ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
هەشتاو حەوت ساڵ بەر لە ئێستا حزبی شیوعی عێراق لە ڕۆژی ٣١-٧-١٩٣٥، ڕۆژنامەی (کفاح الشعب) یان دەرکردوو بووە یەکەمین ڕۆژنامەی ئەم حزبەو ئەم ڕۆژەش بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری شیوعی لە عێراق دیاریکراوە.
 
کفاح الشعب بە قەبارەی نیو لاپەڕەو بە تیراژی ٥٠٠ دانەو سەرەتا بە هەشت لاپەڕەو دواتر بە دوانزە لاپەڕە دەردەچوو، لەلاپەڕەی یەکەمیدا نووسرابوو کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق دەریدەکات و وێنەی چەکوش و داس بەسەرووی لاپەڕەکانی بووە.
کفاح الشعب تەنها بەلاڤۆکێکی حزبی نەبوو، بەڵکوو ئامرازێکی کاریگەری بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نیشتیمانی و چینایەتی و پێشکەوتنخوازی بوو کە بۆتە بەشە هەرە گرنگەکەی مێژووی ڕۆژنامەوانی لە عێراق و ناوچەکەدا.
لە مێژووی کارو داهێنانی ڕۆژنامەگەری شیوعیدا لە عێراق، شیوعیەکانی کوردستان لە هەموو قۆناغە جیاوازو دژوارەکاندا ڕۆڵ و پێگەیەکی گەورەیان هەبووەو هەیە، ئەو هەنگاوەی بە کفاح الشعب دەستیبێکرد شیوعیەکانی کوردستان بە دەرکردنی ڕۆژنامەی(ئازادی ، ڕێگای کوردستان ، بیری نوێ ، گۆڤاری ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، دەنگی داس، دەنگی فەلاح) و چەندین بڵاوکراوەی تری ناوخۆیی و ناوچەییەکان و لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بە کەناڵە بینراو بیستراوەکانی ئازادی و کەناڵی ئاسمانیی ڕێگا، ئەم هەنگاوەیان پتەوترو بەتین تر کرد.
قەڵەمەکانی هاوڕێیانی کۆچکردوو و شەهید و هەمیشە لەیادمان (مەلاشەریفی ڕەنگەڕێژانی، نافیع یونس، عەزیز محەمەد، کەریم ئەحمەد، جەمال حەیدەری ، ساڵح حەیدەری،بەهائەدین نوری، ئەحمەد دڵزار،غەفور میرزا کەریم، دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ، محەمەدی مەلاکەریم،مەلاجەمیلی ڕۆژبەیانی، حەمەدەمینی سیراجی، هۆگر محەمەد خەلیل، مەلاحەسەن، دیلمان ئامێدی٫کاوە گەرمیانی) قەڵەمەکانی هەرە درەوشاوەی ئەم مێژووەن، بەشێکی زۆریش لەو هاوڕێیانەی لە قۆناغەکانی کاری نهێنی و شاخ و لە دوای ڕاپەڕین بوونە پشکداری کاروانی ڕۆژنامەگەری شیوعی قوربانی گەورەیاندا لەم ڕێگایەو تواناو تەمەن و هێزی زۆری خۆیان بەکاری ڕۆژنامەگەری بەخشی و لێرەدا جێگای ناوهێنانی هەرهەموویان نابێتەوە، جێگای ڕێزو پێزانینن و هەر تەمەن درێژ و بەردەوامبن و ماندوونەبن، بەتایبەتی هاوڕێیانی هەرە بەتەمەن(جەلال دەباغ، مومتاز حەیدەری،ئەحمەد رەجەب) کە لەکاری چاپەمەنی نهێنی ناوشارەکان و شاخ ڕۆڵی گەورەیان هەبوو و ناوێکی دیارن.
لە ئەمڕۆدا ڕۆژنامەکانی طریق الشعب لە عێراق و ڕێگای کوردستان کە بەتەمەنترین ڕۆژنامەی کوردییە هەتا ئێستا بە بەردەوامی دەردەچێت، هەردووکیان هەڵقوڵاوی یەک سەرچاوەی فیکری پێشکەوتنخوازین کە لە کفاح الشعب دەستیێکردووە، درێژەپێدەری کاروانی رۆشنگەری ڕۆژنامەگەری شیوعین.
سڵاو لە ڕۆژی ڕۆشنی ڕۆژنامەگەری شیوعی.
  • 1