ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تایوان دورگەیەکی بچوکە کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی ووڵاتی چینەوە. ڕوبەرەکەی نزیکی ٣٦.١٩٧ کم٢. دانیشتوانی ٢٣،٥٧ ملیۆن کەسە. شاری تایپەی پایتەختەکەیەتی. ئەم دورگەیە هەر لە کۆنەوە سەر بە حوکمڕاکانی چین بووە.

کێشەی تایوان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٩. ئەو کاتەی شۆڕشی ماوسی تۆنگ سەرکەوت بەسەر ئەو ناسیۆنالیستانەی کە لە لایەن چیان کای شێكەوە بە ڕێوە دەچوون. ناسیۆنالیستەکان ووڵاتی ئەمڕؤی چینیان جێ هێشت و ڕوویان کردە دورگەی تایوان کە ئەو کاتە بە فۆرمۆزە ناو دەبرا، لەوێ کۆمارێکیان پێكهێنا بە ناوی کۆماری چین.

ووڵاتانی ڕۆژئاوا هەر زوو لە ڕێی ووڵاتە یەکگرتووەکانەوە UN، ئەو کۆمارە بچوکەیان کردە ئەندامی  UN و  کورسیەکی هەمیشەییان لە ئەنجومەنی پاراستنیشدا پێ بەخشی. لە ساڵی ١٩٧١ دا دەستەی گشتی UN، تایوان دەر دەکات و کۆماری جەماوەری چین دەکات بە تەنها نوێنەری ڕاستەقینەی ووڵاتی چین. لە ساڵی ١٩٧٩ دا  ئەمەریکا و ئەوروپا... هەرمامەڵەی کۆماری چینی تایوان دەکەن وەکو کۆمارێکی سەربەخۆ. ئەم هەڵوێستەی سیاسەتی ئەو ووڵاتانە بە ئاشکرا دەخاتە ڕوو.

کۆماری جەماوەری چین هەمیشە ئەو دورگەیەی بە بەشێکی ووڵاتی چین داناوە، هێنانەوەی ئەو دورگەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی سیاسی چین بە شێوەیەکی فەرمی تەنها پەیوەندی بە کاتەوە هەبووە. لەم ساڵانەی دوایدا، حوکمەتی چین خواستی بەستنەوەی تایوانی بە چینەوە بە ئاشکرا خستە ڕوو. هەر بۆیە زوو ووڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی کەوتنە پلان دانان بۆ سەرنەکەوتنی ئەو خواستەی چین. بۆ ئەم مەبەستە، هەندێك لە پارلەمانتارەکانی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها ئوسترالی و لیتوانی و چەندەهای دی پشتیوانی خۆیان گەیاندە حوکمەتی تایوان. لە هەمویان دیارتر، نێنسی پێلۆزی وتەبێژی پەرلەمانی ئەمەریکا بوو کە لە کۆتایی مانگی ئایاردا سەردانی تایوانی کرد.

لە هەمان کاتدا و وەکو وەڵامێك بۆ ووڵاتانی ڕۆژئاوا، حوکمەتی چینیش نزیکەی ٤٦٥ جار فڕۆکە جەنگیە سەربازیەکانی لە ئاسمانی تایوان نزیك کردەوە. ئاشکرایە کە زل هێزێکی وەکو چین زۆر بە ئاسانی ئەتوانێت حوکمەتی تایوان ناچار بکات بە داخوازیەکەی ڕازیبێت. بەڵام ئایا ئەمەریکا و هاوڕێکانی چ هەڵوێستێکیان دەبێت؟

هەر لە ساڵی ١٩٤٩وە  کۆماری جەماوەری چین ئاشکرای کردووە کە پێویستە دورگەی تایوان بلکێنرێتەوە بە چینەوە. ئەو ئارەزووە هەگیز کاڵ نەبۆتەوە، بۆیە کسی ژینپینگی سەرۆك کۆماری چین بە ئاشکرا دەریدەبڕێت کە کاتی دەستپێکردن و تەواو کردنی ئەو پرۆژەیە هاتووە. جۆ بایدنی سەرکی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بە فەرمی دەریبڕی کە ووڵاتەکەی دێتە دەنگ بۆ پشتیوانی کردنی سەرداری تایوان گەر چین پەلاماری ئەو ووڵاتە بدات. چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، وەزیری بەرگری چین وەڵامی جۆ بایدنی دایەوە و ووتی؛ هەر کەسێک بخوازێ تایوان لە چین جیا بکاتەوە بێ شك دێینە دەنگ، بە هەموو شێوەیەك و هەتا کۆتایی تێ دەکۆشین.

تایوان تەنها لە ڕووی شوێنە ستراتیجەکەیەوە گرنگ نیە، بەڵکو ئابوریەکی پێشکەوتوی هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەرهەمی ناوخۆی بە ٨٤١ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا دەخەمڵێنرێت، هەروەها ٢٠/٢٢ ووڵاتە لە ڕووی پێشکەوتنی ئابوریەوە. تایوان بە گەورەترین ووڵاتی جیهان دادەنرێت بۆ دروستکردنی میکرۆسیپ، کە لە ئامرازەکانی وەکو تەلەفونیی دەستی و کۆمپئتەر و زۆر ئامراز و تەکنەلۆجیای جیاوازدا بەکاردەهێنرێت.

ڕوداوە سیاسی و ئابوریەکانی جیهان سەربەخۆ نین و وەک زنجیرێك پێکەوە بەتراونەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا پاش کۆبونەوەیەکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە نیویۆرك، وەزیرەکانی دەرەوەی ڕوسیا و چین و هیندستان و بەرازیل پێکەوە کۆبونەوە و لێدوان وتوێژێکی نافەرمیان کرد دەربارەی پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سیاسی و ئابوری لە نێوان خۆیاندا. لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە شاری ئێکاتێرینبورگی ڕوسیا، یەکەم کۆبونەوەی فەرمیان ئەنجام دا بە بەشداربوونی سەرۆك وەزیرەکانی ئەو ووڵاتانە و وتوێژەکەی ساڵی ٢٠٠٦ بووە ڕاستیەك و ڕێکخراوێکی فەرمی. لە کۆتایی ئەو کۆبونەوەیەدا هەموو باشداربوان هاودەنگ بوون بۆ کارکردن بۆ ئەنجامدانی جیهانێکی یەکسانتر ودادوەرتر و زۆرسەریەوە (Multipolar). ڕێکخراوەکەیان نەو نا بریكس.

وڵاتانی ئەرجەنتین و ئێران بە فەرمی داوایان کرد لەم ڕۆژانەدا کە ببنە ئەندامی ڕێکخراوی بریکس. وڵاتانی بریکس بە ئەرجەنتین و ئێرانەوە دەبنە لە ٪٤٣ دانیشتوانی جیهان، هەروەها ئابوری وڵاتانی بریکس دەگاتە لە ٪٢٥ هەموو ئابوری جیهان.

دوێنێ وڵاتانی ڕۆژئاوا بە جیهاندا بڵاو بوون، لە ڕێی کۆلۆنیالیزمەوە بە جیهاندا تەراتێنیان دەکرد و تەنانەت وڵاتیان دروست دەکرد و سنوری نوێیان دەکێشا و هەرچیەکیان بویستایە ئەنجامیان دەدا. فەیلەسوفی بەناوبانگی ئیتالی لە لێدوانێکدا ووتی؛ ئێمەی ڕۆژئاوایی پێشکەوتوین، لەبەرئەوەی هەرچیەکمان پێویست بووبێت چوین هێناومانە ( مەبستی بە زۆرداری و فڕاندن).

ئەمڕۆ کڵێشەی جیهان گۆڕاوە، زۆر وڵاتی نوێ گەیشتونەتە ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو لە بواری ئابوری و تەکنەلۆجیادا. ئەمەش ترس و لەرزێکی زۆری بۆ کەڵەگاکانی دوێنی دروستکردووە، چونکە دڵنیان کە لەوەی کە ناتوانن چی دی وەکو جاران بە جیهاندا بڵاوببنەوە و بە ئارەزوی خۆیان تەراتێن بکەن.

شەڕی ئوکراینا نموونەیەکی دیارە لەم بارەیەوە. بە ئاشکرا ناتۆ هەوڵ دەدات دژ بە ڕوسیا بوەستێت و هەوڵی لاوازکردنی بدات. لە لایەکی دیەوە دەیەوێت پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ئەندامانی بریکس لاواز بکات. ناتۆ پشتگیری لە سەرۆکی ئوکراینا زێلێنسکی کۆنە ئەکتەری کۆمێدی دەکات تەنها بۆ مەبەستی سیاسی خۆی. زێلێنسکی هێشتا وەکو ئەکتەرێکی کۆمێدی وایە و هێشتا لە ڕاستیی ڕوداوەکان تێنەگەیشتووە. جێی سەرسوڕمانە کە ئەو هەموو ڕۆژێك کاتێکی زۆرتەرخان دەکات بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی نوێ و زیندوکردنەوەی داواکاریەکانی لە ناتۆ بۆ خۆ پڕ چەك کردن.  زێلێنسکی ئەشێ ئاگاداری شەڕ بێت لە ووڵاتەکەیدا؟    

 

    

        

  • 1