ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەهید ئارام و شەهید جووتیار

د. فاخیر / پێشمەرگەی دێرین

بەشی دووەم و کۆتایی

ئەو رۆژە ژمارەی هاوڕێیانی ئێمە ( ١١) پێشمەرگە بوون كە پێكهاتبوو، لە هەریەكە لە هاوڕێیان (ملازم هەژار، مام عەزیزی كادر، مامۆستا لێزان، نەوزاد گردعازەبانی، فازڵ گردعازەبانی، كاوە چاوشین، كۆچەر، دكتۆر فاخیر، ئارام شاهین، جووتیار ماستاوەیی، مام باییز)، هەموومان وەكوو تیمێكی پارتیزانی بە ئەزموونی پێشمەرگایەتی خۆمان، دوو دوو بە ڕێگادا دەڕۆیشتین و نێوانمان هەبوو، هەر دوو سێ گەروو و پەتۆێكە لە شوێنی بارەگا كۆنەكەمان ئاوابووین و شۆڕبووینەوە، لەپڕ گوێبیستی دەنگی هەلیكۆپتەر بووین، ئیدی هەریەكەمان لە شوێنی خۆیدا هەڵوەستەی كرد و هەستی خۆی راگرت تا بزانێ دەنگەكە لەكوێوە دێ؟ پەیتاپەیتا دەنگەكە نزیكتر بۆوە، كاتێك گەیشتن، بینیمان هەشت هەلیكۆپتەرن و زۆر نەوی بەسەر سەرماندا سووڕانەوە و لەسەر گرد و تەپۆلكە بەرزەكان نیشتنەوە و هێزێكی تایبەت (القوات خاصة)یان دابەزاند! هەلیكۆپتەرەكان هێشتا هەر لە سووڕانەوەدابوون، هێزێكی سەربازی و جاشەكانیشیان لەگەڵ بوو، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەكە! بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە رێڕەوەی رۆیشتنی خۆمانمان تێكنەدا و شپرزە نەبووین، هەڵبژاردنی ئەو ناوچەیەی كە تێیدابووین بە ئارەزووی خۆمان نەبوو تاوەكوو بۆ هەر ئەگەرێكی لەم شێوەیە و رووبەڕووبوونەوەی شەڕێكی لەم جۆرە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین.

هاوڕێ ملازم هەژار لەگەڵ مام عەزیز و مام بایز ویستیان بەسەر بەرزاییەك سەربكەون، تاوەكوو بزانن كە ئەو دەنگە چییە و لەكوێوە دێ، بەڵام فڕۆكەكان كە لەپڕ گەیشتنە سەر سەرمان، ئەوان لەم سەر هەورازەدا لەنێوان دوو بەردی گەورەدا خۆیان حەشاردا، مامۆستا لێزان بەتەنیا بوو، كاتێك ئەو هێزەی بینی، خۆی لەناو قامیشەڵانێك شاردبۆوە، هاوڕێ نەوزاد لە دواوەی بوو، كە هەلیكۆپتەرێكیان بە كڵاشینكۆف تەقەی لێ كردبوو، ویستبوویان بە دەست بگیرن، بەڵام ئامانجەكەیان شكستیهێنا بوو و تاوەكوو ئاقارەكانی گوندی داربەسەر كەوتبوونە دوای و بۆیان نەگیرا و ونیان كردبوو.

هەڵكەوتەی گۆڕەپانی شەڕەكە بە بەرنامە و پلانی ئێمە نەبوو، بۆیە هەموو هاوڕێیان نەیاتوانی بەشداربن تێیدا، هاوڕێیان ئارام شاهین و جووتیار ماستاوە هەر لەگەڵ یەكەم جووڵەی هەلیكۆپتەركان، بە گولە دۆشكە پێكران و شەهیدبوون، بەندە (دكتۆر فاخیر) و هاوڕێیان كاوە چاوشین، برووسك و كۆچەر مابووینەوە، هاوڕێ كاوە لە تەنیشت هاوڕێ ئارام شاهین بوو، كاتێك تەقەیان لێ كرد، هاوڕێ كاوە شوێنەكەی خۆی گواستەوە و چووە لای هاوڕێ كۆچەر، (بەندە)یش گوێم لە دەنگی گولە دەبوو كە لە لای هاوڕێ ئارامەوە دەهات، پێم گوت؛ ئارام تەقە مەكە تۆ ئەو جاشانەت نەبینیوە وا بەسەر سەرمانەوەن! بەڵام هاوڕێ ئارام هیچ وەڵامی نەدامەوە! بەڵام كە ئاوڕێكم لێ دایەوە، ئارام رۆح و ئەو ئەلبوومەی كە ئەحمەد شاهین لە دەرەوە بۆی رەوانە كردبوو لەگەڵ رۆمانە تەوانەكراوەكەی خۆی كە خەریكی نووسینەوەی بوو و چەند بەشێكی تەواو كرد بوو، هەموویان پێكڕا دەسووتان. ئەو دیمەنەم قەت لەبیرناچێت، كاتێك گەڕامەوە شوێنەكەی خۆم، دەستم خستە گیرفانەكەم و بڕە پارەیەك و چەند پارچە نووسینێك و یادگاری و وێنەیەكی بچووكی كۆچەری برابچووكم لە لا بوو، هەموویانم لەژێر پێی خۆم خستە ژێر گڵ، نەبادا لەدوای شەهیدبوونم بكەونە دەستی دوژمن، لەگەڵ ئەوەی ئومێدبڕاو نەبووبووم، بەڵام ترووسكاییەكی كەم مابۆوە لە ژیاندا!

لە گەڕی یەكەمدا فڕۆكەكانی دوژمن تراكتۆرەكەیان سووتاند، بەڵام لە گەڕی دووەمدا هاوڕێیان ئارام شاهین و جووتیار ماستاوەیی شەهیدبوون.

لە راستیدا تا دەهات شەڕەكە گەرمتر و گەورەتر دەبوو، دوو هەلیكۆپتەرەكان كە پێیان دەوترا زەردەوڵایەیی (زەنگەزۆرە) عەداد دۆشكەكەی سەری تەواو خۆی دەرهێنابوو و هەلیكۆپتەرەكە هەڵبەز و دابەزی بەناو هەرەتەكەدا دەكرد، لەو كاتەدا بوو هاوڕێ كاوە، وتی "هاوڕێیان هەستن، دەبێ رێگایەكی دەرچوون بدۆزینەوە!". راستییەكەی هێزەكەی دوژمن زیاتر لای سەرەوەی تەپۆڵكەكانیان گرتبوو، بۆیە ناچاربووین بەرەو خوارەوە بێینەوە، یەك لەدوای یەكتریش تەقە لە هەلیكۆپتەرەكان، سەربازەكان و جاشەكان بكەین. (بەندە) كاتێك كەوتمە پێشەوە، تەقەم كرد، لە سووڕانەوە بە دەوری خۆمادا بینیم ژمارەیەك جاش لەسەر تەپۆڵكەكەیەكی نزیك بە دوور( ١٠٠-١٥٠) مەترێك لێمەوە دوورن! هەركە چاویان پێم كەوت، بانگیان كردم و پێیان وتم "خۆ سەغڵەت مەكە، وەرە خۆت رادەست (تەسلیم) بكە!". بەردێكی گەورەی لێ بوو و خۆم خستە پەنا بەردەكە و منیش وەهام بە باش زانی كە زەمەزەمەكەم دەربێنم و قوومێك ئاو بخۆمەوە، ئیتر كە ئاوەكەم خواردەوە، بیرۆكەی ئەوەم بە مێشكدا هات كە ئەگەر ئەم جارە هەلیكۆپتەرەكە بگەڕێتەوە، تەقەی لێ بكەم بۆ ئەوەی بە گولەی دۆشكەی ئەو شەهیدبم مەردانەترە نەك جاشەكان بە برینداری بێنە سەرم، لەناو گەڵاڵەكردن و هێنان و بردنی ئەم بیرۆكەیە بووم، هاوڕێ كاوە و هاوڕێیانی دیكە هاتن، بە هاوڕێ كاوەم وت "ئەوانە جاشن و داوای خۆڕادەستكردن "تەسلیمبوون"مان لێ دەكەن)، هاوڕێ كاوە یێكڕاست دەنگی هەڵهێنا و پێی وتن: "تەقە مەكەن ئێمەش فەوجی پێنجین!) هاوڕێ هەر بۆ خۆی ئەم ناوەی هێنا. جاشەكان لە وەڵام دا وتیان؛ ئا دەی باشە وەرن پێشەوە! بەڵام ئێمە چەكەكانمان خستەوە سەر شانمان و وەك ئەوەی هیچ رووینەدابێ! ئیدی هەر ئەوەندە گەیشتینە بەرانبەریان، دەستیان كرد بە تەقەكردن، ئێمە تەقەمان لێ كردنەوە، ماوەی چەند مەترێك بە شەڕێكی زۆر سەختدا رۆیشتین، لەنێوان جاشەكان و هێزەكەی خوارەوەدا، هەلیكۆپتەرەكان سەریان لێ شێوا و بە زەحمەت ئێمەیان لە جاشەكان جیادەكردەوە.

ماوەیەكی كورت بەو كەندەدا رۆیشتین كە ئاو دڕیدا بوو و بۆ هەوراز بەسەردەكەوتەوە، ئەو ماوەیە كە پێیدا تێپەڕمان كرد، تەواو لە سەربازەكان و جاشەكان بزربووین، تا وای لێهات زۆر هەوراز سەركەوتین، كاتێك لە سەرەوەڕا تەماشامان كرد، بەشێوەیەك بوو بینیمان گەیشتووینەتە سەرووی جاشەكان، بەڵام دەكەوتینە ناو گۆڕاتییەك (گۆڕەپان) بۆیە گەڕاینەوە خوارێ و لەوێ شاخێكی بچووكمان بینییەوە، خۆمان خستە قەدپاڵی شاخەكە بە جۆرێك بوو كە بەسەر خوارەوەشدا زاڵبووین، بەڵام ئەوان بە تەواوی ئێمەیان لێ ون بوو! لە قەد پاڵی ئەو شاخەدا ماینەوە تا پاش نیوەڕۆكی درەنگ، كاتێكیش دەنگەدەنگ و گڕەگڕە هێزەكانی رژێم و جاشەكان لە ناوچەكە نەما، هاتینە دەرەوە، بەڵام چمان بینی! گۆڕەپانی شەڕەكە بەتایبەت كە تەرمی هەردوو شەهیدەكانمانیان بردبوو! وامان زانی بوو كە تەنها ئێمە ماوین! هەروا بێتەوە هاوڕێیان مام عەزیز و ملازم هەژاریش لە لای خۆیانەوە وایان بیركردبۆوە كە تەنها ئەوان ماون، لەولاتریش هاوڕێ مامۆستا لێزان هەمان بیركردنەوەی ئێمەی هەبوو و وایزانی بوو كە تەنها ئەو قورتاری بووە!

مامۆستا لێزان بە چەند مەترێك، نزیك لە جاشەكان خۆی حەشاردابوو و گوێی بۆ هەموو قسە و ئاخافتنەكانی ئەوان راگرتبوو، بۆیە پاشان زانیمان ئەوەی بانگی دەكردین بۆ خۆڕادەستكردن (قاسماغای كۆیە) بووە بۆ ئەوەی بە دیاری بۆ ئاغا بەعسییەكان بمانباتەوە! هەروەها هاوڕێ نەوزاد-یش كە هەلیكۆپتەرەكە هەتا ئاقاری داربەسەر راوەدووی نابوو، بەڵام بۆی دەستگیرنەكرابوو، بەهەمان شێوەی هەموومان ئومێدی لە ئێمە دانابوو و وایزانی بوو بەتەنها خۆی ماوە! ماوەی دوو شەو لە ئێمە ون بوو، شەوی یەكەمیش لە نهێنی بە ناوی (شەهید نەوزاد) داماننابوو، بەڵام شەوی سێیەم زانیبووی كە لە پێشتر لە دێدەوان لە چ شوێنێك دەمێنینەوە، بۆیە لە ماڵی (مام قادر تەها) گەڕایەوە لامان و پێمان شادبۆوە!

دەمەوێ ئەوە بڵێم؛ ئێمە راستە بە ژمارە كەمبووین، بەڵام هەر پێشمەرگەیەك بەقەد كێوێك ورە و باڵای بەرزبوو، نموونەی خۆڕاگری و بەرخۆدان و خودان ئەزموونی جوامێرانە بوون لە كاتی پێویست و تەنگانەدا.

لێرەوە سەری رێزم بۆ هاوڕێیان شەهید ئارام و شەهید جووتیار و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی دادەنوێنم و هیوای تەمەندرێژی و لەشساغیش بۆ هەموو ئەو هاوڕێ تێۆشەرانە دەخوازم كە بەشداربوون لەم داستانە نەبەردییە.

  • 1