ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ساڵانێکە دەزانین زانکۆکان نەخۆشن، بەڵام ئەمڕۆ بە هەمان نەخۆشی کوژرا، مرد.

پەروەردەی سەقەت، کۆمەڵگەی نەخۆش بەرهەم دەهێنێت، کۆمەڵگەی نەخۆشیش زادەی سەدان دەرد و سەدان قەیرانی کەڵەکەبووە. ئاخر کاتێک هێلی ئەنتەرنێت دەوەستێنیت، تەنیا بۆ ئەوەی قوتابی قۆپییە نەکات، خوێندنەوە و بەرنامەی وەزارەتی پەروەردە چییە بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت.

هەر دوێنێ بوو، قوتابییەک دوای 10 جار ئاگادارکردنەوەی مامۆستای سەرپەرشتیار کە دەیەوێت بچێت میز بکات، ڕێگەی پێ نادرێت و تەنانەت گاڵتەشی پێ دەکرێت. سەرەنجام لە ژێر مێزەکەی میز دەیکات.

ئەمڕۆ قوتابییەکی کۆلێژی یاسا مامۆستایەک لەناو ماڵەکەی خۆیدا دەکوژێت! پاشان ڕاگری کۆلێژی یاسا دەکوژێت و پاسەوانەکەشی بریندار دەکات. ئەگەر ئەوە پەروەردەی قوتابییەکی کۆلێژی یاسا بێت، ئاخۆ پەروەردەی قوتابیانی بەشەکانی دیکە دەبێت چۆن بێت؟

ئەوە زەنگێکی خەتەرە بۆ وەزارەتی پەروەردە!

ئەوە هاوارێکە پەردەی گوێیەکان دەدڕێنێت. ئەوە ڕووداوێکە لە بەشی کۆتایی ئەو چیڕۆکە سەقەتە. پێویستە بپرسین و بەدوای ئەنتۆلۆژیای بنەڕەتی گرفتەکان بچین و چارەسەرەکان بدۆزینەوە.

هەر هەفتەی ڕابردوو بوو، بە سەدان گەنج بۆ هەڵفڕینی کۆتر بە درێژایی کۆڵانێک بە پاڵەپەستۆ ڕاوەستابوون و چاوەڕێی نیشتنەوەی کۆترەکەیان دەکرد. تۆ کە بۆ وەرگرتنی بەنزین بەرد و کەرتەبلۆک لە سەر شەقام دابنێی و بڵێی ئەوە سڕە و شوێنی منە، چیی لەو کۆمەڵگەیە چاوەڕێ دەکەیت؟ کۆمەڵگەیەک بە فوویەک سەدان قەیران دروست ببێت، هەر ئەوەی لێ بەرهەم دێت.

 

  • 1