ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای ئەوەی ماوەیەك لەمەو بەر، لە چوارچێوەی وتارێكی پەروەردەییماندا*، نەخشەڕێگەیەكمان بۆ دەسپێكی ساڵی تازەی خوێندن خستە ڕوو، تیایدا باسمان لەوە كردبوو، كە ساڵی نوێی خوێندن لە 1/ 9 ، هەروەها ئەزموونەكانی وەرزی یەكەم لە 15/12 و پشووی وەرزی یەكەمیش لە 25/12 دەست پێ بكەن ، خۆشبەختانە لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە پلانی ساڵانەی وەزارەتی پەروەردەدا، بۆ ساڵی نوێی داهاتووی خوێندن، بە فەرمی ئەو بەروارانە دیاریكران. بێگومان ئێمە نازانین، كە ئاخۆ بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە، ئەو وتارەی ئێمەیان بینیوە و خوێندۆتەوە یاخود نا؟ بەڵام جێگیركردنی ئەو بەروارانە، بە جیاوازیی چەند ڕۆژێكی كەم، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئێمە توانیومانە وەك مامۆستایەك پەیامێك بگەیێنین و پەیامەكەش شوێنی خۆی بگریت. هەڵبەتە، هێنانە پێشەوەی دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن و گۆڕانكاریی لە ئەزموونەكان و وەرزی دەوامی قوتابخانەكان، بە بڕوای من وەك مامۆستایەك، گرنگ و پێویست بوو لە بەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

یەكەم:_ هەموو ساڵێك، لە بەروای 25/12 تاكو 2/1 پشووی قوتابخانەكان بە هۆی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی زایینی بوو. بەمەش نۆ ڕۆژ لە كارنامەی وەرزەكانی خوێندن، دەبووە پشوو، لە دوای ئەم پشووەش، ئەزموونەكانی وەرزی یەكەم دەستیان پێ دەكرد و بە دوای ئەزموونەكانیش، دیسانەوە پشووی وەرزی یەكەمی خوێندن دادەهات، بەمەش بە تێكڕایی، نزیكەی سێ هەفتە لە وانە و كردەی خوێندنی نێو پۆڵ دەڕۆی. ئەمەش دابڕانێكی هزری زۆرە، بۆ قوتابییان و بە تایبەتیش لە بازنەی یەكەمی بنەڕەتیدا. بۆیە دانانی پشووی ئەزموونەكانی وەرزی یەكەم لە نێو ئەو هەفتەیەدا بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، ئەم گرفتە ناهێڵێت و قەرەبووی ڕۆژە لە دەست چووەكانیش دەكاتەوە.

دووەم:_ هێنانە پێشەوەی ئەزموونەكانی وەرزی یەكەم، بۆ 15/12، جۆرە گونجاندنێكە لەگەڵ دۆخی قوتابخانەكان، بە تایبەتیش لە وەرزی زستاندا. ئاشكرایە، جوگرافیای كوردستان هەمووی شاخاوییە و ناوچەیەكی سەختی سرووشتییە لە ڕووی ژیانەوە. لە وەرزی زستاندا، سەرما و سۆڵە و سەختییەكی زۆر ڕوو لە كوردستان دەكات، دیارە ئەو كەشوهەوا سەختەش، لە گوندەكاندا توندترو ساردتر دەبێت. ئەمەش كار دەكاتە سەرلایەنی جەستەیی و دەروونی خوێنكاران، بەڵام بە هێنانەوە پێشەوەی ئەزموونەكان، بە نزیكەی بیست ڕۆژ، تا ڕادەیەك قوتابییان لە سەختی سەرمای زستان دەپارێزرێن. بە تایبەتیش قۆناغی یەك تا سێ، كە تەنها هەڵسەنگاندنیان هەیە و ئەزموونەكان ئەنجام نادەن.

سێیەم: هێنانەپێشی وادەی دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن، دەكرێ وەك قەرەبووی بەشێك لەو پشووانە سەیر بكرێت، كە لە پڕ دێنە پێشەوە و لە ساڵنامەی خوێندن نیین. بۆیە دەتوانرێت وەك جێگرەوەیەكی ڕۆژە لەدەست چووەكان سەیر بكرێت.

وێرای ئەو خاڵە ئەڕێنییانە، بەڵام بە بڕوای من وەك مامۆستایەك، دەبوو وەزارەتی پەروەردە لە خستنەڕووی پلانی ساڵی داهاتووی خوێندن، ڕەچاوی چەند بنەمایەكی دیكەی كردبایە، بۆ ئەوەی پلانەكە باشتر پراكتیزە بكرێت، ئەوانیش:_

یەكەم: جارێ زوو بوو، بۆ بڵاوكردنەوەی ساڵنامەی خوێندنی ساڵی داهاتوو، چونكە هێشتا بە فەرمی ئەمساڵی خوێندن كۆتایی نەهاتووە، لە بەر ئەوەی ئەزموونەكانی پۆلی دوانزەش ئەنجام نەدراون. بۆیە دەكرا ڕاگەیاندنی پلانەكە، بۆ كۆتایی مانگی ئاب دوابخرێت.

دووەم: لە نێوان كۆتایی هاتنی ئەزموونەكانی خولی یەكەمی وەرزی دووەم و دەسپێكی ئەزموونەكانی خولی دووەم بە هەردوو وەرزەكەیەوە بۆ ساڵی داهاتوو، تەنها یانزە ڕۆژ ماوە هەیە، كە ئەمەش ماوەیەكی زۆركورتە. ئەزموونەكانی وەرزی دووەم_ خولی یەكەم، بۆ ساڵی داهاتوو، لە 29/4 دەست پێ دەكات و لە 9/5 كۆتایی دێت، هەرچی ئەزموونەكانی خولی دووەمە بە هەردوو وەرزەوە، لە 20/5 دەست پێ دەكات. بێگومان نێوانی هەردوو وەرزی ئەزموونەكان، چەند ڕۆژێكی كەمە، ئاشكراشە قوتابییان بە هۆی بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكان، لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ماندوو نا ئارام دەبن و پێویستییان بە پشووێكی درێژە، بۆیە دەبوو ئەزموونەكانی وەرزی دووەم، بەلایەنی كەمەوە، لە مانگی حوزەیران بن.

سێیەم: ڕۆژی 29/4 بەیەكەم ڕۆژی ئەزموونەكانی وەرزی دووەم – خولی یەكەم دیاریكراوە، بەڵام دەكرا لە بری ئەو بەروارە، 2/5 دیاری كرابا، بۆ ئەوەی جەژنی جیهانی كرێكاران كە پشووێكی فەرمییە، نەكەوێتە نێو خشتەی ئەزموونەكان.

چوارەم: دەركردنی كۆمەڵە بڕیارێك بەسەر یەكەوە، سەر لە كارگێڕیی قوتابخانەكان و مامۆستایان و قوتابییانیش دەشێوێنێت، بۆیە بە تێگەیشتنی خۆم وەك مامۆستایەك، پێویست ناكات، چوار پێنچ بڕیار، تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەربكرێن، بەڵكو بڕیارەكان، بە پێی كات و شوێن و پێویستی پلانی پەروەردەیی دەربكرێن.

پێنجەم: وەزارەتی پەروەردە، ماوەی نێوان 26/6 تاكو 26/7، بۆ وەرگرتنی قوتابییانی پۆلی یەك بۆ ساڵی داهاتوو دیاری كردووە. ئەمەش هەڵەیە، چونكە گریمان خێزانێك دوای ئەو بەروارە، لە سلێمانییەوە گواستییەوە هەولێر، چارەنووسی منداڵەكەی چی دەبێت؟ لەلایەكی دیكەوە خوێندن لە هەرێمی كوردستان ئیلزامییە، بۆیە نابێت بە هەر بڕیارێكەوە بێت، قوتابییان ناچار بە كات و شوێنێكی دیاریكراو بكرێن، بەڵكو دەبێ زەمینە لە بەردەمییان كراوەبێت. ئەگەر خوێندكارێك، هەفتەیەك دوای دەسپێكردنی خوێندنی نێو پۆل، داوای وەرگرتنی كرد، دەبێ وەربگیرێت، بۆیە گرنگە وەزارەتی پەروەردە، چاو بەو بڕیارەی دابخشێنێتەوە.

شەشەم: وەزارەتی پەروەردە لە بڕیارێكی دیكەیدا، ئاماژەی بەوە داوە كە دەسەڵاتی دوو ڕۆژ پشوو لە نێوەندەكانی خوێندن، دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، لە سۆنگەی نەگونجاوی كەش و هەواوە. ئێمە هێشتا لە وەرزی بەهارداین، نەبۆتە هاوین، ئیدی نازانم وەزارەت بۆچی بڕیارێك بۆ زستانی داهاتوو دەردەكات؟ ئایا نەدەكرا ئە وبڕیارە بۆ ئەو كات بێت؟ دواجار دەڵێین، گرنگە پلان بۆ هەموو شتێك هەبێت، بەڵام پلانی دوورمەودا جیاوازە لەگەڵ پلانی ڕۆژانە و مانگانە، بۆیە ئەو بڕیارانەی وەزارەتی پەروەردە، هەندێكییان پێویست بوون و هەندێكیشیان نا و دەكرا لە سەرەتای خوێندن دەركرابانە.

 

سەرنج: وتارەكەی ئێمە بە ناوی (خوێندن لە ژێر پلەی سفری سەدیدا) لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە (8623) ی ڕۆژی 2/4/2022 بڵاوكراوەتەوە.

  • 1