لەڕوانگەی چینایەتیەوە
لەبابەتی پێشتردا باسمان کرد چۆن کاری هاوبەش و پێکەوەی و بەردەوام ئەنجام بدرێت لە ناو چەپ و کۆمنیست و ناوەند و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سەندیکایدا ، تابتوانرێت درێژە بە خەباتی بەردەوام بدرێت بەئامانجی گۆڕانکاری بنەڕەتی و نەهێشتنی سیستەمی چینایەتی کە سەرچاوەی برسێتی و گرانی
و چەنگ و نائارامیە .
بۆ ئەم مەبەستە بەپێویستی دەزانین زیاتر واقعیەتی کار و خەباتی هاوبەش شەنوکەو بکەین تا بەبەرچاو ڕوونی تەواوە بچینە سەر ڕێگای تێکۆشانی چینایەتی
و ناڕەزایەتی و جموجۆڵەکانی ، بەباشی ڕێکبخرێت و بەیەکڕیزی و بەیەک ئامانج و بەرنامەوە درێژە بدەین
بە ململانێ و کێشمەکێش لەگەڵ سیستەم و دەسەڵاتی سەرمایەداریدا .
سەرەتا و کاری ئەوەلی وەک باسکرا بریتیە لەکاری هاوبەش و بەردەوام جا لەژێر هەرناو ونیشانێکدا بێت گرنگ کرۆکی بەرنامەکەیە کە گوزارشت لە خواستی چین کرێکار و زەحمەتکێشانی بیر وبازوو بکات ، ئەمەش پێویست بەوە دەکات دوور لە کاری مەحفەلیزم و ئاماجی گروپ گەرایی کار بکرێت چونکە لەخەباتی هاوبەشدا مەحفەلگەرایی دەردێکی کوشندەیە بۆ هەموو حرەکەتێک .
خاڵێکی تری گرنگ و سەرەکی تر دەتوانم بڵێم بنەماییە بۆ چوونە پێشەوەی ململانێ و بەئاکام گەیاندنی هەموو بزوتنەوەیەک بەئامانجەکانی .
دروست کردنی بزوتنەوەی کرێکاریە کە دیارە مەودای کارکردن و ئەنجامدانی جوڵە و چالاکی فراوانترە و ئامانجی هەمەلایەنەی لەخۆگرتووە و زۆربەی بزوتنەوە سەندیکایی و پێکهێنانی حزب ودەستەوگروپی چەپ لە ناو هەناو و ئەزموونی جولانەوە و بزوتنەوەی کرێکاریەوە هاتونەتە دەرەوەو دروست بوون ، کەدیارە ئەمەش دەرهاویشتەی واقێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیە کە پراو پڕە لە ناعەدالەتی و نایەکسانی و پایەکانی لەسەر بنەمای کەرتی تایبەت و کاری کرێگرتە و ئابووری بازاڕ و نەزم و نیزام و سیستەمی سەرمایەداریەوە دانراوە ، کەلەئاستی جیهانی و هەرێمایەتیدا لەهەموو کات زیاتر ئەم سیستەمە پەلوپۆی هاویشتوە و بەدڕندانەترین شێوازەکانی چەوسانەوەو استغلالکردی مرۆڤ کاردەکات ، ئەم هەلومەرجە خراپ و ژیانە پڕ لەنایەکسانیە لە هەرێمی کورستاندا زەمینەی هەیە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەسەڵاتدارانی هەرێم و حزبە حکومڕان و حکومەتەکەیان زیاتر درێژە بەم ڕێبازە دەدەن و سەرچاوە سەرەکیەکانی ئابووری وبازرگانیان خستۆتە ژێر چنگی سەرمایەداری بیانی و ناوخۆیەوە نمونەی ( گەڕان و پشکنین و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز ) کە ئەمانە سەروەتێکی نیشتمانین ، و لەلایەکی تروە خاڵی کردنەوە بەرپرسیارێتی لەسەر شانی حکومەت و دامەزراوەکانی لەپێشکەش کردنی خزمەتگوزاری گشتی بۆ هاوڵاتیان و زۆر بابەتی تر کە لای هەموو هاونیشتمانیان ڕوون و بەرچاوە .
بۆیە ئەرکێکی چارەنوس سازە و حاشاهەڵنەگرە کە دەبێت بزوتنەوەیەکی گشتگیری سەرانسەری کرێکاری ئامانجدار پێکبهێنرێت ئەمەش بەتەنها بە قسەکردن و نووسین و بابەتی تیوری نایەتەدی و پێویستی بە کارو چالاکی و جوڵەی ڕۆژانە و بەردەوام هەیە کە ئامانج وئاواتەکانی گشتی کۆمەڵگا و بەتایبەت چینی کرێکار
و خەڵکی زەحمەتکێش و هەندێ توێژی کۆمەڵایەتی پەراوێز خراو کە خواستی هاوبەشان هەیە بکرێتەوە.
لەم بوارەدا پێویستە چەپ و کۆمنیست و ناوەندە کرێکاری و سەندیکاکان پێشڕەو و هاوشانی ئەو ناڕەزایەتیە جۆراو جۆرانە بن کە ڕۆژانە لە مەیدانی کارو ژیانی خۆیاندا بۆ (مووچەو دامەزراندن و هەلی کارو بیمەی بێکاری و باش کردنی هەلومەرجی کار و ژیانی خەڵک و ئازادی بیرو ڕا ) ئەنجام دەدرێت هەوڵ بدرێت ئەم ناڕەزایەتیە بچوک و دابڕاو لەیەکتری ئاماجدار بکرێت بە ئامانجی ( گۆرانکاری سیاسی و ئابووری و کومەڵایەتیەوە ) ، تەنها کار بۆ چەند داواکاریەکی پیشەیی یان دیاریکراو بکرێت کە سەرەنجامی ئەم شێوازی خەباتە ماندوکەر و زۆربەی کات بێ ئاکامە و سەندیکا و ناوەندەکان تەنها لەچوارچێوەیەکی سنورداردا خەبات دەکەن و ئیتر ڕادەوەستن بەڵام بزوتنەوەی کرێکاری هیوا وئاسۆیەکی گشتگیر و فراوانتری هەیە لەگۆڕانکاری بنەڕەتی و ڕیشەیی لەژیانی سیاسی و بەرنامەی ئابووری و سیستەمی بەرێوەبردندا لەکۆمەڵگەدا ،
دیارە ئەم ئەرکە پێویستی بە سنگ فراوانی سیاسی و خۆگونجاندنی عەمەلی هەیە و ئەزموونی زۆر هەیە لە خەباتی گەلان وبزوتنەوە کرێکاریەکاندا بۆ ئازادی ویەکسانی کە سەرکەوتی بەدیهێناوە .
ئاخر بۆچی دەبێت بۆرژواکان و مشەخۆران و و سەرمایەداران هاوبەشو هەماهەنگی یەکترن لەکوردستاندا بۆ چەوسانەوەی کرێکاران و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان ،
ئەی بۆ ناکرێت کرێکاران و هێزو لایەنی داکۆکیکار لە چینی کرێکار وزەحمەتکێشانی بیرو بازوو نەتوانن لەچوارچێوەیەکی بزوتەنەوەیەکی کرێکاریدا رێکخراو بن لەپێناو ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادەکانیان و هاوچینەکانیان .
کە بڕوم وایە ئەم شێوڵزەی خەبات ئاسانتر و سەرکەوتوو تر دەبێت .