ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

مۆدێرنە لە تورکیا لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە باشتر دەردەکەوێت. خۆی دەگۆڕێت بۆ کۆمار! کۆمار لە تورکیای نوێ کۆسیستمێکە بۆ لەچوارچێوەدانی جیاوازییەکان یان نەهێشتنی ئەوانی تر! کۆمار بونیادی سەربازی، بیرۆکراتی و کۆدەزگاکانی تری تازە دەکاتەوە! لەهەناوی ئەم دۆخەدا رووداوێک دروست دەبێت بەناوی <جوڵانەوەی کورد> ەوە لە تورکیا. لەسەرەتا شۆڕشەکانی <شێخ سەعیدی پیران و دواتریش ئاگری داغ> دواتر لە سییەکاندا راپەڕینی دەرسیم لەدایک دەبێت. سەید رەزای دەرسیم جوڵە بە راپەرینەکە دەدات بەڵام کۆتاییەکەی زۆر تڕاژیدی دەبێت. لێرەوە مۆدێرنە دەوڵەت دەکات بە <لیڤایەسانێک> بۆ تواندنەوەی ئەوانی تر.

بۆ تێگەیشتن لە قوڵایی چرکەساتی دەرسیم وەک هۆلۆکۆست، دۆخێکی خەمناک دەگەڕێینەوە بۆ رۆشنبیری گەورە <موسا عەنتەر/ئاپی موسا و یادگارییەکانی> ئاپێ جینۆسایدەکە وا دەگێڕێتەوە کە سوپا و سەربازی تورک نزیکەی ٧٥٠٠٠ کورد لە ژن، مناڵ، پیاو بەساڵاچوو دەکوژێت. ژنانی کورد رووتدەکرێنەوە، دەستدرێژییان دەکرێنەسەر دواتر دەکوژرێن، پیاوەکان فڕێدەدرێنە نێو رووبارەوە! پاسەوان لەکەنار رووبارەکاندا دادەنرێن، ئەوەی نەخنکابێت، بەگولە دەکوژرا. منداڵەکان بە چەقۆ و قەمە دەکوژران. سوپا لێرە وەک دەزگایەکی ئاڵۆز و مۆدێرن و فرە ئەرک هەموو ئەوانەی دەسڕییەوە کە لەناسنامە، نەژاد، زمان و خەیاڵ و رابردوو لەگەڵ ئەودا جیاوازبوون. سەرباز لەناو دامەزراوەی سوپادا بەتەنها ئەرکێکی سەربازی ئەنجامنەدەدا، بڕیاری لەسەر ناسنامە، ئۆنتۆلۆژیای سیاسی ئەوانی تریش دەدا.

راپەڕینەکەی سەید رەزا کۆتایی دێت! دەرسیم وەک تڕاژیدیا دەمێنێتەوە. چیڕۆکێکی خەمناکە بۆ کورد بەڵام هەمیشە ئامادە، دووبارە و سێبارەیە لە تورکیادا. ئەم رووداوە لەئاستی تر درێژەی هەیە! درێژەدان لەڕێگەی جینۆسایدی نەرم! کۆمەڵکوژی کەلتوری! رێگەگرتن لە خەڵک بۆ گفتوگۆکردن بەزمانی خۆت، بونیادنانی زیندانی گەورە، دیواری گەورە. بەردەوامی درۆن بە ئاسمانەوە. ئەمڕۆ لەهەناوی تورکیا و رابردوو و یادوەرییەکانی کۆمەڵکوژی و لەنابردن رووداویکی زاڵە. کۆمەڵکوژی ئەرمەن، کورد و یۆناییەکان. دەرسیم وەک پڕۆژەیەکی سیاسی دەمرێت! مردن بەمانای ئەوەی ناسیۆنالیزم و مۆدێرنە دەرفەتت نادات وەک خۆت دەربکەوێت و زوو دەمریت.

  • 1