ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دوانزەهەم

رەوەند

هاوڕێ حەیدەر، و شەڕی براكوژی

كاتێك لە ساڵی 1979 بەدواوە حزبمان بڕیاری تێكۆشانی چەكداریداو هاوڕێیان رووەو شاخ رۆیشتن، و بنكەو بارەگایان لەناوچە شاخاوییەكان و نزیك بارەگای یەكێتی نیشتمانی و حزبەكانی تر لەناوچەی ناوزەنگ و سلێمانی دروست كران، و هێزەكانی پێشمەرگەی حزب لە مەفرەزەو پەل و لق رێكخران، ئەوكاتە شەڕی برا دوژمنەكان یا شەڕی ناوخۆ یا شەڕی براكوژی لەنێوان پارتی و یەكێتی زۆر توند و تیژ بوو، بەهیچ شێوەیەك یەكتریان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكتر قبول نەبوو، شەڕی برا دوژمنەكان بەر لەوەی حزبی ئێمە بڕیاری بەشداری شۆڕش بدات، شەڕی نێوانیان ، واتە شەڕی پارتی و یەكێتی گەرم بوو... حزبمان لەسەرەتاوە بەتوندی دژی شەڕی براكوژی بوو، دڵسۆزانە هەوڵیدەدا رێگاچارەیەك بدۆزێتەوە و لەشەڕی ناوخۆ دەربازبین و لوولەی چەكەكان رووەو دوژمنی هەموو لایەك و سەرەكی بكرێت كە دەسەڵاتی رژێمی بەعسی دیكتاتۆرە، بەڵام هەوڵەكانی حزب هیچی لێوە بەرهەم نەهات و بازنەی شەڕەكە تا دەهات فراوانتر دەبوو، لەم كاتەدا هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی كە كادیرێكی پێشكەوتووی حزب بوو بەتەواوی دژی شەڕی براكوژی یان شەڕی ناوخۆ بوو، بەردەوام دەیووت هێزو توانای پێشمەرگەی كوردستان لەم شەڕەدا بەفیڕۆ دەچێت و هیچ سودێكی بۆ كوردستان نییەو، تەنیاو تەنیا تەمەنی رژێمی بەعسی دیكتاتۆر لەعێراق درێژ دەكات،.. هاوڕێ حەیدەر لەسەر ئەم بیروڕایەی لەبەرامبەر شەڕی ناوخۆ بەردەوام بوو، دوای ئەوەی شەڕ لەدوای راپەڕینەوە لەسەر دەسەڵات لەنێوان یەكێتی و پارتی لەساڵی 1994 دووبارە هەڵگیرسایەوە، هاوڕێ حەیدەر ئەم جارەش زیاترو گەرم وگوڕتر لەپێشوو دژی شەڕی ناوخۆ بوو، لەكاتی پێویستدا یارمەتی تێكۆشەران و پێشمەرگەی هەردوو لای دەدا، و بەردەوام ئەوەی دووبارە دەكردەوە و دەیووت، ئەگەر پێشمەرگەیەك یان تێكۆشەری حزبێك لەحزبە شەڕكەرەكان بتوانن رزگار بكەین، دەبێت بێ قەیدو شەرت ئەركەكە ئەنجام بدەین، چونكە رزگاركردنی تێكۆشەران و پێشمەرگە لە مردن ئەركەو دەبێت جێبەجێی بكەین، هەر لەم بارەیەوە بەپێویستی دەزانم كە ئاماژە بەدوو هەڵوێستی هاوڕێ حەیدەر بدەم، یەكەم كاتێك هەولێر لەلایەن یەكێتیەوە كۆنترۆِل كراو بەتەواوەتی دەستی بەسەر داگرت و یەكێتی باڵادەست بوو، دەیان سەركردەو كادیرو پێشمەرگەی پارتی خۆیان گەیاندە بارەگای لیژنەی محەلی هەولێری حزبمان، كە لەنزیك ئوتێل شیراتۆن بوو، بارەگای لقی دووی پارتیش لەنزیك ئەو بارەگایەی حزب بوو لە پشت ئوتێل هەورامان، هەموو شتێك بۆ حەوانەوەی ئەوانە كە توانیان بگەنە بارەگاو رزگاریان بوو دابینكرابوو، پاشان هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی هەموویانی بە ئۆتۆمبێلی خۆی گواستەوە بۆ بارەگای پارتی لە (بەستۆرەو پیرمام) پاشان كە لە 31/8/1996 پارتی دیموكراتی كوردستان بە پشتیوانی هێزەكانی گاردی كۆماری هەولێری داگیركردەوە، ژمارەیەكی زۆر لە پیَِشمەرگەو كادیرو لایەنگرانی یەكێتی روویان لە بارەگاكانی حزبمان و ماڵی هاوڕێیان كرد، دیسان هاوڕێ حەیدەر هاتەوە مەیدان و پێشمەرگەكانی بۆ بارەگای یەكێتی لەكۆیەو سلێمانی گواستەوە، لەم بارەیەوە هاوڕێ حەیدەر گەلێك ئەركی تێكۆشەرانەی ئەنجامداوە، بەڵام رووداوەكانیش زۆر كۆننین و جەماوەری هەولێر و كوردستانیش لەزۆر چیرۆك و بەسەرهاتی ئەم شارەو كوردستان ئاگادارن.. هاوڕێ حەیدەریش پشكی لەم چیڕۆك و رووداوانە هەمە لایەنە...

هاوڕێ حەیدەر، و وەزارەت

لەدوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەولێرو تەواوی ناوچەكانی تری كوردستانی داگیركردەوەو، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرەو سنورەكانی هەڵكشاو پاشان گەڕایەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە تاكو ئێستاكە لەكوردستاندا لێوەیانەوە باڵا دەستە، و حكومەتەكەی كاك كۆسرەت رەسول عەلی لە دەڤەری سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان كەوتەوە كارو راپەڕاندنی ئەركی دەسەڵاتدارێتی، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە دهۆك و هەولێر، واتە لەو ناوچانە كە ئێستاكەش فەرمانڕەوایەتی دەكات، و دەسەڵاتدارە بڕیاریدا كابینەیەكی نوێی حكومەت پیكبهێنێت، حزبیشمان لەهەردوو ناوچەی پارتی و یەكێتی بوونی هەبوو، لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداری لە حكومەتەكەی پارتی، حزب بڕیاریدا بەشداری بكات، تاكو ئەو كاتە هاوڕێ كەمال شاكر لە حكومەتی كوردستان وەزیر بوو، لەكاتی پێكهێنانی حكومەتەكەی هەولێر لەلایەن پارتیەوە داواكرا وەزارەتێكی تر وەربگرن، لەسەر ئەو داوایەی پارتی هاوڕێ كەمال شاكر هەڵوێستی وەرگرت و وازی لە وەزارەت هێنا،... حزبیش بۆ شوێنگرتنەوەی هاوڕێ كەمال، هاوڕێ حەیدەری دیاریكرد و وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی وەرگرت، هاوڕێ حەیدەر لەماوەی بوونە وەزیریدا، وەزیرێكی سادەو ساكارو ئاسایی بوو، پەیوەندی و تێكەڵاوی لەگەڵ خەڵك زۆر فراوان و توندو تۆڵ بوو، هەڵسوكەوتی لەگەڵ كارمەند و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی دۆستانەو برایانە بووە.

لەسنوری دەسەڵاتی خۆیدا ئەوەی پێویست بووبێ بۆ فەرمانبەران و كارمەندانی ئەنجامداوە.. هەر كەسێك كاری كەوتبێتە وەزارەتەكەی و كاری لای هاوڕێ حەیدەر بووبێت بواری دیداری داوەو بەڕێزەوە پێشوازی لەخەڵك كردووەو، لە ماوەی كاریدا وەكو وەزیر بەدەیان كورەِ هەژاری ئەم كوردستانەی وەكو فەرمانبەرو كارمەند لە وەزارەتەكەی دامەزراندووە، بەدەیان پێشمەرگەی لەوەزارەتەكەی كراوەتە كارمەند، هەروا دەیان پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی دابین كردووە، ئەرك و ئیش و كارەكانی وەزارەتەكەی ئەنجامداوەو وەكو وەزیرێكی سەركەوتوو ناسراوەو رۆڵی دیار بووە.. هاوڕێ حەیدەر لەوەزارەت بەردەوام بوو، تاكو ئەوكاتەی حكومەتی هەولێر و سلێمانی یەكیان گرتەوەو یەك حكومەت بۆ كوردستان لەساڵی 2004 هاتە كایەوە، و هاوڕێ حەیدەر بە وەزیری لەحكومەتی كوردستان لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن مایەوەو ئەركەكانی بەڕێوەدەبرد، تا ئەو كاتەی هاوڕێ د. كاوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ شوێنگرەوەی هاوڕێ حەیدەر لە حكومەت دیاریكرا، هاوڕێ حەیدەر دوای ئەوەی سەربەرزانە ئەركی وەزارەتی بەجێهێشت، وەكو ئەندامێكی كاراو بەتوانای مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان ئەركەكانی لەئەستۆ گرت و هەروا ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراقیش بوو، دەورو كاریگەری هاوڕێ حەیدەر لەسەركردایەتی هەردوو حزبی شیوعی كوردستان و عێراق دیار و بەرچاوە ..

 

 

  • 1