ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستا هاشم مەجید ــ (ڕزگاری /گەرمیان).

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

خوێندن و خزمەتی لە بواری پەروەردەدا .

ــ ناوی تەواوی: هاشم مەجید عارف باجەلان .

ــ ساڵی ١٩٤٦ لە دێی قەرەیەتاغی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە لە دایک بووە . لە هەمان ساڵدا باوکی کۆچی دوایی کردووە،دایکی ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی خۆی و برایەکی و دوو خوشکی گرتۆتە ئەستۆ.

ــ لە ساڵی١٩٥٥دا، بۆ یەکەمجار لە دێی (گاخۆر)قوتابخانە کراوەتەوە،هەر چەندە ئەو دێیە لە دێیەکەی ئەمانەوە دوورە، بەڵام لەوێ دەخرێتە بەرخوێندن و هەر لەوێ قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواو کردووە.

ــ لە ساڵی١٩٦١دا لە قوتابخانەی دواناوەندی کفری وەردەگیرێت و ئەم قۆناغەش بە سەرکەوتوویی لەوێ تەواودەکات.

ــ لە ساڵی١٩٦٥دا بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن دەچێتە قوتابخانەی دواناوەندی کشتوکاڵ لە قەزای حەویجە. لە ساڵی ١٩٦٨دا تەواوی دەکات.

ــ لە ساڵی ١٩٧١دا وەک مامۆستا لە قوتابخانەی عەسکەری سەرەتایی لە دێی عەسکەر سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر دامەزراوە ..

ــ لە ساڵی ١٩٧٣ دەگوازرێتەوە بۆ قوتابخانەی زەرداو لە دێی زەرداوی گەورە لە قەزای کفری و پاش ساڵێک دەگوازرێتەوە بۆ قوتابخانەی دێیەکەی خۆیان (قەرەیاتاغ) .

ــ لە ساڵی ١٩٨١دا لەسەر داوای (مکتب معلمین)ی بەعس دوور دەخرێتەوە بۆ قوتابخانەی ڕەزازە لە دێی (عین فارس). دوایی لە ساڵی ١٩٨٥دا دەیگوازنەوە بۆ دێی تەپە عەلی، ماوەی دوو ساڵیش لەوێ دەمینێتەوە.

ــ لە ساڵی ١٩٨٧ دا کاتێک ڕژێمی سەدام دەستی کرد بە ڕووخاندن وێرانکردنی گوندە کوردنشینەکان، مامۆستا هاشم دەگوازنەوە بۆ دێیەکی عارەب نشین لە خوارووی ناحیەی قەرەتەپە.

ــ لە ساڵی ١٩٨٨ لەسەر داوای خۆی لە پارێزگای دیالە دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای کەلار درێژە بە ئەرکی مامۆستایی و پەروەردەیی خۆی دەدات.

ــ ساڵی٢٠٠٧ خانەنشین دەکرێت.

٭ ژیانی سیاسی و باری کۆمەڵایەتی:

ــ مامۆستا هاشم لە ساڵی ١٩٦١ لەو کاتەی قوتابی قۆناغی دواناوەندی بوو،پەیوەندی بەڕیزەکانی حزبی شیوعی عیراقەوە کردووە. هەرچەندە ئەرکی حزبایەتی ئەو سەردەمە زۆر ئەستەم و قوڕس بوو،بەڵام ئەم چالاکانەئەرکەکانی سەر شانی جێبەجێکردووەو لە جم و جۆل و چالاکییەکانی حزبەکەی بەشدار بووە.

ــ لە ساڵی ١٩٦٥دا کە دەبێتە خوێندکار لە داناوەندی کشتوکاڵ لە حەویجە ــ پ. کەرکوک،بەهۆی خوێندن و فشاری ڕژێم بۆ ماوەیەکی کورت لە حزب دابڕاوە،بەڵام بە هۆی پەرۆشی بۆ ئەنجامدای ئەرکی حزبی جارێکی تر گرووپێک لە قوتابییان دوستدەکەن ودەستدەکەن بە بڵاوکردنەووەی بڵاوکراوەکانی ئەوکاتی حزبی شیوعی و چالاکانە دەکەونە جوولەو وەکو بەرپرسیاروئەندامی حزب هەڵس و کەوت دەکەن.

ــ لە ساڵی ١٩٦٨دا کە ئامادەیی کشتوکاڵی تەواوکردووە،وەک کادیرێکی جوتیاریی و ئەندامێکی چالاکی حزبی شیوعی دەگەڕێتەوە بۆ دێکەی خۆیان و لە ڕێکخستنی قەرەتەپە ئەرکە حزبییەکانی ڕاپەڕاندووە.

ــ لە دوای دامەزراندنی بە مامۆستا پەیوەندی بە لیستی پیشەیی مامۆستایانەوەدەکات.

ــ بەهۆی جم و جۆلی و شیوعی بوونیەوە ڕژێمی بەعس زۆر کێشەی بۆ دروست دەکەن و دەکەوێتە بەر پەلامارو هەڕەشەی بەعسییەکان. هەر جارەی بە بیانوێک لە ئەمنی قەرەتەپە دەستگیر دەکرێت و ئازارو ئەشکەنجە دەدرێت.

ــ لە ساڵی ١٩٨١ دا لە لایەن (مەکتەب معلمین)ی بەعسەوە گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی ڕەزازە لە دێی (عین فارس) ، بۆ ماوەیەک دوور دەکەوێتەوە لە هەرەشەی بەعسییەکان ..بەڵام مامۆستا هاشم لە شوێنی نوێشی زیرەکانە پەیوەندی دەکاتەوە بە حزبی شیوعی و دەستدەکاتەوە بە ڕاپەڕاندنی کاری حزبی و هاوکاری هێزی پێشمەرگەی حزبیش دەکات.

ــ مامۆستا هاشم لە ساڵی ١٩٨٨دا لەسەر میلاکی پارێزگای دیالە گوازراوەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی. لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لە ڕێکخستنی ڕزگاری حشع، ئەرکە حزبی و پیشەییەکانی خۆی ڕادەپەڕێنێت و بەردەوام دەبێت لە تێکۆشانی سیاسی و پیشەیی،شان بە شانی ئەرکە پەروەردەییەکانی.

ــ مامۆستا هاشم لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە چەند ڕۆژێک پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس مەفرەزەیەکی (دە) کەسی لە خزم و کەسوکاری پێکدەهێنێت و بە چەک و ئۆتۆموبیلی خۆیان و بە ئاگاداری (حشع) ئامادەباشی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر ناحیەی قەرەتەپە. ئەمانیش لەگەڵ لایەنەکانی یەکێتی و حزبی شیوعی و لایەنی تر بەشدار دەبن لە کۆنترۆلکردنی ناحیەکە و لە ماوەیەکی کەم هەمووان ناحیەکە لە پاشماوەکانی بەعس پاک دەکەنەوە و بارەگای حزب لە شارۆچکەی قەرەتەپە دەکەنەوە و دەکەونە هەوڵی ڕێکخستنی قەرەتەپە.

ــ مامۆستا هاشم ئێستاش خۆی بە ئەندامی حزب دەزانێ و ئامادەی جێبەجێکردنی هەموو ئەرکێکی حزببییە لە ناوچەکەو شانازی بە ڕابردووی خۆی دەکات.

هیوای تەندروستی و تەمەن درێژی بۆ دەخوازین.

ــ مامۆستا هاشم لە ساڵی ١٩٧٤دا هاوسەرگیری لەگەل خاتوو گولیزار محەمەد کردووەو حەوت منداڵیان بووە:( بەهار، دەریا، سارا، سەمیر، ئاراز، هیوا، ئاشتی).هیوای تەمەن درێژی و بەختەوەری و سەرکەوتنیان بۆ دەوازین.

٭ زۆر سوپاسی هاوڕێ سیروان سەعید دەکەم لە گەرمیان کە ژیاننامەی مامۆستا هاشمی بۆ ناردم. هەروەها سوپاسی مامۆستا هاشم خۆی و هاوڕێ ئەحمەد مەجید دەکەم کە بە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی وەڵامی چەند پرسیارکیان دامەوە.

  • 1