ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای ئەو كارەساتە خەمناك و قێزەونەی دوور لەهەر بەهایەكی مرۆڤایەتی لە 28/6/2022هەمووانی تووشی شۆك كرد، وایكردن دام و دەزگاكانی حكومەت و ناوەندەكانی راگەیاندن و هاوڵاتیان دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بەم كردەیە بەرز بكەنەوە كە لە دوو ڕووداوی جیاواز لەشاری هەولێردا قوتابیەك هەڵدەستێ بە كوشتنی دوو مامۆستای زانكۆ (د.كاوان ئیسماعیل – د.ئیدریس حەمەخان).

دیاردەی كوشت و بڕ و تەقەكردن دیاردەیەكی تازە نییە، ئەگەر سەیری لاپەڕەكانی مێژوو بكەین دەزانین چۆن لێرەو لەوێ لەلایەن كەسانێكی نەفس نزمەوە پەلاماری قوتابخانە دراوەو چۆن مامۆستاو قوتابی بووەتە قوربانی نیازە گڵاوەكانی كەسێك، گروپێك و پلانگێڕی حزبێك، حكومەتێك و ...هتد.

مرۆڤ لەهەڵەو پەڵە بێ بەری نییە، وەلێ دەبێ دەرهەق بە رووداوەكان سزاو پاداشت هەبێت و یاسا ڕۆڵی خۆی بگێڕێ و كەیسەكان بەلاڕێ نەبردرێن، جا ئەو كەسە كوڕی كێ بێت و هەر كەسێك بێت و هەر پلەو پۆستێكی هەبێت.

دادپەروەری زامنی مانەوەو ئارامی كۆمەڵگایە، لەهەر شوێن و جێگەیەگ دادگا سەربەخۆ نەبوو، یاسا سەروەر نابێت، بەمەیش دادپەروەری دەكەوێتە كەناری كەوتن و گڵۆڵەی دەكەوتە لێژێ كە لەژێر سایەو سێبەری سیستەمێكدا بۆ هەندێ پڕ و بۆ هەندێ قڕبێت، وەك ئەوەی دەستڕۆیشتوو تاوان ئەنجام دەدات و بەئاشكرا دەسوڕێتەوە بێ ئەوەی كەس بوێری ئەوەی هەبێت پێی بڵێ: بەری چاوت دوو برۆیە لەكاتێكدا ئەوەی هەژارو نەدارە، بێ مەئوایە، پشتی نیەو تاوانێكی ناچار یا نەناچاری دەكات، دونیای لێ پڕ دەكەن، دەیكەنە پەندو مەخسەرەی زەمانەو مێشێكی لێ دەكەنە گامێشێك، بەمەیش لەو كۆمەڵگایانە هیچ ئومێدێك لەچاوەڕوانی خۆشگوزەرانی و دڵنیایی هاونیشتمانیان سەوز نابێت.

ڕەشەكوژی ، كوشتنی سەرۆكی وڵاتێك، دكتۆرێك، ئەندازیارو كەسبكارێك تاوانكاریە، تاوانیش هەر تاوانە، جۆرو شێوەكەی جیاوازە.

ماوەیەكە خۆكوشتن و كوشتن بە بەردو بلۆك و چەقۆو چەك لەهەرێمی كوردستان وەك ئاوخواردنەوەی لێهاتوە و ئامارەكان ئاماژەیەكی مەترسیدار دەردەخەن كە هەر تاوانێك ئەنجامدراو بۆ خاوەنەكەی چووە سەر، ئەوە كوشتن لەحاڵەتەوە دەبێتە دیاردە كە پێویستە سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابندرێ، هەموو كەس جورئەتی ئەوەیان نەبێت لەوپەڕی تووڕەییدا پەنای بۆ ببەن ئەگەر یاسایەك هەبێ سزاكانی قورس بێت، بۆ نموونە بەندكردنی هەتا هەتایی، بیست ساڵ بەندكردن یاخود لەسێدارەدان و كوشتنەوەی ئەو كەسانەی بەناهەق كەسێك دەكوژن.

ئەوەی لەو رۆژانە فەیس بووكی تەنیوەو بەلێشاو لەلایەن بەكارهێنەرانیەوە دەرهەق بەكوشتنی ئەو دوو مامۆستایە دەیخەنە ڕوو، بەسەهاتێكە كە لە4/7/1970 قوتابیەكی دەستڕۆیشتووی حزبی بەعس كە ناوی (موسا عەبدولحەمید) بوو لەقۆناغی سێیەمی كۆلێژی ئەندازیاری دەیخوێند و سەرۆكی یەكێتی قوتابیان لقی زانكۆی بەسڕە بوو، كاتێك لە تاقیكردنەوە گزی دەكات و قۆپیەكەی لێ دەگر، یەكسەر فەرمانی فەسڵكردنی بۆ دەردەكەن، ئەویش لەپەرچەكرداری ئەو فەرمانە، هەڵدەكوتێتە سەر نووسینگەی سەرۆكی زانكۆو دكتۆر خەلیل حەمید دەكوژێت.

هەر ئەو ڕۆژە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش( مجلس قیادە الپورە) كە ئەو سەردەمە (ئەحمەد حەسەن بەكر) سەرۆك كۆماری عێراق سەركردایەتی دەكرد، فەرمانی پێكهێنانی دادگایەك دەدات و لەهەمان ڕۆژ قوتابیەكە لەسێدارە دەدرێ و بۆ ماوەی سێ رۆژ تەرمەكەی لە دەروازەو باب نیزامی زانكۆی بەسڕە هەڵدەواسرێ تا تازیەی سەرۆكی زانكۆ تەواو دەبێت بۆ ئەوەی ببێتە پەندەو عیبرەت تا كەس زاتی ئەوە نەكات بێرێزی بەرامبەر بەمامۆستا بكات كە داهاتووی هەموو وڵاتێك مامۆستا بینای دەكات.

كەواتە دەبێ دادگا بەپێی ڕووداوەكان مامەڵە بكات و ئەو رێوشوێنانە بگرێتە بەر كە پێش لەدووبارە بوونەوەی بگرێت، سزای ناپاكیكردن لەخاك و نیشتمانە لە زۆربەی وڵاتان لەسێدارەدانە، كەواتە دەكرێ لەسێدارەدان بكرێتە بنامەیەك بۆ ئەو كارەساتانە ناخهەژێن و جەرگبڕن وەك كوشتنی بەكۆمەڵ و ...هتد.

 

  • 1