ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(دین ئەفیونی گەلانە) هەمیشە ئەو گوتەیەی ماركس تەواو گونجاوە بۆ ئەو دەروێشانەی دین دەخەنە سەروی هەموو شتێكەوەو دواتر لەنێو بەسیاسی كردنی دیندا بەرژەوەندی پارت و خۆیان دەكەنە سەرچاوەی كاركردنیان و خەڵكیش دەخەنە پەراوێزەوە، ئەوەتا عێراق لەنێو كێبڕكێی شیعەكان خەریكە دەكەوێ‌ و بەدەستی خۆیان ئاگریان لە شەقام بەرداوە، بێئاگان لەوەی وڵاتە هەرێمایەتییەكان وەك بەرژەوەندی خوازێك ئەم ئاگرەی سەرشەقام خۆش دەكەن و لەولاشەوە سەرچاوە ئاویەكان وشك دەكەن، تا هەم هاوڵاتیانی عێراقی بخنكێنن و هەم ئاوێك نەبێ‌ بەم ئاگرەیداكەن، هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران بەبیانووی بەرهەڵستكارەكان بەدەستێك ئاگر لە چیاكان بەردەدەن و بەدەستەكەی دیش كەناڵە ئاویەكان وشك دەكەن، لەمنێوانەشدا شیعەكانی عێراق هەردوو دەستی خۆیان لە بینەقاقای خۆیان ناوەو مەزهەب رێگرە لە بیركردنەوەو دەرچوونیان لەم تەنگژەیەی تێیكەوتوون، ئەوە تەواو سەلماندنی گوتەكەی ماركسەو پێدەچێت ئەو سەركردانەی شیعە بەشێوەیەك مەست بوبن هەرگیز بیر لە هاوڵاتیان و ئایندەی عێراق نەكەنەوە، ئەوان تەنیا چاویان لە جێبەجێ‌ كردنی بڕیاری ئاغایەكانیانە كە لەدەرەوەی عێراق بەسەریاندا سەپاندوونی و بەردەوام بەرژەوەندیە خودیەكان و دینیەكانیان خستۆتە پێش خزمەتكردن بەهاوڵاتیان، ئەنجامی ئەو سەركێشیەی ئەوانیش ئەو ئاڵۆزیەیە كە ئێستا لە شەقامی عێراقی بوونی هەیەو پێدەچێت هەتا ئەوان بەمشێوەیە بیر بكەنەوە شەقامیش هەر لە كوڵیندا بێت.

ئەوەش لەبیر نەكەین هەركاتێكیش ئاشتەوایی لەنێوان برا شیعەكاندا درووست دەبێت بیر لە دروستكردنی كۆسپ بۆ كورد دەكەنەوەو بەداخەوە كوردیش بەهامان شێوەی شیعەكانی عێراق هەردوو حزبی دەسەڵاتدار مەست مەست بوون و لەپێناوی پۆستێكی بێدەسەڵاتدا خەریكن لەوان مەستر دەبن و هەرگیز بیر لە بەرژەوەندیەكانی خەڵكی ماندووی كورد ناكەنەوە، ئەگەرنا ئەم تاریكیەی لە بەغدا هەیە دەشێ‌ بقۆزرێتەوەو جارێكی دی روناكیەكە بخەنەوە سەر شانۆی كوردستان، روناكیەك روی خۆیان و ئایندەی ئەم هەرێمەی پێ‌ سپی كەنەوە.

 

  • 1