ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوا بەدوای بڕیاری دادگای فیدرالی عێراق لەسەر ڕەتكردنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم كە لەرێكەوتی 12ی2ی2022 بڕیاری نادەستووری بوونی یاسای ژمارە(22)ی نەوت و غازی هەرێمی دەركرد گوایە پێچەوانەی بڕگەكانی (110، 111،112، 115، 121، 130) ی دەستووری عێراقەو لەم ڕوانگەوە هەرێم پابەند دەكات بە ڕادەستكردنی نەوتەكەی، كەچی هێشتا بەرپرسانی هەرێم بێمنەتانە سەیری ئەو بڕیارە دەكەن و بەبڕیارێكی سیاسی دەدەنە قەڵەم و هیچ حسابێكی بۆ ناكەن، تەنانەت شارەزایانی بواری وزە ئەوانەی خۆیان بەپسپۆر دەزانن بوێری ئەوەیان نییە مەترسی ئەو بڕیارە بخەنە بەردەم بەرپرسی یەكەمی ئەم هەرێمە و تەنها ئەو قەوانە سواوە لێدەدەنەوە كە پێشتر لەسەردەمی نووری مالیكی لەنێوان بەغداو هەرێم رێكەوتنێكی سەتحی كراوەو لەواقعدا گوزارشت تەنها لەسیاسەتی ئەو كابینەیە دەكات كە مالیكی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەری رێ كەوتووە. بۆیە ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی هەموو تەم و مژێكی ئەو سێكتەری بڕاندەوە وەك باڵاترین دەزگا كە تانە لە بڕیارەكانی ناگرترێ، كەواتە لێدوانەكان هەرچیەكبن دەبێ بەو ئاڕاستەبن كە گرژییەكان هێور بكرێنەوەو بەزمانی دیالۆگ چارەسەری ئەو پرسە بكەن.

(فایەق زیدان)سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕۆژی پێنج شەممە 23/6/2022لەچاوپێكەوتنێكی دا لەگەڵ ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی ڕایگەیاند: بۆ هیچ لایەنێك نییە سەرپێچی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی بكات، سەرپێچی كردنی بڕیارەكانی دادگای فیدرالی واتە سەرپێچیكردنی دەستوورو یاسا. ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لەرێكەوتی 17ی 5ی2022 لەراگەیەندارێكدا ئاماژە بەوەدەدات كە یاسای نەوت و غازی هەرێم پێچەوانەی دەستووری عێراق نییەو بەپێی دەستوورو ماددەكانی(110و 112)ی دەستوور داڕێژراوە كە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم تەنیا لەدەستی دەسەڵاتدارانی هەرێمدایە.

هەرچەندە دەمێكەزمانی چەك و هەڕەشە بەسەر چووە ئەگەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دڵنیایی دەدات و پێی وابێت سوپا هێرش ناكاتە سەر كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم، ئەوە هەقیقەتێكی حاشا هەڵنەگرەو ڕاستە، كەواتە مەترسی لەسەر هەرێم نییە، وەلێ بۆ ملكەچبوون بەو بڕیارەی ناوەند، عێراق زیرەكانەو ژێر بەژێر كاری خۆی لەگەڵ كۆمپانیاكانی هەرێم یەكلاییدەكاتەوە كە كارەكانیان لەهەرێم ڕابگرن،ئەگەر ئەوەی بۆ چووە سەر، كەس نەوتی دەرنەكردو كەس نەوتی هەرێمی نەكڕی، كەواتە شكست بەسیاسەتی نەوتی هەرێم دێت، نازانم بەرپرسانی هەرێم لەكوێ خەوتوون؟ مەبەست لەم قسەیە ئەوەیە ئەگەر پێشتر خۆمان تاقیكردبێتەوە پێمان وابووبێ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هەرێم و بەغدا دەبنە دوو دراوسێی باشكەچی دوای لەدەستدانی نیوەی خاكی هەرێم، ئەوە بەغدا بەبێ شەڕ كونتڕۆڵی ئاسمانی هەرێمی كردو ئەگەر بیویستایە دەیتوانی گەورەترین ئابلوقەی ئابووری بخاتە سەر هەرێم.

جا ئەوەی مایەی پرسیارە: بۆچی رادەستكردنی نەوت بەتاوان بزانین؟ بۆچی لێی بترسین؟ ئەگەر بەرژەوەندی هەندێ لەبەرپرسان نەكەوێتە مەترسی، پێموایە ئەو مەترسیە نییە وەك ئەوەی لێرەولەوێ خوێندنەوەی بۆ دەكرێ، وەئەگینا لەكاتێكدا كورد هاوبەشێكی راستەقینەی حكومەتی عێراقە لەسەرۆك كۆمارو وەزیری دەرەوەو چەندین وەزارەتی دیكەو ناردنی داو و دەرمان و خۆراك و وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و ناردنی 200ملیار دینار بۆ هەرێم و ئێستایش بۆ حكومەتی داهاتووی عێراق خەریكی شەڕە پۆستە، ئەی بۆ عێراق ئەو كارانەی بەتاوان نازانێ و وەك هەموو شارەكانی تری عێراق سەیری هەرێم دەكات؟

پابەند بوون هەر ئەوە نیە بەقسە بڵێی: من پابەندم و هیچت دیار نەبێت، هەقە حكومەتی هەرێم بۆ چەند مانگێك نەوتەكەی رادەست بكات و سەیری دەرەنجامەكانی ئەو پرۆسەیە بكات، ئەگەر زانی هیچی لێ سەوز نابێت، ئەوا با بەئاشكرا لەڕێی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە جاڕی ئەوە بدات كە ئەوە حكومەتی ناوەندە پابەندی بەڵێنەكانی نابێت،ئەوە حكومەتی ناوەندە خەڵكی هەرێم برسی دەكات و وەكو پێویست شایستە داراییەكانی بۆ نانێرێ، بەڵام حساب نەكردن بۆیان و فرۆشتی ئەو سامانە نیشتمانیە بەبڕە پارەیەكی كەم و لەولاوە نەبونی شەفافیەت وای لەخەڵك كردووە ئینتیمای نیشتمانی كاڵ بێتەوەو خۆزگە بەوە بخوازێ بەغدا پەلاماری بیرە نەوتەكانی هەرێم بدات مادام هەر سوودی بۆ كۆمەڵانی خەڵك نییەو تەنها دەستەیەكی كەم تێیدا سوودمەند دەبن.

بەرپرسانی هەرێم ئەگەر بەخۆ نەكەون و نەتوانن دەرچەیەك بۆ ئەو گرفتە بدۆزنەوە كە پێموایە تەنها بەهەمواركردنەوەی یاسای نەوت و غاز لەهەرێم هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێ چونكە بەغدا بەجەددی ئیش لەسەر لێكردنەوەی پەڕو باڵی پرۆسەی وزەی هەرێم دەكات، ماوەیەك پێش ئێستا كۆمپانیایئیكسۆن مۆبیل كارەكانی لەهەرێم هەڵپەساردو لەم ڕۆژانەیش گەورە كۆمپانی نەوتی نێودەوڵەتی ئەمریكی (بەیكەر هیوز) پابەندبوونی خۆی بەبڕیاری دادگای فیدرالی ژمارە(59)ی ساڵی2012و رێنماییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقی راگەیاند كە ئەوكۆمپانیایە زیاتر لە 120وڵاتی جیهان كار دەكات و 60هەزار كارمەندی هەیەو كۆی سامانەكەی 38ملیار دۆلارەو لە هەرێمی كوردستاندا لە كیڵگەكانی غازی میران و بەنەباو كار دەكات.

لێرەدا چەند پرسیارێك خۆی قوت دەكاتەوە: هەڵوێستی هەرێم دوای جێهێشتنی كۆمپانیاكان چی دەبێت؟ ئەگەر كەس نەوتەكەی دەرنەهێنێ و نەوتەكەی لێ نەكڕێ، چی لەو نەوتە دەكات؟ هەرچەندە هەوڵێك لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەیە كە ئەو پرسە لەگەڵ پێكهێنەری خكومەتی داهاتووی عێراق هەڵپەسێرن كە نوری مالیكی سەركردایەتی دەكات، وەلێ ئایا دادگای باڵای فیدرالی بەو هەڵپەساردنە ڕازی دەبێت؟ ئەوە بابەتێكە داهاتوووەڵاممان دەداتەوە.

  • 1