ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

لە وڵاتانی دواكەوتوودا زۆر بایەخ بە هەڵبژاردن دەدرێت بە شێوەیەك ڕەنگە لەو وڵاتانە زۆرتر بێت وا بە مەڵبەندی دیموكراسی دەناسرێن، ئەمە لە بڕوابوون بە هەڵبژاردن و یەكتر قبوڵكردنەوە نییە، بەڵكو لەو هەنگاوانەوەیە كە پێش هەڵبژاردن دەگیرێنەبەر.

لە وڵاتێكدا كە نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردن كارەبای ڕۆژانەت چەند سەعاتێك زیاد بكات و نرخی سووتەمەنی هەرزان بكات و ڕێگا و بانت بۆ باش بكات، مووچەی مانگانە چەند ڕۆژێك بهێنێتە پێشەوە، بە دڵنیاییەوە هەمووان چەپڵەی بۆ لێدەدەن!

مافی ڤیتۆ، یان سێیەكی پەكخەر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كوتلەی زۆرینەی سەدری بێئومێد كرد و لە پارلەمان كشانەوە، دەبینین ئێستا خەباتی ئەوان گواستراوەتەوە بۆ شەقام و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی كاندیدەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.

ئەوەی ڕەوتی سەدر دەیكات یاریكردنە بە ئاگر، ڕاستە هەموومان سەدرمان وەك غەدرلێكراوێك بینی لە سەرەتادا و هاوسۆزی زۆرینەمانی بەدەستهێنابوو، بەڵام هەموومان ئەو ڕاستییە زۆرباش دەزانین كە خراپترین جۆری پێكدادان، پێكدادانی جەماوەرییە كە لەم بارودۆخەی ئێستادا ئەگەرێكی كراوەیە. شەڕی نێوان هێزە چەكدارەكان و حزب و پارتە توندڕەو و خاوەن میلیشیاكان چەندێك ترسناك بن، هێشتا لە بەرانبەر پێكدادانی جەماوەری و شەڕی نێوان پێكهاتەكان و لایەنگرە توڕە و خوێنگەرمەكانیان، كە خۆشیان نازانن بۆچی لە شەقامن و چیان دەوێت، ئەمەی دووەمیان زۆر ترسناكتر و سەر بەكێشەترە، لە عێراقێكدا كە هەمووان لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە تەماشای دەكەن و پشكی خۆیان لێی دەوێت.

وڵاتانی پێشكەوتوو، هەڵبژاردن بۆ ئەوە ناكەن كارەبایان باش بێت، مووچە دوانەكەوێت، بۆیە كە دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان دەزانن چۆن دەنگ دەدەن، بە پێچەوانەی وڵاتانی دواكەوتووەوە كە خەڵك نازانن بۆ دەنگ دەدەن و بە پیرۆز سەیری پرۆسەكە دەكەن، نەك ئەنجامەكەی، لە كاتێكدا ئەوە ژیان و گوزەرانی خەڵكە ڕەش و ڕووتەكە و چینی خوارەوەی كۆمەڵگایە دەرخەری ئەوەیە ئایا دیموكراسی و هەڵبژاردن ژیانی گۆڕیون بەرەو باشتر، یان بە پێچەوانەوە برینەكانیان دوای دەیان هەڵبژاردن و بەڵێنپێدان، قوڵتر بووەتەوە؟

تەماشاكردنی ململانێكانی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، دابەشبوونە هەرێمایەتییەكان و تەنانەت خودی وەڵامی هێزە ئەمنییەكان بۆ خۆپیشاندەران كە جۆرێك لە نەرمی نواندنی تێدایە، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە لە بنەڕەتەوە هەڵبژاردنەكە جێگەی گومانی زۆرە، هێزێك لە هەڵبژاردندا كەمینە بێت و ڕێگە نەدات زۆرینە حكومەت پێكبهێنێت، ئایا بەو هەموو میلیشیایەوە كە لە بەردەستیدایە، بە ئاسانی ڕێگە دەدات پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوە ئاساییەكەی خۆی بەڕێوە بچێت؟ لە كاتێكدا هەمووان دەزانن كارمەندانی كۆمسیۆن و ئەو كەسانەی پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن زۆرینەیان سەر بەو هێزانەن؟ زۆرجار لە خوودی بڕیارەكانی دادگایی فیدڕاڵیش گومانەكان دروست دەبن.

زۆرینەی پەكخەر كە مەبەستم خۆپیشاندەرانی ڕەوتی سەدرە، دەتوانن هاوشێوەی سێیەكی پەكخەری ناو پەرلەمان زۆر شت پەكبخەن، گەر حەكیمانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا نەكرێت، سەردەكێشێت بۆ شەڕی كۆڵان بە كۆڵان كە نە سەدر و نە حەكیم و نەمالكی ناتوانن بیوەستێنن!

  • 1