ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  یادگار عەلی ـ مامۆستا لەزانکۆی گەرمیان

ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە (٥٩)ی دادگای فیدراڵی جێبەجێنەکات وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق و کومپانیای بەبازاڕکردنی نیشتیمانی نەوت (سۆمۆ) دەتوانن چەندین ڕێکاری توند و یەکلاکەرەوەی بەرامبەر بگرنەبەر.

(عەبدولمەهدی ئەلعەمیدی- بەڕێوەبەری پێشووی گشتی فەرمانگەی گرێبەستەکان و مۆڵەت لە وەزارەتی نەوتی عێراق) لەوبارەیەوە ئاماژەی بە دیارترین ڕێکارەکان کردووە.

 ١- وەزارەتی نەوت لەڕێگەی سۆمۆ کۆمپانیا جیهانییەکان کە کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستانن ئاگاداردەکاتەوە نەوتی هەرێم نەکڕن، هەروەها ئەو کۆمپانیانەش کە گرێبەستی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت (گرێبەستی پشکداری بەرهەمهێنان)یان لە هەرێمی کوردستان هەیە ئاگاداردەکات کە دەستبەرداری بەرهەمهێنان بن، بەپێچەوانەوە سۆمۆ سکاڵای یاسایی بەرامبەر بەو کۆمپانیایانە بەرزدەکاتەوە کە نەوتەکە دەکڕن، بەوپاساوەی عێراق خاوەنی ئەو نەوتەیە.

 ٢- وەزارەتی نەوت ئاگاداری ئەو کۆمپانیا و لایەنانە دەکاتەوە کە نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە نرخی هەرزانتر لە نرخی جیهانی کڕیوە، تاوەکو ئەو جیاوازییە بۆ حکومەتی عێراقی بگێڕنەوە بەپێی ئەو نرخانەی کۆمپانیای سۆمۆ لەو ماوانەدا نەوتی فرۆشتووە.

  ٣- وەزارەتی نەوت و دەرەوەی عێراق هەماهەنگی بکەن بۆئەوەی لەرێگەی باڵیۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوە نامەیەک ئاراستەی سەرجەم وڵاتانی جیهان بکەن و پێیانبڵێن کە خاوەنداریەتی سامانی نەوت و گاز و داهاتەکانیات هی گەلی عێراقە، مامەڵەکردن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هیچ شەرعیەتێکی نییە و ڕێگەنەدرێت هیچ جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتانە بکرێت.

  ٤- وەزارەتی نەوتی عێراق کۆمپانیاکان ئاگاداربکاتەوە کە پشتبەست بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی گرێبەستەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان پووچەڵە و دەبێت ڕابوەستن و چاکسازی لەو گرێبەستانە بکرێت، بەپێچەوانەوە بەرپرسیاریەتی یاساییان دەکەوێتە ئەستۆ.

  ٥- وەزارەتی نەوت بەڕەسمی حکومەتی تورکیا ئاگاداربکاتەوە کە ڕێگەنەدات و ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان نەکات، بەپێچەوانەی ئەوەوە لێکەوتەی یاسایی و دارایی دەکەوێتە ئەستۆ.

  ٦- هەماهەنگی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو بانکانەی پارەی داهاتی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە بۆئەوەی سڕبکرێت و دەستی بەسەردابگیرێت بەو پاساوەی پارەی عێراقن و بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە لەوبارەیەوە.

 ٧- وەزارەتی نەوت هەڵبسێت بە ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کە بۆری نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیان بۆ دەرەوەی عێراق ڕاکێشاوە و ئەوانەشی بەنیازن سیستەمی بۆری دابمەزرێنن، تاوەکوو دەستبەجی کارەکانیان بوەستێنن، چونکە ئەوە پێچەوانەی یاسایە.

 ٨- وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران بکەن بۆئەوەی هیچ بڕەپارەیەکی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردرێت، چونکە هیچ بڕە پارەیەک وەک بودجە، لە پرۆژە یاسای بوجەی عێراق (٢٠٢٢) بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە.

 ٩- وەزارەتی نەوت بەردەوامبێت لەسەر دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و ڕاینەگرێت، بەومەرجەی شاندی دانوستانەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی گونجاو بن و مەبەستیان کاتکووشتن نەبێت.

 ١٠- هەماهەنگی نێوان وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێری دارایی ناوەندی بەمەبەستی وردبینیکردن و پێداچوونەوە بە تۆماری تایبەت بەبڕی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سرووشتی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەو داهاتانەی لەو ڕێگەیەوە بەدەستهاتوون.

  • 1