له گۆشەنیگای دۆست و هاوڕێیانیدا
گه‌ر بگوترێ فڵانه كه‌س پیاوێكی خراپه، ده‌پرسی باشه نیشانه‌ی خراپییه‌كه‌ی چییه؟ خۆ به پێچه‌وانه‌شه‌وه گه‌ر بگوترێ فڵانه كه‌س مرۆیەكی گه‌لێ چاكه جاگه‌ر خەڵك نه‌یناسن ده‌ڵێن ده‌توخوا هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی چاكه‌ی ئه‌و پیاوه باس بكه؟ جا مامۆستا قه‌ره‌نی یه‌كێكه له‌و مرۆیه چاكانه‌ی كه ته‌واوی خه‌سڵه‌ته‌كانی جێگای ره‌زامه‌ندی ویژدانن. چونكه خاوه‌ن كهسایهتییەكی به‌رزه و پێگه كۆمهڵایهتییەكی زۆر به‌ڕێزو شایسته بوو.بۆیه زوو ده‌كه‌وته به‌ر دڵان. خۆكاتێ تووشی دۆست و هاوڕێیەكی خۆی هاتبا، هه‌ر له دووره‌وه به پێكه‌نینه جوانه‌كه‌ی و كلیل و كۆدی نوكته خۆشه‌كانی سه‌رنجی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی راده‌كێشاو جێگای شیاوی خۆی له دڵ و ده‌روونی ئه‌و خه‌ڵكه ده‌كرده‌وه و فهرامۆشییانی پێی ده‌هات، چونكه نموونه‌ی پاكی وه‌فاو دڵسۆزی بوو. خه‌ڵك زۆر خۆشیان ده‌ویست.ئه‌ویش گشت مرۆیەكی شایسته‌ی لاسهنگین بوو. خۆی پیاوێكی هێمن و سه‌رناس بوو.رێزی له خۆی و له به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ده‌گرت.جا هه‌روه‌ك ده‌گوترێ (چونكه بۆ خۆی ببوو به‌نان بۆیه به ئاسانی بۆ خه‌ڵك ده‌بوو به ناسكه‌نان)، جا گه‌ر به‌ئۆتۆمبێل له ڕێگه تووشی هاوڕێیەكی پیاده ببووایه ڕایده‌گرت و وازی لێ ناهێنا تا له‌گه‌ڵی سهرنهكهوتایه و نهیگهیاندبایهوه جێ. به‌ڵێ ڕاستگۆ‌و به‌ئه‌مه‌ك بوو، هاریكار و خزمدۆست و ماندوونه‌ناس بوو. به‌ڕاستی شایسته‌ی هاوڕێیاتی ومامۆستایهتی و باوكاتی بوو، چونكه هه‌موو كه‌س شایسته‌ی ئه‌وه نیین كه دایك و باوكی مندڵان بن.به‌ڵێ باوكایه‌تی هه‌ر له خۆی ده‌وه‌شایه‌وه.جارێكیان كۆنفراسی مامۆستایانی پیشه‌یمان هه‌بوو له سلێمانی به‌ره‌و هه‌ولێر ده‌گه‌ڕاینه‌وه.به كه‌ركووكدا ڕه‌ت بووین و لهپڕدێ لاماندا، هه‌ركه‌سه چووین هه‌ندێ میوه و سه‌وزه‌مان بۆ ماڵه‌وه كڕی. هاتین له‌لای ئۆتۆمبیله‌كه‌مان ڕاوه‌ستاین تا گشت مامۆستایان ئاماده بن و به‌ره‌و هه‌ولێر بگه‌ڕێینه‌وه. پرسیار كرا ئایا ههمووتهواون؟ده‌بێ كه‌س نه‌مابێت؟ من گوتمبهڵێ مامۆستا قه‌ره‌نی ماوه له‌و دوكانانه‌ی سه‌ره‌وه‌یه، ده‌چم بانگی ده‌كه‌م.كه چووم بینیم له‌گه‌ڵ كابرای میوه‌فرۆش پێده‌كه‌نین و به‌په‌رۆشه‌وه میوه‌یان هه‌ڵده‌بژارد و لهكیسانیان ده‌كرد.هه‌رچه‌نده مامۆستا زۆر دڵخۆش بوو، به‌ڵام كابرای میوه‌فرۆش دڵخۆشتریش بوو، چونكه وا دیار بوو به درێژایی ڕۆژ هه‌ر ئه‌وه‌نده میوه‌یه‌ی فرۆشتبوو كه مامۆستا قه‌ره‌نی به چاره‌گه سعاتێك لێی كڕیبوو.منیش هه‌ر له دووره‌وه گوتم كاكه تۆ دیاره به‌نیازی مه‌ولوود خوێندنه‌وه‌ی؟ ئه‌و هه‌مووه میوه‌یه‌ت بۆ چییه؟ئه‌ویش سه‌ری له‌بن گوێچكه‌م نا گوتی: به‌خوا مامۆستا ئه‌وه هه‌موو بۆ منداڵه‌كانمه، چونكه دڵم داناكه‌وێ تاوهكویهك به‌بێ جیاوازی دیاری و شتیان بۆ نهنێرمهوه ماڵه‌كانیان.به‌ڵێ چاوتێری و ویژدان زیندوویی هه‌ر له خۆت ده‌هات.گه‌لێ جار ده‌یگوت: كاره‌ساته كه مرۆ زگی تێربێ، به‌ڵام ویژدانی برسی بێ. ئه‌وكاته هه‌ر به چاوی برسییه‌وه ده‌نواڕێته ده‌ست و په‌نجه‌و موڵك و سامانی خه‌ڵك.خۆ خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌ی ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه ئه‌وه بوو كه زۆر دڵی به‌و كه‌سانه خۆش ده‌بوو كه به‌پێی سروشتی راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌رده‌كه‌وتن نه‌ك له روواڵه‌تی (مزیف) یا زیاتر له‌وه‌ی كه‌خۆیان هه‌ن.بۆیه مامۆستا زۆر رقی له خۆهه‌ڵكێشان و فشهفشكردن و خۆده‌رخستن دەبۆوه.
جارێكی دیكه هه‌ر له كۆنفراسی مامۆستایانی پیشه‌ییدا بووین.دیار بوو گفتوگۆ له‌سه‌ر بڕگهیەك ده‌كرا.مامۆستایەك زۆر پێداگری له سه‌ر شتێكی زۆر ساده ده‌كرد.كاتێكی زۆرمان له ده‌ست چوو.ده‌هات ماندوومان بكات مامۆستا (قه‌ره‌نی)ش ئاوڕێكی له‌من دایه‌وه و گوتی مامۆستا سه‌یر بكه واده‌بینی سه‌دان خاڵی گرنگ و به‌رچاومان ده‌رباره‌ی واقیعی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن و كه‌م و كورتییه‌كانی خستۆته ڕوو، خۆلهو هه‌مووه خاڵ و پهرەگرافاته گه‌ر له‌و واقیعه تاڵ و شێواوه بتوانین چاره‌گێكی پڕاكتیزه بكه‌ین مانای وایه هه‌ر ئیبداعمان كردووه.ناكا ئەو مامۆستا به‌ڕێزه پێ له‌سه‌ر چی داده‌گرێ؟به‌خوا پێویست ناكا ئێمه لێره خه‌ریكی (فاعل و مفعول و مبتدأ وخبر) بین ؟ بەڵێ مامۆستا (قه‌ره‌نی) پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ی زۆر به‌رز ده‌نرخاند جێپه‌نجه‌شی له‌م بواره به‌زه‌قی دیار بوو.گه‌لێ جار ده‌یگوت گه‌ر خوێندن و په‌روه‌رده له ده‌ستێكی ئه‌میندا بێت ئایندهیەكی گه‌لێ روون بۆ كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.ئه‌و واقیعه ئاڵۆزه نامێنێ كه ئێستا كۆمه‌ڵگاكه‌مانی ته‌نگه‌نه‌فه‌س كردووه.ده‌یگوت من وه‌ك مامۆستایەك قه‌ت ویژدانم ئاسووده نابێ تا ئه‌وه‌ی له ده‌ستم دێ بۆ قوتابیانی ئه‌نجام نه‌ده‌م، چونكه راسته ئه‌وان ئه‌مڕۆ منداڵن، به‌ڵام پیاو و كه‌سایه‌تی دواڕۆژی میلله‌ته‌كه‌مانن.بۆیه قه‌ت ناكرێ كارێكی وا بكرێ كه منداڵان (له قه‌ل و كۆتریش بن). به‌ڵێ ئه‌وه خولیا پیرۆزه هه‌ر له مامۆستا (قه‌ره‌نی) ده‌وه‌شایه‌وه.له‌م ساڵانه‌ی دوایی من وه‌ك سه‌رپه‌رشتیارێكی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ره‌تای ساڵی خوێندن هه‌ندێ قوتابخانه‌یان له ناو شار بۆ ده‌ستنیشان كردم كه سه‌رپه‌رشتیان بكه‌م.یه‌كێك له‌مانه قوتابخانه‌ی (خۆشه‌وی نه‌وجه‌وانان)بوو. منیش چووم سه‌ردانی قوتابخانه‌كه‌م كرد.ناشمزانی كه مامۆستا (قه‌ره‌نی) له‌وێیه.ئیتر چوومه ئیداره له‌گه‌ڵ به‌ڕێوەبه‌ری قوتابخانه مامۆستا (محەمەد سمایل عومەر) دانیشتم كه له‌خانه‌ی مامۆستایان هاوپۆل بووین و له گوندێكی (ده‌شتی شه‌مامك)یش پێكه‌وه مامۆستا بووین.داوای لیستی میلاكی مامۆستایانم كرد ئه‌ویش بۆی هێنام وسهیرێكی ناوه‌كانم كرد. ناوی مامۆستا (قه‌ره‌نی)م هاته پێش چاو.گوتم چما مامۆستا (قه‌ره‌نی) له قوتابخانه‌ی ئێوه‌یه؟ بهڕێوەبهریش گوتیئهرێوهڵڵا مامۆستا؛ خوایه ئه‌و مامۆستایه شایسته‌و دڵسۆزه‌مان لێ نه‌ستێنی.به‌خوا گرانایی به‌شێكی زۆری كاروباری قوتابخانه له‌سه‌رشانی مامۆستا (قه‌ره‌نی)یه.چونكه له‌ناو مامۆستایان، له ناو قوتابیان، له‌گه‌ڵ كه‌سوكارو دایك و باوكی قوتابیان مامۆستا سه‌نگ و كهسایهتییەكی به‌رز و به‌رچاوی هه‌یه. ڕێزی ته‌واوی لێ ده‌گرن. زۆر گرفت و كێشه‌ی لابه‌لامان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی داوای لێ بكه‌ین، مامۆستا خۆی بە دڵێكی پاك و سینگێكی فراوانه‌وه بۆمان جێبه‌جێ ده‌كات.گوتم مامۆستا محەمەد رەنگه تۆ چه‌ند ساڵێك بێ مامۆستا (قه‌ره‌نی) ده‌ناسی ئێمه‌وا ته‌مه‌نێكه له‌گه‌ڵیداین. به‌ڵێ راسته قسه‌ی جه‌نابته ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی باست كرد هه‌ر له مامۆستا (قه‌ره‌نی) ده‌وه‌شێته‌وه.وڵاتمان پێویستی به‌و بابه‌ته مامۆستایه‌یه.تا په‌یامی مامۆستا و خولیا پیرۆزه‌كه‌ی بخه‌ینه‌وه سه‌ر رێڕه‌وه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆیه‌وه.
رۆحت شاد و ئارامبێ مامۆستا دڵسۆزه‌كه‌ی لیستی پیشه‌ی مامۆستایان.
یادت به‌خێر مامۆستا شایسته قسه‌خۆش و نوكتهگۆیهكهی مەخموور و ده‌شتی قه‌راج و كه‌ندیناوه.