ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەتوارەکانی دەسەڵاتی هەرێم خۆیان دەدوێن و پێمان دەڵێن ئەو دەسەڵاتە شکەستخواردوە بێ نمونەیە  ماوەی مانەوەی بەسەرچووە.

-سیاسەتی دیکتاتۆرانە سیاسەتێک نیە بە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە تایبەت عیڕاق نامۆ بێت، بگرە ئەو جورە سیاسەتە  لە ڕێگەی، کوشتنی بە کۆمەڵ و ترساندن و تۆقاندن و پەتی سێدارە و ڕاگواستن و شەق وەشاندن پیادە دەکرا.

-میللەتی کوردستان  دەتوانم بڵێم لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و دنیاش گەورەترین زیانبەخش و قوربانیدەری ئەو جورە  سیاسەتە چەوتە بووە.

بۆ ئەوەش دەیان و سەدان نمونەی کاراساتی مێژوویی و جەرگبڕی زەقمان هەیە کە تەنانەت هەموو جیهان لێی ئاگادارە کەچی دەسەڵاتی هەرێم قوربانی و دەسکەوتەکانی میللەتیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار هێنا.

-دوای ڕوخانی ڕژێمی شۆڤینی  سەدام و دار و دەستەکەی، سەرەڕای ئەوەی  لەو هەرێمۆکەی کە بە دەستی دەسەڵاتداران کراوەتە بوکەڵە و دەروجیران و وڵاتانی زلهێز‌ وەک پشکە گۆشتی بەردەم پشیلە  هەڵیدەسوڕێنن، هێشتا میللەتی باشوری کوردستان دڵی  بە بوونی حکومەتێکی خۆماڵی  و پەرلەمان و دادگا و ئاسایش و هێزە چەکداریە وڵاتپارێزەکان خۆش بوو.

وەلێ بەداخەوە ئەو دڵخۆشیەیان زۆری نەخایەند و هەم دیسان بونەوە پاروی گەرووی دەسەڵاتێکی مشەخۆری زۆرداری خۆماڵی.

 سەرانی ئەو دەسەڵاتەش وەک ئەوەی هەنگوینیان لە داردا دۆزیبێتەوە  و هەرچی ماڵ و سەروەت و کەرامەتی میللەت هەبوو لە سەر خۆیان تاپۆ کرد و میللەتەیشیان بە دەست بەتاڵی هێشتەوە!

-ئیتر شەرمە بۆ هەر حزب و لایەنێک وکەسانێک کە خۆیان بە ڕۆشەنبیر و ڕۆژنامەنووس دەزانن،  بە  فڵچەی ڕەنگ هەوڵی سەر و سیما تۆخ کردنەوەی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی هەرێمی کوردستان بکەن  و  چەتەگەریەکانیان بە قسەی ناواقعیانە دیزە بە دەرخۆنە بکەن.

 -هەموو دیمەنە دڵتەزێنەکانی شکاندنی کەرامەتی خەڵکی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە لە چەنگ چەتەوڵەکانی دەسەڵاتی هەرێم پێمان دەڵێت مێژوو هەندێ جار پڕ بە پێستی خۆی، خۆی دووبارە دەکاتەوە..!

ئەم دیمەنە قێزەوەنانەی دەسەڵاتی هەردوو زۆنی  هەرێم کت و مت لە دیمەنە تۆقێنەرەکانی جەلادەکانی بەعس دەچێت!

ئەوەش پێمان دەڵێت، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئەخلاقێکی مرۆیی داشۆراوە، تاکە ڕێگا کە بە دەستیانەوە ماوە بۆ درێژەدان بە حکومڕانی شکەستخواردوویان شەق وەشاندن و زیندانی کردن و لە ناوبردن و  پەرتەوازەکردنی  ئەو خەڵکە دڵسۆزانەیە  کە بوێرانە پارێزگاری لە کەرامەت و  مافەکانی خۆیان و خەڵک دەکەن و تێدەکۆشن بۆ وەدیهێنانی ژیانێکی خۆشگوزەران.

-ئەو کردارە ناڕەوایانەی  دەسەڵاتی هەرێم بە هەردوو زۆنەوە بۆ  تۆقاندن و ترس  و بێ دەنگ کردنی خەڵکە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ کە  کۆتایی هێنانە بە خۆیان و حکومداریەتیە چەقبەستوە بێ کەڵکەکەیان،  ئەوەش ئاشکرایە  لە ڕابردوو مێتودی چەتە بەعسیەکان بوو بۆ هەمان مەبەست و لە کۆتایش چوونە زبڵدانی مێژووەوە.

  • 1