ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خاتونێکی کورد(کۆمسای) لە تازەترین کلپیپ و گۆرانیدا، جوێن دەدات و وشەی بێچ بەکاردێنێت و لەگۆرانیەکە دەڵێت:(Slaw Bitch)واتا سڵاو خوێڕی، نووسەرێکی کورد، کەمن بە نووسەرێکی زۆر موجامەلەچی دادەنێم و گوایە عەلمانیە، کەچی پۆستەکانی زۆربەی بۆ دڵراگرتن و نازهەڵگرتن و موجامەلەکردنی ئیسلامی سیاسییە.

یانی دەتوانین بڵێین لەو نووسەرە دەبڵ مۆڕاڵەنەیە، کە لە نهێنیدا دەچێتە باڕ و لە ئاشکرایشدا وێنە لە پاڵ منارەی مزگەوت دەگرێت.

بۆ فریودانی عەوام و سەرنج ڕاکێشانی خەڵکێکی سادە لەوح خۆی وەکوو خواناسێکی زۆر بڕوادار پیشان دەدات.

جا ئەو نووسەرە لە پەیجەکەی خۆی، پۆستێکی کردبوو و داوای کردبوو وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەو کلیپه جوێناویە ڕابگرێت، چوونکوو بە بڕوای ئەم گۆرانییەکە لە پاڵ جوێندان سەرجەمی سێکسواڵییە، بۆیە:( پێویستە دەستبەجێ وەزارەتی ڕۆشنبیری بە نووسراوێک ئەم کلیپە لە کەناڵە کوردییەکاندا بووەستێنێت، تا ئەوەی پەرە بەم جۆرە لە بەرەڵایی نوێ و نەدەین و کەسی تر بۆ کلیپی پروپووچ و بێ مانا هان نەدرێت.)

جالەهەمووی مەهزەلەتر و کۆمێدیتر، لە ژێر پۆستەکەیا، کومێنتی دەیان و سەتان کەسم بینی سەرکۆنەی کلپیپەکە و جوێنەکەیان کردبوو، خاتونە هونەرمەندەکەشیان بەهۆی جوێندان، لە گۆرانیەکەیا، بە دەرزنێک جوێنی مزر و زۆر ناشیرین جوێن باران کردبوو هاهاها.

جارێ من دژی جوێن و وشەی نەشیاوم، چی لە شیعر و گۆرانی دابێت، چی لە سۆشیاڵ میدیا و لە ناو خەڵکابێت، بۆ ئەوەی نەڵێن ئەو کوڕە هاتووە و پشتگیری کلیپێکی جوێناوی دەکات، دڵنیام خۆشم لای ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر خاتوونی خاوەن کلیپ، بـە هۆی ئەوەی جوێن دەدات، وەکوو چۆن ئەمیان جوێنباران،کرد، ئاواش من جوێن باران دەکەن لەسەر ئەم نووسینەم.

دەڵێن جارێک دایکێک مناڵێکی هەبوو، مناڵەکە زۆر شیرینی دەخوارد و بردی بۆ لای عومەری کوڕی خەتاب تا ئامۆژگاری بکات و چیتر شیرینی نەخوات، کە بردی، عومەر بێ ئەوەی هیچی پێ بڵێت، گووتی:بڕۆرەوەو، هەفتەی داهاتوو بیهێنەرەوە!

دوای هەفتەیەک، دووبارە، ژنەکە مناڵەکەی بردەوە بۆلای عومەر و ئەوجار عومەر پێی گووت:ڕۆڵە شیرینی مەخۆ و بە قسەی دایکت بکە، دایکەکە زۆر ئەمەی پێ سەیربوو!

گوتی باشە بۆ یەکەم جار کەهێنام، وات پێی نەگووت!؟

عومەر لە وڵامدا گووتی:ئاخر ئەوکات خۆشم شیرینیم دەخوارد، بۆیە قسەمان نەهات، ئەوە هەفتەیەکە شیرینیم تەرک کردووە، تابتوانم بەو مناڵە بڵێم شرینی مەخۆ، ئاخر خۆم شتێک بخۆم، چۆن بە خەڵک بڵێم مەیخۆن!؟

منیش بەو جوێندەرانەی سوشیال میدیا دەڵێم:ئاخر کە ئێوە زمانتان هێندە شڕ و دەمتان هێندە پیسە و بێ وێنەن لە جوێن بازییا، چۆن لە ڕووتان دێت بەو خاتوونە هونەرمەندە بڵێن جوێن مەدە!؟

ئایە دەزانن هەر به پێی قورئان لەوە گەڕێ کە ئێوە دوو ڕوون، بەڵکوو گۆناهێکی گەورەش ئەنجام دەدەن!؟

( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لا تَفْعَلُونَ٭ كَبُرَ مَقْتًا عِنْدَ اللَّهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لا تَفْعَلُونَ ).

دەتوانین بڵێین:تاکی کورد بە شێوەکی گشتی و ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم بە تایبەتی لە سوشیال میدیای کوردی، ناشیرینترین نموونەیان لە جوێندان و سوکایەتی کردن و بێ ڕێزی کردن لە بەرامبەر هەرشتێک، کە لەگەڵ میزاج و ئیدەلۆژیا و تێڕوانین و سەلیقەیان نەگونجت بەرجەستەکردووە.

ئەگەر بێت و ئەو هەموو جوێنانەی زۆرێک لە تاکی کورد و بەشێکی زۆر لە ئیسلامی و موسڵمانەکان، کە لە سۆشیال میدیای کوردی بۆ من و کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر و فاشیونیست و گۆرانی بێژ و ڕاگەیاندکار و هەرچی جیاوازییە، حەواڵە کردوون، کۆبکرێتەوە، زیادەڕۆیی ناکەین گەر بڵێین ڕەنگ بێت دەیان بەرگ لە فەرهەنگی جوێن و جوێننامەی لێ دەربچێت، بۆ خوێندەکارانی خوێندنی باڵاش، چەندین تێزی ماستەر و نامەی دکتۆرای لەسەر بنووسرێت هەرتەواو نابێت!

بێگوومان جوێن دان نیشانەی بێ دەسەڵاتی و دۆڕان و ئیفلاسیە.

ئاخر مرۆڤی هیچ لە بارنەبوو شکست خواردوو ناچارە، یان بە هەڕەشە و چاو سورکردنەوە، یان بە جوێن دان و سوکایەتی و بێ ڕیزی پێکردن وڵامی هەر ڕەخنەیەک و جیاوازییێک بداتەوە!

ئێوە بە بەو خاتونە هونەرمەندە دەڵێن جوێنی داوە!

جا ئێوە کەم جوێنتان داوە و دەیدەن عەیب نەبیت؟

لەسەر نووسینە ڕەخنەییەکانم لە سۆشیال میدیا، جوێنی هێندە پیس و بۆگەنتان بە خۆم و دایکم و ئەژداو ئابائم داوە شەرم دەکەم، لە قیامەتیش لە حزوری خوداوەنددا لە کاتی سکاڵاکردندا جوێنە قێزەونەکاتنان بڵێمەوە.

ئیمانە پاک و عیرفانیەکەی دایکم بخەیتە لایەکی تای تەرازووی خوداوەند و ئیمانە ساختە و سیاسیەکەی هەرچی بابای ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزمیشە تایەکەیتر، زیادەڕۆیی ناکەم بڵێم ئیمانەکەی دایکم بە خوداوەند و ئایین زۆر قورسترە، دایکم شەو ڕۆژ لە سەر بەرماڵ و خەریکی هەرچی نوێژی ئەرک و سونەتە و لە پاڵ رۆژووی مانگی ڕەمەزاندا، هەرچی شەش هەڵان و دەی حاجییان و دووشەم و پێنج شەم و نازانم چەند شەممە هەیه، هەمووی بە ڕۆژوو دەبێت، کەچی ئیسلامیەکی جاشی عەرەب و خزمەتکاری پرۆژەی تەعریب و دووژمنی مرۆڤایەتی و کۆمەڵی کراوە و کولتوور و هەموو شتێکی ڕەسەنی کوردەواری و نامۆ بەو مۆدێلە ئایینەی باب و باپیرانمان پێڕەویان لێدەکرد، ئیسلامیەکی بێ مۆڕاڵ و داچۆڕا و لە ئەخلاق و خاڵی لە بەهاو تا بڵێیت بێ ڕێز، بێت و بە دایکم بڵێت:دایکت ...!

ئەو ئیسلامیانەی هەرگیز لە لۆژیک و ئەدەب و ئەقڵ و دیالۆک و مرۆڤ بوون تێناگەن و هەرکەسێک گوومان بخاتە سەر یەقینە شوشەیی و بیر و باوەڕە موزەییەفەکەیان و ڕەخنەی سەرابەکانیان بکات، هەڵمەتێکی زۆر ناشرین و ناڕەوا و ناشارستانی له جنێودان و تەشهیرات و بە دێوەزمەکردن و شاڵاوێک سوکایەتی و بێ ڕێزی و تەنانەت دەست بردن بۆ ژیانی تایبەتیش لە دژی ئەو کەسە دەست پێدەکەن، جنێونامە و سوکایەتی و بێ ڕێزی وا، کە لەڕاستیدا من وەکوو نووسەرێک شەرم دەکەم ئەو هەموو جوێنەی لە سۆشیال میدیا، دەرحەق بە ئازادی خوازان و جودا بیران و پێڕەوکارانی ئایینەکانیتر دەیکەن، بهێنم و لێرە دایان بنێم و باسیان بکەم و لێیان بدوێم.

ئەوان لە جیاتی ئەوەی بە بەڵگە و نووسین وڵامت بدەنەوە، کەچی کە نەیانتوانی ئەم ڕێگەی ئارگیۆمێنت و بەڵگە و لۆژیک و شارستانیە بگرنەبەر و دوور لە سایکۆلۆجیەتێکی ڕقاوی و دەروونێکی پڕ لە هەڵچوون و ناخێکی تەژی لە کینە و بارگاوی بە توندو تیژی و نەفەسێکی هەرزەکارانە و پۆپۆلیستانە و ڕۆحیەتێکی تۆتالیتارانە و تونێکی فاشیستانە و ڕستێک بێ ڕێزی و دنیایەک سوکایەتی بۆ کەسایەتی خۆت و خێزانەکەت و دایک و خوشکەکەت ڕیزدەکەن و شاڵاوێکی ناڕەوا و قێزەون لە سوکایەتی و جوێن دەکەنە سەر کەسایەتیت!

ئەو ڕێگە هەڵە و ناشارستانی و ناشیرینەیان، ڕێگەی جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیکردن و دەست بردن بۆ پیرۆزیەکانی هەرنووسەرێک و ژیانی تایبەتی و خێزانەکەی!

کەئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەوپەڕی بێ مۆڕاڵی و مانای لاوازی و داڕوخان و کەوتنی ئەتەکێت و ئەخلاقی ئەوکەسانە دەگەیەنێت و بە داخەوە ئەوە ئاماژەیەکی زۆر ترسناکیشە و ئەوەمان پێدەڵێت: گەر خاوەنانی ئەو جۆرە لە بیرکردنەوە تەسک و ئاسۆداخراوە، هەرکاتێک دەسەڵاتیان هەبێت، ئەوە تەراتێن بە ئازادییەوە دەکەن و دادگایەکی پشکنینی ویژدان و سوتاندنی کتێبەکان، هەمان شێوەی دادگاکانی کلێساکانی سەدەتاریکەکانی ناوەڕاست درووست دەکەن و نووسینەکانمان دەخەنە لیستی نووسینە قەدەخەکراوەکان و خۆشمان گۆردان برۆنۆ ئاسا دەسوتێنن و وشەکانمان لە سێدارە دەدەن و ئازادی تیرۆردەکەن و زمانی ڕەخنە دەبڕن و بۆچوونی جیاواز سانسۆر و فلتەر دەکەن و دەنگی هەموو نووسەرەکانی دەرەوەی سنوورەکانی مێنتەڵێنت و بازنەی ئایدلۆژیاکەی خۆیان دەخنکێنن و هەزار ساڵ دەمانگەڕێننەوە بۆ دوواوە و نێو تاریکایی سەدەکانی ناوین !

ئەوانەی جارێ گەڕەکێکیان بەدەستەوە نییە، بە کێر و گوون و نەفرەت و تف و جوێن و هەڕەشە و سوکایەتی بۆمان دێنە پێش، دوو ڕۆژ بەسە، ئەوانە حووکم بکەن، ئەوکات دەبێت بڵێین ئەلفاتیحە بۆ گیانی پێکەوە ژیان و یادی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بەخێر و ڕۆحی ڕەخنەی ئازاد شاد بێت و خوداوەند تولەرانس و لێبوردەیی بە بەهەشتی بەرین و فیردەوسی ئەعلاشاد بکات.

ئیتر سەری هەموو شتێکی جیاواز و مرۆڤێکی سیکۆلار و لائیک و ئاڕاستەیەکی جیاواز، لە شێوەی مەڕی قوربانی دەبڕن و بیری ئازاد لە پەت هەڵدەواسن و هەرچی شتێک بۆنی مودێرنێتە و یەکسانی جێندەری وسیکۆلاریزم و لیبڕاڵیەتی لێبێت، تیرۆری دەکەن و تولەرانس و پێکەوە ژیان و یەکتری قبول کردن و هەموو ئەو چەمک و شتەقۆڕانە بێ سەر و شوێن دەکەن و و بە مەرگ دەسپێرن و هەموو جیاوازیەکان لەڕەگەوە هەڵدەقەنن.

ئەوانەی وڵامی ڕەخنە بە جوێن دەدەنەوە، چەند عەیبه! ئاخر مرۆڤی ژیرو ئازادی خواز و شارستانی و مەدەنی، وڵامی وشە بە وشە و نووسین بە نووسین و شانۆ بە شانۆ و فیکر بە فیکر دەداتەوە، نەک بە گولە و جوێن و بێ ڕێزی و سوکایەتی و تەشهیر و هەڵچوون و ڕق و دەست بردن بۆ ژیانی تایبەتی نوووسەر و دایک و خوشک و خێزانەکەی، کەئەوە وەکوو ئاماژەم بۆ کرد، ئەوپەڕی بێ مۆڕاڵی و دۆڕاوی و شکست و لاوازی بەرامبەر پیشان دەدات.

 دەزانیت کە ئەوە ئەو پەڕی ئیفلاس بوون و دۆڕانە، ڕەخنەی ئازاد و دید و ڕوانگەی جیاواز بە کێر و گون و تف و جوێن وڵام بدەیتەوە.

بیگومان ئەو هەموو تف و نەفرەت و ڕق و سوکایەتی و بێ ڕیزی و جوێندان و هەڵچوونە لە خۆڕانییە، کولتوورێک و بیر و باوەڕێک و تێگەیشتن و دۆگمێک لە پشتیەوەتی.

کۆمەڵەک پیاوی ئایینی و بانگخوازی سەر بە ئیسلامی سیاسی و ئیدەلۆژیای سەلەفیزم لە پشتیەوەن و هۆکارن، من وتاری مەلا و بانگخوازی ئیسلامی سیاسیم گوێ لێبووە بە کۆلێژی هونەرە جوانەکان دەڵێت(کۆلێژی هونەرە قەبیحەکان).

دەیان وتارم لایە هی پیاوانی ئایینی و واعیز و بانگخوازەکانیان، هەمووی جوێنە و بێ ڕێزی بە مەیخۆر، نوێژنەکەر، ئافرەتی سفور، مەسیحی و ئێزدی و جوو و زەردەشتی و بێ دین و هەموو کەسێکی جیاوازدەکەن، من کاتی خۆی مامۆستایەکم هەبوو، دواتر لە سەر ئیسلامیزم و بە تاوانی تیرۆر ماوەیەک گیرا، دەیگووت:شەماڵ دروستە جوێن بە کافر و بێ بڕوا بدەیت و ئەو گووتەیەی"امصص بظر اللات "ی نێو مێژوو و کەلەپوری ئایینی وەکوو بەڵگە دەهێنایەوە.

مەلایەکی تر، مەلا(ئ.سۆسەیی)کە ئێستا بە تاوانی تیرۆر و داعشگەرێتی لە زیندانە، لە کاتی فەقێیاتیم گوێم لە وتارەکی گرت، دەیگووت:کەسێک قسە بە ئایین بڵێت(جا لای ئەو بابایە، ڕەخنە و تێبینی و گومان و پرسیار و هەرقسە لە سەرکردنێک، لە بارەی سەرەتاترین شتی ئایین، یەکسانە بە دژایەتی و کفر و جوێن)جا ئەو پیاوە ئایینیه دەیگووت: دەبێت بە غیرەت بین و وەکوو فلان هاوەڵ چۆن دەمی فینعاسی جولەکەی پڕ کرد لە خوێن، ئێمەش ئاوا دەمیان بشکێنین و پڕکەین لە خوێن.

ئازیزم ئەوەیه ئە و مەترسیە جدیەی بیر و باوەڕی فێندەمێنتالستەکان لە سەر ئاییندەی پێکەوە ژیان و مرۆڤایەتی و وڵات و کۆمەڵ، ئەوانە لە ناو جەرگەی قاڕەیەکی فول لیبڕاڵ و دەوەڵەتێکی دیموکراتی وەکوو بەریتانیا و لە سایەی فەزل و چاکەی عەلمانیەتدا، لە سەر بچووکترین خیلافی فیقهی و بۆچوونی جیاوازی نێوان خۆیان، هەوڵی یەکتر سڕینەوە و دەمکوتکردن و دەرکردن و تەمێکردن دەدەن و بە یەکتری دەڵێن: ئا ئەو بێ ئەدەبانە بکە دەرەوە و دەمی خۆت بگرە، دەنا بەشەق دەتكەمە دەرەوە...

ئەی بەیانی کوێربم و نەیبینم، دەوڵەت و حکومەت کەوتە دەستیان و جاڕی دەوڵەتێکی سیوکراتی و داعشیانەیاندا، دەبـێت حاڵی ئێمەی سیکۆلار ولیبڕال و ئازادیخواز و ڕەخنەی ئازاد و پلورالیەت و مرۆڤ هەموو شتێک لە سایەی وەها مینتەڵێنت و ئەقڵیەتێکی داعشگەرا چی لێ بەسەر بێت!؟

  • 1