ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دانوستانی هێزە سیاسییەکان لە سەرەتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرندا:

میرنشینە کوردییەکان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا(لە سەدەی شانزەوە بۆ سەدەی نۆزدە)

مەتین ئەتماكا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

دانوستانی هێزە سیاسییەکان لە سەرەتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرندا:

میرنشینە کوردییەکان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا(لە سەدەی شانزەوە بۆ سەدەی نۆزدە)

مەتین ئەتماكا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی چوارەم و کۆتایی

سەدەکانی هەژدەهەم و نیوەی یەکەمی نۆزدەهەم: لە ئیمپراتۆرییەتەوە بۆ هاوپەیمانیی هەرێمی

لە پەیماننامەی زەهاوی ساڵی ١٦٣٩وە تا ساڵانی ١٧٢٠کان شەڕ و ململانێیەکی گەورە لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا ڕووینەداوە. لە میانەی ئەم سەردەمەدا، عوسمانییەکان بەزۆری چاویان خستبووە سەر جەنگی بەڵکان و یاخیبوونەکان لە ناو ئیمپراتۆرییەتدا. ئەستەمبووڵ وەک عادەت داوای یارمەتیی هێزە کوردییەکانی کرد لە ماوەی یاخیبوونێکدا لە قەوقاز و ئازەربایجان یان عێراق. بۆ نموونە، میری بادینان مامی نارد بۆ لای قوباد بەگ، لەگەڵ هێزیکی سەربازی کە پێکهاتبوو لە ١٦ هەزار جەنگاوەر، بۆ چوونە پاڵ لەشکرکێشییەکی عوسمانی بۆ دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینێک لە بەسرە لە ساڵی ١٧٠٠دا (سەعدی، ٢٠١٧: ٨٣).

سەفەوییەکان ماوەیەکی داڕووخانی ڕێژەییان بەخۆیانەوە بینی لەم سەردەمەدا. لە سەرەتای سەدەی هەژدەدا، پێش ئەوەی نادرشا (١٧٣٦ - ١٧٤٧) شوێنی شاکانی سەفەوی بگرێتەوە، کە بنەماڵەی ئەفشاریی دامەزراندووە، عوسمانییەکان ویستیان ڕۆژاوای ئێران داگیر بکەن. ئەوان دوڕی ئەحمەد ئەفەندییان ناردە ئێران بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سەربازیی سەفەوییەکان و پاش ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ١٧٢١دا گەشتەکەی تەواوکرد، ڕاپۆرتێکی وردی ئامادەکرد لە سەر دەرباری سەفەوی و هێزە سەربازییەکانیان و کۆمەڵگە (دوڕی ئەحمەد ئەفەندی، ١٨٢٠). هەر کە سوڵتان ئەحمەدی سێهەم و سەرۆک وەزیرەکەی (سەدری ئەعزەم - و)، داماد ئیبراهیم، ڕاپۆرتەکەیان خوێندەوە بڕیاریاندا کەوا کەشەکە گەییوە و لەبارە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ دژ بە ئێران. شەڕ لە سێ بەرەوە دەستی پێکرد: قەوقاز و ئازەربایجان و عێراق. سوپای عوسمانی، بە فەرماندەیی ئەحمەد پاشای والی بەغدا، لە بەرەی عێراقەوە پێشڕەویی کرد و کرماشانی داگیر کرد. بۆ فراوانکردنی زیاتری سنووری ڕۆژهەڵات، عوسمانییەکان پشتیان بە هێزە کوردییەکان بەستبوو بە فەرماندەیی خان ئەحمەد پاشای سەرکردەی ئیمارەتی بابان (زەکی، ١٩٣٩: ٥٤ - ٥٥). بەو پێیە، عوسمانییەکان توانییان لە تەمووزی ١٧٣١دا هەمەدان بگرن. پاش ئەوەی نادرشا ئەسفەهانی زەوتکرد و شای گۆڕی بە کوڕە ساوا تەمەن ‌هەشت مانگەکەی لە ئابی ١٧٣٢دا، داوای ئەو خاکەی کرد کە دەست عوسمانییەکان کەوتبوو و جاڕی جەنگی دا و لەشکری کردە سەر بەغدا، بەڵام عوسمانییەکان لەم دووەم جەنگەشدا سەرکەوتن (ڤاکانوڤیس سوبحی محەمەد ئەفەندی، ٢٠٠٧: ١٠٢ - ١٠٣، ١٨٨ - ١٩٢).

لە ساڵی ١٧٣٦دا، نادرشا تەخت و تاجی سەفەوییەکانی گرت و هێز و سیاسەتی خۆی چڕکردەوە بەرەو ڕۆژئاوا و بە هەمان شێوەش بەرەو ڕۆژهەلاتی ئێران. لە سەرەتای حوکمیەوە تا کۆچی دوایی لە حوزێرانی ساڵی ١٧٤٧دا، زنجیرەیەک جەنگی دژ بە عوسمانییەکان بەرپاکرد. لە ماوەی ئەم جەنگانەدا، هەندێ لەو ناوچانەی کە سەر بە میرە کوردەکان بوون بۆ چەندین جار ئەمدەست و ئەودەستیان کرد. لە ناو ئەو ناوچانەدا، میرنشینی ئەردەڵان لەلایەن عوسمانییەکان و ئەفشارییەکانەوە لەوانیتر زیاتر داگیرکرا. لەپاڵ ئەم دوو دەوڵەتەدا ئیمارەتەکانی موکری و بابان و شارەزووریش ناوچەکانی ئەردەڵانییەکانیان داگیر کردووە (سەواقیب و موزەفەری، ١٩٣٩ / ٢٠١٥: ٩٧ - ١٢٠).

هەڵبەت عوسمانییەکان دەبێت پلانیان هەبووبێت بۆ مانەوە لە کوردستانی ئێراندا بۆ ماوەیەک، چونکە تۆماریان بۆ زەویوزارەکانی ئەردەڵان، کرماشان، ورمێ، مهاباد، خۆی و ماکۆ ئامادەکردبوو لە کۆتایی ١٧٢٠کاندا (ئوێزگودنلی، ٢٠٠٣: ٨٧ - ٩٣؛ ئوزونچارشلی، ١٩٩٥: ٤/ ١٨٠ - ١٨٢، ١٩٣). عوسمانییەکان ئەردەڵان و کرماشان و هەمەدانیان وەک ئەیالەت ڕێکخستبوو. بەپێی ئەم ڕێکخستنە نوێیە، نەخشە دانرابوو بۆ ئەردەلان کە وەک گەورەترین ویلایەت دابەش بکرێتە سەر حەوت ناوچەدا ( لیوا یان سەنجەق). لەگەڵ ئەم پلان و تۆمارکردنەشدا، عوسمانییەکان بڕیاریاندا کە لە شوباتی ١٧٣٢دا ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا ئیمزا بکەن و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئێران کشانەوە، بە ئەردەڵانیشەوە (ئوزونچارشلی، ١٩٩٥: ٤ / ٢٢٢). لە ئەنجامی ئەوەشدا، هەرێمی کوردستان و مووسڵ بەر لێدانی یەک لە دوای یەکی لەشکرکێشییەکانی نادرشا کەوتن. بە ماوەیەکی کەم لەپێش کۆچی دوایی نادرشادا، ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتی تەئکیدی لە سنووری ساڵی ١٦٣٩ کردەوە لە نێوان عوسمانییەکان و ئەفشارییەکاندا. بەهەرحاڵ، ماوەکانی ئاشتی، بەگشتی بۆ ماوەی دوور و درێژ بەردەوام نەبوو (فەتاح و کاسۆ، ٢٠٠٩: ١٢٦).

دەسبەجێ لەدوای تێرۆرکردنی نادرشا کەریم خانی زەند هاتە سەر تەخت و تا ئاستێکی بەرچاو ئێرانی ئارام و سەقامگیر کردەوە و پاشان لەشکرکێشییەکی دەستپێکرد و خاک و ناوچەکانی ئەردەڵانی کردە ئامانج لەپێش زستانی ١٧٤٩دا. حەسەن عەلیی میری کورد خۆی بەباشی ئامادە نەکردبوو بۆیە ویستی کێشە و قەیرانەکە بە ڕێگەی دیبلۆماسی چارەسەر بکات، بەڵام نەیتوانی قەناعەت بە کەریم خان بکات و سەنەندەجی پایتەختی لە لایەن سوپای ئێرانەوە تاڵانکرا و سووتێنرا (پێڕی، ٢٠٠٦: ٢٥، ١٠٢ - ١٠٣). دەسەڵاتدار و سەرۆکە کوردەکان هەرگیز پلە و پایەیەکی باڵایان نەدرایە، وەک والی یان حاکمی گشتی، لە دابەشکردنی کارگێڕیی بنەماڵەی زەنددا. پلە و پۆستەکانی میراتگری دەبوو ڕەزامەندیی شاهانەی لەسەر بوایە و کەریم خانیش بە پێویستی نەدەزانی ڕەزامەندیی لەسەر حوکمڕانی ئەوانە دەرببڕێت کە لە ڕێگەی میراتگرییەوە دەسەڵات بداتەوە بەوانەی کە لە چاوەڕوانیدا ڕیزیان بەستبوو لەو ڕێگەیەوە بەریان بکەوێت و مڵکەکانیان بۆ بگوێزرێتەوە.

ڕکابەریی نێوان ئەردەڵان لە سایەی حوکمی زەندییەکاندا و میرنشینی بابان (کە لە ئێستادا سلێمانی و دەوروپشتەکەیەتی لە عێراقدا)، کە بەشێک بوو لە بەغدای عوسمانی، بەهانە و پاساوی دەستێوەردانی نوێی دابووە دەستەوە. هەردوو میرنشینەکە "پەیوەندیی ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوای نەریتیی کولتووری و خزمایەتییان لەنێواندا بوو کە بە سنووری باکوور - باشوور کرابوونە دوو لەتەوە" لە نێوان دوو مەملەکەتدا کە بە فەرمی لە ژێر حوکمی هەردوو زنجیرە بنەماڵەی عوسمانی و ئێرانیدا بوون (پێڕی، ٢٠٠٦: ١٠٣). ناکۆکی و ڕکابەریی ئەردەڵان و بابان باڵ دەکێشێت بەسەر ڕوخساری سیاسیی کوردستاندا تاوەکوو چارەکی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم. بەو پێیە، ناوەندێتیی هێز و دەسەڵاتی کورد کەوتە ئەوەی زیاتر بەرەو باشووری دەریاچەی وان و باکووری عێراق بچێت. هاوشێوەی کۆتاییەکانی سەدەی شانزەهەم، عوسمانییەکان و ئێرانییەکان لە ڕێگەی ئەم دوو میرنشینەوە هەر ماوە نا ماوەیەک جەنگی بەوەکالەتیان هەڵدەگیرساند. لە سەرەتای شەڕ و ململانێدا، دەبوو حەسەن عەلی خان پاشەکشە بکات بۆ سنە لە بەرانبەر هێرشیکدا کە سەلیم پاشای حاکمی بابان ئەنجامی دابوو. سەرباری هاوکاریی هەردوو ئیمارەتی بابان و ئەردەڵان لەگەڵ ڕکابەری قاجاریدا دژ بە کەریم خان بەڵام سەرکەوتنی ئەم ڕکابەرە قاجارییە دەرفەتێکی بۆ نەهێشتنەوە لە ملکەچییان بەولاوە بۆ زەندییەکان. بابانییەکان تا دەهات زیاتر دەکەوتنە ژێر کاریگەریی میرە کوردە ئەردەلانییەکانی مێمڵ و ڕکابەریان تا ساڵی ١٧٧٤. دواجار، عومەر پاشای والیی بەغدا بڕیاریدا ئەم بارودۆخە پێچەوانە بکاتەوە و عوکمرانی میرنشینەکە بگۆڕێت بە کەسێکی تری هەمان بنەماڵە. هێزیکی هاوبەشی کورد و زەندییەکان هێرشیان کردە سەر بەگدا بۆ سەپاندنەوەی حوکمی ئێران لە میرنشینی باباندا بەڵام شکستیان هێنا و نەیانتوانی ئەم ئەرکە ئەنجام بدەن. بۆ ساڵی دواتر، کەریم خان لە دوو قۆڵەوە هێرشێکی تری دەستپێکرد، لە قۆڵی شەتتولعەرەب و خاکی بابانەوە. هیرشی سوپای زەند لە سێ لاوە بوو بە هۆی شکانی هێزەکانی عوسمانی و بابان. بەم جۆرە میرنشینی بابان گەڕایەوە سەر دۆخی جارانی (پێڕی، 2006: 75 ، 78 - ٧٩).

لە ماوەی ئەم سەردەمەدا، دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان لە عێراقی عوسمانیدا بووبوون بە نیمچە سەربەخۆ تا ئەو ڕادەیەی کەوا ئەو والییانەی لە ئەستەمبووڵەوە دەنێردران بۆ بەغدا و مووسڵ، هەر وەک سیمبۆڵێک دەمانەوە. لە ساڵانی ١٧٥٠ تا ١٨٣١، زنجیرە بنەماڵەی مەملووکەکان (کە بە عەرەبی واتای کۆیلە یان سەر بە گەورە و ئاغاکان دەگەیەنێت)، کە وەک کۆیلەی مەسیحی لە چۆرجیاوە هێنرابوون و کرابوونە موسڵمان، حوکمی بەغدایان دەکرد و پاشان بەسرە و دواتریش کایەی دەسەڵات و کاریگەرییان مووسڵیشی گرتەوە (ئەمانە زیاتر بە منداڵی لە کەسوکاریان زەوت دەکران لە لایەن حوکمڕانە عوسمانییەکانەوە - و). مەملووکەکان هاوپەیمانییەکی توندوتۆڵیان لەگەل بابانەکان بەستبوو، چونکە میرنشینی بابان پشکێکی بەرچاوی بودجەی بەغدای دابین دەکرد. لە ماوەی دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، ئیمارەتی بابان لە ژێر حوکمی عەبدولڕەحمان پاشادا (لە ١٧٨٩ تا ١٨١٣ حوکمی کردووە) زۆر بەهێزتر بووە لە حوکمڕانە مەملووکەکانی بەغدا و میرە کوردەکانی تری کوردستانی عوسمانی و تەنانەت نازناوی عەبدولڕەحمان پاشا بە "مەلیک دانەر" ڕۆیشتبوو لەسۆنگەی ڕۆڵیەوە لە دانانی سەرکردەکانی مەملووک بەسەر بەغداوە (لۆنگریگ، ١٩٢٥: ٢٢٦، ٢٣١ - ٢٣٢). هەروەها داواشی لە سوڵتان کردبوو کە ویلایەتی بەغدای پێ بسپێرێت و لەبەرانبەردا ئەمیش یاخیبوونی وەهابییەکانی لە عێراقدا بۆ دادەمرکێنێتەوە و حوکم و دەسەلاتی عوسمانی دەگێڕێتەوە بۆ حەڵەب، دیاربەکر، ڕەقە و هەندێ ویلایەت و ناوچەی تر کە یاخیبووان هێرشیان دەکردەسەر. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی کردبوو کە ساڵانە ٣٠ هەزار قورۆش وەک باج بدات و ئەم بڕە پارەیەش لەوە زیاتر بوو کە مەملووکەکان دەیاندا. عەبدولڕەحمان پاشا هێرشی کردە سەر بەغدا، کەرکووک، سنە و کۆیسنجەق و لە سەر حیسابی ئیمارەتە کوردەکانی تر سنووری ئیمارەتەکەی خۆی بەرەو باکوور و خۆرهەڵات فراوانکرد (ئەتماکا، ٢٠١٣: ٥٣).

عەبدولڕەحمان پاشا سوودی لەو ڕکابەرییە بینی کە لەنێوان عوسمانییەکان و بنەماڵەی قاجاری تازە دەرکەوتوودا بوو لە ئێران و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریدەهێنا (١٧٩٤ - ١٩٢٥). لە کاتی ناکۆکی و ململانێی لەگەڵ حوکمڕانە مەملووکەکاندا، داوای یارمەتی و هاوکاریی لە فەتح عەلی شای حاکمی دووەمی قاجاری کرد (١٧٩٧ - ١٨٣٤). چونکە پاش ئەوەی شەڕێکی دژ بە عەلی پاشای والیی بەغدا دۆڕاند پەنای بردە بەر ئێران و فەتح عەلی شا بەگەرمی پێشوازیی لێکرد و دواتر فشاری خستە سەر عەلی پاشا کە جارێکی تر عەبدولڕەحمان دانێتەوە بە حوکمڕانی میرنشینی بابان. فەتح عەلی شا لەجیاتیی ئەوەی شەڕ هەڵبگیرسێنێت و خاکی عوسمانی داگیر بکات، بڕیاری دا پەیوەندیی باش و توندوتۆڵ لەگەل میر بهێڵێتەوە بە مەبەستی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی بەغدا. لەولاشەوە پاشا ناکۆکیی سیاسیی نێوان هەردوو دەوڵەتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەقۆستەوە و چەندین جار ملکەچی و دڵسۆزیی خۆی دەگۆڕی لەنێوان هەردوو هێزەکەدا بۆ مسۆگەر کردنی مانەوەی سیاسیی خۆی. عوسمانییەکان خاک و وڵاتی بابانیان (کە لە نامە و نووسراوکاریی فەرمیدا بە "کوردستان" ناویان دەبرد) بە دەروازەی عێراق و ڕووبەری گەورەی زەوی و خاکی ئیمپراتۆرییەت دادەنا. لێرەوە بابی عالی پێگەی عەبدولڕەحمانی بەوپەڕی هەستەوەر و ناسک دادەنا بۆ سەلامەتیی سنووری ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆرییەت. بایەخدانی عوسمانییەکان بە عەبدولڕەحمان بە هۆی پەیوەندیی توندوتۆڵیەوە بووە بە شا و حاکمی ئێرانییەوە لە کرماشان.

هەڵبەت شاکانی قاجار بەردەوام دەستوەردانیان دەکرد لە کاروباری ناوخۆی کوردستانی عوسمانیدا تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم. ئەم جۆرە دەستێوەردانەش بەردەوام شەڕ و ناکۆکیی لێدەکەوتەوە لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێراندا. دوو لەو شەڕ و ناکۆکییانە، کە یەکێکیان لە سەرەتای ساڵانی ١٨٢٠کاندا و ئەویتریان لە سەرەتای ساڵانی ١٨٤٠کاندا، مۆرکردنی دوو ڕێککەوتننامەیان لێکەوتەوە لە ئەرزڕووم. یەکەم ڕێککەوتننامە لە ساڵی ١٨٢٣دا ئیمزا کرا و وەک بەشێک لە ڕێککەوتننامەکە، ئێران ڕازیبوو کە دەستوەردان نەکات لە سیاسەتی کوردستانی عوسمانیدا. عوسمانییەکان نەیانویست حاکمی بابان بێتە ناو دانوستانەکانی ئاشتییەوە لەبەرئەوەی بابی عالی وایدادەنا کە بابانەکان "ئەڵقەی پێکەوەبەستنەوەی نێوان دوو دەوڵەتن و پەیوەندییان بە جەنگەوە نیە". بەو پێیە، ڕاپۆرتەکە ئەوەی لەخۆگرتووە کە مەسەلەی ئیمارەتی بابان پێویستە "لە هەلومەرجی ئاشتی دووربخرێتەوە". ڕێککەوتننامەکە ئێرانی نەوەستاند لەوەی کەوا کاریگەریی خۆی پیادە بکات لە ڕێگەی میرەوە و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ ناکۆکی و ململانێی زیاتر کە دواجار بە پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕووم کۆتاییهات لە سەرەتای ساڵی ١٨٤٧دا. یەکێک لە بابەتە هەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکە بارودۆخی سلێمانیی پایتەختی ئیمارەتی بابان و چەند ناوچەیەکی کوردیی سەر سنوور بوو. نوێنەری ئێران داوای هەندێ شوێن و ناوچەی دەکرد لە وان و بایەزید و سلێمانی. کاتێ کە عوسمانییەکان ئەم جۆرە داواکارییانەیان قبووڵ نەکرد، ئێران ئەو مەرجەی هێنایە پێشەوە کە پێکەوە کار بکەن بۆ دانانی حوکمڕانەکانی بابان و باج و پووشانە وەربگرن لە خێڵەکانی ئیمارەتەکە لەبری بەکارهێنانی هاوینەهەوارەکان لە بەری ئێراندا بۆ لەوەڕخۆریی ئاژەڵەکانیان. عوسمانییەکان تێکڕا هەموو ئەم داواکارییانەیان ڕەتکردەوە و بەپێچەوانەی ڕێککەوتننامەی پێشترەوە ئەمجارەیان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ دان بەوەدا بنرێت کەوا خاک و وڵاتی بابان بەشێک بێت لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی (ئەتەش، ٢٠١٣: ٩٢؛ ئایکون، ١٩٩٥: ٣٩ - ٤١). دوابەدوای پەیماننامەی ١٨٤٧، عوسمانییەکان حاکمی بابانیان گۆڕی بە بەڕێوەبەرێکی نوێ کە هەڵبژاردەی خۆیان بوو. ئەمەش نەخشە و پلانی ئێرانی کۆتایی پێهێنا لە داواکردنی میرنشینەکەدا.

ئەنجام

لەگەڵ مۆرکردنی پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی ١٨٤٧دا هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێران حوکمڕان و دەسەڵاتدارە کوردەکانیان لە پێگەکانی خۆیان لادا و خاک و ناوچەکانیان تێکەڵ بە ئیدارەی ناوەندی کرد. بۆ ئەم مەبەستەش، عوسمانییەکان جەنگێکی دە ساڵەیان هەڵگیرساند دژ بە سەردار و حوکمڕانە کوردەکان لە میرنشینەکانی بۆتان، سۆران، بابان، بادینان، هەکاری و موکس. لەکۆتاییدا عوسمانییەکان شکستیان پێهێنان و لە ناوەندەوە کەسانی کارگێڕییان بۆ ئەم ئیمارەتانە دامەزراند. دوو دەیە دواتر ئێرانیش شوێنپێی عوسمانییەکانی هەڵگرت و هەمان کاری جێبەجێ کرد و ئەنجام دوا ئەندامی بنەماڵەی ئەردەڵانی لە سنە دەرکرد. بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا کە سنوورەکان دیاری کران و سیستەمیکی سیاسیی جێگرەوە لە کوردستاندا هاتە ئاراوە بەڵام خێڵە کوردەکان بەردەوام پەیوەندیی نزیک و توندوتۆڵیان هەبوو لەگەڵ برا و هاوخوێنەکانیان لەودیوی سنوورەوە. هەروەها کوردە سونییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران بەردەوام لە ژێر کاریگەریی پرۆپاگەندەی پان - ئیسلامیزمی عوسمانییەکاندا بوون لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، لەکاتێکدا کە ئێران پەیوەندیی باشی هێشتەوە لەگەڵ خێڵەکان و ئاغاکانیان، کەوا سنوورە نوێکان دابەشی کردبوون (هەریس، ١٨٩٦: ٢٨٥ - ٢٨٧).

لە پاش ئیمزاکردنی پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕووم، هەدوو لای عوسمانی و ئێران خۆیان بەدوور گرت لە هەر شەڕێکی گەورە و لێرە بەدواوە ئێران لە ڕووی سەربازی و ئایدیۆلۆجییەوە مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبوو بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. لەگەڵ ئەوەشدا، گرژی و توندوتیژییەکی کەم هەر بەردەوام بوو لە دەیەکانی دواتردا. کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە هەر بە دابەشکراوی مایەوە بە هۆی جوگراگیاکەیەوە و ناوبەناو ناکۆکیی بچڕبچڕ بەرپا دەبوو بە هۆی خێڵە کوردەکان و گۆڕانکاریی بەردەوام لە ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و سیاسیی ناوچە کوردییەکانی هەردوو دەوڵەتەکەدا. سنوورەکان لە گەلێ شوێندا هەروا بە گۆترەکاری دروستکرابوون و ناکۆکییە سنوورییەکان تەنها دەسکارییەکی کەم و سووکیان لە کات و سەردەمەکانی دواتردا. خاک و ناوچەکانی کورد هەر بە "ناوچەی دابڕاو" مابوونەوە لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە کاتێ کە بۆ دواجار هێڵێکی سنوور کێشرایەوە بە یارمەتی و هاوکاریی کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی. سەرباری نیاز و مەبەستی عوسمانییەکان لەوەی کە سنووری ڕۆژهەڵات بکەنە ناوچەیەکی سنووری، بەڵام خاک و ناوچە کوردییەکان هەر بە "ناوچەیەکی مۆلەقی پەڕینەوە و شەڕوشۆڕی ئیدارەی ئیمپراتۆری مایەوە و ناوچەیەکی ئاڵوگۆڕی ئابووری و کولتووری لەگەڵ ژینگەیەکی سرووشتیی سەختدا" (فوکارۆ، ٢٠١٢: ٢٣٧).

هەر لە هاتنی عوسمانی و سەفەوییەکانەوە بۆ کوردستان تا لەناوبردنی میرنشینە کوردەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، سەرۆک و سەردارانی کورد بەشێوەیەکی چالاک و کارا تێکەل بە سیاسەتەکانی ناوچەیی و ئەمبەر و ئەوبەری سنوور بووبوون. ئامرازەکانی دەسەڵاتە سیاسییەکان بەپێی کات و سەردەمەکان دەگۆڕان بەڵام بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە هەمان ناوەرۆک مانەوە. هەندێ جار سەرۆکە کوردەکان کەمترین زەحمەت و سەرچاوەیان بەکاردەهێنا بۆ دەستەبەر کردنی زۆربەی دەسکەوتەکان و لە کات و ساتەکانی تردا، هەموو پیاوەکانی خۆیان و سامانیان تەرخان دەکرد ئەگەر سەرکەوتنی ئاشکرایان بەدی بکردایە لە شەڕ و ململانێدا. پێگە و هەڵکەوتەی جوگرافیی "سوودبەخشیان" گۆڕا بۆ هەڵکەوتەیەکی "بێسوود" لە نێوان هەردوو ڕێککەوتننامەکەی ئەرزڕوومدا. وەک ئەنجامێکی ئەم ڕێککەوتننامانە، عوسمانییەکان بۆ یەکەمجار دانیان بە ئێراندا نا وەک وڵات و میللەتێکی جیا لەودوای جیهانی ئیسلامی. ئەمەش وادەگەیەنێت کە عوسمانییەکان ئێرانیان یەکسان بەخۆیان دانا لە هەلومەرجی سەربەخۆییدا. ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی عوسمانیدا جارێکی تر سیاسەتی عوسمانیی داڕشتەوە لە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێراندا. ئەمەش هەندێ دەرەنجامی هەمیشەیی لێکەوتەوە لە سەر قەوارە سیاسییەکانی کورد. لەکۆتاییدا، هەردوو دەوڵەت بڕیاریاندا پێکەوە دژ بە حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکانی کورد بکەونە کار. تەنها بەم هەماهەنگییە توانییان لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان بەدیبێنن.

 

 

 

  • 1