ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(90)

سەندیكای پزیشكانی كوردستان وەك ئەوەی سەركەوتنی بەدەستهێنابێت فشارێكیی زۆری خستە سەر پەرلەمانتارێك كە گوایە ئەو قسەیەی كردوویەتی لەسەر بەناو دكتۆرێكی جوانكاری ناڕاستە! بەشێك لەو سەندیكایە و تەنانەت بەشێك لە دكتۆرە بە ویژدانەكانی كوردستان باش دەزانن لەكەرتی تەندروستیدا چی دەگوزەرێت  بەتایبەتی لەو بوارەی ناونراوە جوانكاری، هەر خودی ئەو سەندیكاش چەندین جار رایگەیاندووە  كە كەسی ساختەیان لەو بوارە گرتووە و كارەكەی ناتەندروست بووە، بەڵگەش لەسەر پەیجەكەی خۆیان هەیە لەسەر تۆڕی فەیسبووك و تەنانەت هەموو ئەو كچ و ئافرەتانەی كە سەقەت كراون و ناشیرین كراون لە بەرنامەی جیاجیای تەلەفزیۆنی كوردستاندا خراونەتە ڕوو!

ئەوان لەبری ئەوەی بەرێكار و رێنماییەكانی خۆیاندا بچنەوە هاتن پێیان گوتین كە ئەو پەرلەمانتارە راست ناكات؟ كە لەراستیدا ئەوە راست نییە و كاری ئەوانیش نییە!

پێم وایە ئەوان وەك سەندیكا و لەولاشەوە داواكاری گشتی لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكدان كە دەبێت فێڵ لە خەڵك نەكەن و پڕۆسەی چاودێری و لێپێچینەوەیان زیاتر بكەن لەسەر ئەو بەناو پزیشكانەی كە لە بواری بەناو جوانكاری كاردەكەن، ئەوەش بە :

1-   سیاسەتی مافی نەخۆش و پارێزگاریكردن لە ژیانی كەسی نەخۆش چاودێری زیاتر بكرێت و هەموو ئەو كەلێن و بۆشاییانەی لەو بوارەدا هەن باشتر بكرێت.

2-   چاودێری هەموو ئەو شوێن و نۆڕینگە و نەخۆشخانە بكرێت كە بەناوی جوانكارین و پێداچوونەوە بە لیستی ناوەكان و ماوەی كاركردن و ئەو كەسانەی كاری تێدا دەكەن بەتوندی بكرێت.

3-   چاودێری ئەو هەموو ژمارە تەلەفۆن و ماوەی كاركردنیان بكرێت كە لەو نۆڕینگانە هەن هەر لە بەناو دكتۆرەوە تا فەڕاش كە لە سبەینێ تا سبەینێ كراوەیە و مەشغوڵە، ئاخر خۆ نەشتەرگەری هەستیاری نییە تا كاتژمێر سێیی سەرلەبەیانی واتس ئاپ و ڤایبەر و ....تد لەسەر خەت بێت !

4-بەدواداچوون بۆ پەیج و ریكلامەكانی بكرێت ئاخر ئەوە چی دكتۆرێكە وێنەكەی خۆی وەك ئەكتەری هۆلیۆد بخاتە سەر ریكلامەكەی و داشكاندنی بۆ جەژنی قوربان و رەمەزان و سەری ساڵ و نەورۆز هەبێـت، ئاخر ئەگەر ئەوە فێڵكردن لە نەخۆش و ئیستغلالكردن نەبێت چ واتایەكی دیكەی هەیە؟!

5-ئەدی بۆ ناچن ئەوانەی لە نەخۆشخانە گشتییەكان كاردەكەن بە سبەینان دەریانبكەن، چونكە لەوێ پێیان دەڵێت ئێوارە وەرن بۆ نۆڕینگەكەم و ئیستغلالی كەرتی گشتی دەكات لەپێناوی گیرفانی تایبەتی خۆی؟! بۆ هەموو ئەوانە دەرناكەن لەكەرتی گشتی و دەرگا لە هەموو ئەو خۆبەخشانە بكەنەوە كە لە نەخۆشخانەكان كاردەكەن؟!

ئێستا كاتی ئەوەیە رێكخراوەكان، خەڵك، داواكاری گشتی، سەندیكای پزیشكانی كوردستان، حكوومەتی كوردستان رەقیبێكی تەواو بن لەسەر ئەو بەناو دكتۆرانە و نەهێڵن هیچی دیكە شیرازەی خێزان و كۆمەڵگا بشێوێنن.

 

 

  • 1