ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی هەشتەم

هاوڕێ حەیدەر دەچێتە پەیمانگەی حزبی بۆ خوێندن لە مۆسكۆ

هاوڕێ حەیدەر دوای ئەوەی هەتاكو هاوینی ساڵی 1988 وەكو پێشمەرگە لە ناوچەی (خواكورك) دەمێنێتەوە و لەتەك هاوڕێیان ئەركەكانی حزبی و پێشمەرگایەتی جێبەجێ دەكات، دوای ئەو ماوەیە حزب بڕیار دەدات هاوڕێ حەیدەر بۆ خوێندنی حزبی و پەروەردەیی رەوانەی مۆسكۆ بكات، بۆ ئەوەی پەروەردەو ئامادە بكرێت بۆ كاری حزبی داهاتوو لە ناوەوەی كوردستان و عێراق، كاتێك ئاگاداری هاوڕێ حەیدەر دەكرێت بۆ خۆ ئامادەكردن و رۆیشتن بەرەو هەوارگەی تازەی لە مۆسكۆی پایتەختی یەكێتی سۆڤیەتی ئەو سەردەم، هاوڕێ حەیدەر بڕیارەكەی حزب بە گرنگ وەردەگرێت لەبەر ئەوەی دەیزانی كە پێویستی بە خوێندن و پەروەردەی حزبی زیاتر هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەركەكانی حزبی، وەكو ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی حزب، هاوڕێ حەیدەر بەڕێدەكرێت و لەرێگای حزبەوە دەگاتە شاری مۆسكۆو پەیمانگای خوێندن، بەژمارەیەكی زۆر هاوڕێیانی حزبمان شاد و دڵخۆش دەبێت و زۆربەی هاوڕێكان دۆست و ناسراوی هاوڕێ حەیدەر دەبن، حزب بڕیار دەدات كە هاوڕێ حەیدەر بەرپرسی گروپەكەی حزب بێت و هاوڕێ (عەزیز محمد) ئاگاداری حەیدەرو هاوڕێیان دەكات كە هاوڕێ حەیدەر بەرپرسی گروپەكەیەو مەكتەبی گروپەكەش لە هاوڕێیان ( ابو تاراو ابو فەلاح و ابو نەصیر) پێكدێت و هاوڕێیان نازانن كە هاوڕێ حەیدەر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبە، و هاوڕێ (عەزیز محمد) باس لەم بابەتە ناكات و هاوڕێ (حەیدەر)یش بەهیچ شێوەیەك ئەم بابەتە نادركێنێ بەنهێنی دەمێنێتەوە, ئەم مەسەلەیە باس ناكرێت بۆ ئەوەی ئەندامێتی هاوڕێ حەیدەر لە كۆمیتەی ناوەندی بە نەزاندراوی بێت، بۆ ئەوەی كاتێك هاوڕێ حەیدەر بۆ كاری حزبی رەوانەی ناوەوەی وڵات دەكرێت نەبێتە جێگای باس و زانین . هاوڕێ حەیدەر ئەركەكەی بەباشی و بەسەركەوتویی لەئەستۆ دەگرێت و بایەخ بە هاوڕێیان دەدات و گیروگرفتەكانیان چارەسەر دەكات و پەیوەندی هاوڕێیانە و دۆستانەی لەگەڵ هەمووان دەبێت، و دەبێتە ناوەندی متمانەپێكراو و خۆشەویست دەبێ، ولەكاتی پێویست دیدارو كۆبونەوەی مەكتەب و گروپەكەی كردووەو باسی هەر بابەتێك كراوە كە بەپێویست و بایەخدار زاندرابێت، هاوڕێ حەیدەر جگە لەوەی پەیوەندی لەگەڵ تەواوی گروپەكەی حزب توندوتۆڵ و خۆشەویستی بووە، پەیوەندییەكی فراوانی لەگەڵ تەواوی گروپەكانی حزبە شیوعیەكانی ووڵاتان هەبووەو خۆشەویست بووەو جێگای رێزی هەمووان بووە.

هاوڕێ حەیدەر بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی خوێندكاران هەڵدەبژێردرێ...

لەپەیمانگای خوێندنی حزبی لەمۆسكۆ هەموو حزبە شیوعیەكانی جیهان، هاورێیانی خۆیان بۆ خوێندن رەوانەی ئەم پەیمانگایە دەكرد و، وەكو گروپ هەر حزبەو گروپەكەی شوێنی مانەوەو حەوانەوەیان و خوێندنیان لەپەیمانگەكە هەبووە، و بۆ رێكخستنی پەیوەندی گروپەكان لەگەڵ یەكترو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەیمانگاو چارەسەركردنی كۆسپ و گیروگرفتەكانی گروپەكان، خوێندكاران دەبوو ئەنجومەنێك لەلایەن گروپەكانەوە هەڵبژێرن بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی كردنی ئەركەكان، ئەنجوومەنەكە لەلایەن گروپەكانەوە هەڵدەبژێردرا، بۆ ئەو ساڵەی هاوڕێ حەیدەر وەكو بەرپرسی گروپی حزبمان لەپەیمانگابوو، بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی خوێندكارانی هەموو گروپەكان هەڵبژێردراو لێزانانە ئەركەكەی سەرشانی بەرێكوپێكی و تەواوەتی بەڕێوەبردووەو بووەتە جێگای متمانەی تەواوی گروپەكان و بەڕێوەبەرایەتی پەیمانگاش.

هاوڕٍێ حەیدەر داوا دەكات هەڵبژاردن بۆ لیژنەی حزبی بكرێت..

هاوڕێ حەیدەر یەكەمجار بەبڕیاری حزبی دەبێتە بەرپرسی گروپەكەی حزب و لەگەڵ هاوڕێیانی گروپەكە بەیەكەوە ئەركەكانی ئەنجام دەدەن، و بەبێ گیروگرفت لەخوێندن بەردەوام دەبن، وهاوڕێیانی گروپەكەو سەركردایەتی حزبیش لەسەرپەرشتی و بەرپرسیارێتی هاوڕێ حەیدەر رەزامەند دەبن، لەم ماوەیەی هاوڕێ حەیدەر لەمۆسكۆ دەبێ و بەرپرسی گروپەكەی حزب دەبێت ، لەیەكێتی سۆڤیەت ئاوو هەوای حزیایەتی و فەرمانڕەوایەتی و سەركردایەتی دەگۆڕێت و گۆرباتشۆف وەكو سكرتێری گشتی حزبی شیوعی سۆڤیەت دێتە مەیدان و بیروسترویكای رادەگەیەنێ و لەهەموو دەوڵەتەكانی بەناو سۆسیالیست و لەیەكێتی سۆڤیەتیش بزاڤی جەماوەری سەرهەڵدەدات و خەڵك دێنە مەیدان و كاری حزبیش وەكو پێشوو بەڕێوەناچێت و بڕیارەكانی حزب لەلایەن ئەندامانەوە وەكو هەیە ئەنجام نادرێت، و بارودۆخی حزبایەتی بەتەواوەتی دەگۆڕێت و بەرپرسیارێتی و سەرپەرشتیكردنی هاوڕێیان و دەستە حزبیەكان گەلێك قورس دەبێت و ووتی ووتی و نەمانی نهێنی و فراوان بوونی دیموكراتیەتی ناوخۆی حزب و نەمانی ناوەندێتی لە حزبدا ، لەم بارودۆخەدا هاوڕێ حەیدەر هەست دەكات و دەگاتە ئەو راستیە كە دەبێت لەحزبی ئێمەش گۆڕانكاری بكرێت و دیموكراتیەتی ناوخۆی حزب پەیڕەو بكرێت، یەكەم هەنگاویش كە بیری لێدەكاتەوە كە لەپەیمانگا دەبێت ئەوەیە: دەبێت بۆ لیژنەی حزبیەكەی گروپەكە هەڵبژاردن بكرێت و هەروا بۆ بەرپرسی گروپ و مەكتەبیش ئەم كارە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستە ئاگاداری سەركردایەتی حزب دەكات و داوا دەكات كە پێویستە هەڵبژاردن بۆ لیژنەی حزبی گروپ و بەرپرسەكەی بكرێت، هاوڕێیان لەگەڵ هاوڕێ حەیدەر دیدار دەكەن و داوا دەكەن هۆی ئەم داوایەی چیە بۆیان رۆن بكاتەوە، چونكە ئەوان لەگەڵ هەڵبژاردنی لیژنەو بەرپرسەكەی نەبوونەو ووتویانە ئیش و كارەكان بەبێ گیروگرفت ئەنجام دەدرێ.. هاوڕێ حەیدەر لە وەڵامدا دەڵێت: بارودۆخەكە گۆڕاوەو هەموو هەر داوای دیموكراتیەت و ئاشكرایی كاری حزبی دەكەن، ئێمەش دەبێت ئەم بارودۆخە بەهەند وەربگرین و رێز لە داواو پێشنیاری هاوڕێیان بگرین، یەكەم هەنگاویش لێرەوە دەست پێدەكات و من حەز و ئارەزووی زۆرم هەیە ئەم هەنگاوە هەڵێنین و بەرەو پێشەوە بڕۆین و لەكاروانەكە دوانەكەوین، لەسەر داواو پێشنیاری هاوڕێ حەیدەر حزب بڕیار دەدات هەڵبژاردن بۆ لیژنەی حزبی گروپەكە ئەنجام بدرێت، و هاوڕێیان ئامادە دەبن، و ژمارەیەك هاوڕێ خۆیان بۆ ئەندامێتی لیژنەكە كاندید دەكەن و هاوڕێ حەیدەریش خۆی دەپاڵێوێت، لەئەنجامدا هاوڕێ حەیدەر بەرزترین دەنگی هاوڕێیان وەدەست دێنێ و لەگەڵ چەند هاوڕێیەك دەبێتە ئەندامی لیژنەی گروپەكە، پاشان لیژنەكە كۆدەێتەوە بۆ هەڵبژاردنی بەرپرس و مەكتەبی لیژنەكەیان ، لەئەنجامی هەڵبژاردنەكەدا هاوڕێ حەیدەر دەنگی تەواوی ئەندامانی لیژنەی گروپەكە وەردەگرێت و دەبێتەوە بەرپرسی لیژنەكە. لەهەڵبژاردنی مەكتەبی لیژنەكە یەكێك لەئەندامانی مەكتەبی پێشوو بۆ مەكتەب دەرناچێتەوە، و زۆر نیگەران و بێزار و دڵتەنگ دەبێت و لەلای هەندێ لە هاوڕێیان گلەیی لەهاوڕێ حەیدەر دەكات كە گوایە یارمەتیدەر نەبووە بۆ ئەوەی ئەو بۆ مەكتەب دەربچێت، وقسەكە بە هاوڕێ حەیدەر دەگاتەوە، ئەو واتە هاوڕێ حەیدەر بەسەر خۆی ناهێنێت و ئەم باسە لەگەڵ هاوڕێی دڵشكاو ناكاتەوە، و رێزیش لە بۆچوونەكەی هاورێكە دەگرێت، ئەم بابەتە لەدوای راپەڕینەكەی گەلی كوردستان، لەگەڵ هاوڕێ ئارازی باس دەكات، و دەڵێت كاتی خۆی من داوام كرد كە پێویستە هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی لیژنەكەی گروپەكە بكرێت، و ئەوكات من ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بوم نە لەلای تۆو نە لەلای هیچ هاوڕێیەك باسم نەكردووە كە من ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیم بۆ ئەوەی دەنگ بێنم، ئەنجا من خۆم نەمدەزانی ئاخۆ لەهەڵبژاردن دەردەچم یان نا.. من نە لەسەر خۆم قسەم لەگەڵ هاوڕێیان كردووە نە لەسەر هیچ كام لەهاوڕێیان بەتۆشەوە، تۆ هاوڕێیەكی تێكۆشەری حزبی، بەڵام ئەوە هاوڕێیانن كە دەنگ دەدەن و دەبێت هەمووان پەسندی ئەنجامی دەنگدانی هاوڕێیان بكەین و رێزی دەنگەكانیان بگرین.

 

  • 1