ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆرن ئەو پەند و ئیدیۆمە كوردییانەی، مێژووی دەركەوتن و سەرهەڵدانییان، بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستاش ڕەهەندی واتاییانەی خۆیان ماوە و دەشێ بۆ هەموو قۆناغ و سەردەمێك بگونجێن و گوزارشت لە دیاردە و كردە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و هزرییەكانی ئێمە بە دیوێكی ناڕاستەوخۆیی واتاییەوە بكەن. یەكێكیش لەو پەندانە ئەوەیە كە دەگوترێت: (كورد زیندووكوژی مردووپەرستە). بەو مانایەی، مرۆڤەكان تا لە ژیاندان، پەراوێز دەخرێن و دژایەتی دەكرێن، یاخود كەس بە سەریان ناكاتەوە، بەڵام هەمان ئەو كەسانە كاتێ دەمرن، ئیدی شیوەن و واوەیلایەكییان بۆ دەكرێت، ئەوسەری دیار نەبێت. بە بڕوای من، ناوەڕۆكی ئەو پەندە، شتێك نییە ڕووكەشانە و بێ بوونی هیچ ئەزموونێكی ژیان لە خۆوە گوترابێت. بەڵكو بە كردەیی، ڕوویداوە و تا كوردیش ماوە هەر ڕوودەدات. لێرەوەشە كە دەگوترێت مردووپەرست و زیندووكوژین، واتا بۆ هەموو سەردەم و قۆناغێك دەشێ وابین و گومانیشی تێدا نییە كە واین. ئەمە دروست بەرانبەر وەرگێڕ و نووسەری دیار (عەزیز گەردی) كرا. كە لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، بە داخەوە كۆچی دوایی كرد. ئەم نووسەرە، بەو شێوە ژیانە تایبەتییەی هەڵیبژارد و لە سەری ڕۆیشت، هاوكات بە بەرهەم و وەرگێڕانە جوانەكانی، بووە ناوێكی دیار و ئاشنای نێوەندی ئەدەبی كوردیی و هەر كەسێك كتێب بناسێت، دەبێ گەردیش بناسێت و ناوی بیستبێت. بە تایبەتیش لە ڕێگەی شاكاری داغستانی منەوە. گەردی تا مرد، تەنیا و گۆشەگیر، لاتەریك و دوور لە هەرا و زەنای ڕووكەشانەی نێوەندی ئەدەبی كوردی ژیا و هەموو تەمەنی خۆی بۆ كتێب و پەیڤ و نووسین تەرخانكرد و كتێبی كردە شوێنگرەوەی هەموو شتێكی ژیانی خۆیی و تەنیا بۆ كتێب و خوێندنەوە ژیا. ئەوەی ئەوەندەی تریش ئەو نووسەری گەورە و خۆشەویست و ڕێزلێگیراوتر كرد ئەوە بوو، كە هەتا مرد كتێبی و شوناسی ڕۆشنبیریی و ئەدەبییانەی خۆی، بە هیچ شتێك نەگۆڕییەوە و مەزنایەتی خۆی نەكردە قوربانی پارە و پۆست، وەك ئەوەی خولیای بەشێكی هەرە زۆری نووسەرانی ئێمەیە و هەر ڕۆژە و قەڵەمەكەیان لە شوێنێكە و بیرو بڕواشیان هی حزبێكە. لە كاتێكدا ئەو مرۆڤە مەزنە، بە هۆی ناوبانگی و خزمەتەكانی لە بواری نووسین و زمانی كوردییەوە، هەر شتێك مەبەستی با، دەیتوانی داوای بكات و بۆشی جێبەجێ دەكرا. بەڵام تا مرد، گۆشەگیریی و ژیانی تەنیاییانەی خۆی لە ناوچەیەكی لاتەریك و لەگەڵ كتێبدا، نەگۆرییەوە بە هیچ شتێك. ئەو نووسەرە تا لە ژیان دابوو، گومان دەكەم خزمەتێكی ئەوتۆی كرابێت، دە ساڵ و بیست ساڵیش دەبێت، نووسینی نووسەرێكم نەكەوتۆتە بەرچاو، كە ستاییشی گەردی و كارەكانی بكات، یاخود ڕێزی لێبنێن و بە سەری بكەنەوە. بە پێچەوانەوە، بگرە دژایەتیشی كراوە، وەك ئەوەی خۆی باسی دەكات و لە پەراوێزی نووسینی چەند نووسەرێكیشەوە، ئەو ڕاستییە باسكراوە. دەی باشە كێ دژایەتی كردووە؟ بێگومان هەر نووسەران و ڕۆشنبیران خۆیان بوونە. كەواتا ئەو شین و لاوانەوەیە كە بۆ مەرگی لەلایەن نووسەرانەوە، كە ڕەنگە تیایان دابێت یەك كتێبی ئەو وەرگێڕەشی نەخوێندبێتەوە دەكرێت، جگە لە دووڕوویی، خۆهەڵخەڵەتاندن و ڕووكەشگەرایی هیچی تر دەگەیەنێت؟ ئەوانەی ئێستا بە نووسەران و وەزارەتی ڕۆشنبیریی و دامودەزگا حكومی و نێوەندەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، بە شان و باڵی گەردی هەڵدەدەن و پێشتریش هەمان شتیان بۆ مارف عومەر گوڵ كرد، تا ئێستا لە كوێ بوون و بۆچی ستایشی كارەكانی عەزیز گەردییان نەدەكرد و لە سەر بەرهەمەكانی نەیاندەنووسی؟ بۆ پەیكەرێكییان بۆ دروست نەكرد؟ بۆ خەڵاتێكی ساڵانەیان لە بواری وەرگێڕاندا بە ناوییەوە نەكرد؟ بۆ هۆڵێك و نێوەندێكی زانكۆیان بە ناو نەكرد؟ بۆ ئەوەی تا لە ژیان مابوو، بە چاوانی خۆی ببینێت كە ڕێز لە ماندووبوونی فەرهەنگییانەی نراوە و ڕوحیشی ئاسوودە بێت. ئیدی ئەو شینگێڕانەی دوای مەرگ، نە مانا، نە بەهای هەیە و بگرە بە شتێكی زۆر بێ ماناشی دەبینم. هیچ كەسێك پێویستی بەوە نییە، دوای مەرگی بلاوێنرێتەوە، چونكە خۆی نەماوە تا ئەو نرخاندنە بببینێت. كەواتا دوای مەرگیشی نە پێویستە، نە هیچ جوامێریێكی تێدایە. ئاخر كورد لە خۆڕا، ئەو هەموو پەند و سەربوردە و ئیدیۆمانەی لە بارەی مردن و ژیانی كەسەكانەوە دانەهێناوە ئەگەر نەزانێت حیكمەتێكییان تێدایە. گەردی پێویستی بە شینی ئێوە نییە، خۆی و بەرهەمەكانی ناسنامەن بۆ ئەو و ئەگەر بە جەستەش نەمابێت، بەڵام بە كتێب و بەرهەمەكانی، هەمیشە لە نێو هزر و بیری خوێنەران دایە، بۆیە باشترە واز لەو دووڕووییە بێنن!

 

  • 1