ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شوێنەواری بەکراوا دەکەوێتە نێوان هەڵەبجە و دەریاچەی دەربەندیخان. لەو شوێنەدا مرۆڤ لە سەردەمی چاخی برۆنزەوە واتا ٣٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین (سەردەمی ئەکادیەکان) تا هاتنی ئیسلام لە بەکراوا نیشتەجێ بووە. شوێنەوارەکە لە قەڵاتێک و لادێیەکی دەوری قەڵاتەکە پێکدێت. بۆ یەکەم جار هەڵکۆڵین لەلایەن دەزگەی شوێنەواری عێراق لە بەکراوا، لە ساڵی ١٩٦٠ کراوە. دواینیشیان زانکۆی هایدڵبێرگی ئەڵمانیا بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر پ. میگلوس لە ساڵی ٢٠١٤ کراوە. لەو گەڕانەی دواییدا سەروو ٢٠ هەزار پارچە ئێسکی ئاژەڵان دەرهێنران. تیمەکەی ئەڵمانیا ڕاپۆرتێکی خۆیان سەبارەت بە دۆزینەوەکانی بەکراوا بۆ توێژینەوە لەو ئێسقانانەی ئاژەڵان، لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاو کردووەتەوە.

لە میانی هەڵکۆڵینەکانیاندا، دوو چاڵیان لێداوە و بە پێی تەمەنی هەر چینێک، چینەکانیان بۆ سێ چین دابەشکردووە. یەکەمیان سەردەمی ئەکادی نوێ (١٦٠٠-١٢٠٠ پ.ز)، دووەمیان سەردەمی ئەکادی ناوەند (٢٠٠٠-١٦٠٠ پ.ز)، ئینجا سەردەمی ئەکادی کۆن (٣٠٠٠-٢٠٠٠ پ.ز). لە چینی ئەکادی کۆندا بڕی ١١٧٨ پارچە ئێسقان دەرهێندران، ٦٧٪یان دەستنیشان کران بۆ کام جۆری ئاژەڵ دەگەڕێنەوە. زۆربەی هەرە زۆریان ئێسقانی شیردەرەکان بوون، تەنیا ٣ ئێسقانیشیان هی باڵندە بوون. لەوانەیە ئێسقانی مریشکی ماڵیی بووبن، هەشیانە ئێسقانی کەڵەشیری مل زەردی کلک ڕەشە (لە کوردەواریدا باوە). بەپێی قەبارەی ئەو ئێسقانانە بێ، دەبێ جۆری مریشک و کەڵەشیری ئەوکاتە لەوانەی ئێستە گەورەتر بووبن.

بە شێوەیەکی گشتیی، ٩٢.٩٪ ئێسقانی ئاژەڵی شیردەر بوون. ٦٥٪ یشیان ئێسقانی بزن و مەڕن و بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشتەکەیان ماڵیی کراون. هەشیانە ئێسقانی وڵاخ، کەر و سەگن. لە دۆزینەوەکاندا ئەوە دەرکەوتووە خواردنی گۆشتی بەراز تا سەردەمی ئەکادی نوێ لە بەکراوا نەبووە. شوێنەواری بڕینی گۆشت و لێکردنەوەی بەسەر ئێسقانەکانەوە ماوە، وا دیارە بەشی هەرە زۆری بۆ برژاندن بووە. کەمێکیشی هەیە کوڵێندراوە و خوراوە. زۆر جاریش، بۆ دەرهێنانی مۆخی ناو ئێسقانەکان بە درێژی شکێندراون.

لە سەردەمی ئەکادی کۆندا مەڕ و بزن ٦٥٪ی ئێسقانەکان بوون. دواتر بۆ ٥٠٪ لە سەردەمی ئەکادی نوێ کەمی کردووە. لەو نێوانەدا لە بەکراوا بەراز و وڵاخ ماڵیی کراون و بوونەتە بەشێک لە ئابووری ئاژەڵداریی. لەهەمان ماوەدا، بەراز لە ١٤٪ بۆ ٣٠٪ بەرز بووەتەوە. زۆربوونی بەراز لە ناو ئاژەڵی ماڵییدا وەرچەرخانێکی گەورەیە. چونکە بەراز ناتوانێ وەکو ئاژەڵەکانی دیکە ماوەی درێژ بڕوات، بۆیە دانیشتووانی بەکراوا لە ژیانی کۆچەری و گەڕاندا بۆ نیشتەجێی هەمیشەیی گۆڕاون.

مەڕ، بزن و وڵاخ ساڵانە جارێک لە بەهاراندا دەزێن، بەچکەکانیان دوای ماوەیەکی کورت دەتوانێ پشت بە خۆی ببەستێ و بڕوا. کەواتە ئەو ئاژەڵانە لەگەڵ سروشتی کۆچەرییدا گونجاون. مەڕوماڵات چەندین جۆری گژوگیا دەخۆن و بێ ئاوی پاکیش هەر دەتوانن بژین. ئابووری کۆچەرانی بەر لە بەکراوا پشتیان بەو جۆرە ئاژەڵانە بەستبوو. بە ماڵییکردنی بەراز ئەو جۆرە ژیانە دەبوایە بگۆڕێ. یان دەکرێ بڵێین، لەو کاتەی ژیان بۆ نیشتەجێی هەمیشەیی گۆڕاوە، بەرازیش ماڵیی کراوە.

لە سەردەمی ئەکادی کۆندا، سروشتی ژیانی کۆچەریی ئەوەبوو پەراسووی بن مل زۆرتر دەخورا و خواستی لەسەر بوو. دۆزراوەکانی ئێسقانەکانی پەراسووی پشت دوو ئەوەندەی ئەوانەی بن مل بوون، بە واتای ئەوەی پەراسووکانی بن مل ورد کراون و بە کارهاتوون. کەچی ئەو جیاوازییە لە سەردەمە نوێیەکاندا بە دی ناکرێت، کەواتە خەسڵەتەکانی ژیانی کۆچەریی لە بەکراوا، بەرەو نەمان چووە. بەڵگەیەکی دیکە ئەوەیە لە کۆمەڵگە کۆچەرەکاندا مەڕوماڵاتی تەمەن کەم دەکوژرایەوە و دەخورا، چونکە مەبەست دەستکەوتنی گۆشت بووە، لایان مەبەست نەبووە ئەو ئاژەڵە وەچەیان بۆ بخاتەوە و مێگەل گەورە بێ. لە نیشتەجێی بەکراوا بە دەرکەوتنی بەراز و وڵاخ، ئەوە گۆڕاوە.

بەراز لە ساڵێ یەکەمی ژیانیدا گۆشتی زۆرە. هەرچی مەڕوماڵاتە وانییە. بەکراوا سوودی لە گۆشتی بەراز وەرگرتووە بۆیە کوشتنەوەی مەڕوماڵات لە ١٥٪ لە سەردەمی ئەکادی کۆن بۆ تەنیا ٦٪ لە سەردەمی ئەکادی نوێ کەم بووەتەوە. بەچکەکان گەورەدەکران و سوود لە خوری و شیرەکەی وەردەگیرا، ئەوەیشیان بەڵگەی گۆڕانی کۆمەڵگە و ئابووری بەکراوایە لە کۆچەری بەرەو نیشتەجێی هەمیشەیی.

ڕێژەی کەمی ئێسقانی ئاژەڵی کێوی لە بەکراوا ئەوە نیشان دەدات، دانیشتووانەکەی بۆ ژیانی ڕۆژانەیان پشتیان بە ڕاوکردن نەبەستووە. ئەو سەردەمە مرۆڤ بەرەو نیشتەجێی هەمیشەیی و جێگیر چووە. تەنانەت ماڵییکردنی مریشک و باڵندەی دیکە هەر لەو سەردەمەدا لە میزۆپۆتامیادا دەرکەوتووە. بەڵگەی لەوە کۆنتر تەنیا لە یەک شوێن لە سوریا و شوێنێکی دیکە لە بەشی ئەوروپای تورکیای ئێستەدا دۆزراونەتەوە.

سەرچاوە:

http://www.anthropology.uw.edu.pl/09/bne-09-01.pdf

  • 1