ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

٭ لە بری پێشەکی:

لە ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٨) لە هەولێر لە نزیکەوە مامۆستا (ئیسماعیل یونس)م دەناسی،بە یەکەوە لە یەک ڕێکخراوی حزبی کارمان دەکرد. لەو کاتەی هەردووکمان لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر مامۆستای سەرەتایی بووین،بەڵام لە ناو شاری هەولێر نیشتەجێ بووین..

مامۆستا ئیسماعیل چۆن وەکو پەروەردەکارێکی دڵسۆز ئەرک و پەیامی پیرۆزی پەروەردەی ڕادەپەڕاند ،لە لای خەڵکی گوندو قوتابییەکانی خۆشەویست بوو،پەیوەندیشی لەگەل کەس وکاری قوتابیان بەهێز بوو. لە هەمان کاتدا لە جێبەجێکردنی ئەرکی حزبیشدا هێمن و دڵسۆزو بە هیممەت بوو.هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی یانەی مامۆستایان بوو لە هەولێر..

٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا ئیسماعیل یونس:

ــ ناوی تەواوی : ئیسماعیل یونس جمعە .

ــ نازناوی لە پێشمەرایەتی(هێمن)

ــ ساڵی١٩٤٦ لە شاری هەولێر لە دایک بووە.

ــ خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لە هەولێر تەواو کردووە.

ــ دەرچووی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانە لە موسل.

ــ لە ساڵی١٩٧٠ لە پەروەردەی هەولێر بە مامۆستا دامەزراوە ،لە (قوتابخانەی سەردار) دەست بەکار بووە.

ــ تاکو ساڵی١٩٧٨ لەسەر پیشەی مامۆستایی بەردەوام بوو.

ــ مامۆستا بۆ پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە لە قوتابخانەدا زۆر بایەخی بە کۆبوونەوەکانی نێوان (مامۆستایان و دای بابان) دەدا،لە هەمان کاتدا هەوڵی هوشیارکردنەوەی قوتابییەکانی دەدا .

ــ مامۆستا وەرزشوانیش بوو لە بواری بزووتنەوەی لاوان و وەرزشدا لە هەولێر ڕۆلی هەبوو..

ــ لە ساڵی١٩٧٨دا، کە هەڵمەتی داپلۆسێنەرانەی ڕژێمی ڕەفتار فاشی بەعس دژ بە دیموکراسییەت و حزبی شیوعی عیراق پەرەی سەند،مامۆستا ئیسماعیل کۆچی کرد بەرەو ئەڵمانیای دیموکرات،لەوێشەوە دوایی چۆتە وڵاتی جەزائر و بە مامۆستا دامەزراوە.

ــ لە ساڵی١٩٨١ لەسەر بانگەوازی حزبی شیوعی عیراق خۆی گەیاندۆتە شاخەکانی کوردستان و چەکی پێشمەرگایەتی هەڵگرتووە.

٭مامۆستا تاهیر کەریم(ڕەوەند)هاوڕێی دێرینی مامۆستا ئیسماعیل یونس

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ،لەم دواییە لە میانی وتارێکیدا کە لە (ڕێگای کوردستان) بڵاو کراوەتەوە،لەبارەی سەردەمی ماوە کورتی پێشمەرگایەتی مامۆستا ئیسماعیل یونس(هێمن)نووسیویەتی و دەڵێ:" ..لە ساڵی١٩٨١ هاوڕێ مامۆستا ئیسماعیل بۆ کوردستان گەڕایەوەو لە لقی پشدەر بوو بە بەرپرسی سیاسی پەلێکی پێشمەرگەکانی پشدەر،کە بارەگایەکەی لە گۆڕەشێر بوو،مامۆستا هێمن،هاوڕێیەکی نەرم و نیان و هێمن ودەم بە خەندەوپێکەنین و ڕوو خۆش بوو.تووڕەبوونی نەدەزانی،هاوڕێیەکی وریاو نەترس بوو..لە ساڵی١٩٨٢ مامۆستا هێمن بە بەرپرسی سیاسی لقی پشدەر دیاریکراو بۆ بارەگای لقی پێشمەرگەکانی پشدەر گواسترایەوە.بە لێهاتوویی ئەرکەکەی لە ئەستۆ گرت ولەگەل هاوڕێیان تەباو گونجاو بوو،لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پێشمەرگایەتی بە بێ دواکەوتن بەشداری دەکرد"...

ــ زۆر بەداخەوە لە ئەنجامی ڕووداوە شەڕێکی نەخوازراوی دڵتەزێندا لەڕۆژی ٤-١١-١٩٨٣ شەهید دەکرێت.

هەزاران دروود بۆ روحی پاکی،یادی بەخێر..

 

  • 1