ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەڕێزم تۆ فەرمووت: (پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران لای حکوومەتی هەرێم نییە و لای حکوومەتی عێراقە..!)جارێ سەرەتا خۆتیش باوەڕت بەم قسەیە نییە کە کردووتە، چونکە ئێمەی فەرمانبەر فەرمانبەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانین نەک حکوومەتی عێراق، مووچەکەمان لە حکوومەتی هەرێم وەردەگرین نەک حکوومەتی عێراق، خزمەتی حکوومەتی هەرێم دەکەین نەک عێراق ..!

 

پێم سەیرە جەنابتان بەم شێوەیە فەرمانبەر هەناسەسارد و رەنج بەخەسار دەکەن!

ئەی ئێوە درێژکراوە و میراتگری کابینەکەی پێش خۆتان نین؟! مەگەر کابینەی پێش خۆتان دەیان جار دووبارەی نەکردۆتەوە کە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران نافەوتێ و لای حکوومەتی هەرێمە؟! بەڕاستی ئێوە بەم لێدوانەتان فەرمانبەران بێ ئومێد دەکەن! کەی رەوایە حکوومەت هێندە بێباک بێت لە ئاست مافی هاووڵاتییانی خۆی؟ ئەی ئێوە نەبوون گوتتان هەموو تاکێکی کوردستان بەشی دەبێ لەداهاتی نەوت؟

لەبری بەشمان لە داهاتی نەوت مووچەکەمان پاشەکەوت کرا، لێی بڕا و خۆگونجاندنی بۆ کرا!

ئەرێ دەکرێ لەنێوان داوای ئێوە و رەفزی عێراق مافی ئێمەومانان حەپەلووش بکرێ؟! ئەگەر گریمان لای عێراقیش بێ ئێوە بەرپرسیارن لە وەرگرتنەوەی. ئێمە نیشتمانی خۆمان خۆش دەوێ، نامانەوی بێگانە پێمان خۆشبێ، تکایە ئێوەش ئیستغلالی ئەمە مەکەن و پارەی مووچەی زەوتکراو و حەپەلووشکراومان بۆ بگێڕنەوە. دەکرێ ئێوە هەر جارەێ لێدوانێک بدەن و خەڵکی تووشی خەم و راڕایی دوودڵی بکەن..؟!

ئەدی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامانی ئەنجوومەن و پاشان ئەنجوومەنەکانی سلێمانی و دهۆکیش نەهاتنە سەرخەت و پڕۆژەیان تەقدیم نەکرد بۆ حکوومەت و پەرلەمان تاکوو ئەو پارە پاشەکەوتکراوەمان بۆ بکەن بە ژمارەی بانکی و باجەکانی حکوومەتی لێ بدەینەوە؟!

ئەگەر ئەم مووچانە لای حکوومەتی هەرێم نەبێ خێرە ئەم بەڕێزانە بە پڕۆژە داوای دەکەنەوە لە حکوومەتی هەرێم، تۆ بڵێی ئەوەندە ئاگاداری یاسا و رێسای ئەم وڵاتە نەبن، بەڕاستی کارەساتە؟

پرسیار ئەوەیە دەکرێ کابینەی پێش کابینەکەی ئێوە خۆی بە قەرزداری مووچەخۆران بزانێ و بڵێ گێڕانەوەی لە ئەستۆی حکوومەتە و دڵنیابن نافەوتێ، کەچی ئێوە دەڵێن ئێمە لێی بەرپرس نین و لای بەغدایە؟!

خۆ کابینەی پێش ئێوە لە خۆڕا ناچێتە ژێر باری قەرەبووکردنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان ئەگەر بە مافی رەوا و ئاسایی و یاسایی فەرمانبەرانی نەزانێت، دڵنیابە بەخێر و سەدەقەش وای نەگوتووە!

بۆیە پێویستە مافی ڕەوای فەرمانبەران بگەڕێننەوە بۆ فەرمانبەران و لە ژمارە بانکیەک شوێنیان بۆ بکەنەوە وابێ خەڵک بە مافی خۆی شادبێ..

(پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران لای ئێمە نیەو لای حکومەتی عێراقە..!) هیچ لەو حەقیقەتە ناگۆڕێ کە هەیە و ئێوە بەرپرسیارن لە گێڕانەوەی، ئێوەش دانی پێدا نەنێن، کابینەی دوای ئێوە دەبێ بەرپرسیاریەتی هەڵگرێ و مافی خوراوی ئەو خەڵکە بگێڕێتەوە.

 

  • 1