ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

زیاد لە سەرچاوەیەكی دەسەڵات، ئاماژەیان بە مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان كرد. تەنانەت یەكێك لە ڕاوێژكارەكان داوای چەك هەڵگرتنی لە هەمووتاكێكی كورد كرد بەرانبەر بە مەترسییەكانی ناوەند و دادگایی فیدراڵی.

هەموومان ئەوە دەزانین مەترسی لەسەر ئەم قەوارەیە هەیە، بەڵام هەموومان هاوڕانیمان لەگەڵ سیاسییەكاندا كە مەترسییەكان جددین و ئەگەر كار گەیشتە هێرش و پەلاماردان خۆمان ساز و ئامادە بكەین بۆ چەك هەڵگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی پەلامارمان ئەدەن. بەهۆی ئەوەی كەسوكاری قوربانیانی ڕابردوو بە شێوەیەك فەرامۆشكراون كە زۆر ئەستەمە خەڵكی وەكو جاران خۆی بە كوشت بدات لە پێناوی ئازادیدا، لە كاتێكدا كەسانی خۆفرۆش و فایلدار هێنراون كراون بە خانەنشین و پلەدار و لە ژیانێكی تایبەت و ناوازەدا دەژین.

سیاسییەكان مەبەستیانە تێمان بگەیەنن كە بەغدا و تاران و ئەنقەرە دوژمنمانن و ئەگەر ئەوان(دەسەڵات) نەبن ئەوا كوردستان دەبێتە دۆزەخ و جێگەی ژیانی تێدا نابێتەوە، لە كاتێكدا ئەوە ڕاستییە و هیچ داگیركەرێك ئازادی بۆ داگیركراوەكەی ناخوازێت، بەڵام سیاسییەكانی دەسەڵات نایانەوێ ڕوونكردنەوەمان بدەنێ لەسەر ئەوەی لە ئێستای بوونی قەوارەی هەرێمدا كێن ئەوانەی كوردستانیان كردووەتە تورەكەیەكی پڕ بۆ ئێران و توركیا و ئیرادەی خۆیان بەخشیوەتە دەزگا هەواڵگرییەكانیان؟

ئەگەر مەترسییەكان جددی بن وەك ئەوەی سیاسییەكانی دەسەڵات ئاماژەی پێدەكەن، دەبوو ناوماڵی خۆیان بە جۆرێك ڕێكبخستایەتەوە كە دەرفەتی هیچ قلیشان و دووركەوتنەوەیەك نەدرایەتە دەست دۆست و دوژمن. نەك شەڕی بەرژەوەندی و ڕاگەیاندنیان ئامرازێك بێت لە قەبارەی مەترسییەكان زیاتر.

هەولێر و سلێمانی ناتەبان و باس لە دەستەخوشك دەكرێك لەگەڵ شارە ناوازەكانی دنیادا، دوو زۆنی شڵەژاومان هەیە كە یەك لەسەر چواری  خەڵكەكەی، سەر بە هیچ دەسەڵاتدارێكی فەرمانڕەوای زۆنەكە نییە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هەر ڕۆژە و لە گوندێك خەڵكمان لێدەكوژێت، بەردەوام تۆپبارانی شارەكان و بەتایبەت پایتەختی هەرێم دەكرێت، كەچی هەر هێزە و چوونەتە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە كە دژ بە یەكن و خوێن لە كاسەر سەری یەكتریدا دەخۆنەوە. هێشتا باس لە زۆرینە و كەمینەیەك دەكەن كە خۆشیان دەزانن چۆن دووراوە بۆیان.

ئەگەرمەترسییەكان جددی بن وەك ئەوەی باسی دەكەن، بەرژەوەندییە ئابورییەكانی توركیا و ئێران ناپارێزن، هێزی پێشمەرگە یەكدەخەنەوە و سوپایەكی نیشتیمانی دادەمەزرێنن نەك میلیشیای حزبی، كار بە دڵسۆزی و لێهاتووی دەكەن لە سەر بنەمای ڕاژەی (خزمەت) دەكەن نەك تەزكییەی حزبی. بۆیە ئەوەی وایكردووە خەڵك مەترسییەكان بە جددی وەرنەگرن تاوانی خوودی سیاسییە دەستڕۆشتووەكانە، خەڵك وشیاربووەتەوە و دڵنیایە هەر هێزێكی تر بێت و دەسەڵات بگرێتە دەست، گەر لەم بارودۆخ و سەختییە باشتر نەبێت، بە لایەنی كەمەوە لەمە خراپتر نابێت.

قەیرانەكان قووڵن و مەترسییەكان هەن، مرۆڤی دانا و زانا لەم بارودۆخانەدا دەردەكەوێت كە دەتوانێت میللەت و نیشتیمانەكەی لەم قەیرانانە تێپەڕێنێت یان نا؟ بۆیە هەمووان چاوەڕوانی ئایندەیەكی گەشترین، نەك شێواو تر.

  • 1