ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وتەبێژی حكومەتی ھەرێم بێ هیج پێچ و پەنا ڕایگەیاند،( موچە پاشكەوتكراوەكانی مووچەخۆران لای ئێمە نییەو لای بەغدایە).

سەرەتا دەڵێم ئەمە یەکەمجار نیە ئەم وتەبێژە ،نابەرپرسانە لێدوان دەدات ،جا بۆ ئەوەی چیتر ئەو شێوە لێدوانە نادرووستانە دووبارە نەكاتەوە بەپێویستم زانی لەوبارەیەوە سەرنج و تێبینی خۆم بخەمەڕوو.

ماف و ئیمتیازاتی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان بەیاساو ڕێساكان ڕێكخراوە، لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وە ھەرێمی كوردستان دابڕاوە لە حكومەتی بەغدا، مووچە خۆرانی ھەرێم لە بارودۆخێكی نائاسایدا بەسەختی قبوڵێ دۆخەکەیان کرد ، کە لە قوناغی دەسەڵاتی بەرەی كوردستانییەوە تا ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان و دەستبەکاربوونی یەکەم حكومەتی ھەرێم بەردەوام بوو.

بەپێی بریاری نەتەوەیەكگرتوەكان، لە پارەی نەوت بەرانبەر خوراك،پشكی ھەرێم دیاریكرا، بەپێی ئەو پشكەو هەروەها داھاتی ناوخۆێی ،سەرەڕای شەڕی نەگریسی پارتی و یەكێتی و دووئیدارەیی، توانرا كاروباری حوكمڕانی و مووچەی مووچە خۆران دابین بكرێت و كێشەی خزمەتگوزاری چارەسەر بكرێت. لەو سەردەمەدا بارودۆخی خەڵك لەھەموو ڕوویەكەوە بە بەراورد بە ئێستا زۆر باشتربوو ، كێشەو گرفتی ھاوڵاتیان كەمتر بوو.

ئیدارەدانی حوكمڕانی هەرێم بەو شێوەیە بەڕێوە دەچوو تا پرۆسەی ڕووخانی ڕژێم،لەوە بەدواوە بەپێی ڕێككەوتنێكی ھەرێم و بەغدا بڕیار لە سەر تەرخان کردنی ڕێژەی ١٧٪ی بودجەی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان درا، بەفرۆكە ئەو پارەیە دەگەیشتە ھەرێم و لەنێوان ھەولێرو سلێمانی دابەش دەكرا، سەرەڕای گەندەڵی و دزی و بەهەدەردان و دامەزراندنی سوپایەك كادرو لایەنگری ھەر دوو حیزب لەسەر ئەو پارەیە،سەرەڕای ئەمانە هەست بە بوژانەوەیەك لەھەرێم دەکرا، لەگەڵیدا ژیان و گوزرانی خەڵكەكە ھەنگاوی باشی بەرەو پێشەوە هاوێشت،هەروەها مووچەی مووچە خۆران لە كاتی خۆێ دا خەرج دەكرا.

ئەم پرۆسەیە بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠١٤ ، پاش ئەوە لە ئەنجامی بریاری دەسەڵاتداران بۆ دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت لەژێر پاساوی ئابوری سەربەخۆدا، پەیوەندی بەغداو ھەرێم تێكچوو .

لەوکاتەدا دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەرۆكایەتی ھەرێم و حكومەت و بەتایبەتی وەزیری سامانە سروشتییەكان، داوایان لە خەڵكی كوردستان كرد بۆ ماوەی ساڵێك خۆیان ڕابگرن ،گوایە لە كۆتایی٢٠١٥ ھێچ پێویستییەكمان بە بەغدا نامێنێ.

پاشان چی ڕوویدا؟

حكومەتی ھەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و ڕای گشتی، بریاری پاشەكەوتی مووچەی دا،لەولاشەوە شەڕی داعش یەخەی گرتین ، ھاتنی ئاوارە، دابەزینی نرخی نەوت ئەوەندەی تر ئێدارەی ھەرێم کە خۆی لەبنەڕەتدا لەرزۆک بوو شلۆقتركردو ژیان و گوزرانی خەڵك خراپترو سەختتر كرد.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و بەرپرسان دەیان جار لێدوانیان دەدا كە ئەوپارەیەی پاشەكەوت كراوە قەرزە لامان و یەك فلسی نافەوتێت.

لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند كە پارەی پاشكەوتی مووچە ئەوان بەرپرسیار نین بەڵکو كابینەی پێشوو بەر پرسە لێی ، دواتریش لەوتەو لێدوانێكی تردا ھەڵیدایە سەر بەغدا، ئەوەبوو پەرلەمانتاران و سیاسییەكان و نووسەران و یاساناسان و زۆربەی مووچە خۆران ھاتنە دەنگ و هەموو ئەو قسانەیان ڕەتكردەوە .

ئەم كابینەیش دەستەواژەی بڕینی مووچەو نیوە مووچەو خۆگوجاندنی بەرھەم ھێناو دونیایەك مافی مووچە خۆرانی زەوتكرد، ئەمە جگە نەمانی پلە بەرزکردنەوەی موچەخۆرانی مەدەنی کە مافێکی سروشتی خۆیانە.

لەكاتێكدا بەر پرسانی ئەم كابینەیە لە بەرنامەی ھەڵبژاردن و لە ڕاگەیاندنەكانەوە بەڵێنی گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەییان بەگوێی مووچە خۆراندا بەرزكردەوە و ماوەیەكێش بێدەنگیان ھەڵبژاردو باسیان نەكرد، كە چی لەم ڕۆژاندا جاریكی تر وتەبێژی حكومەتی ھەرێم ڕایگەیاند كە پاشەكەوتی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لای حكومەت نییەو بەغدا بەر پرسە لە گێڕانەوەی، ئەرێ بەڕاست ئەم وتەبێژەو بەرپرسانی ئەم كابینەیە بەكام ویژدانەوە و بەكام یاسا و لە ڕێگای كام پەیوەندییەوە مووچە خۆران بەرەو بەغدا ئاراستە دەكەن تاكو مافەكانیان وەرگرن؟ ئەرێ ئێوە کە پشكتان لە بەغدا ھەیە، شەڕی پلەو پۆست دەكەن یاخود داكۆكی لە مافەكانی خەڵك دەكەن؟ ئێوەن کە مووچەتان بڕی نەک بەغدا ،خۆ گەر لای بەغدایش بێت ئێوە بەرپرسن لە گەڕانەوەی نەک مووچەخۆر، خۆ ناکرێت مووچە خۆرانی ھەرێم ڕێگای بەغدا بگرن.

حکومەتی ڕاستەقینەو دڵسۆز خۆی لەبەرپسیارێتی و ئەرکەکانی نادزێتەوە، بەدیهی یە هەموو حکومەتێک میراتگری حکومەتەکەی پێش خۆیەتی، حکومەتی عێراق لەدوای ڕوخانی ڕژێم بەعسیش هەموو ساڵێک پارەی تەرخان کراوی بۆ قەرزە دەرەکی ناوەکییەکانی حکومەتی بەعس تەرخان دەکرد، بۆنمونە هەر لەم ساڵانەدا زیاد لە پەنجا ملیار دۆلار بەتەنها قەرەبووی کوێتی کردەوە.

بەڵام ئەمانەی لای خۆمان لەبەر ئەوەی عەقڵیەتی دەوڵەتداریان نییە ،بێ شەرمانە لە ئەرکە یاساییەکانیان بەرامبەر فەرمانبەرانی بەناو حکومەتەکەیان خۆیان دەدزنەوە.

حکومەتێک نەتوانێت بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت و بە پاساوی بێ مانا خۆی لە ئەرکەکان بدزێتەوە ،ئەوە حکومەت نیە بەڵکو بەڵایەکی ناشیرینە بەسەر هاوڵاتیانەوە،بۆیە گوڕانكاری باشترین چارەسەرە.

  • 1