دیسکۆرسە) سیاسییە مۆدێرنەکاندا - چوو دەست و پەنجەی نەرم کرد گوتار و ئاگومێنتەکانی ناسیۆنالیستی کوردیدا. بوون و ئامادەگیی هێزێکی لەم چەشنە خەیاڵ و بۆچوونی گەل/ نەتەوەی کوردی ورووژاند و پاڵپشتیی کوردە   خوێندەوار و ڕۆژئاوا زەدەکانی بۆ خۆی کێشکرد لە ناوەوە و دەرەوەی   کوردستان و بەو پێیە دەکرا ببێتە کرۆکی دەوڵەتسازی و ناسیۆنالیزمی کورد لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم" (ئەپەڵ، ٢٠٠٨: ٢٤٠).  وەک نموونەی بنەماڵەکانی بابان و بەدرخان پیشانی دەدا، لە سەردەمی دواتردا، نەوەی میرە کوردەکان بە سەرکەوتوویی تێکەل بوون لەگەڵ دەستەبژێری سەربازیی - بیرۆکراتیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەر نەیانهێشت جارێکی تر پەیوەست ببنەوە بە خاک و وڵاتی باوباپیرانیانەوە و زۆرێکیان لە ڕێگەی تێکەڵبوونی ژن و ژنخوازییەوە یان هەر بەخوایشت  لە ناو کۆمەڵگەکانی پاش عوسمانیدا توانەوە، بەتایبەتی لە ناو تورکیای کۆماریدا و هەندێکیشیان بەرز بوونەوە و گەیشتنە پلە و پایەی باڵا و دەرکەوتوو. بەهەرحاڵ، ڕۆشنبیرانی پێشتری ناسیۆنالیزمی کوردی بەهرەمەند نەبوون لە هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سایەی ئەوەی کە بیر و ئایدیای نەتەوەیی کورد بتوانێ ڕەگی خۆی دابکوتێت و پەرە بسێنێت بۆ بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بەهێز" (ئەپەڵ، ٢٠٠٨: ٢٥٦). بە پێیە، دەکرێ بڵێین کەوا لەگەڵ لەناوبردنی ئیمارەتە کوردەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، ئەوە کوردەکان ئەو شەڕە یەکلاکەرەوانەیان دۆڕاند کە دەبوو لە سەروەختی جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای ئەو جەنگەش بەرپا بکرایەن، لەسۆنگەی نەبوونی ئەو کەسایەتییە یان ئەو کەسایەتییانەی کەوا کوردستانییەکان بتوانن شوێنیان بکەون و لەدەوریان کۆببنەوە و زۆربەی زۆری کورد خولیا و ئاواتی خۆیان خستە سەر ئەوانەی دواتر بوون بە سەرکوتکار و ستەمکاریان وەک کەمالیستەکان، کە دواجار دەیانخەنە بەر بەرنامەیەکی دوورودرێژی یەک سەدەیی سڕینەوەی کولتووریان کە تا ئێستاش هێشتا لێی دەرباز نەبوون.   ئەو بۆشاییەی کە نەمانی میرنشینە کودییەکان بەجێیهێشت لە ڕێکستنی کۆمەڵایەتیی سیاسیی کورددا تەنها هەر سیمبۆڵی نەبوو. وەک زۆرێک لە گەڕیدەکان تێبینییان کردووە، کەوا هەڵکشان و دەرکەوتنی بەدرخان یاسا و نیزامی لەگەڵ خۆی هێنا بۆ ئەو خاک و ناوچانەی پێشتر بەناوبانگ بوو بەوەی کە نائارامی باڵی بەسەردا کێشابوون (رایت و برێث، ١٨٤٦: ٣٨٠). دوابەدوای لەناوچوونی میرنشینە کوردییەکان و نەمانی ئاسایش و ئارامی و ڕاوڕووت و هەڵکوتانە سەر - بە هەردوو دیوی سنوورەوە -  و کۆسپ و تەگەرە کەوتە ڕیی بازرگانی و پەرەسەندنی داهاتووی ناوچەکە. بە واتایە بێت، وەک ئایدن و ڤەرهیج بۆیدەچن "لابردنی میرەکان سەرکەوتنێک بوو لەبەرانبەر نرخێکی هێجگار زۆردا"، چونکە ئەستەمبووڵ هێندە سەرچاوەی مرۆیی و هیتری لەبەردەستدا نەبوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێزەکانی". سەرەنجام، یاسا و نیزام هەرەسی هێنا تا وایلێهات زۆر گران دەکەوت لەسەر باج کۆبکاتەوە و سەربازگیریی زۆرەملێ بەڕێوەببات. بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو دۆخە پڕ ئاژاوە و شێواوەدا و پاراستنی ئارامی و ئاسایش، ئەستەمبووڵ سەرۆک خێڵەکانی دامەزراند بە بەرپرسی کارگێڕیی ناحیە و قەزاکان. وەک نموونەی قەزای میدیات کەوا کرا بە دوو بەشی خەلیلبەگلی و عیسا بەگلی بۆ هەردوو خێڵی هەڤەرکی و دەکشووری (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٤٠).  

  • 1