ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی یانزەهەم

هاوڕێ حەیدەر و جیابوونەوەی هاوڕێیان

دوای ئەوەی هاوڕێیان لە حزب جیابوونەوە و رێكخراوی تایبەت بە خۆیان بەناوی شیوعییە كوردستانییەكان راگەیاند و بە یەكجاری لە حزب دووركەوتنەوە و لە لایەن هاوڕێیانی حزبەوە لێژنەی هەرێمی كوردستان بەتوندی دژایەتی دەكران و ناوناتۆرەی نابەجێ و ناشیرین دژ بە یەكتر بڵاوكرایەوە و هیچ جۆرە پەیوەندییەك لەنێواندا بوونی نەما، لەدوای ئەوەش ئێمە واتە هاوڕێ حەیدەر و ئەبو دلشاد و بەندە، ناوە ناوە یەكترمان دەدیت و لەگەڵ هەڵوێستی حزب نەبووین كە بەم شێوەی كار لە دژی هاوڕێیان دەكرا، بەڵكو ئەوكاتیش ئێَمە راوبۆچوونمان وابوو كە دەكرێت مامەڵەی هێمن و دۆستانە ئەو نەرموونییانی لەگەڵ هاوڕێیان بكرێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت لە دوا رۆژدا كاری هاوبەش و دۆستانە بكەن، بەڵام سەركردایەتی حزب هەڵوێستی توندورەق بوو، هەر دەووترا ئەمانە كەرتكەرن و هەڵپەرست و دژی حزبن، نابێت مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، و ژمارەیەك لە حزب دەركران و بەتەواوەتی بارودۆخەكە گۆڕا و دیدار و یەكتر دیتن بڤەو قەدەغەبوو، لەم كەش و هەوایە نالەبارو نەگونجاوەدا هاوڕێ حەیدەر لە دیدار و دۆستایەتی لەگەڵ هاوڕێیانی دوێنێ‌ و( هەڵپەرستان و ناحەزانی ئێمە) ...! بەردەوامی هەبوو، هەوڵی زۆریشمان لەگەڵ سەركردایەتی لێژنەی هەرێمی كوردستان دا، بەڵام هیچی لێشین نەبوو... كۆنفرانسی لێژنەی مەحەلی هەولێر سازدارو، لێژنەیەكی مەحەلی هەڵبژێردرا و هاورێ ئەبو دلشاد و رەوەند بەشدارییان لە كۆنفرانسەكەدا نەكرد، بەڵام پیرۆزباییمان لە هاوڕێیانی ئەندامی لێژنەی مەحلییەكە كرد و سەردانمان كردن و پەیوەندییمان ئاسایی بوو، ناوە ناوە هەندێ لە هاوڕێیانی سەركردایەتی حزبمان لە هەولێر دەدیت و بەیەكەوە بارودۆخەكەمان هەڵدەسەنگاندا و ئاڵوگۆڕی بیروڕامان دەكرد.

دیدار لەگەڵ هاوڕێ ئەبو فاروق

رۆژێك هاوڕێ حیدەر ئاگاداری كردم كە بڕیارە هاوڕێ ئەبو فاروق دیدارت لەگەڵدا بكات سەبارەت بەو بارودۆخەی كە ئێستاكە لە ئارادایەو، دەیەوێت بزانێت دەتەوەێت چی بكەیت و ئارەزووی وەرگرتنی چ ئەركێكی حزبت هەیە و هاوڕێ ئەبو دلشاد-یش بۆ هەمان مەبەست دەتبینێت، حزب بڕیاریداوە داواكانتان جێبەجێ بكات و بەشێك لە هاوڕێیان لەگەڵ بۆچوونەكانی ئێمەدان كە بەشێوەیەكی خراپ مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان كراوە و دەكرا و لەتوانادابوو، بارودۆخەكە بەلایەكی تردا بكەوێت و بڕوات، بەڵام تازە ئەوەی نەمان دەویست رووبدات روویدا و ئێستاكە چارەسەری پرسەكە زۆر ئەستەم و گران بووە، بەردەوام بوو ووتی، باشە ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوام بین بۆ ئەوەی بارەكە لەوەی هەیە خراپتر نەبێت و بتوانین پەوەندییەكی ئاسایی رێك بخەین و واز لەم ناوناتۆرانە بێنین و مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەوەی لە گۆڕەپانەكەدا هەیە بكەین... دوای ئەم دیدارە لەگەڵ هاوڕێ حەیدەر رۆژێك هاوڕێ ئەبو دلشاد ئاگاداری كردم كە ئەو چاوپێكەوتنی لەگەڵ هاوڕێ ئەبو فاروق ئەنجامداوەو بەیانی رۆژی 25/6/1993 كاتژمێر دەی بەیانی هاوڕێ ئەبو فاروق لەبارەگای لێژنەی هەرێمی كوردستان لەشەقامی پزیشكان چاوەڕوانت دەكات، و باسی دیدارەكەی خۆی و هاوڕێ ئەبو فاروقی بۆ كردم و راو بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو لەكاتی دیاریكراو دا چوومە بارەگای لێژنەی هەرێمی كورستان لەگەڵ هاوڕێ ئەبو فاروق دیدارەكەم ئەنجامدا و هاوڕێ ئەبو فاروق بەدرێژی باسی بارودۆخی سیاسی بۆ كردم و پاشان هاتە سەرباسی ناوخۆی حزب و بەتایبەتی لێژنەی مەحەلی هەولێر و ئەو بارودۆخەی كە لە ئارادابوو، هاوڕێ ئەبو فاروق باسی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە هەروەكو جاران ئەركێكی حزبی لە ئەستۆ بگریت و ئێستاكەش كاتی كاركردن و فراوان كردنی پێگەی حزب و چەسپاندانی و پتەوكردنی ریزەكانی حزبە، دەربارەی ئەم بۆچوونانەی هاوڕێ ئەبو فاروق لاریم نەبوو هاوڕابووم لەگەڵ ئەوەی كە پێویستە پێگەی جەماوەری حزب فراوان بكرێت و تەواوی ئەندامانی حزب بەشداربن، ئەزیش وەكو ئەندامێكی حزب دەبێت بەشداربم، بەڵام حەزدەكەم ئەوە بزانن كە بڕیاری حزب بە هەڵوەشاندنەوەی كۆنفرانسی هەولێر هەڵەبوو، ئەو بارودۆخە ناهەموارەی لێكەوتەوە... ئەنجا هاوڕێ ئەبو فاروق باسی لە گرێدانی كۆنگرەی دووەمینی لێژنەی هەرێمی كوردستان كردو رایگەیاند كە لە رۆژی30/6/1993 لە هۆڵی میدیا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و تۆش لەكردنەوەی كۆنگرەكە بەشداری بكە... سوپاسی هاوڕێ ئەبو فاروقم كردو پێشنیارم كرد كە كۆنگرە لە هەولێر بۆ شوێنێكی تر بگوازنەوە و هۆیەكەشم بۆ روونكردەوە، دیار بوو سەركردایەتی لێژنەی هەرێمی كوردستان پێشنیارەكەی بەندەیان بەلاوە پەسەند بوو، دوای كردنەوەی كۆنگرە و بەشداری لایەنەكان بۆ رۆژانی دواتر كۆنگرە گوازرایەوە بۆ سلێمانی...

هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی رۆژی 30ی ئابی 1996 شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی گەلێك بەرفراوان و خوێناوی بوو، شەر لەسەر دەسەڵات بوو، هەولێر لەلایەن هێزەكانی یەكێتییەوە كۆنتڕۆڵ كرابوو پارتی بارەگاكانی لە ناوچەی بەستۆڕە بەرەو سەرەوە بوونییان هەبوو، شەوی 30/31 – 8-1996 هەواڵەكان بڵاوكرانەوە كە هێزی سوپای حكومەتی عێراق لەگەڵ پێشمەرگەكانی پارتی هێرش دەكەنە سەر شاری هەولێر، شەو بارودۆخەكە گەلێك ناهەمواربوو مەترسیداربوو، حزبەكان ئەوانەی بوونیا لە ناو شاری هەولێر هەبوو بارەگاكانیان لە بەڵگەنامە و كەلوپەلی گرانبەها چۆڵدەكرد، بەتایبەتی حزبی شیوعی كوردستانی بەباشی ئەم كارەی ئەنجامدا... هەر لە شەوی 30/31 – 8 – 1996 هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی سەردانی كردم و ووتی بارودۆخەكە زۆر خراپە و پارتی لەگەڵ سوپای عێراق هێرش دەكات، ئێمە زۆربەی هاوڕێیانی سەركردایەتیمان رەوانەی شەقڵاوە كردبوون، بەڵام من لە هەولێر جارێ دەرناچم و، هاوڕێ حەیدەر دە پێشمەرگەی ئازاو وریای لەگەڵدا بوو، رێكەوتین بەیانیش ئاگاداری یەكتربین و بزانین بارودۆخەكە چۆن دەبێت، ئێمەش خۆمان ئامادە بوین بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێیانی سەركردایەتی هەڵوێستێك وەربگرین، بۆ بەیانییەكەی كە هەولێر بێ بەرگرییەكی گونجاوو ئەوتۆ لە لایەن یەكێتییەوە چۆڵكرا، لە لایەن هێزەكانی پارتی و سوپای عێراق داگیركرا و هێزی حەرەس جمهوری و پێشمەرگەی پارتی لە گەڕەكەكانی شاروشەقامەكان بوونییان هەبوو، لەم بارودۆخەدا هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی لە هەولێر بوو دە پێشمەرگە و دوو ئۆتۆمبیلی لەگەڵدا بوو لەناو شاری هەولێر دەستوڕایەوە و هاتەلامان و بەیەكەوە باسی بارودۆخەكەمان كردو گەیشتینە ئەو راستییەی كە دەبێت هەولێر بەجێبێڵێن، ئێمە دوای رێكخستنی بارودۆخی هاوڕێیانی ناوشارو مانەوەی چەند هاوڕێیەك بۆ سەرپەرشتی هاوڕێیان، ئێمەش چووینە شەقڵاوە، بەڵام ئەبو حیكمەت كە سكرتێری پارتی كاربوو چووبووە شەقڵاوە بەبێ ئەوەی كەس ئاگادار بكاتەوە...!

  • 1