ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شەڕی ڕوسیا و ئوکراینا بەردەوامە. ووڵاتانی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی گشتی پاڵپشتی ئوکراینا دەکەن، هەر بۆیە ڕەنگدانەوەی ئەو شەڕە لە ووڵاتانەدا زیاتر دیارە لە چاو ووڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ووڵاتانی ڕۆژئاوا (بە گشتی ناتۆ) بەردەوامن لە ناردنی چەکی نوێدا بۆ حوکمەتی ئوکراینا، هەرچەندە تا ئێستا ئەو ووڵاتە سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە و بەردەوام هاوڵاتیەکانی ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە. بێجگە لە چەك، ناتۆ بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی چەکی پڕوپاگەندەیی جیاواز بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی بەلا خۆیاندا و تۆمەتبارکردنی ڕوسیا. بە ڕادەیەك هەرکەسێك ڕەخنە لە سیاسەتی ناتۆ بگرێت (کە زیاتر وەك بەنزین کردن وایە بە ئاگردا) و پشتگیری لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە و شەڕ ڕاگرتن بکات، ئەوا وەکو مرۆڤی پوتینی (سەر بە پوتین) ناو دەبرێت.

قەیرانی گەنم، یەکێکە لەو چەکانەی کە دژ بە ڕوسیا بەکاردەهێنرێت. بە لای پڕوپاگەندەچیەکانەوە، کەم بوونەوەی گەنم لە بازاڕەکانی جیهاندا و بەرز بوونەوەی نرخی ئەو پێداویستیە سەرەکیە وەك تۆمەت دەخرێتە ئەستۆی ڕوسیا. پڕوپاگەندەچیەکان ئوکراینیان وەك بەرهەم هێنەرێکی گەورەی گەنمی جیهانی دەخەنە ڕوو. بەلای ئەوانەوە، ڕوسیا ڕێدەگرێ لە بردنە دەرەوەی گەنم و دانەوێڵەکانی دی ئوکراینا، ئەمەش هەژاریەکی بێ سنوور لە ووڵاتانی ئەفریقادا بڵاو دەکاتەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەن هاوڵاتیانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بتۆقێنن بەوەی کە ئەنجامی ئەو هەژاریە، ژمارەیەکی ترسێنەری پەناهەندە ناچار دەکات لە ئەفەریقاوە ڕووبکاتە وووڵاتەکانیان. بەڵام ئایا ئەو بۆچوونە ڕاستیی تێدایە؟

ڕوسیا لە ٪١٠ی گەنمی جیهانی بەرهەم دەهێنێت. ئوکراینا تەنها لە٪٤ گەنم و لە٪٣ گەنمەشامی. بەرهەم هێنانی دانەوێڵە لە جیهاندا دەگاتە نزیکەی ٢،٨٠٠ (دوو ملیار و هەست ملیۆن تەن). ئەو ووڵاتە سەەرکیانەی کە لە بازاڕەکانی جیهاندا دەفرۆشن، ڕوسیا، کەنەدا، ئەمەریکا و ئۆسترالیایە. هەموو ئەو ووڵاتانە بە ئاسانی دەتوانن کێشەی کەمبوونەوەی دانەوێڵە لە جیهاندا چارەسەر بکەن، بێگومان یەکێتی ئەوروپاش بەهەمان شێوە هیچ کێشەیەکی نیە. ئوکراینا تەنها نزیکەی ٣٠ ملیۆن تەن دانەوێڵەی لە سنوورە دەریایەکاندا ڕاگرتووە. واتە لە سەر ئاستی جیهانی، بەرهەمە دانەوێڵەییەکانی ئوکراینا زۆر کەمە و هەرگیز نابێتە بڵاوبوونەوەی هەژاری.

بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە و وزە بە گشتی، پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە شەڕەوە نیە. بە پێچەوانەوە،نرخی وزە لە پێش شەڕدا بەرز بۆووە. لەم بارو دۆخەدا، ئەوەی کە مرۆڤایەتی بەرەو هەژاری دەبات کەمبوونەوەی دانەوێڵە نیە، بەڵکو بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵەیە. ئەم گەمەیەش کاری مرۆڤ و ڕێکخراوە جیهانیە بێ ویژدانەکانە. ئەوانەی کە تەنها دەڕواننە بەرژەوەندی خۆیان. ئەوانەی وەکو دڕندەی برسی چاوەڕێی هەلێکن بۆ گیرفان پڕکردن.

لە ڕاستیدا ئەمڕۆ، کەسان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان لە بوارە جیاوازەکاندا هەوڵ دەدەن نرخی بەرهەمەکانیانبەرزبکەنەوە بە بێ هیچ هۆیەک. بەرزبوونەوەی نرخ بە گشتی ڕاستەوخۆ کاریگەرە لەسەر هاوڵاتیان، چونکە هاوکێشەیەکی ئۆتۆماتیکی نیە کە کاتێك نرخ بەرز دەبێتەوە موچەش بەرز ببێتەوە. ئەم کارە هەژاری دروست دەکات، خێزانەکان وا لێدەکات کە ڕێڕەوی ژیانیان بگۆڕن و لەسەر ئاستی نرخ بەرزبوونرەوە دابینی بکەن.

گەر حوکمەت و دەستەی دەسەڵات ڕەچاوی بەرزبوونەوەی نرخ و کێشەی هەژاربوونی هاوڵاتیەکانیان نەگرنە ئەستۆ، شێوازی پێکەوە ژیانی کۆمەڵیەتیش تێک دەچێت. بەرزکردنەوەی نرخی پێداویستی سەرەکی پێویستە لە لایەن دەسەڵاتە هەمیشە لەژێر چاودێریدا بێت.

بەرژەوەندی گشتی دەبێت پێش بەرژەوەندی تایبەت بێت.

 

 

 

  • 1