لەڕوانگەی چینایەتیەوە
بوون و نەبوونی وەکو یەک وایە
کرێکارێک کاتێ کاری دەست ناکەوێ و هەموو ڕۆژێ لەمەیدانی کاردا دوای چاوەروانیەکی کوشندە و بێ ئومێد ، دەست بەتاڵ دەگەڕێتەوە بۆناو خانەوادەکەی کەچاوەرێی هێزی کاری ئەون تاکو نان و بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکات .
بێگومان ئەم بازاڕ و ژیانە لای ئەو
( بوون و نەبوونی وەکو یەک وایە ) .
کرێکارێکی تر دوای چەند ڕۆژ لە چاوەڕوانی کارێکی دەست دەکەوێت ، بەڵام کاتێکی زۆر کاری پێدەکەن و کرێیەکی کەمی دەدەنێ کە ناتوانێ بەشی لایەنی کەمی ژیانێکی شایستە بکات و کرێی خانو و پێداوویستی خۆراکی و خوێندن و تەندروستی پێ دابین بکات ،
ئەم نیزامی کار و پەیوەندی بەرهەمهێنانە لای ئەوی کرێکار ( بوونی لە لە نەبوونی خراپترە )کاتێک کاری سەخت و پڕ لەزەحمەتی پێدەکات بەڵام زیادەیەی بەرهەمهێنان و بەرهەمی ڕەنج و ماندووبونەکەی بۆ خۆی دەبات .
کرێکارێکی تر دوای چەندین سەدە لەڕزگاربوونی لەکۆیلایەتی کاری ناو ماڵ و بەناچاری و پێوویستی بازاڕی کار ئازادی کارکردنی بەدەست هێنا ، بەڵام
لەم هاتنە مەیدانەدا کاری زۆر و کرێی کەم و جیاواز وهەلومەرجی کارکردنی دژوار و پڕ لەترس و دڵەڕوکێ
و ژیانی پڕ لە کێچەڵ پێکردن و دواتریش گەڕانەوە بۆ ناو خانەی کۆیلایەتیەکی تر کە کارکردن تیایدا بێ سەمەر و بێ بەرامبەرە .
(بوونی ژیان و سیستەمێکی ئاوا لە قورستر کردنی ئەرکی سەرشان و زۆرتر کردنی چەوسانەوەی چینایەتی و ڕەگەزیی هیچیتری لێ بەرهەم نایەت ).
وەک ئەنگلس دەڵێ : لەکۆمەڵگای سەرمایەداریدا
پیاوان لەدەرەوە پرۆلیتاریا و لە ماڵەوە بورژوازن
و ژنان لەماڵەوە و لەدەرەوە پرۆلیتاریا وچەوساوەن .
کرێکارێکی تری بەتەمەن کە عومری جوانی خۆی خستە خزمەتی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەو پێشکەوتنی ژیانەوە بەڵام خۆی لێی بەهرەمەند نیە و لە دواساتەکانی تەمەنیدا هیچ بیمەیەکی کۆمەڵایەتی و بێکاری و ژیاری نیە ،
بەڕاستی( بوونی پرۆسەی کارکردنی لەم شێوەیە لای ئەو بوون و نەبوونی هیچ ماناکایەک نادات بەژیان) و دەبێت لەچاوەڕوانیەکی بێ هودەو بێ چارەنووسدا بژین ).
کرێکارێکی تر کەووڵاتی خۆی بەجێهێسشتووە لەئەنجامی نامۆ بوونی بە زێدی باوبابیرانی خۆی ،
شوێنی کارکردنی کردۆتە نیشتمانی خۆی وەک
کارل مارکس دەڵێ ( کرێکار نیشتمان نیە ) بەڵام کارکردن بۆیان یەکسانە بە نەبوونی و بێ مافی و کێچەڵ پێکردنی نەتەوەیی و ڕەگەزیی لەکاتێکدا
ئەو دەمە ولە ناو ئەم دەسەڵاتەدا هیچ شوێنێک بۆ ئەونابێتە نیشتمان .
کرێکارێکی تری بە ئەزموون و کارامە و خوێندەوار ناتوانێت بەهۆی چوونە سەرەوە ی تەمەنی ئیتر
کار و خزمەتێک پێشکەش بکات یان بە هۆی ڕووداوی کارەوە پەکی دەکەوێت و ناتوانێت بەردەوام بێ لە ناو پروسەی کارو بەرهەمهێناندا ، هیچ دەستەبەرێکی کۆمەڵایەتی و خانەنشینیەکی بۆ دابین ناکرێت
بەدڵنیاییەوە ئەم مۆدێلی حکومڕانەیە بۆ ئەوەی ماندوونەناسی بێ چارەنووس بوونی وەک زیندانێکی هەتاهەتای وایە .
بوونی سیستەمێکی وای پڕ لەجیاوازی چینایەتی بۆ چینی کرێکاران وەک بەڵا وایە
و لە هەمان کاتدا نەبوونی کومەڵگەیەکی سۆسیالیستی بۆ ئەو هەر دەردو بەڵایە .
بۆیە ( بوونی نیزامێکی سەرمایەداری و نەبوونی کومەڵگەیەکی سۆسیالیست بۆ ئەوان وەکو یەک وایە)
هەر بۆیە( مارکس) دەڵێ (کرێکارانی جیهان یەکگرن )
لەهەمانکدا شاعیری چەوساوەکان (قانع) دەڵێ :
با هەموو جووتیارو پاڵە وڕەنجدەران
یەکگرن تا دەبنە هێز وپشتیوان
هەڵگرن پاچ وبێڵ و قەڵەم
هەر لەڕۆشنبیر هەتا شوان وسەپان .
بۆیە ئەرکی یەکەمین و کۆتایی چینی کرێکاران هۆشیاری چینایەتی و یەکڕیزی خەبات و
هەڵگرتنی دروشمی ( مرۆڤ گەورەترن سەرمایەیە )
وتێکۆشانی بۆ ژیانێکی هاوبەشی ئەرکێکی چارەنووس سازو حاشاهەڵنەگرە ، و دەبێت بە هەر قیمەت و جۆرێک بووە ڕیزی چینایەتی خۆیان ڕێکبخەن بۆ پێکهێنانی بزوتنەوەیەکی سەراپاگیری چەوساوەکان لەدنیادا دژی سیستەم و کۆمەڵگەی چینایەتی ئەمە ببێتە ئەرکی سەرەکی و ئەولەویەتی خەباتکردن .
ئەگینا بوونی نیزامی سەرمایەداری و نەبوونی
نیزامی سۆسیالیستی بۆ ئەو وەکویەک وایە .