ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری دارایی، لە لێدوانێكیدا، كە لە ماڵپەڕی زەمەن پڕێس* بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت:_( داهاتی نەوتی و نانەوتی زیادی كردووە) بێگومان ئەگەر بە پێی لێدوانەكەی وەزیر بێت، ئەوا دەبوو گرفتی دواكەوتنی مووچە و وەستانی پڕۆژە ستراتیژییەكان و بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری كوردستان نەمێنن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین شتێكی پێچەوانەیە. بۆ نموونە: تا ئێستا مووچەی مانگی حەوت نەدراوە، لە كاتێكدا هەموو فەرمانبەران لە خەیاڵی ئەوە بوون، لە بیست و پێنچی مانگ دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت. بۆ پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانیش هەمان شتە. دە ساڵ دەبێت، پڕۆژەیەكی گرنگ لە ڕواندز نەكراوە، جگە لە كۆنكریتكردنی یەك دوو كۆڵان نەبێت، كەواتا دەكرێ بپرسین، ئەو داهاتە چی لێ دێت؟ ئەم لێدوانەی وەزیر، لە زۆر ڕووەوە مایەی پرسیار، گومان و هەڵوەستەكردنە، لەلایەكەوە ئەگەر داهات زیاد بووە، بۆچی گرفتی دواكەوتنی موچە هەر بەردەوامە؟ بۆچی ئەو زیادبوونە ڕەنگدانەوەی لە سەر بووژانەوەی پڕۆژەكان نەبووە؟ بۆچی كۆمپانیاكانی زبڵ و خاشاك، ناوە ناوە مان دەگرن و كوچە و كۆڵانەكان پڕ دەبن لە زبڵ؟ بۆچی توشبووانی شێرپەنجە بێ داو و دەرمانن؟ ئەمانە و گەلێك لایەنی دیكەش، كە دەریدەخەن یان وەزیر بە وردی و ئامارییەوە ئاگای لە داهات نییە، یانیش دەیەوێت وەك وەزیرێك كە بەر پرسیاریەتیەكی حكومی هەیە، شتێك بڵێت. بزووتنەوەی گۆڕان، زۆر جار خۆی وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن و نەیاری حكومەت، تووڕە لە دەسەڵات و شێوازی حوكمڕانییەتی دەردەخات، كەچی لە بنەڕەتدا هاوبەشی ڕاستەقینەی حكومەتە و بەشدارە لەو پلان و بەرنامانەی حكومەت جێبەجێی دەكات. ئەمەش جۆرێكە لە دووڕووی سیاسی ، كە دەرەنجام بزووتنەوەی گۆڕان، باجەكەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق داو بە دڵنیاییشەوە لە هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستانیش دەیدات. زۆرجار بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەكات كە وەزیری دارایی ئاگاداری داهاتی كوردستان نییە و تەنها تەمویلی وەزارەتەكەی بە پارە دەكرێت و هەموو بڕیارەكان لە دەست حكومەت و سەرۆكی حكومەتن، كەچی ئەوەتا خۆی بە دەمی خۆی دەڵێت ( داهاتی نەوتی و نانەوتی زیادی كردووە) ئەمەش گوزارشتە لەوەی كە نەخێر وەزیری دارایی ئاگاداریی واقیعی دارایی و ئابووری كوردستانە و ئەوە نییە بێ ئاگا بێت لە داهات و خەرجیییەكان. ئەگەر بەو پێوەرەش بێت، ئەوا بەرپرسیاریەتی دواكەوتنی مووچە و نەبوونی پڕۆژەكان، لە ئەستۆی ئەوانە نەك پارتی و یەكێتی، چونكە وەزارەتی دارایی لای بزووتنەوەكەیە. بەمەش دەبێ ڕوونیبكەنەوە كە بۆچی دۆخی دارایی بەم شێوەیەیە؟ ئەم لێداوانەی وەزیر، بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی سەرۆكی حكومەت و پارتی و یەكێتی لا دەبات، كە زۆر جار دەڵێن داهات كەمی كردووە و كۆناكرێتەوە، بۆیە هەمیشە گرفت بۆ دابەشكردنی مووچە بە شێوەیەكی مانگانە و لە كاتی خۆیدا دروست دەبێت.

 

*لێدوانەكەی وەزیر، لە 6/7 لە میانەی چاوپێكەوتنێك، لە ماڵپەڕەكە بڵاو كراوەتەوەو ئێستاش وەك تایتل لە ماڵپەڕەكە ماوە.

**ئاش ڕمبەی دێ و باراشی دیار نییە، پەندێكی كوردییە، بەو مانایەی ئاشەكە كار دەكات و تەق و هۆڕیەتی، بەڵام بەرهەمی نییە!

 

  • 1