ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

لە واقعدا و لە ڕووی سەربازی و سیاسی و هەواڵگرییەوە ئێستا فینلاند و سوید ئەندامن لە ناتۆ، ئەوەی کە ماوەتەوە پرۆسە یاسایی و فەرمییەکەیە. ڕووسیاش ئەم ڕاستیە دەزانێت، بۆیە وەک ڕووداوێکی نوێ و گۆڕانکارییەکی هەستیار تەماشای نەکرد. ئەو ڕێگرییەیی تورکیا دەیکات لە فینلاند و سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ چەن هۆکارێکی هەیە؛ ١.هۆکاری یەکەم پرسی کوردە، کە تورکیا ناوی دەنێت پەکەکە و هەسەدە و پرسی تیرۆر. پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەبەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ململانێی ئەمریکا و ڕووسیا لە سووریا، تا ڕادەیەک پشتگیرییەکی کاتی بەدەست هێناوە لە لایەن دەوڵەتانی رۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. لە ڕاستیدا ئەو پشتگیرییە ئەوەندەی پشتگیرییە لە پێگەی ئەمریکا لە سووریا، ئەوەندە پشتگیری نییە لە کورد. تورکیا دەمێکە هەوڵدەدات ئەو پشتگیرییە ڕابگرێت، بەڵام دەرەفەت نەبوو، لە ئیستادا دەرەفەت هەیە و تورکیا پێگەی خۆی لە ناتۆ بەکاردەهێنێت بۆ وەستاندنی ئەو پشتگیرییە. لە بنەمادا تورکیا مەبەستی ڕاگرتنی پشتگیری نییە لە ڕۆژئاڤا، بەڵکو هەڵکردنی گلۆپی سەوزە بۆ سوپای تورکیا کە بچنە رۆژئاڤا و جینوساید ئەنجامبدەن و ڕۆژئاڤا لەناوبەرن. تا ئێستا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەوە ناخوازێت.

٢. تورکیا دەیەوێت پێگەی خۆی لای ئەمریکا بەهێز بکاتەوە و وا لە ئەمریکا بکات لەگەڵی بکەوێتەوە گفتوگۆ و بایەخی زیاتر بە تورکیا بدات. ئەگەر ئەمریکا مەبەستی بێت لە ماوەیەکی کورت فینلاند و سوید ببنە ئەندامی ناتۆ، ئەوا دەبێت لەگەڵ تورکیا گفتوگۆی جدی بکات. ئەو کات تورکیا هەندێ داواکاری دەبێت؛ ڕێگەدان بە کووشتنی کورد لە ڕۆژئاڤا، زیاد کردنی هەژموونی تورکیا لە سووریا، پشتگیری ئەمریکا لە تورکیا لە پرسی گازی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە پرسی ململانێی تورکیا و یۆنان، دەستکەوت لە لیبیا. جارێ ڕوون نییە ئایا ئەمریکا مەبەستیەتی بە خێرایی ئەو دوو دەوڵەتە بکاتە ئەندامی ناتۆ یاخود نا.

٣. بەدەستهێنانی چەکی نوێی ئەمریکی و ئەوروپی، ئێف ٣٥ بۆ نموونە. تورکیا وەک دەوڵەتانی تری رۆژهەڵانی ناوەڕاست (جگە لە ئیسرائیل) لە ڕووی سەربازی و چەکەوە پشت بە دەرەوە دەبەستێت. ساڵانێکە بە هۆی سیاسەتەکانی ئەردۆگان، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا سنورێکیان داناوە بۆ چەک فڕۆشتن بە تورکیا. تورکیا هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەم ڕێگرییە لە فینلاند و سوید، هەموو ئەو سنورانە لاببات.

٤. دەکرێت مەبەستێکی تورکیا ئەوە بێت کە لە ناو هەموو دەوڵەتانی ناتۆ، پێگەیەکی تایبەت بە خۆی بدات لای ڕووسیا. نایەوێت ڕووسیا بکاتە نەیاری خۆی، تا ئێستاش سەرکەوتوو بووە لەو سیاسەتەدا. تورکیا پێویستیەکی گەورەی هەیە بە ڕووسیا لە ڕووی وزە و گەنم و گەشتیاریەوە. جگە لە لایەنی سیاسی کە لە سووریا و لیبیا ناکۆکن و لە کەرەباخ پرسێکی هەڵواسراویان هەیە... دەکرێت ڕووسیا پاداشتی تورکیا بکات بەوەی کە لە ناو هەموو ناتۆ، تەنیا تورکیا نەیاری ڕووسیا نییە.

 ڕێگرییەکەی تورکیا دەکرێت پرۆسەی ئەندامێتی  فینلاند و سوید دوا بخات، ئەوەش کەوتووتە سەر هاوکێشەکان و گۆڕانکارییەکان، ئەگەر ئەمریکا مەبەستی بێت لە کورتترین کاتدا ئەو دوو دەوڵەتە ببنە ئەندام، ئەوا دەکرێت هەندێ دەستکەوت بدەنە تورکیا و هەندێ بەڵێنی بدەنێ بۆ ڕازی کردنی. ئەگەر ئەردۆگان داواکارییەکانی قوورس بن و کەلە ڕەقیش بکات و، ئەمەش ببێتە مایەیی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە پرسی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەوا ئەمریکا فشاری قوورس دەخاتە سەری و تورکیاش لەوە لەرزۆکترە بتوانێت بەرگەی فشارەکانی ئەمریکا بگرێت. بیرمانە کە ئابووری تورکیا بەرگەی تویتێکی ترەمپی نەگرت و خەریک بوو داروخێت، ئیستاش بارودۆخی تورکیا لە ناوخۆ زۆر خەراپە، هەڵاوسان لە نێوان ٥٠-٦٠٪ بەرگەی فشارە جدییەکانی ئەمریکا ناگرێت. بۆ بەرژەوەندی کورد وا باشترە ئەردۆگان ئەو سەرکێشیە بکات.

وەک ئاماژەم پێدا، فینلاند و سوید لە واقعدا بوونە بە ئەندامی ناتۆ، مانۆری سەربازی دەکەن لەگەڵ ناتۆ. فینلاند زیاد لە ١٣٠٠ کم سنووری هەیە بە ڕووسیاوە، بەمەش سنووری نێوان ناتۆ و ڕووسیا بووە نزیکەی دوو هەزار کم. دەریای بەڵتیق، کە گرنگترین دەریایە بۆ ڕووسیا، تا ڕادەیەک، بە تەواوی کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی ناتۆ. لە کاتێکدا پاساوی پوتین بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ، ویستی ئۆکڕانیا بوو بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ. واتە ئەمریکا لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە رووسیای تێوەگلاندوە بە جەنگێکی ئاڵۆز و نا دیار، هەر بەهۆی ئەو جەنگەوەش سنوورەکانی ناتۆی فراوانتر کرد و زیاتر نزیک بووەوە لە ڕووسیا. لەوانەیە ئەمەش پلانێکی ئەمریکا بێت، کە ئۆکڕانیا نەکرێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵکو بە هۆی ئۆکرانیاوە دەوڵەتانی تر، کە بەهێزتر و پێشکەوتووترن ببنە ئەندام، خودی ئۆکرانیاش ببێتە گۆڕەپانی جەنگێکی درێژ بۆ ڕووسیا، بۆ ئەوەی ڕووسیا لاواز بکات و توانای ڕێگری نەبێت لە فینلاند و سوید بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ، ئەگەر ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکە سەرکەوتوو بوایە، ئەوا فینلاند و سوید هەرگیز وا بە ئاسانی بڕیاریان نادا ببنە ئەندامی ناتۆ. ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لە ڕووی سەربازیەوە لە ڕووسیا بدات، ئەستەمە بتوانێت لە ڕێگەی دەوڵەتێکی ئەندام لە ناتۆ ئەو کارە ئەنجامبدات، بۆیە ئۆکرانیا باشترین بژاردەیە بۆ ئەو ئامانجە. پێدراوەکانی ئێستای جەنگەکەش ئەوە دەردەخەن، کە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەگەر کۆتایشی بێت، ئەوا بۆ ماوەیەکی کاتی کۆتای دێت، ئۆکرانیا بووە ئەو بۆمبەی، کە ئەمریکا هەر کات بیەوێت دەیتەقێنێتەوە بە ڕووسیا.

پوتین بە هەڵگیرساندنی ئەم جەنگە، پاساوی دایە ئەمریکا کە فشار لە سوید وفینلاند بکات و بیانترسێنێت بەوەی ڕووسیا دەکرێت پەلاماری ئەوانیش بدات، بە هاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا و گورز وەشاندن لە سوپای ڕووسیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابوردوو، وای کرد کە فینلاند و سوید ترسیان نەبێت لەوەی داوای ئەندامبوون بکەن لە ناتۆ، چونکە دەزانن ڕووسیا لە ئیستادا توانای پەلاماردانی نییە، تا ئەو کاتەی توانای بۆ دەگەڕێتەوە، ئەو کات ناتۆ، سوید و فینلاند دەپارێزێت.

بۆ ئەوەی ڕووسیا لەم جەنگەدا زیانی زیاتر نەکات و کۆتای بە جەنگەکە بێنێت، ئەوا یەک بژاردەی ماوە، ئەویش گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، چونکە ئەوەی تا ئێستا دەرکەوتووە، ڕووسیا نە دەتوانێت لە گۆڕەپانی جەنگ، نە بە ڕێگەی دبلۆماسی لەگەڵ ئۆکڕانیا کۆتای بەو جەنگە بهێنێت. گونجاوترین ڕێگا ڕێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا، بەوەی ڕووسیا هەندێ شت بداتە ئەمریکا، بە تایبەت لە پەیوەندی ململانێی ئەمریکا و چین، لەبەرامبەردا ئەمریکا بەشێکی ئۆکرانیا بداتە ڕووسیا. ئەگەریش هەیە لە کۆتاییدا ئەو سیناریۆیە ڕووبدات.

  • 1