ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە کەرکووکەوە

 دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری پارێزگای کەرکوک لە 16ی نەفرەتی. پێکهاتەی کوردی ئەم شارە کۆڕەوێکی گەورەیان بەرەو شارەکانی هەولێر و سلێمانی دەستپێکرد، بەو ئومێدەی وەک ساڵی 1991 زلهێزەکان بێدەنگی بشکێنن و ڕێگە لە پێشڕەوی هێزەکانی عێراق بگرن.

بەبێ بیرکردنەوە لەوەی هێزەکانی عێراقی 16ی نەفرەتی، هێزەکانی عێراقی 1991 نییە، بەڵکو ئەم هێزانەی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری کەرکوک هاتبوون ڕاهێنراوو پڕ چەکک کراوو هاوکاری کراوی خودی زلهێزەکان بوون.

بەهەر حاڵ دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لەشارەکانی هەولێر و سلێمانی و بێ ئومێدبوونیان لە بەدەنگەوەهاتنیان،خەڵک ناچاربوو بەرەو کەرکوک بگەڕێنەوە، هێزەکانی عێراق دەیان بازگەیان لەچوار دەوری کەرکوک جێگیرکردبوو، لەبازگەکان جگە لەپشکنینی ئوتۆمبێل و وەرگرتنی ناسنامەو گێچەڵ کردن بەگەنجەکان و سوکایەتی کردن پێیان ناشرینترین ڕەفتاری ئەو بازگانە بەکارهێنانی سەگ بوو بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان،گوایە بەکارهێنانی سەگ بۆ دۆزێنەوەی چەک و تەقەمەنی بەکارئەهێنرا. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ڕەفتارەی هێزەکانی عێراق و بەکارهێنانی سەگ تەنها سوکایەتی کردن بوو بەو کەسانەی کە هاتووچۆیان دەکرد، چونکە ئەو سەگانە ڕاهێنراو نەبوون و چەندین چەکیش لەو بازگانەوەو  بە پێش لوتی سەگەکاندا تێپەڕێندران و ئاشکرا نەکران، بیرشمان نەچێت زۆر جار گوێ بیست دەبین کە دەڵێت حەقە سەگی تێبەربدرێت، واتا سەگ تێبەردان سوکایەتی کردنە بە مرۆڤ.

سەگی بازگەکان ماوەیەکی زۆر قسەو باسی خەڵک بوو، چەندین مناڵ و ئافرەت لەو بازگانەوە ترسێندران و توشی نەخۆشی بوون، بەڵام ئەم ڕەفتارە لەلایەن هێزێکەوە دەرحەق بەخەڵک دەکرا،کەوەک هێزێکی داگیرکەر مامەڵەیان دەکردو بەچاوی دووژمن تەماشای کوردی ئەم شارەیان دەکرد،بۆیە دەکرێ بڵێین جێگای گلەیی نەبوو.

ئەوەی جێگەی گلەییە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕەفتاری سەگ تێبەردان لە بازگەی شێراوەی ڕێگای هەولێر بە شێوازێکی ناشرینتر ڕویدایەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەلایەن هێزێکی نامۆ و بێگانەو  داگیرکەرەوە نەبوو،بەڵکو لەلایەن خودی هێزە خۆماڵیەکانی خۆمانەوەبوو، واتا کارمەندانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە نوسەرانی شاری کەرکوک بەمەبەستی گەشت و سەیران بەرەو ڕەواندوز دەڕۆن بۆ بەسەربردنی سات وکاتێکی خۆش لەگەڵ سروشتی جوان و هەوای پاک و ئاوی سازگاری ئەو سنورە ، بەڵام لەبازگەی ناوبراو کاتێک ناوەکانیان دەدرێتە کۆمپیوتەری بازگەکە ناوی یەکێک لە نوسەرەکان گومانی لێ دەکرێت و داوای ناسنامەی باوکی دەکەن، لەکاتێکدا وەک دەڵێن باوکی نوسەرەکە ماوەی 12 ساڵە کۆچی دواییکردووە،

ئیدی هاوڕێکانی هەوڵدەدەن کێشەکە بەحیوارو گفتوگۆ چارەسەربکەن بەڵام دەرەنجام سەگیان بۆ دەهێنن و هەڕەشەی سەگ تێبەردانیان لێ دەکەن و نوسەرەکان بە ئاژڵ ناو دەبەن، ئەوەی لەبازگەکانی ڕۆژانی دوای 16ی نەفرەتی لەبەرانبەر کوردی کەرکوک دەکرا، لەلایەن هێزێکی نامۆ و دژە کوردەوە ئەنجام دەدرا، داگیرکەر هەرچۆن بێت داگیر کەرەو گلەیی لێ ناکرێت، بەڵام ماڵوێرانی ئەوەیە هێزە خۆماڵیەکان لاسایی ڕەفتاری داگیرکەران بکەنەوە، سەگمان تێبەرمەدەن خۆمان ماڵمان بەقوڕگیراوە.

  • 1