ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئیدی ئەو سەردەمە بەسەرچوو، چاوەڕێی ئیلهام بم، ئەوسا دەست بدەمە قەڵەم، یان ڕاستتر چاوەڕێ بم قەڵەم دەستم بداتێ و بمنووسێتەوە. ئیدی لەمەودوا ڕۆڵی نووسەرێک دەبینم، نووسینی کردبێت بە پیشە و پێی بژی. ڕۆژانە سەعات هەشتی بەیانی، دەست بە نووسین دەکەم، تا دەبێت بە دوازدەی نیوەڕۆ، بەدەم خواردنەوەی قاوە و کێشانی سیگارەوە، تێی هەڵدەیت بیست ڕووپەلێک دەنووسم. بابەت؟ لەسەر چ بابەتێک بنووسم؟ جا نووسەری ڕاستەقینە لەسەر بابەت پەکی دەکەوێت؟ هەر کە نیازی نووسینم هەبێت، سەدان بابەت داوێنم با دەدەن و شەیدای ئاوڕدانەوەیەکی قەڵەمە بەبڕشتە سەرکێشەکەمن.

 بەڕاستی جاران گێل بووم، نەمدەزانی بەچاکی سوود لە کانیاوی خوڕی بەهرەی خۆڕسکی خۆم ببینم. چاوەڕێم دەکرد تا کارەساتێک، بەسەرهاتێک یان باسێک بەتەواوی کاری تێ دەکردم، دەیهەژاندم، هەراسانی دەکردم، دەبوو بە خولیا و کەڵکەڵەم و ناچاری دەکردم دەست بدەمە قەڵەم، ئیدی تا لە نووسین دەبوومەوە، نەمدەزانی خەریکی نووسینم. ئەوسا پێم وابوو، بەبێ ئەو ژان و گینگڵە، بەرهەمی ئەدەبی لە دایک نابێت و ژان مامانی داهێنانە.

 ژان؟ ژانی چی؟ لەمەودوا هەر بۆ خۆشی دەنووسم، ئەوەی ڕەچاوی نەکەم، ناوەڕۆکە، گرنگ ئەوەیە بە ئارەزووی خۆم، گەمە بە وشە و بەشێوازێکی نوێ ڕەوتار لەگەڵ زماندا بکەم، ئەوە بەتەواوی فەرامۆش دەکەم، فڵان وشە مانا باوەکەی چییە، پێوەندیی نوێ لەنێوان وشەکاندا دەدۆزمەوە و زمانێکی تایبەت بە خۆم دادەهێنم، زمانێک لە زمانی ئاخاوتنی خەڵک جیاواز بێت و خوێنەر تووشی سەرەخولێ بکات.

 شۆڕشێک لە هەستەکانی خوێنەردا بەرپا دەکەم، ئەوەی جاران بۆنی دەکرد، کارێک دەکەم، بیبیستێت، ئەوەی دەیبینی، بیچێژێت. وا دەکەم بۆنی گوڵ ببینێت و جریوەی مەل بۆن بکات. سەر لە هەر پێنج دەزگای هەستکردنی خوێنەر تێک دەدەم، بەجۆرێک وشەکان دەخەمە ڕستەوە، تووشی ڕاتەکاندنێک ببێت، وەک دەستی بەر ژێی ڕووتی کارەبا کەوتبێت. شتی وا دەنووسم، بڕوا بە چاوی خۆی نەکات و ئەبڵەق ببێت.

 ئیدی نووسین ناکەمە پردێک بۆ گەیشتن بە مەبەستێک، ئیتر نووسین خۆی ئامانجە و هەموو شتەکانی دیکە ئامرازن. ئیدی کە ڕستەیەک دادەڕێژم، تەواوی بیرم لای جوانیی ڕستەکە دەبێت، نەک مەبەستەکەی، تەنانەت دەشێت لەبەر ڕاگرتنی لایەنی جوانی، بکەومە دژایەتیکردنی بۆچوونی خۆیشمەوە و لەپێناوی بەرزڕاگرتنی لایەنی هونەریی بەرهەمەکانمدا، قوربانی بە هەموو شتێک بدەم. ماوەیەکی دوور و درێژ خۆم گێل کردبوو، دەمگوت: ناوەڕۆک لە شێوە گرنگترە و دەبێت هونەر بۆ ژیان بێت، نەک بۆ هونەر، تا ئەوە بۆچوونم بوو، نان نەبوو بیخۆم، بە ڕوومدا دەرگەی میدیا خڕ داخراو و دەروازەی زیندان لەسەر پشت بوو. کە بەرهەمێکم بڵاو دەبووەوە، چی ڕەخنەگرە گەلەکۆمەکێیان لێ دەکردم و دەیانگوت:

نووسینەکانی دروشمی ڕووتن، بەیاننامە و پڕوپاگەندەن.

زمانی، زمانی گوتاردانە نەک زمانی نووسینی شیعر.

سیاسەتوانە و ڕێی لێ هەڵە بووە.

نەدەبوو هەرگیز سنووری پۆستەی خوێنەران ببەزێنێت.

 دەیانکرد بە فەرتەنەیەک، کلکی فیلەکەی خاوەنشکۆی تێدا دەپسا. ئەوە بۆچی بە نووسینم ئەوەندە سەغڵەت دەبوون؟ داخۆ شیعرێکی لە ڕووی هونەرییەوە لاوازی من، دەبوو بەهۆی هاندانی پرۆلیتاریا بۆ شۆڕش؟ داخۆ نووسینێکی ڕەخنەییی کەسێکی وەک منی بێ پێشینەی ئەکادیمیایی، بەڕەی لەژێر پێی سەرمایەداراندا ڕادەکێشا؟ لە هیچوخۆڕایی خۆم و ئەو خەڵکە بەستەزمانەم تووشی سەرئێشە کردبوو، بەس نەبوو لەناکاو بیرم کردەوە و بەتەواوی دەستبەرداری ئەو ڕێبازە چەوتە بووم. ئێستایش نازانم، ئەو سەردەمە کادیر بووم یان شاعیر؟ نازانم چۆن دەمتوانی بەبێ کێشانی سیگار و خواردنەوەی قاوە، بنووسم؟ نووسینێک بایەخی هەبێت، چۆن بەبێ سیگار و قاوە لە دایک دەبێت؟ باسی چڕەدووکەڵی کارگەم دەکرد و لە دووکەڵی جگەرە دەترسام! باسی ئازاری ڕەشپێستانم دەکرد و دەترسام هەناوم بە قاوە ڕەش هەڵبگەڕێت!

 جاران ڕووی دەمی نووسینم لە خەڵکی ڕەشوڕووت بوو، ئەوانەی ژمارەیان هێندەی گەڵای دارستانە، جامی پڕ لە قوڕقوشمی قوڵپ قوڵپ کوڵاوی قینم بەسەر ئەوانەدا قڵپ دەکردەوە، بۆ توێژە هەڵبژاردەکەی کۆمەڵیان دەنووسی. پێم وابوو ئەوی لە ژێی هەستی لەشکری لەژمارەنەهاتووی چەوساوەکان نەدات، دوژمنی سەرسەختی مرۆڤایەتییە، نووسینم کردبوو بە چەکێک بە دەست چەوساوەکانەوە، بۆ بنبڕکردنی ڕەگی چەوساندنەوە، بۆ سڕینەوەی جیاوازیی چینایەتی و بۆ تەختکردنی ڕێگەی یەکسانی، باشبوو بە ڕێککەوت بۆم وەدەر کەوت، ئەو چەکەی دابوومە دەست هەژاران، تفەنگێک بوو دەرزیشکاو.

 لەم دوایییەدا کە قورئانی پیرۆزم بەوردی خوێندەوە، هەستم کرد خوای مەزن، بەو هەموو دڵفراوانییەی خۆیەوە، ڕووی دەمی لە جەماوەری بەرینی خەڵک نییە، لەگەڵ هەڵبژاردەدا دەپەیڤێت. دەقی پیرۆز کە لوتکەی ئەدەبی عەرەبییە، بەرهەمێکە بەشێکی کەمی کۆمەڵ لێی تێدەگات، دەقێکە شێوە تێیدا لە ناوەڕۆک زیاتر گرنگیی پێ دراوە، بەرهەمێکە ڕەشوڕووت بەبێ ئەوەی سەری لێ دەر بکەن، خۆیانی لەسەر بەکوشت دەدەن.

 لەمەودوا منیش بە شێوازێکی تەمومژاوی و بە زمانێکی سەخت و ئاڵۆز، بۆ هەژاران دەنووسم. ئەوسا کە بە زمانێکی ئاسان و بە شێوازێکی ڕوون ڕاستییەکانم دەدرکاند، ژمارەی هەوادارانم هەمیشە ڕوو لە نشێو بوو، من چی ڕاست بوو، ئەوەم دەنووسی، سیاسەتبازان چی ساختە بوو، ئەوەیان دەگوت، کەچی هەمیشە کۆڕی ئەوان جمەی دەهات و کۆڕی منیش هەرگیز نوێژی بەکۆمەڵی هەینیی پێ تەواو نەدەکرا، ئەوانەیشی ڕووبەڕوو خۆیان بە لایەنگرم لە قەڵەم دەدا، کەسیان لە پاشملە قسەیەکی خێریان بۆ نەدەکردم. دواجار هەر خۆمم بینییەوە. شان ئارداوی، کڵاو بابردوو، ماڵ زنج و گیرفان بیابان.

 خەڵکەکە لەپێناوی ڕاستیدا دەستبەرداری مووچەکانیان نەدەبوون، ناهەقیشیان نەبوو، ڕاستی بژێوی دابین ناکات. گوتنی ڕاستی، گرتنی لایەنی ڕاستی و خەبات بۆ سەرخستنی ڕاستی، شتگەلێکن پێوەندییان بە دەروونەوە هەیە و تەنیا کۆرپەی ویژدان، تێر شیری ئارامی دەکەم، وەلێ کەسێک کۆرپەی ویژدانی زیندەبەچاڵ کردبێت، لەکوێ گوێی لە هاواری هەژاران دەبێت!

 "من بۆیە بە زەردەخەنەوە، پێشوازی لە مردن دەکەم، چونکە کە ئاوڕ لە ڕابردووم دەدەمەوە، کۆمەڵێک هەڵوێست و یادگار و نووسینی جوان دەبینم کە لەدوای خۆمەوە بەجێیان دەهێڵم، بەڵام تۆ کە لەسەر درکاندنی ڕاستی، هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکەیت، کە مردیت دوای خۆت چی بەجێ دەهێڵیت؟ تەپۆڵکەیەک زێڕ، دەشتێک خانوو؟ گۆلێک خوێن؟ چی تاریکاییی شەوانی تەمەنتە، ڕووناکاییی مۆمێکیان پێ تیرۆر ناکرێت، بە هەموو چەکبەشانەکانی دەوروپشتت، تاڵەتیشکێکیان پێ بە دیل ناگیرێت. ئەو ڕاستییانەی درکاندوومن، پۆلەتیشکێکن هەواری قەڵەمەکەمیان بەجێ هێشتووە، ئیدی با کەس هەوڵی دیلکردنیان نەدات، بە تۆڕ و تەپکە ناگیرێن. هەر چەقۆکێشێک بخوازێت، دەتوانێت خۆم گۆشاوگۆش سەر ببڕێت، بەڵام هەموو میرغەزەبەکانی دونیا، ناتوانن باڵی وشەیەکم ببەستن."

 تەنیا لەبەر ئەوەی لەسەر ئەو قسە زلانە نەکوژرام، دەبێت ددانی پێدا بنێم کە شێوە لە ناوەڕۆک گرنگترە، بۆچوونەکانی پێشووم هەموویان هەڵە بوون، داڵی ئازادی باڵی هەراوی بەسەر نیشتماندا کێشاوە و خەڵکی لەبەر سەرقاڵی بە هەڵمژینی هەوای پاکژی ئازادییەوە، ئەوەی بیری لێ نەکەنەوە، مافی بەسەربردنی ژیانە وەک ئینسان.

 جاران پێم وابوو، وەک چۆن شیر سوودی بۆ لەش هەیە، دەبێت شیعریش کەڵکی بۆ خەڵک هەبێت، نەمدەزانی شیعر خۆراکی گیانە نەک لەش، شیعر زمانی هەست و دڵە، نەک ئاوەز و ڕێخۆڵە. نە هیچ قسەیەک لە شیعر ڕاستترە و نە هیچ کەسیش لە شاعیر ڕاستگۆتر. ئەوی بخوازێت بە پردی شیعردا بە ئامانج بگات، سەرسەختترین دوژمنی شیعرە، شیعر پردێک نییە لەنێوان تاک و ئاوات، یان کۆمەڵ و هیوادا، شیعر خۆی لوتکەی ئاواتی تاک و بەهەشتی هیوای کۆمەڵە.

 بازرگانانی شیعر و قاچاخچییانی وشە، لاقرتێ بەم قسانە دەکەن و دەیانەوێت وەک تەپڵەکی سیگار، سوود لە گەرووی شاعیر ببینن، شیعر وەک کوتەک بەکار بهێنن و وشە بکەن بە گولـلەی چەکی شانی بکوژانی داهێنان. بەزەییم بە ئەوانەدا دێتەوە، لەپێناوی مشتێک دراودا، ناچار دەبن قەڵەم بفرۆشن، ئاخر قەڵەمفرۆشیش قوربانییەکی بێدەسەڵاتی هەلومەرجە دژوار و دڵڕەقەکەیە.

 سەروەختێک دەچووم باسی سیاسەتم دەکرد، شیعرم دەکرد بە بیانوویەک بۆ ورووژاندنی باسێکی سیاسی، باشبوو ملی ئەو ڕێگە چەوتەم بەر دا. ئەو سەردەمە هەر کە نووسینێکم بڵاو دەبووەوە، چی نیمچەکادیری چەپ و ڕاست هەبوون، دەستیان لێ دەدامە قەڵەم و هەر چی لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا فێر کرابوون، بە منیان دەفرۆشتەوە، ئەم دەیگوت: ناسیۆنالیستە، ئەو دەیگوت: ئەنتی ناسیۆنالیستە لە بەرگی کۆمۆنیستدا، ئەوی تریان دەیگوت: ئەنارشیستە. هەبوو ماڵی ئاوەدان بێت، لە سەنگەری پرۆلیتاریادا جێیەکی بچووکی پێ ڕەوا دەبینیم. هەبوو دەیدامە بەر پلار و دەستی کورت نەبووایە، پەتی بۆ هەڵدەخستم.

 چونکە من باسی سیاسەتم دەکرد و سیاسەتیش گیاندارێکی بێدەسەڵاتە هەمووان پێی دەوێرن، ئیدی وەک چۆن دەرزیکوت، سەرەتا لەبری سمت، خۆی بە بالیف تاقی دەکاتەوە، ئەو قەڵەمکوتانەیش خۆیان بە نووسینی من دەجەڕباند. بڕێک لەو قەڵەمکوتانە چونکە هاوشاری، هاوتەمەن و ماوەیەکیش هاوبیرم بوون، زۆری پێ سەغڵەت دەبوون کە باڵداری خۆشفڕێ ناوبانگی من، ئاسمانی گەڕەکی تەی دەکرد و ناوی ئەوان لە کوولەکەی تەڕیشدا نەدەهات، بۆیە لە بەدبەختی من و لە هەست بە کەموکووڕی کردن و ئیرەیی پێ بردن و تەنگەچیکڵدانەییی خۆیانەوە، لێم دەبوون بە نووسەر!

 

لە داخی ئەو قەڵەمکوتانە کە خۆیان بە بالیفی نووسینی من تاقی دەکردەوە، بەڵێن بێت ئیدی توخنی سیاسەت نەکەوم. دەبێت لەمەودوا باسی شتی وا بکەم، ئەو بێسەوادانە هەر لێی تێنەگەن. ئیدی باسی جوانکاری، جوانناسی و لایەنی تەکنیک و کەرەسەی هونەری دەکەم. ئیدی دەیان زاراوەی ئەدەبی و هونەری، بە دەیان زمان، بە هەق و بە ناهەق، دەخزێنمە نێو باخەڵی باسەکانمەوە و ناوی هەموو کارەکتەرە لاوەکییەکانی ئەو کورتەچیرۆکانەی دەیانخوێنمەوە، بەبێ ئاماژەکردن بۆ ژێدەرەکانیان، دەخەمە ڕستەگەلی وا تەمومژاوییەوە، قەڵەمکوتان تەقەی سەریان بێت، زەندەقیان بچێت و نەوێرن توخنی نووسینم بکەون. ئەو سەردەمە ڕۆیشت، من بێم باسی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بکەم و ئەوانیش خۆیانم لێ بکەن بە زانای کۆمەڵناس. پەیمان بێت ئیدی سەرچاوەکانی باسەکانیشم هیچیان عەرەبی نەبن، ئەو تاقە زمانەی قەڵەمکوتانی لای خۆمان سەروگوێلاکی دەشکێنن. دەزانیت ئەو بێسەوادانە چییان بە من کرد؟ هەر کەس لە سیاسەتدا گاڵی هێنابوو، لە منی بەستەزمان بوو بە نووسەر!

 پێم وایە لای خۆمان هەنووکە دوو جۆر لە خەڵک سەرقاڵی سیاسەتن، خەڵکی بازرگان و خەڵکی گەمژە. من گومانم لە زۆر شت هەیە، وەلێ هیچ گومانم لەوە نییە، ئەوی بتوانێت هەشت نۆ ساڵ لە حیزبێکدا کار بکات، ئەگەر بازرگان نەبێت، گەمژەیە. لە حیزبدا تا ژمارەی لەشکری گەمژە ڕوو لە هەوراز بێت، بازرگانان ڕۆژیانە. ڕێک دەکەوێت خەڵکانی گەمژە، هۆشیار ببنەوە و دەستبەرداری ئەم یان ئەو حیزب ببن، بەڵام جێی داخە، بازرگانان هەمیشە ئەوەندە گەمژەیان دەست دەکەوێت، بتوانن بە پەیژەی پەراسوویاندا، بگەن بە باڵاخانەی ئاوات. تا گەمژەیەک هۆشی دیتەوە بەر خۆی، بازرگانان شەش حەوتێکی دیکە فریو دەدەن.

 تەنیا ئەوانە لە دۆزەخدا دەژین، نە گەمژەن، نە بازرگان، کەسانی وا بازرگان دژیانە، چونکە دەستەکەی دەخەنە روو، گەمژە دژیانە، چونکە گەمژانە هەڵسوکەوت ناکەن. ماوەیەکە دەمەوێت خۆم بە پێوەندیی نێوان گەمژە و بازرگانەوە، تووشی ژانەسەر نەکەم، کەچی ئەوان لێم ناگەڕێن، بازرگانان دەیانەوێت کەچەدووکانێکم بۆ بکەنەوە و منیش وەک خۆیان، دەست بدەمە سیاسەتی فرۆشتنی وردەواڵە، گەمژەکانیش هەوڵ دەدەن، خۆیان ئاسا ڕۆڵی دەڵاڵ ببینم و کڕیار بۆ وردەواڵەی بازرگانانی بازاڕی سیاسەت پەیدا بکەم.

 ئەوی ڕاستی بێت، من خۆم لە شەڕ دەگەڕێم، دەنا ئەگەر گوێ نەدەمە سەودا و مامەڵەکانی بازرگانان و ڕمی ڕەخنە ئاڕاستەی گەمژەکان نەکەم، کەس ناڵێت بەری چاوت بەکلە. دەزانیت من لەکەیەوە، دژی بازرگان و لە قازانجی گەمژە دەجەنگم! کەچی بەردەوام بازرگانان وریاتر و گەمژەکان گێلتر دەبن. دەڵێم لە قۆڵی خۆمەوە، جاڕی ئاگربەست بدەم، ئاخر لەوساوە خۆم ناسیوە، هەر هەڵمەتم بردووە، گوایە هێرشبردن چاکترین ڕێگەیە بۆ داکۆکی لە خۆ کردن. دەڵێم ئیدی تاکتیکی پاشەکشێی ڕێکوپێک بگرمە پێش، هیچ نەبێت باری شانم هەندێک سووک دەبێت و بە خۆڕایی ماندوو نابم. چش با هەر بڵێن گۆڕەپانی چۆڵ کردووە. مەگەر هەر خۆم بزانم لەکەیەوە لە گۆڕەپانەکەدام، منداڵ بووم هاوتەمەنەکانم تۆپهێنەرەوە بوون، من سەرەڕمی هێرشبردن بووم. لە تیپی (کۆڵنەدەر)دا بووم، هەمیشە دەماندۆڕاند، بەڵام هەرگیز کۆڵمان نەدەدا و گۆڕەپانمان چۆڵ نەدەکرد.

 من لە سەرەتای ژیانی لاویمدا، بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی، لە دەرگەی نووسینم دا، بەڵام هەر زوو نووسینم کرد بە ئامرازێک بۆ دروستکردنی بۆشایی، دەمویست بۆشایی لەنێوان خوێنەر و دەزگا درۆزنە دەمهەراشەکانی ڕاگەیاندندا دروست بکەم. دەمویست بۆشایی بخەمە نێوان بازرگانان و گەمژەکانەوە، بەڵام ئەو بزنەڕێیەش بردمییە سەر هەمان هەواری خاڵی، سەر بازنە بۆشەکە، بازنەی هەڵکشانی لوتکەی هۆشیاریی بازرگانان و داکشانی ئاستی ئاوەزی لەشکری گەمژەکان، بۆیە وای بە چاکتر دەزانم، ئیدی قوتابییەکی گوێڕایەڵی قوتابخانەی هونەر بۆ هونەر بم و ئاوڕ لە کیژی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک نەدەمەوە، با چاویشم لێ دابگرێت وسنگوبەرۆکیشم پیشان بدات. مایەی شادی و شانازیمە، یەکەمین نووسەری شۆڕشڤان، هەوڵی سەربڕینی مانگای پیرۆزی سیاسەت بدات، من بووم، وەلێ چونکە راڕا و حولحولیم، دەترسم پەژیوان ببمەوە و دیسانەوە بۆ تیری تانەی قەڵەمکوتان، ببمەوە بە نیشانە.

 

  • 1