ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕووخاندنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا

           سەبری ئەتەش*

پرۆفیسۆری بەشی مێژوو لە زانکۆی مێتۆدیستی باشوور لە تورکیا

               لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق 

 

بةشي كوَتايي

 

هەروەها بە لەناوچوون و هەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان پرۆسەیەک دەستیپێکرد کە من لە شوینی تر ناوم لێناوە سەرلەنوێ بە تایفە و عەشیرەت کردنەوەی کوردستان، کە هاوکات بوو لەگەڵ پرۆسەی بەناوبانگی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی شێخەکان بۆ ڕابەرایەتی کردنی کۆمەڵگەی کوردی. لەناوبردنی "خاڵەکانی لەدەور کۆبوونەوەی" کۆمەڵگەی کوردی و نەتوانینی ئەوەی کە بەتەواوەتی بۆشایی دەسەڵات پڕبکرێتەوە، وایکرد کەوا ئیدارەی عوسمانی پەیڕەویی سیاسەتیکی دوولایەنە بکات بۆ توانادار کردن و بەهێزکردنی کەسایەتییە ئاینییەکان و سەرۆک خێڵە ئایەخەکان کە ئاست و پلەیان ئەوخوارتر بوو (لە میر و بەگ و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی سەردەمی ئیمارەتەکان - وەرگێڕ)، ئەوجا ئەمانەی والێکرد پشت بە گەورەیی و پشتیوانی لێکردنی حکوومەت ببەستن. بۆ نموونە، لە جێگەیەکی وەکوو ڕەواندز و (شوێنانی تریش) عولەماکان (پیاوانی ئاینی - و) و زۆرێک لە بەگی خێڵەکانی کورد (Ekrad ve a¸sair beyleri ئەکراد ڤە عەشایەر بەگلەری) مووچەیان بۆ بڕایەوە و بەپەرۆش بوون بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی دەسەڵات کە سەری هەڵدابوو. ئەوجا ڕۆب (یان عەبا، خەرقە)ی شکۆ و ڕێزلێنانیشیان بۆ نێردرا کەوا دەوڵەت وەک سەرۆکی لۆکاڵیی نوێ پۆلێنی کردوون و ڕەزامەندیی لەسەر دەربڕیون. وەک لە نموونەی هەندێک لە سەرۆکەکانی واندا دەردەکەوێت و لە هەندێ شوێنیش ئەم دەسنیشان کردنە هەڕەمەکی و کاتی بوو. سەرۆک خێڵەکان مووچەی کاتییان پێدەدرا یان ئەوەی کە دەکرێ ناوی لێبنرێت پارەی بێدەنگ کردن "تا ئەو کاتەی نەخشەکێشانی سنوور تەواوبوو یان دابەشکردنی خێڵەکان [لەگەڵ ئێراندا] کۆتایی پێهاتبوو"49. بەهەرحاڵ، لە شوێنانی تری دوور لە سنووری ئێرانەوە، زۆرێک لەو کەسایەتییانەی حکوومەت وایدانابوو کە لێهاتوویی سەرۆکایەتییان هەیە، کەچی دوورخاونەتەوە بۆ شوێن و ناوچەکانی تری ئیمپراتۆرییەت. ئەم چەشنە مامەڵە توندانە ژمارەیەک دەرەنجامی بێمەبەستی لێکەوتەوە. یەکەم، دەوڵەتی ناوەندی هیچ هۆکارێکی نەبوو بۆ پڕکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری و سەربازی و توانای ئیداری بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بە هۆی لابردن و دوورخستنەوەی زۆریک لە سەرۆکە لۆکاڵەکان هاتبووە ئاراوە. بێگومان کەمیی دەسەڵاتە ناوخۆییە دانپیانراوەکان کە توانای دەڵاڵی و نێوەندگیریی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەیان هەبێت لە نێو کەرتە ڕکابەرەکاندا زیاتر بچڕبچڕی کرد. دەرەنجام و لێکەوتەی درێژخایەنی ئەم پرۆسەیەی ناکۆکی و ململانێی ڕوولەزیادی کۆمەڵگە بە زۆری لە ئەنجامی پێکهاتنی خێڵە لاوەکییەکان و ناجێگیریی ڕوولەزیادەوەیە. ئاسەوارە هەمیشەییەکانی ئەم دەرەنجامە ڕاستەوخۆیە کۆتایی میرنشینەکانە کەوا ڤان بروونەسن زیرەکانە وەسفی دەکات "داڕووخانێکی خێرا لە دەوڵەت یان حکوومەتێکی ئاڵۆزەوە بۆ فۆرم و شێوەیەکی زۆر سادەتری ڕێکخستنی سیاسیی کۆمەڵایەتی - وەک ئەگەر ڕێکخستنێکی خێڵەکی هەیبێت چەند هەنگاوێک بۆ دواوە پاشەکشە دەکات لە پەیژەی پەرەسەندندا" (ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ١٨١ - ١٨٢، ١٩٣ - ١٩٥). ئەوە شکاندنی هێزی پێکهاتە سیاسییە بنەڕەتییەکانە کەوا ڕێکخستنی سیاسیی کوردی ناچار کردووە هەنگاوێک بۆ دواوە بنێت لە پەرەسەندنی پێکهاتە سیاسییەکاندا. داڕووخانی دامەزراوە سیاسییەکانی کورد لە دۆخی پرۆتۆ دەوڵەتەوە (پێش دەوڵەتەوە) بۆ سەرۆکایەتیی خێڵ ناجێگیریی زیاتر کرد بەڵام لە مەودایەک دووردا دەوڵەتی زیاتر توانادار کرد (ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ١٩٣ - ١٩٥). کەڵەکەبوونی ئەم سیاسەتانە و زیادبوونی بێسەروبەری و نەمانی ئاسایش و ناکۆکی و ململانێی کۆمەڵایەتی لە کوردستان وەک ئەوەی کە شێخ عوبەیدوڵڵا سێ دەیە دواتر ئیشارەتی بۆ کردووە کاتی کە چاوی کەوتووە بە بە ئابۆتی کونسوڵی بەریتانی لە تەبرێز. کاتێ ئابۆت پرسیاری لە شێخ کردووە کە بەرنامەی چی بووە، شێخ ڕوون و ئاشکرا وەڵامی داوەتەوە کەوا "ئاواتی ئەوە بووە کوردستان ڕێکبخاتەوە ... ئەو وای هەست کردووە کەوا ساتەوەختی ئەوە هاتووە کە پێویست بێت هەندێ شت بۆ کوردستان بکرێت" و بۆ ئەو مامەڵە پڕ لە شوورەییەی کە لەگەڵ خەڵکی    هەژار و نەخوێندەواردا دەکرێت، ئەوانە کە نە عوسمانییەکان و نە ئێرانییەکان تێیاندەگەن٥٠.  داڕووخانی خێرای پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان گەیشتە قۆناخێکی نوێ و دیاریکردنی ئاستێکی نزم لەگەڵ دروستکردنی فەوجە سووکەکانی سوارەی حەمیدی لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٨٩٠کاندا. بەدەستهێنانی نازناوی مشتومڕ هەڵگری "باڤێ کوردان" (باوکی کوردان)، ڕژێمەکەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم خێڵەکێتیی کۆمەڵگەی کورد و هێز و دەسەڵاتی سەرۆکە دڵسۆز و ملکەچەکانی پتەوتر کرد. دەسەڵاتدار کردنی سەرۆکە کوردەکان وەک بەربەست و قەڵایەکی قایم دژ بە نەخشە و پلانەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا و هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی ئەرمەنی، ڕژێمی حەمیدی تۆنی زمانی پەیوەندییەکانی داهاتووی دیاریکرد لەنێوان سەرۆک و دەسوەڵاتدارە کوردەکان و ڕژێمەکانی دواتردا، کە بریتی بوو لە خەڵات و بەرات کردن و دڵ ڕاکێشان بۆ ملکەچی و زۆڵێتی و شەڕکردن دژ بە توخم و ڕەگەزە خۆڕاگرەکەی کۆمەڵگەی کوردی، وەک ڕێگەیەک بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناوچەکە و دینامیکە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەی کوردی. جێگرتنەوەی حوکمی ناڕاستەوخۆی بنەماڵە دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانی کورد بەو بەرپرس و کاربەدەستانەی لە ناوەندەوە دادەمەزران بەشێک بوو لە پرۆسەیەک کەوا دەوڵەتی ناوەندی زیاتر پەل بکوتێ بۆ ناوچە جوگرافییەکانی پەڕی ئیمپراتۆرییەت و یەکخستنی پراکتیزەکردنی دەوڵەت و ناسنامەکان و گەشەکردنی توانای دەوڵەت لە جێبەجێ کردنی ئەو سیاسەتانەی نیازی هەبوو پیادەیان بکات (ماک ئادەم، تاڕۆ و تیلی، ٢٠٠١: ٧٨).  ئەنجامی سروشتیی ئەم پرۆسەیە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی دابەشکردنە کارگێڕییەکان، چاکسازی کردن لە شێوازی نەریتیی مڵکایەتیی زەویوزاردا، نیشتەجێ کردنی زۆرەملێی خەڵکە گەڕۆک و کۆچەرەکان، داهێنانی باجی نوێ و زیادەڕەوی کردن تێیدا و سەربازگیریی زۆرەملێ بۆ دانیشتووانی ناوخۆ کە تا ئەو دەمە نەبووبوون بە سەرباز. پێدەچێت سەیر و سەمەرەترین پەرەسەندن دروستکردنی ئەیالەتی (ویلایەتی - و) کوردستان بووبێت، کە پێکهاتبوو لە ئەیالەتی دیاربەکر و سەنجەقەکانی وان و مووش و حیاری Heari قەزاکانی جەزیرە و بۆتان و ماردین. ئەیالەتی ناوبراو لە پێنجی دیسەمبەری ١٨٤٧ دروستکرا و لە ساڵی ١٨٦٧ هەڵوەشێنرایەوە (هاکان، ٢٠٠٧: ٢٥٥ - ٢٥٧؛ کاردام، ٢٠١١: ٣٨٤ - ٣٨٦). ئەستەمبووڵ کوردستانی بە هەرێمێکی سەرلەنوێ داگیرکراو لەقەڵەمدا، لەبەر ئەوە بە وردی و بایەخەوە کەسانی ئیداریی نوێی بۆ دانا لە پلەی باڵای پاشادا کە یارمەتیدەر بوون لە سەرکوت کردن و دامرکاندنەوەیڕاپەڕین و  شۆڕشەکاندا و "مێداڵ و نیشانەی تایبەت و نامۆیان پێدەبەخشرا لە پاداشتی داگیرکردنی کوردستاندا"٥١. پێکهێنانی ئەم یەکە کارگێڕییە نوێیە واتای ناردنی ئیشارەتێکی ڕوونی دەگەیاند کەوا یاسا و ڕێسای کۆنی بنەماڵە خاوەن ئیمتیازە تایبەتەکانی کورد چیتر نەما و ناوچە و زەوییەکانیان و دانشتووانیان لە ئێستادا خراونەتە کایەی تەنزیماتی "پیرۆزەوە".  سەرچاوە: کورد .. کتێبی کامبریج بۆ مێژووی کوردئامادەکردنی: حەمید بۆزئەرسلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی

چاپی یەکەم: ٢٠٢١

چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج - لەندەن

 

  • 1