ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی حەوتەم

كاتێك كۆنگرەی چوارەمی حزب لە پایزی 1985 لە خواكوڕك سازدرا، هاوڕێ حەیدەر لە گرتوخانەی ئەڤینی ئیران بوو، و لە ژێر ئەشكەنجە ژیانی تەنیایی بەسەر دەبرد، هەواڵ و دەنگ و باسی نەبوو، بەڵام سەركردایەتی حزب ئاگاداری خوڕاگری و بەرگری هاوڕێ حەیدەر بوو، كەیسش نەیدەزانی ئاخۆ هاوڕێ حەیدەر چی بەسەر دادێت، ئایا ئازاد دەكرێت یان شەهید دەبێت و نهێنیەكانی حزب لەگەڵ خۆیدا دەباتە ژێر زەوی! لە هەر كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی حزیدا ئەگەر باس لە گیراوەكانی حزبمان بكرایە ئەوە باسی هاوڕێ حەیدەر و خۆڕاگری دەخرایە ناو بابەتەكان و بەڕێزەوە ئازایەتی و خۆڕاگیری و پاراستنی نهێنییەكانی حزب لە لایەن هاوڕێ حەیدەرەوە هاوڕێیان گفتوگۆیان دەربارەی دەكرد. هاوڕێ حەیدەر كاتێك دەستگیر كرا كادیرێكی پێشكەوتووی حزب بوو، لە كۆنگرەی چوارەمی حزب هاوڕێ حەیدەر بووە ئەندامی سەركردایەتی حزب و وەكو رێزلێنانێك لە ئازایەتی و خۆڕاگیری و بەرگری و پاراستنی نهێنیەكانی حزب، ئەم هەنگاوە و بڕیارەی كۆنگرەی حزب جێگای رەزامەندی هاوڕێیانی حزب بوو، بڕیارەكەی كۆنگرەش ئاماژەیە بۆ ئەوە كە حزبمان هاوڕێیانی بەردەوام لە یادە چ ئازادبن یا لەژێر ئەشكەنجە و دەستبەسەری بن، لە ژیان بن یان شەهید بن، بە نەمری لە دڵ و دەرونی هاوڕێیانی حزب دەمینێنەوە.

ئازادبوونی هاوڕێ حەیدەر

دوای پێنج ساڵ بەسەربردن لە گرتوخانەی ئەڤین و سێ ساڵ و سێ مانگ لە ژووری تەنیایی و چاو بەستنەوە و ئەشكەنجەدان بوو، حكوومەتی ئێران بڕیار دەدات كە هاوڕێ حەیدەر ئازاد بكرێت لەبەر ئەوەی نەیانتوانی تۆمەتەكانی لەسەریان گیراوە بیسەلمێنن و هاوڕێ حەیدەر وەكو شاخ، وەكو پۆڵا لە بەرانبەر هەموو جۆرە ئازارو ئەشكەنجەیەك نەچەمایەوە و بەرگەی گرتبوو، لە كاتی ئازاد كردنیدا لێی دەپرسن ئەوە ئازاد كرای بۆ كوێ دەچیت، لە وەڵامە هاوڕێ حەیدەر داوا دەكات بۆ راژانی رەوانە بكەن بۆ لای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، داوایەكەی جێ بەجێ دەكرێت و بەرەو گوندی راژان بەرلێدەگرێت، و هاوڕێ حەیدەر بەبێ گیروگرفت دەگاتە شوێنی مەبەست و یەكسەر بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دەچێت، هاوڕێ حەیدەر لەلایەن برادەرانی پارتی و بەرپرسەكانی ناسراوبوو، هەروا ئاگاداربوون كە هاوڕێ حەیدەر گیراوە و ئەشكەنجە و ئازاری زۆر دراوە و خۆڕاگربووە، بۆیە برادەرانی پارتی بەگەرمی و گوڕی و رێزەوە پێشوازی لێدەكەن و لە باوەشی دەگرن و هەواڵی ئازادبوونی هاوڕێ حەیدەر وەكو بروسكە هەوری بەهاران بڵاو دەبێتەوە، بەرپرسەكانی پارتی بە بروسكە ئاگاداری مەكتەبی سیاسی حزب دەكەن و ئاگاداری دەكرێن كە دوای پێشودانی هاوڕێ حەیدەر بۆ لای مەكتەبی سیاسی حزب لە خواكوڕك رەوانە دەكەن. دوای حەسانەوە و پشوودانێكی پێویست هاوڕێ حەیدەر داوا دەكات بۆ ناوزەنگ رەوانەی بكەن بۆ بارەگای حزب، ئەنجا بردەرانی پارتی ئاگاداری هاوڕێ حەیدەر دەكەن و دەڵێن، بارەگای حزبتان لە ناوزەنگ و نۆكان و پیشت ئاشان نەماوەو هەمووی داگیركراوە و سوتێندرایە لە لایەن یەكێتیەوە، ئەوكاتە هاوڕێ حەیدەر دەزانێت چ روویداوە و چ كارەساتێك تووشی حزب و پێشمەرگەكانی هاتووە، بەو دەنگ و باسە تووشی شۆك و سەرسامی و دڵتەنگی دەبێت و فرمێسكی خەمباری بۆ هاوڕێیانی بەناحەق شەهیدكراو دەبارێنێت و،دەڵێت خۆزگەمنیش شەهید بوومایە نەك ئەم هەواڵەم بزانیبایە كە پێشمەرگەی حزبمان بە تەقەمەنی رژێمی بەعس و بەدەستی پێشمەرگەی یەكێتی شەهید بكرێن..!! دوای ئەو هەواڵە بێزاركارو پڕئێش و ئازارە هاوڕێ حەیدەر بەرەو بارەگای حزب لە ناوچەی خواكوڕك بەرێدەكرێت و بەبروسكەش ئاگاداری سەركردایەتی حزب دەكەن كە هاوڕێ حەیدەر بەرەو خواكوڕك رەوانەكراوە.

هاوڕێ حەیدەر گەلێك بەپەلە دەبێت بۆ گەیشتن بە هاوڕێیانی بارەگای حزب، تامەزرۆی دیدارو بینیی هاوڕێیان دەبێت و بیردەكاتەوە چۆن هاوڕێیان لە باوەش بگرێت و تێرتێر هەموویان ماچ بكات، كە لەیەكەم بارەگای حزب نزیك دەبێتەوە و كەروباری هاوڕێ حەیدەر بەدیار دەكەوێت هاوڕێیان هەر هەموویان بە پیریەوە دەچن بەرێزەوە دەوەستن و یەك یەك هاوڕێ حەیدەر لە باوەش دەگرن و هەندێك لە هاوڕێیان فرمێسكی شادی و خۆشی بەروویاندان دێتە خوارەوە، ئیتر هەواڵی گەیشتنی هاوڕێ حەیدەر بە بروسكە بەسەر تەواوی بارەگاكانی حزب لە كوردستان بڵاوكرایەوە و تەواوی هاوڕێیان شادودڵخۆش بوون، هەروا هاوڕێیان لە (شام-ش) ئاگادار كران بەگەیشتنی هاوڕێ حەیدەر بە باوەشی گەرمی حزب. دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێك هاوڕێ حەیدەر پشوو دەدات و سەردانی بارەگانی حزب لە ناوچەی خواكوڕك دەكات، و بۆ جاری سێ یەمین چەكی پێشمەرگایەتی لە شان دەكات و ئامادە دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركی پێشمەرگایەتی و هەر بڕیارێك لە لایەن حزبەوە بدرێت.

كۆبوونەوە لەگەڵ هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی

دوای ئەوەی هاوڕێ حەیدەر لە رووی دەروونی و جەستەییەوە بارودۆخی لە باردەبێت و تەواو پشوو دەدات و ئامادە دەبێت بۆ لە ئەستۆ گرتنی ئەركی حزبی و پێشمەرگایەتی، مەكتەبی سیاسی بڕیار دەدات كە لەگەڵ هاوڕێ حەیدەر كۆببنەوەو هەندێ بابەت و ئەركی حزبی لەگەڵدا بخەنە بەر باس و گفتوگۆوە، كات و شوێنی كۆبوونەوەكە دیارە دەكرێت و هاوڕێ حەیدەر لە كۆبوونەوەكە ئامادە دەبێت، هاوڕێیان دووبارە بەناوی سەركردایەتی حزب پیرۆزبایی لە هاوڕێ حەیدەر بەبۆنەی ئازادبوونی لێدەكەن و خۆشحاڵی خۆیان و هاوڕێیانی سەركردایەتی رادەگەیەنن و هیوا دەخوازن كە هاوڕێ حەیدەر تەندورستی چاك بێت و لە جێبەجێكردنی ئەركی داهاتویدا سەركەوتوو بێت، ئەنجا دەڵێن بەناوی سەركردایەتی حزب پیرۆزبایی لێدەكەین و كە تۆ لە دوای كۆنگرەی چوارەمینی حزبەوە بوویتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزب، ئەمەش وەكو رێزلێنانێك لە خۆڕاگری و قارەمانێتیتە و بڕوامان بە هێزە كە تۆ بەلێهاتوویی ئەركەكانی خۆت وەكو ئەندامێكی سەركردایەتی حزب ئەنجام دەدەیت، ئەم هەواڵە بۆ هاوڕێ- حیدر- تەواو جێگای سەرسورمان و لەناكاو و بۆ ئەو چاوەروان نەكراوبوو، هیچ كاتێك بیری لەوە نەكردبۆوە كە ئەو لەژێر ئەشكەنجە و ئازاربێت و لە ژووی تاریكی تاكەكەسی بێت كە كەس نەزانێت سەرنجامی چی دەبێت، چۆن حزب ئەوی پاڵاوتووە بۆ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزب، هاوڕێ حەیدەر چونكە پرسەكە بۆ ئەو لە ناكاو و چاوەڕوان نەكراو بوو، نازانێت چی بڵێت و بێدەنگ دەبێت و چاو دەخاتە سەریەك، پاشان دەزانێت دەبێت قسەیەك بكات، بۆیە دێتەگۆ و، دەڵێت هاوڕێیان لە ناخمەوە لە دڵمەوە زۆر سوپاسی سەركردایەتی حزب و تەواوی هاوڕێیان دەكەم، ئەم رێزلێنانەی حزب زۆر زۆر گرنگە نەك تەنیا بۆمن، بەڵكو بۆ تەواوی هاوڕێیان، گرنگە نەك تەنیا بۆمن، بەڵكو بۆ تەواوی هاوڕێیان، گرنگی رێزلێنانە كە، لەوەوە بەسەرچاوە دەگرێت كە حزب چۆن لە هەموو بارودۆخێك رۆڵەكانی خۆی لەیادە و لە باوەشی گەرمییان دەگرێت، ئێستاكە دەزانم كە ئەو ئەركەی دەكەوێتە ئەسۆمەوە گەلێك گرانە، بەڵام پەیمان بە حزب دەدەم كە بەرگە بگرم و نەچمێمەوە و دەبێ بیسەلمێنم كە ئەو بڕوایەی حزب پێیدام لەجێگای خۆیەتی و بە هاوكاری هاوڕێیان دەبێت هەر ئەركێك بخرێتە ئەستۆمەوە بەبێ دوودڵی جێبەجێ دەكەم، و بەردەوام دەبێت و دەڵێت، ئەوە دوو جارە حزبەكەم رێزلەمن دەگرێت، جاری یەكەم شەرەفی ئەندامیەتی حزبم پێدراوە لە ماوەی دیاریكراودا بوومە ئەندامی حزب، و ئەم جارەش ئەوەبوومەتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزب، زۆر سوپاس بۆ سەركردایەتی حزب و تەواوی هاوڕێیانم دووبارە سوپاس. ئینجا هاوڕێ حەیدەر دەخرێتە لێژنەی پەیوەندییەكانی ناوەندی حزبەوە و لە تەك هاوڕێیانیدا ئەركەكانی جێ بەجێ دەكات و تاكو هاوینی ساڵی 1988 لە ناوچەی خواكوڕك دەمێنێتەوە.

  • 1