لە سەروبەندی خوێنی بەناهەق رژاوی رەشە کوژییەکەی ١٦ی ئایاری ١٩٩٧
ئەوا شەهیدان هاتن بە جلی سووری بە خوێنەوە ، لە نیشتیمانێکی هەتککراو ، لە ئازادییەکی دۆڕاو ، کێ سڵاویان بسێنێتەوە ؟
فاشیزمی ئەکەپە و مەهەپە ، پرسی کورد بە گەورەترین و سەرسەختترین بەربەست دەبینن لەبەردەم تەواوبوونی سەد ساڵەی میساقی میللی ، بۆیە پاکتاوکردن و داگیرکاری دەگەیەنێتە لووتکە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە ، کورد بوون لە تورکیا تاوانە ، زیندانیدەکرێ و ئەشکەنجە دەدرێ ، لە ئەوروپا راوەدوو دەنرێ و چاودێری دەکرێ ، لە رۆژئاوای کوردستان ، لەشکرکێشی و داگیرکاری ئەنجامدەدات و دیمۆگرافیای دەگۆڕی ، لە باشوور لە ئۆپەراسیۆن و هەوڵە نەزۆکە یەك لە دوا یەکەکان بەردەوامە جگە لە کاری تیرۆریستی وڵاتپارێزان و ....... ، ئەوە دەستوری ئەو وڵاتەیە کە ناوی تورکیایە ، کە هیچ گەلێك بوونی نییە جگە لە تورك ، کە دەیان زمان و ئاین و مەزهەبی جیا لەناو تورکیای ئەتاتورك توانەوە و لەناوبران و لەناوچوون .
گەلی کورد لە باکوور ، دەیان رووبەڕووبوونەوە و سەرهەڵدانی کردووە ، بەڵام بە زەبری ئاگر و ئاسن وەڵامدراوەتەوە و تێکشکێنرایە ، بەڵام بڕیاردرا ئیدی کورد دەبێ نەمرێت و گەر ژیان هەبێت با بە ئازادی بێت ، گەر مردنیش هەیە ، با لە پێناو ئازادی بێ ، ئەو قوربانییانەی کوردی باکوور داویانە کڕۆکی کورد بوونە و لە مێژووی مرۆڤایەتیشدا ، وێنەی دەگمەنە و سەرهەڵدانەکانیش تەنها بە دوو وشە دەستیپێکرد کە ( کوردستان داگیرکراوە ) ، بۆیەش وەك شاخ بەرەو رووی داگیرکاری وەستانەوە .
بیست و پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆمەڵکوژی و رەشە کوژییەکەی ١٦ ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ لە شاری هەولێر ، ئەمەش لە دوای ئەو شکستە ئابڕووبەرەی لەشکر کێشییەکەی سوپای داگیرکەری تورکیا دێت کە لە بەرە بەیانی ١٤ ی ئایاری ١٩٩٧ ، دوای پلان و نەخشەیەکی توکمە و مەشق و راهێنانێکی چەند مانگی ، بەهێزێکی زۆر و چەکی پێشکەوتووی جۆراو جۆری ئاسمانی و زەمینی ، بەچاوساغی و هەماهەنگی هێڵی خیانەتکاری ، هێڕشێکی بەربڵاو و فراوانیان کردە سەر باشوور ، بەڵام ئەوەی دەخوازرا پێچەوانە بوەوە ، لە رووبەڕووبوونەوەی بەرخودانی شەڕڤانانی ئازادی و وڵاتپارێزان ، ئۆپەراسیۆنەکە لە ماوەی دوو رۆژی یەکەمدا ، تووشی شکست و زیانێکی گەورە بوەوە ، بۆ شاردنەوە و داپۆشینی ئەو ئابڕوو چوونە ، کۆبوونەوەیەکی بە پەلە و بە نهێنی بەرپرسانی میت و سوپا لە ئاستی بەرز ، لە بارەگای بەناو هێزی ئاشتی پارێز PMF ی شاری هەولێر گرێدرا لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە هاوپیشەکانیان ، بڕیاری کۆمەڵکوژییەکەی هەولێر درا بۆ تۆڵە سەندنەوە لەو شکستە ئابڕووبەرەی کە بەسەریانهات ، واتە هەڵکوتانە سەر دام و دەزگاکانی تەڤگەری ئازادی و هەموو ئەو ناوەندانەی کە نزیکن لە تێکۆشان و خەباتی پەکەکە .
لە بەرە بەیانی ١٦ ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ ، تیمە تایبەتەکانی لەشکری تورکیا لە PMF ، کە بریتیبوون لە میت ، ئەرگەنەکۆن و گورگە بۆرەکان ، بە هاوکاری و چاوساغی هێزی چەواشە ، هێڕشکرایە سەر ئەو ناوەندانە :
1 . نەخۆشخانەی مانگی سووری کوردستان / یەك / گەڕەکی شوڕتە
2 . نەخۆشخانەی مانگی سووری کوردستان / دوو / عەنکاوە
3 . ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی وڵات ( کە پڕفرۆشترین رۆژنامە بوو لە رووی هزری ، پرسی کورد لەرۆژهەڵاتی ناوین ، بنکۆڵکاری و بەدواداچوون ، گەشە پێدانی وشیاری تاك و کۆمەڵگە ، پرسی ژن و ......... ، رۆژ هەبوە بۆ دووەم جار لە چاپ دەدرایەوە ) ، رۆژنامەی وگن الشمس / عەنکاوە
4 . مەڵبەندی رۆشنبێری میزۆپۆتامیا / گەڕەکی سەیداوە
5 . نووسینگەی MED TV / گەڕەکی سەیداوە
6 . یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK / گەڕەکی تەیراوە / نزیك باخچەی خانزاد
7 . یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان / YAJK / گەڕەکی تەیراوە / نزیك باخچەی خانزاد
8 . بنکەی لۆجیستیك و دارایی / گەڕەکی تەیراوە / نزیك باخچەی خانزاد
9 . یەکێتی خوێنکاران و لاوانی وڵاتپارێزانی کوردستان / شەقامی 30 مەتری / تەنیشت باخچەی گلکەند
10 . بیرۆی نوێنەرایەتی پەکەکە / گەڕەکی خانوەکانی ئەنجومەنی یاسا دانان و جێبەجێکردنی پێشوو / نزیك شەقامی 60 مەتری
11 . بیرۆی نوێنەرایەتی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات PKDW / عەنکاوە
12 . بنکەی ئاشووری وڵاتپارێزی میزوپۆتامیا / عەنکاوە
13 . رادیۆی نیشتیمانی پارتی کاری سەربەخۆ / گەڕەکی سەیداوە
ئەمە و جگە لە هێڕشکردنە سەر ماڵی دەیان هاوڵاتی وڵاتپارێز و لایەنگرانی تەڤگەری ئازادی و ناوخۆیی خوێندکاران و شارۆچکەی دیانا ( سۆران ) ، لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییە هۆڤیانە ، کە هەندێکیان بە بلۆك شەهیدکران ، هەندێك بە دەستڕێژی گوللە ، راکێشان بەدوای ئۆتۆمبێڵ لە دەوری قەڵا ، هەندێك لە سەربانی نەخۆشخانە بە زیندوویی فڕێدرانە خوارەوە ( بەتایبەتی پەککەوتە و بریندارەکانی شەڕی بەرخودان ) ، دەستدێژکرنە سەر نامووس ، رۆژنامەنووسان ، نووسەران ، هونەرمەندان و ........ کە ژمارەیان پتر لە 80 کەسی بوێر و بە ئەزموون بوون کە تا ئێستا گۆڕەکانیان بێسەروشوێنن .
ئەو کارەساتە لەبەرچاوی پارتەکانی باشوور ، مرۆڤە ئازادیخوازەکان ، کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی ، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ، سەندیکاکان ، نوێنەرانی وڵاتان ، نەتەوە یەکگرتووەکان و ........ بە بەرنامە داڕێژراوی و پیلانێکی قێزەونی شەرمهێنەر ئەنجامدرا ، بە بێ ئەوەی هەڵوێست و کاردانەوەیان هەبێ ، بەتایبەتی حزبەکان کە پاشکۆی ( کوردستان ) یان پێوە لکێنراوە و بە شوێن پێی فاشیزمدا هەنگاو دەنێن ، دەمامك دارەکانی بەناو کوردایەتی ،
کەڕولاڵبوون لە ئاست ئەو کارەساتە تۆقێنەرە .
ئیتر بەسە بۆ هوتاف کێشان ، دروشمبازی ، دەهۆڵکوتان و زوڕنا ژەنینی بۆگەن ، ئاخۆ دەکرێت داوای ئازادکردنی نیشتیمانێك بکەیت کە خۆت کۆیلە و وابەستەی داگیرکەرانبیت و ئەجینداکانی جێبەجێ بکەیت ؟!
ئەوە خوێنی شەهیدانە دەرگای ئازادی واڵا دەکات ، کڵپەی بەرخودان جۆشدەدا و خەبات بەرفراوانتر دەکات .
سەری رێز و نوازش دادەنوێنین لە بەردەم شکۆی شاتووە بەرزەکانی بەردەم دەرگای نیشتیمان .
سەرچاوە
ئەڕشیف و راپۆرتە هەواڵ
ئیدریس سدیق