ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەڕوانگەی چینایەتیەوە

 دەسەڵات دۆخێکی دروست کردوە کاتێ دەچیت بۆ دەنگدان وادەزانی ئەمە کۆتا بەشداری سیاسی تۆیە لەدیارکردنی نەخشەی سیاسی و شێوازی حکومڕانی  و دەسەڵاتدارێتی، تیدا خۆت دەبینیت ئەوە تۆیت بەردێکت دانا لەسەر تەلاری سیاسی وڵات و نوێنەری خۆت دیاری کرد و گوزارشتت لە دەنگ و ئیرادەی راستەقینەی خۆت کردووە، بەڵام ڕاستییەکەی وانییە و کاتی هەڵبژاردن و دەنگدان یەکێکە لە چرکەساتەکانی بەشداری سیاسی، بەشداریکردنی ڕاستەقینە و تەواوەتی لە ژیانی سیاسی بریتییە لە هاوبەشی کردن لە کۆی پرۆسەی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتوری.

پێش هەڵبژاردن و لەکاتی هەڵبژاردن و دوای تەواو بوونی پرۆسەکە و لەژیانی سیاسی و ئاسایی ڕۆژانەدا، ئەوەی لەئێستای هەرێمی کوردستاندا هەیە تەنیا چرکەساتی دەنگدانە و پاشان هیچ یەکێک لە بنەما گرنگەکانی هاوبەشیکردنی سیاسی هاونیشتمانیان لەبەرچاو ناگیرێ بەگشتی و چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و توێژە پەراوێزخراوەکان بەتایبەتی .

بۆ ئەم مەبەستە بەشداری سیاسی لەسەر چەند ئاست و بوارێکدا شەنوکەو دەکەین بزانین چۆنە؟

جارێ ئەم مەسەلەیە لەبنەڕەتەوە پەیوەستە بەدوو مەسەلەی گرنگەوە :

یەکەمیان: بوونی یاسایەکی دیموکراتی و بوونی سەرژمێری ڕاستەقینە و دامەزراوەی سەربەخۆ بۆ سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن و قۆرخ نەکردنی حکوومەت بۆ ژیانی سیاسی و ئیداری و ئابووری .

دووەم: ڕەخساندنی هەلومەرجی یاسایی و دیموکراتیانەی تەواو و ڕەچاوکردنی پێوەری دیموکراتی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ژیان و فرسەتی یەکسان بۆ هەمووان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگەدا .

لە هەمان کات لەسەر ئاستی ئەو نوێنەرەی هەڵبژاردووە یان دامەزراوەکە خۆی کە پەرلەمانە دەبێت خاوەن ئیرادە بێت لەکار و هەڵوێست و بڕیارەکانیدا .

ئێستا لە هەرێم یاسایەکە بۆ هەڵبژاردن هەیە کە بوار زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ مشارکەی سیاسی زۆرترین لە ئەحزاب و گرووپ و کەسایەتی جیاواز، بەڵام کۆمسیۆنی سەربەخۆ وجودی نییە بۆ سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەرژمێری ڕاستەقینە نییە، کە ئەمەش یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکان و لە هەمانکاتدا هەوڵی زۆریش هەیە بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی کە زیاتر قۆرخکاری دروست دەکات .

لەسەر ئاستی پەلەرمانتاران و فراکسیۆنە جیاوازەکان ڕێگری دەکرێت لەکار و دەربڕینی ڕای خۆیان یان لێدان و سوکایەتیکردن پێیان لەناو حەرەمی پەرلەماندا لە باشترین حالەتدا گوێ بەداخوازی و یاداشتنامەکانیان نادرێت، لەهەمان کاتدا سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیستی زۆرینە لە ژێر هەژموونی چەند گرووپێکی دەستڕۆیشتووی ناو حزبە دەسەڵاتدارەکان کە تەنیا بۆ بەرژەوەندی ئابووری خۆیان کاردەکەن پەرلەمان پەکدەخەن یان بەرنامەکانی پەرلەمان بە ویستی ئەوانەی لەدەرەوەی پەرلەماندان جیبەجێ دەکەن، لێرەدا خەڵک مافیەتی بپرسێت ئەمە چ بەشدارییەکی سیاسییە لەناو بەرزترین دامەزراوەی یاسادان و چاودێریکردندا؟

لەسەر ئاستی ژیانی ڕۆژانەدا کاتێ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی ناڕازی دەبێت بە بڕیارێک یان سیاسەتێکی دەسەڵات، مافی خۆیەتی لە ڕاگەیاندنەکان لەچالاکی سیاسی و کۆمەڵاتی هەمەجۆردا تەعبیر لە ڕای خۆی بکات، لەڕێگەی نووسین و ڕاگەیاندن و گردبوونەوە و خۆپیشاندان و چالاکییە جەماوەرییەکانەوە، بەڵام ئەوەی دەبینین لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێشلکاری دەکرێت بەرانبەر دەربڕینی بیروڕای ئازاد و خستنە ڕووی ڕەخنە و گلەییەکان، ڕۆژنامەنووسان دەستگیر دەکرێن و لەباشترین حاڵەتدا ڕێگریان لێ دەکرێت و خۆپیشاندان سەرکوت دەکرێت و چالاکوانان لەژووری ئینفرادیدا زیندانی دەکرێن و لەهەمانکاتدا هەوڵی چەواشەکارانە دەدرێت لەلایەن ناوەندی دەسەڵات و دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بۆ بەلاڕێدابردنی چالاکی سیاسی و مەدەنییەکانی جەماوەر و داواکانیان.

لەسەر ئاستی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکیان لە هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییدا ڕاگرتووە و هەموو بوارەکانی ژیانی ئابووری و بازرگانی و داهاتی نیشتمان لە ژێر چنگی کەمینەیەکی بۆرجوازی مشەخۆردایە و بەردەوام لە هەوڵی بێ ئیرادەکردنی سیاسی جەماوەرەکەدان، کاتێک هەوڵ و کۆشش دەکات بۆ بەدەستهێنانی نان و کار و ئازادی و بەدەستهێنان ژیانێکی ئاسایی ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی توندوتیژ و خەڵەتێنەر و سەرکوتگەر دەبێتەوە، ئەمانە بەشێکی گرنگی مافی بەشداری سیاسین کە ڕۆژانە پێشێل دەکرێت، تەنانەت ئەگەر چالاکییەکی دیاریکراو و زۆر نەرم ڕێگە پێ بدرێت، بەڵام دواجار گوێ بە داخوازییەکە نادەن، ئەگەر ئیمزا کۆکردنەوە بێت یان بابەتێکی سایسی یان خستنە ڕووی پرۆژە یاسایەک یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی حکوومەت، نموونەی ئەوەی جەماوەر داوا دەکات بەنزین هەرزان بکرێت یان بێکاری نەمێنێت، یان خزمەتگوزاری گشتی بمێنێت و نەدرێتە کەرتی تایبەت، بەڵام دەسەڵات گویێ لێ ناگرێت و بەردەوامە لەسەر بەرنامەی خۆی، لێرەدا پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدات ئایا چ مانایەک دەمێنێتەوە بۆ بەشداری سیاسی کاتێ خواستێکی جەماوەری جیبەجێ ناکرێت؟ کاتێ گەل دەڵێ با دژی داگیرکاری دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان بین، بەڵام دەسەڵات بێدەنگ و بێ هەڵوێستە و بگرە هاوکاریشە لەگەڵیاندا، بەشداری سیاسی دیموکراسییانە ئەوەیە داخوازی جەماوەری بەهەند وەربگیرێ، ئاڵوگۆڕ دروست بکات لە بەرنامە و سیاسەتی حکوومەتدا، له فەزای سیاسییدا ئازادی و چالاکی جەماوەری تیایدا هەموو ڕۆژێ بەشێک بێت لەنمایشی ناو ژیانی سیاسی، بەشداری سیاسی ڕاستەقینە ئەوەیە کە خەڵک برسی بێ نانی بۆ دابین بکرێ شۆفێر داوای بەنزینی کرد بەهەرزان بۆی دابین بکرێت، هەژاران و بێکاران یان کاری گونجاو یان بیمەی بێکاریان پێ بدرێت .

بۆیە ئەمەی هەیە لەم هەرێمە بەشداری سیاسی ڕاستەقینە نییە و تەنیا دەسەڵاتێکی بۆرژوازی مشەخۆری ستەمکارە و سەرمایەدارە و هیچی تر، دژی مووچەخۆران و کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازە، دەبێت جەماوەر بەهۆشیارانە و بەبەرنامە بەشداری سیاسی بکات و لەچاوەڕوانی ساتەوەختی دەنگداندا نەبێت بەشداری سیاسی ڕۆژانە بۆ دابینکردنی داخوازی و پێداویستییەکانی ڕۆژانە بۆ ژیانێکی پڕ لە کەرامەت باشترین بەشداری سیاسییە.

  • 1