ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كاتێك كورتبینی و نالۆژیكی بوونی عەقڵی سیاسی و ئابوری و تێنەگەیشتن لە ئەجندای حوكمڕانی و بێتوانایی لە خۆگونجاندن و پرۆسەی بەرجەستەكردنی گۆڕان و نوێبونەوەو چاكسازی پرۆسەی دەوڵەتداری دەبێتە خەسڵەتی ئەحزابی حوكمڕان و غیابی تێفكرین لەچارەسەركردنی قەیران و تەنگەژە سیاسی و ئابوریەكان جێگەی دەگرێتەوە ، زۆر پرس و بابەتی ئاڵۆز و نەخوازراو سەرهەڵدەدەن و دەبنە كێشە و گرفتی نێوان سێستەمی سیاسی و خەڵك ، ئەمەش وادەكات ئاسەوار و لێكەوتەكانی ئەو دۆخە خراپتر و مەترسیدارتر دەركەوێ‌ و تادێت دابڕان و دابەشبونێكی قوڵ لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتدا دروست دەكات و ناكۆكیی و ناڕەزایی گەورەی لێدەكەوێتەوە.

ئەم دابەشبوونە گەیشتۆتە ئاستێك كە چیتر هاوڵاتی متمانەی بە ئەحزابی فەرمانڕەوا نەماوە و ناتوانێ ئەوە ئیستعاب بكات كە ئەمانە بە ڕاستی دڵسۆزی گەل و نیشتمانن، چونكە ئەمانە ئەوەندەی لە بەرژەوەندی خۆیان و حزب و دەسەڵاتەكەیاندا مامەڵە بە ژیانی خەڵكەوە دەكەن، ئەوەندە نەبوونەتە فاكتەری چەسپاندنی خۆشگوزەرانی و ئارامی كۆمەڵگا ، لەم بارودۆخەشدا كە خەڵك لەو پەڕی بیزاری و وەڕسبووندایە سەركردە سیاسیەكان لە ململانێی دەسكەوتی زیاتر و پێگە و مەقامی بەرزتردان و بە هەمووشێوەیەك كۆمەڵگا دەچەوسێننەوە و خۆشیان لە وێنەی فیرعەونەكاندان و تەنها خۆیان ئەزانن خاوەنی چەند باخ و ڤێلاو ئوتومبێلی گران بەهاو پارەی نوستوی هەڵگیراون ، كە لە پاڵ بەرپرسیاریەتیاندا لە ناو حزب و حكومەتدا لێێ سودمەند بون و هەر ئەشكڕوزێنەوە .

جگە لەوەی خۆیان دەستیان گرتوە بەسەر تەواوی سێكتەرەكانی حوكمڕانیدا،  مناڵەكانیشییان  بە جۆرێكی تر  سودمەند كردوە لە بازرگانی دەرمان و بازرگانی چەك و هاوردەكردنی ئوتومبێلی نەشیاو و بازرگانی نەوت و تەنانەت بازرگانی سێكسیش، ئەوەتا كوڕی هەر بەرپرسێكیش لە حیزب و حكومەتدا دەسەڵاتدار نەبێت خەریكی پۆزلێدان و خۆنمایشكردنە و شەوی لێدێ سەرقاڵی شەوانە ئاهەنگ و ڕازاندنەوەی تیاتۆرخانەكان و هێنان و بردنی لەشفرۆشن و وەك خۆیان دەڵێن شەوانی شاهانە بەڕێ دەكەن، تێچوی پارەكەشی لەسەر حسابی میلەت و قووتی خەڵكە، لەولاشەوە لە بری راستكردنەوەی چەوتیەكان و ئاسایكردنەوەی باروگوزەرانی خەڵك و بایەخدان بە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵات و گرنگیدان بە سەرچاوە كشتوكاڵی و ناوخۆییەكان ، چەندین بەرنامەی ناتەندروست و نەشیاویان بۆ بەرگریكردن لە مانەوەی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتیەكان هێناوەتە ئاراوە و بوونەتە سەرچاوەی نەگبەتی بۆ كۆمەڵگای كوردی .

لە بری گەرانەوە بۆپرنسیپ و بەها باڵاكانی دەوڵتداری و حكومەتی باش تەنها سەرقاڵی كاری بازرگانی و بزنس و كۆشك و تەلارە ناوازەكانی خۆیانن و نایانەوێ‌ چەقبەستووی و وێانبوونی كۆمەڵگا ببینن و چارەسەرێكی ڕیشەی بۆ بدۆزنەوە ، بەگشتی ئەمانە هێڵی سورییان بەزاندوە و بە هەموو شێوەیەك پشتیان كردۆتە خەڵك و دەیانەوێ‌ بەتەواوەتی  هەرچی خێر و بێری وڵاتە لە دەستی خۆیان و حزب و بنەماڵەكانیاندا بێت و بەكەیفی خۆیان یاری بە چارەنووسی خەڵكەوە دەكەن و بونەتە نمرود بەسەر كۆی كۆمەڵگاوە و كۆیلە ئاسا مامەڵەمان پێوەدەكرێ ، بەمەش تێدەگەین لەوەی كە دەسەڵات شتێكی نەماوەتەوە بۆ شانازی و خۆهەڵكێشان و دەبێ بزانن كە بەردەوام بوونیشیان بەم ئاراستەیە دواجار دەبێتە هۆكاری ریسوای زیاترە و دەكەونە بەر نەفرەتی گەل و وەك بەعس و دارودەستەكەی باجی هەڵە و فرت و فێڵەكانیان بەقورسی دەدەنەوە .

  • 1